گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان…..هەردى شەفیق
گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان
هەردى شەفیق" بۆ ئەو پیاوەى لەناو دڵى حەقیقەتدا سەر و ڕیشى بەبێتاقەتى ومەراقى غوربەت و نیشتیمانەوە سپی کرد"
شیعر لە کورتترین پێناسەیدا زمانى ڕۆحە. ئەوەى پیرۆزىش بەکەسایەتیى شاعیر ئەبەخشێت جوانیى ئەو ڕۆحەیە ،ئەمە لەکاتێکدا ئهگهر زمانى شیعر دەلالەت لە دیوە ڕاستەقینەکەى ڕۆحى شاعیربکات نهک نمایشى کەسایەتییەکى تربکات. ئەوەى پیرۆزیی دا بە مردن و ژیان و شیعرى فروغ فروغزاد، جگە لە ئیستاتیکاى شیعرەکانى، ئەو لێکچوونە جوانەى شیعر و و خودى خۆى بوو.ئەگەر بەناو شاعیرانى کوردیشدا بگەڕێین، ئهوه نموونەیەکى جوان بەدى ئەکەین، که لەهەموو سەردەمێکدا ڕەمزى بەرگریکردن بووە و تا سەر ئێسقان ئامادە بووە ئازارەکان لەسەر ڕۆحى خۆى هەڵگرێت، بەو مەرجهی شیعرێک نەنوسێت سووکایەتى بە پەیامى شیعر بکات.
گوڵاڵەسوورەى نیشتیمان هەرگیز بیرى لەوە نەکردووەتەوە لهپهنای دهسهڵاتێکی ستهمکاردا نانى دەمى سواڵکەرێک بخوات ، هاوکاتیش شیعر بۆ بهشخوراویی سواڵکەرەکە بنووسێت. بیرى لەوە نەکردووەتەوە پاروو له دهمی سۆزانییهک بڕفێنی، که برسێتى وخەمى نان بۆ مناڵەکانى فڕێى داوەتە سەر جادە، له ههمان کاتیشدا شیعر بۆ مهغدووریی بنوسێت!
ئەو ڕیشە سپییەى پەشێو دەرەنجامى مەینەتى ساڵەهاى ساڵە کە ئەو گیانى خۆى بۆ کردووەتە تاقیگەى گیانکێشان بەدیوە مادییەکەیدا و بەختەوەرى وسەربەرزى بە دیوە ڕۆحییەکەیدