Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئه‌یوبترین سه‌برو چیرۆكی كرمه‌كان

ئه‌یوبترین سه‌برو چیرۆكی كرمه‌كان

Closed
by April 12, 2009 ئەدەب

ئه‌یوبترین سه‌برو چیرۆكی كرمه‌كان
 عه‌لی پێنجوێنی

ده‌ستم ده‌دورم به‌ دڵی ئاسمانه‌وه‌
تا په‌نجه‌كانم پڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ شینایی
ئاخر شینی كرمه‌كانی ئه‌یوب نا نوسرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌نجه‌كانم تنۆك تنۆك
ئاسمانیان لێنه‌چۆڕێ
باش ده‌زانم قیامه‌تی ئه‌یوبم بۆ نا نوسرێته‌وه‌، به‌ڵام
دڵم ده‌دورم به‌ ته‌نیایی بیابانه‌وه‌، تا بتوانم له‌ ته‌نیایی ئه‌و تۆزێك نزیك ببمه‌وه‌
هه‌رچیه‌كت كردو هه‌ر چیه‌كت برد، گه‌ردنت خۆش و ئازاد بێ،
ئه‌ی شه‌وترین -با–
توو خودا، ته‌نیا كلیلی زمانم بۆ بێنه‌ره‌وه‌،
با چیرۆكی كرمه‌كان له‌وه‌ زیاتر له‌ ناو ده‌مما بۆ گه‌ن نه‌كه‌ن
هه‌ر گیز پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن ڕۆح و جه‌سته‌
له‌سه‌ره‌ ڕێگاشدا، یه‌كتری نادوێنن
رۆح شه‌و داده‌گیرسێنێت و له‌ ئاوێنه‌ی تاریكیا له‌ خۆی ده‌ڕوانێ‌
جه‌سته‌ له‌نێو چراخانی دنیادایه‌، كه‌چی له‌نزوسكه‌ی مۆمێ‌ ده‌گه‌ڕێ
تا به‌ر پێی خۆی پێڕۆشن بكاته‌وه‌
ڕۆح له‌ چه‌می ته‌نیاییدا نه‌بێ قه‌ت خۆی ناشوا
ڕۆح خۆی ده‌تكێنێته‌ زاری ئاوه‌وه‌، تا نه‌خنكێت و ده‌شڵێ
*(هه‌مو ده‌شچن به‌خنكان و له‌ وشكیشه‌ مه‌له‌ی مه‌خلوق)
دوو هێڵی ته‌ریبی ناو كۆڵانێكی شپرزه‌ن
دوو ڕه‌شماری په‌پكه‌ خواردوی ناو ئاگری به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنن
دوو بڕگه‌ی ناو وشه‌یه‌كن لێك بترازێن مانا ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌
كه‌ ده‌درێنه‌ پاڵ یه‌كتری و تێكه‌ڵ به‌یه‌كتریش ده‌كرێن
به‌ خه‌تێكی خۆڵه‌مێشی ده‌نوسرێت فیراق
دوو گێلاسی سه‌ر ده‌ماری گه‌ڵایه‌كن
هه‌ر گیز ئادابی هاوسێَیه‌تی به‌جێ‌ ناهێنن
ئاخر ماڵی گێلاسی رۆح شه‌و وه‌ك شوڵته‌یمان تیا داده‌كاو دێته‌ خوارێ
گێلاسی جه‌سته‌ش مه‌ستی سه‌رمایه‌كه‌ كه‌س حه‌سودی به‌و سه‌ما كردنه‌ نابا
كرمه‌كان سه‌مایان ده‌كردو به‌ده‌م موناجاتی غه‌مگینه‌وه‌ ده‌یانوت
ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردوته‌ سه‌مانیه‌
ئه‌وه‌ته‌ی خوا بنی دنیای داناوه‌، سه‌ما ده‌كه‌یت و مه‌ست نابی
ئاخر مه‌ستبون، له‌ هۆشخۆچونه‌، تا بون به‌سوتوو.
ئه‌گه‌ر جارێك به‌ عه‌شقه‌وه‌ مه‌ست بویتایه‌
ئیستا تفت ده‌كرده‌ ئه‌و هه‌مو لوتبه‌رزیه‌ت،
ئه‌و هه‌مو منه‌تكردنته‌ت به‌سه‌ر ئه‌رزا ئه‌ی جه‌سته‌
ئیلاهی ده‌ترسم هه‌ست به‌و هه‌مو خۆشه‌ویستیه‌ نه‌كه‌ی، كه‌ كرمه‌كان هه‌یانه‌ بۆم؟!
ئه‌دی ئه‌وه‌نیه‌ كرمه‌كان چه‌ند به‌ حورمه‌ته‌وه‌ جه‌سته‌م ده‌خۆن
تا باخی ڕۆحم نه‌شه‌مزێ‌
هه‌تا جه‌سته‌م داوه‌شاوتربێت به‌ده‌ست كرمه‌كانه‌وه‌
ڕۆحم هه‌ر له‌به‌هاری عومردا ده‌بێت و قوڵپ قوڵپ دره‌خت له‌ڕۆحم ده‌ڕژێ و باڵا ده‌كا
ئیلاهی تۆ پیر ده‌بیت به‌دیار، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كرمه‌كانه‌وه‌
ئیلاهی خاترگیری جوانی ئه‌و سه‌حه‌ره‌ ببه‌، كه‌ چۆله‌كه‌یه‌ك به‌ ئاوێكی ده‌ستنوێژ نه‌شكاو
ده‌نوكی سور ئاڵی خۆی تیا ته‌ڕ ده‌كا
خاترگیری ئه‌و هه‌مو خۆشه‌ویستیه‌ی دایكم ببه‌ كه‌ له‌ دڵمایه‌
بیكه‌ به‌ خاتری له‌ زه‌تی بۆنی ژێر ملی مناڵێكی مه‌لۆتكه‌
ئیلاهی بیكه‌ به‌خاتری نهێنیه‌كانی شه‌و
مسقاڵه‌ زه‌ڕڕه‌یه‌ك نور كه‌ماوه‌ خامۆشی مه‌كه‌، با به‌ڕۆح چاودێری كرمه‌كان بكه‌م
ده‌پیرمه‌به‌و مه‌مره‌ خودایه‌، تا كرمه‌كان چیرۆكه‌كانی خۆیان بۆ تۆ ده‌گێڕنه‌وه‌.
له‌ نینۆكمه‌وه‌ ژه‌هرم ده‌تكانده‌ ده‌می ئه‌م عه‌بده‌ عه‌زیمه‌ته‌وه‌
ئه‌و پوشی له‌چاوما ده‌ر ده‌هێنا تا مزمه‌عییل نه‌بم و باشتر ببینم
تا باشتر زه‌فه‌ری پێ ببه‌م و باشتر جه‌سته‌ی كرمه‌ ڕێز بكه‌م
من ورده‌ زیغی سوره‌وه‌ بوم به‌ ده‌م هه‌ڵده‌گرته‌وه‌و ده‌مهاویشته‌ ده‌می برینه‌كانیه‌وه‌
ئه‌و به‌گۆرانیه‌وه‌ باسی جوانی ورده‌ زیغی كانیاوی به‌ر ماڵانی بۆ ده‌كردم
خوێنی په‌نجه‌یم ده‌مژی و ده‌ڕشامه‌وه‌ به‌جه‌سته‌ی برین ڕێژیا
ئه‌و ده‌یخستمه‌ سه‌ر په‌نجه‌ی شایه‌تومانی و به‌رزی ده‌كردمه‌وه‌
تا به‌ شه‌ماڵی شه‌و بشنێمه‌وه‌
به‌ په‌نجه‌ی داڕز داڕز بوی كۆی ده‌كردمه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی
ده‌یخستمه‌وه‌ ناو مێرگی برینی جه‌سته‌یه‌وه‌
ده‌یخستمه‌وه‌ ناو ده‌شتی به‌پیتی كرمه‌وه‌
كه‌ به‌ توندی ده‌ست ئه‌نێی به‌ دڵی دڵۆپێ بارانا
له‌ چاوی ده‌ریاوه‌ گریان فیچقه‌ ده‌كا
كه‌ ئێمه‌ش گازمان له‌ جه‌سته‌ی ئه‌یوب ده‌گرت
له‌ دڵیه‌وه‌ فواره‌ی زیكری سه‌بر فیچقه‌ی ده‌كرد
ئه‌یوب ڕاوه‌ستانی گوڵێكه‌ له‌سه‌ر یه‌ك قاچ هه‌تا ڕۆژی قیامه‌ت
ئه‌یوب سپی بونی سه‌ری خوایه‌ به‌دیار ئه‌و هه‌مو سه‌بره‌وه‌، كه‌له‌ دڵی ده‌تكاو
ده‌كه‌وته‌ ناو ده‌می كرمه‌كانه‌وه‌
تۆ تۆوی سه‌برت به‌جه‌سته‌ی خۆتا ده‌وه‌شان،
تا گوڵی برین شكۆفه‌ بكات و كرمه‌كانیش ده‌یانمژی
ئه‌یوب واته‌ ده‌سگیركردنی -با- و ڕه‌نگكردنی به‌بۆیه‌ی سه‌بر
چه‌ند جوانه‌، سه‌بر، كه‌ ده‌بێته‌ ڕه‌نگ و ده‌شتی جه‌سته‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كا، تا كرمه‌كان
ئێوارانی عومری تیا بنوسنه‌وه‌
ئه‌یوب موتاڵاكردنی خوێنی تاریكیه‌
ئه‌یوب هه‌ڵقۆڵینی قه‌ڵبه‌زه‌ی بێكه‌سییه‌، له‌ كانیاوی پرچی دایكمه‌وه‌
ئه‌یوب سه‌بری مه‌لۆتكه‌یه‌كه‌، كه‌ تا قیامه‌ت مه‌مكی دایكێكی مردوی ده‌مژێ
ئه‌یوب ژه‌نینی شمشاڵی ده‌مه‌و ئاوابونه‌، تا ڕانه‌ مه‌ڕی ئه‌نفالیه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌
ئه‌یوب سه‌ماكردنی به‌رده‌ له‌ناو دڵی بارانا
خه‌ولێخستنی سه‌حه‌ره‌ له‌ناو ڕیشی ئه‌و سۆفیه‌دا
عه‌یامێكه‌ دنیای له‌بیر چوه‌ته‌وه‌و له‌بیر دنیا چوه‌ته‌وه‌
ئه‌یوب سه‌بری باخه‌وانێكه‌ به‌دیار
خرچه‌ خرچی شه‌مامه‌یه‌كه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ كاڵه‌ك
چه‌ند جوانه‌ ده‌نگ كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ دێت و به‌كرمه‌كان ده‌ڵێ:
 بێ خه‌م بن گه‌ر خوداش مرد به‌ده‌ست ئه‌م سه‌بره‌ی منه‌وه‌
ئه‌وا تا ئێوه‌ هه‌ن هه‌ر ده‌ڕژێمه‌وه‌ ناو گوێتانه‌وه‌
تا هه‌ست به‌ده‌نگی دڵی ژیان بكه‌ن
كه‌ جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌م نه‌بێ به‌قووڵی بۆ ناو برینه‌كانی خۆم بڕوانم
ئیدی بۆ ڕێگه‌ نه‌ده‌م ئێوه‌ سه‌فه‌ری تولانی بكه‌ن به‌ناویانا؟
كه‌ كرمه‌كان به‌ده‌م گۆرانی وتنه‌وه‌، له‌ناو ده‌ماره‌كانی منا
خوێنی برین و ته‌نیایی بژه‌نن، ئیدی بۆ نه‌ڵێم؟
*(سه‌راپام میسلی مۆسیقاره‌ بێ تۆ)
كه‌ كرمه‌كانی ناو سه‌رم پڕ ده‌بن له‌ باڵ بۆ فڕین ئیدی برینه‌كانی من بۆ نه‌بن به‌ ئاسمان؟
ئیدی ئه‌گه‌ر* (تا له‌سه‌ر گۆنام نیشانه‌ی زه‌خمی كرمه‌ ڕێز نه‌بێ)
ئیدی ئه‌گه‌ر ئاوا نه‌كه‌م
چۆن ڕوم بێت بڵێم من عاشقم؟
عه‌یامێك بو بۆڵێ ترێم له‌چنگی.. ئه‌ستێره‌یه‌كدا شاردبووه‌وه‌، تا به‌دیاری بۆ ئه‌یوبی ببه‌م
ئه‌مشه‌و دڵۆپێ شه‌رابی سور به‌ربوه‌وه‌ سه‌ر لێوه‌كانم
ئه‌ستێره‌كه‌ش چپاندی به‌گوێماو وتی : چ دڵڕه‌قانه‌ عومرێكه‌ ئه‌یوبت له‌بیر كردوه‌!
له‌و ده‌مه‌داو پێش داچڵه‌كین خه‌ونم ده‌دی
ئه‌یوب به‌ ئه‌سپایی گه‌ڵای مێوی له‌سه‌ر برینه‌كانی دا ئه‌نا
هێند به‌ئه‌سپایی گه‌ڵای ده‌نا به‌ده‌می برینه‌كانه‌وه‌، تا كرمه‌كان خه‌به‌ریان نه‌بێته‌وه‌
هه‌ڵزنان به‌كێوی سه‌ختی مانادا، ئه‌ركی پیاوی گه‌وره‌یه‌ یان ئیماندار
ئه‌مه‌یان جێده‌هێڵم بۆ ئێوه‌، ئێوه‌ی جێماوی نێو كه‌شتیه‌كانی وه‌سوه‌سه‌
ئێوه‌یه‌ك كه‌ وه‌ك زه‌رو لكاون به‌ چارۆكه‌ی كه‌شتیه‌ قه‌ترانیه‌ دوره‌ ده‌سته‌كانه‌وه‌
ئێوه‌ و من داڵغه‌ دامانده‌گیرسێنێت و خه‌یاڵ ده‌مانكاته‌ سوتو
چیرۆكی كرمه‌كانیش ده‌گێڕنه‌وه‌ و ده‌ڵێن :-
نه‌ له‌ ناو ئیماندان و نه‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیمان
ئه‌م چیرۆكه‌ ته‌نیا سه‌بر ده‌توانێ‌ بیگێڕێته‌وه‌
سه‌بریش هه‌ر له‌ رۆحی ئه‌یوبا جێنشینه‌
ده‌بزانن هه‌ڵزنان به‌و كێوی ڕۆحه‌دا، چ زه‌حمه‌ت و مه‌راره‌تێكه‌ یاران؟
عومرێك كرمه‌كان پڕ به‌ قوڵایی برینه‌كانی سه‌ر جه‌سته‌م
هاواریان ده‌كرد و ده‌یانوت :-
ئیلاهی ڕێگه‌بده‌ با ئێمه‌ش بژین
ئاوی حه‌یات ده‌كه‌یته‌ بنی ئه‌و خه‌نجه‌رانه‌وه‌، كه‌ به‌دڵی باخه‌كانا ڕۆ چوون
شه‌ویان له‌ حه‌وزی مزگه‌وته‌كان هه‌ڵكێشاو به‌ده‌م شوڵك لێدانه‌وه‌، گیانیان ده‌رچو
هیچت نه‌وت
به‌ مه‌مكه‌وه‌ ستیانی ڕه‌شه‌ ڕێمانه‌كانیان بڕیوه‌ و خستیانه‌ به‌ر ده‌م سه‌گه‌كان
هیچت نه‌وت
هه‌رچی فرمێسكێك قومریه‌ك ڕشتبێتی
قاله‌مه‌ڕه‌ به‌لێوی شمشاڵه‌كه‌ی كۆی كرده‌وه‌
كه‌چی ئاوابونێك نه‌بو قاله‌ مه‌ڕه‌، به‌ئیسراحه‌ت تیایا بمرێ‌
دواجار له‌ چاوی مه‌ڕێكی مه‌حزونا سكونه‌تی كرد
هه‌ر هیچت نه‌وت
ده‌ڕێگه‌ بده‌، وه‌ك خۆت په‌تی سه‌برت چڕاو ڕیشی چاوه‌ڕوانیت بو به‌فر
به‌ دیار سه‌بری ئه‌م ئه‌یوبه‌وه‌
ده‌ڕێگه‌ بده‌ باسوڕی ژیانمان له‌ناو برینه‌كانی ئه‌یوبا ته‌واو بكه‌ین
ئاخر كه‌ ژیان بۆ ئه‌و هه‌مو ژیانكوژه‌ ڕه‌وایه‌
با بۆ ئێمه‌ش هه‌بێ ده‌رفه‌تێ……. ئیلاهی
ژیانی ئێمه‌ كۆتره‌كان له‌خه‌و ڕاناچڵه‌كێنێ‌
لێوی پڕماچی هه‌تاو و ده‌ریا پڕ ناكات له‌ فیشه‌ك…. ژیانی ئێمه‌
ته‌سبیحات له‌هیچ مجه‌ورێك تێكنادات….. ژیانی ئێمه‌
ژیانی ئێمه‌ به‌رخێك له‌مڵچه‌ مڵچی مژینی دایكی نا تارێنێ‌
ده‌ ده‌رفه‌ت بده‌ با ئێمه‌ش سوڕی ژیانی خۆمان ته‌واو بكه‌ین
وا ده‌زانی مه‌رگی ئێمه‌
كۆتایی به‌ ورده‌ شوشه‌ی ناو پێڵاوی باخچه‌ دێنێت…؟
بۆ لات وایه‌ مه‌رگی ئێمه‌
نیشتمان پڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌پیاسه‌؟
خه‌یاڵ نه‌كه‌ی، مه‌رگی ئێمه‌ قه‌ت واناكات
كه‌و نه‌سڵه‌مێته‌وه‌ له‌ئینسان
ئه‌و ختوره‌یه‌ له‌ دڵت ده‌ربهێنه‌، كه‌ وا بزانی
باران ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕوتی ناگه‌ڕێت و ده‌كه‌وێته‌ ماڵه‌وه‌
وا ده‌زانی كه‌ ئێمه‌ مردین، ئیتر شێته‌كان جڕت لێناده‌ن بۆ نیشتمان؟
كه‌ ئێمه‌ مردین وا ده‌زانی، په‌نجه‌ره‌ له‌ ئاوابونا خۆی ناكوژێت و
جاده‌ توشی نه‌زیفی خوێن نابێ؟
وا ده‌زانی كه‌ ئێمه‌ مردین
ئیدی.. ده‌توانرێ قروسكه‌ قروسكی سه‌گ ته‌فسیربكرێ‌؟
بێ خه‌یاڵ به‌، ئێمه‌ش بمرین
دڵی شكاوی مه‌ولانا* چاك نابێته‌وه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی
قه‌ت وا نه‌زانی كه‌ ئێمه‌ مردین ئیتر
به‌رد دڵڕه‌قبونی خۆی بۆ ئینسان ئاشكرا ده‌كا
هه‌رگیز وا تێنه‌گه‌ی كه‌ ئێمه‌ مردین
عه‌قڵ ده‌توانێ‌ ته‌فسیری ته‌نیایی بكا
وا ده‌زانی كه‌ئێمه‌ مردین
گوڵی قاڵیه‌كان به‌ داڵغه‌ی سه‌ختا ڕۆناچن؟
بێ سه‌مه‌ره‌، تازه‌ مردنی ئێمه‌ ڕزگارت ناكا
له‌ لیتاوی ئه‌و هه‌مو غه‌ریبیه‌ی تیا غه‌رق بوی
ده‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێمه‌ش سوڕی ژیانمان ته‌واو بكه‌ین……… ئیلاهی
له‌ناو په‌ڕه‌ی ڕوانینا، من ئاو ده‌نوسمه‌وه‌
بۆیه‌ ئه‌م ده‌فته‌ره‌ غه‌ریبه‌ی وا به‌ ده‌ستمه‌وه‌ پڕ بوه‌ له‌ جۆگه‌له‌و
ده‌سته‌كانیشم هه‌روا هه‌وری لێئه‌ڕژێ‌
له‌ناو به‌یازی چاوه‌ڕوانیا، من تاریكی ده‌نوسمه‌وه‌
بۆیه‌ فه‌قیانه‌كه‌ی دایكم قه‌تره‌ قه‌تره‌ شه‌وی لێدا ئه‌چۆڕێ
ئه‌یوب چۆن ده‌نوسرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌برت موتاڵا نه‌كردبێ
چۆن ده‌وێری توختی سه‌بر بكه‌وی، ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ری تولانیت
به‌ناو كرمه‌ ڕێزبونی ئه‌یوبا نه‌كردبێ
قژی نیلۆفه‌ڕشانه‌كه‌و په‌نجه‌كانت بده‌ به‌ده‌م – با – وه‌
سه‌ری باخچه‌ بدۆزه‌ له‌و هه‌مو ڕشكه‌ی تێیداوه‌
سه‌بیله‌كه‌ت پڕ له‌توتنی داڵغه‌كه‌و مژی لێده‌
دڵنیام به‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ی ده‌نوسرێ
ئای… چه‌ند خراپ ژیانمان كرد!
ئه‌و هه‌مو فیشه‌كه‌یان پێوه‌نام
هیچیان وه‌ك فیشه‌كی چیرۆكی ئه‌یوب و كرمه‌كان نه‌یانكردومه‌ته‌ بێژنگ
ئه‌یوبترین سه‌بر هه‌ر ئه‌یوب
سه‌برترین ئه‌یوب هه‌ر ئه‌یوب
من به‌فواره‌ی ئه‌و هه‌مو میهره‌بانیه‌ نه‌خنكام كه‌ له‌ په‌نجه‌كانی ئه‌یوبه‌وه‌، ده‌تكا
تازه‌ هیچ ئاوێ‌ له‌ دنیادا ناتوانێ‌ بمخنكێنێ‌
ئه‌و هه‌مو گۆرانیه‌ نه‌یكوشتم
كه‌ كرمه‌كان به‌ده‌م خواردنی جه‌سته‌ی ئه‌یوبه‌وه‌ ده‌یانوت
تازه‌ به‌چی ده‌مرم؟! به‌م سه‌ر سه‌ختیه‌مه‌وه‌
هیچ شتێ‌ نیه‌ له‌ دنیادا، هێنده‌ی جوانی
بتكوژێت و مه‌خفت بكاته‌وه‌
ئاخر ئه‌گه‌ر سه‌ر سه‌خت نه‌بم
ئاگری جوانی له‌برینه‌كانی ئه‌یوبه‌وه‌ بڵێسه‌ی سه‌ند
ئه‌دی بۆچی ئه‌و جوانیه‌ نه‌یكوشتم و مه‌حفی نه‌كردمه‌وه‌؟
ئاخر ئه‌گه‌ر سه‌ر سه‌خت نه‌بومایه‌
ده‌بوا ئێستا شاخم لێبڕوایه‌ و ئیمان هه‌رده‌بومایه‌
به‌رامبه‌ر به‌و هه‌مو سه‌بره‌ی وه‌كو كانی له‌ناو ئه‌یوبا هه‌ڵده‌قوڵێ
گوڵی هه‌نار ونجڕ ونجڕ ده‌كه‌ین
كه‌چی سه‌برمان تا پێگه‌ینی هه‌نارێك بڕ ناكا
سه‌برمان تا مه‌رگی شه‌ونمی سه‌ر گه‌ڵای گێلاسێ بڕناكا
سه‌برمان تا په‌ڕینه‌وه‌ی بڵقی ناو كانیه‌ك
له‌مبه‌ره‌وه‌ تا ئه‌و به‌ری كانیه‌كه‌ بڕناكا
سه‌برمان ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سه‌
زیكه‌ زیكی سیسركێك قبوڵ ناكا
سه‌برمان تا تروكاندنی هێلكه‌ی كۆترێ‌ بڕ ناكا
سه‌برمان ئه‌وه‌نده‌ی تیا نه‌ماوه‌
ئێواره‌یه‌ك پیاسه‌ی پیاوێكی ئیزعاج قبوڵ بكه‌ین
سه‌برمان تاشكۆفه‌ بونی گوڵێكی لاره‌ مل بڕ ناكا
سه‌برمان له‌ مسه‌ری كۆڵانه‌وه‌، تا ئه‌و سه‌ری بڕ ناكا
كه‌چی ده‌م له‌ سه‌فه‌ری تولانی ده‌كوتین
سه‌برمان تا داخ بونی دڵی خه‌ڵوزێك بڕ ناكا
به‌ دوای ڕه‌نگی ئاڵتونی پوشا ده‌گه‌رێین كه‌چی
سه‌برمان تا پوشبونی ته‌ڕه‌ گیای به‌هار بڕ ناكا
سه‌برمان تا ده‌مبونی گریانی كچێكی دڵته‌نگ له‌ناو قۆری مه‌راقا بڕی نه‌كرد
سه‌برمان تا فڕێدانی كاژی مارێك بڕی نه‌كرد
دڵگه‌وره‌یی و لێبورده‌یمان دنیاو بنیای پڕ كردوه‌
كه‌چی به‌قسه‌ی خۆش
مار له‌كون دێنینه‌ ده‌رو نامه‌ردانه‌ ده‌یكوژین
ڕه‌نگ كه‌ خه‌وی لێده‌كه‌وێ‌ زۆر نازداره‌
به‌تایبه‌ت چاولێكنانی ڕه‌نگه‌كانی ناو جاجم
هه‌ر له‌ خه‌وی كرمه‌كانی ئه‌یوب ئه‌چێ
كه‌ ڕه‌نگه‌كان له‌ جاجمه‌وه‌ جۆگه‌له‌ ده‌به‌ستن
دێن و چاو پڕ ده‌كه‌ن له‌ نمه‌نمی نوستن
بۆیه‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستین چاومان سوره‌
چونكه‌ دوا نمه‌ی ڕه‌نگی جاجمه‌كه‌ی تیاماوه‌
من خه‌یاڵم ده‌دورم به‌ ڕه‌نگی ئه‌م جاجمه‌وه‌
تا به‌جۆگه‌یه‌ك بچمه‌وه‌ ناو چیرۆكه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانی ئه‌یوب و كرمه‌كانیه‌وه‌
وه‌ك هه‌نارێكی شار غه‌ریب هه‌ڵئه‌وه‌رمه‌ ناو
كاسه‌ی گه‌ڵایه‌كی له‌چه‌ند لاوه‌ درزبردوی ده‌م ڕه‌شه‌بایه‌كی ناوه‌خت
ده‌تكێمه‌ ناو ته‌نیایی گرمۆڵه‌بوی ناو چنگو پلی خۆمه‌وه‌
وه‌ك چۆن گه‌ردون بوه‌ دڵۆپێ میحنه‌ت و تكایه‌ ناو ئه‌یوبه‌وه‌
وه‌ك چۆن زه‌حمه‌ته‌ ده‌ریا به‌جام هه‌ڵبگۆزی
وه‌ك چۆن زه‌حمه‌ته‌ باخێك ببه‌یته‌وه‌ ناو ئینجانه‌یه‌ك
وه‌ك چۆن زه‌حمه‌ته‌ سه‌فه‌ری ئاو راگریت و له‌جوڵه‌ی بخه‌یت
ئاوا زه‌حمه‌ته‌ چیرۆكی ئه‌یوب و كرمه‌كانی له‌ماڵی بێ دار و باری شیعرێكا
ساكن بكه‌یت و بینوسیته‌وه‌.

* ( 1 ) مه‌حوی
* ( 2 ) حه‌ریق
* ( 3 ) نالی
* قاله‌ مه‌ڕه‌: شمشاڵ ژه‌نێكی په‌راوێز، به‌ڵام جاوید.
*مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.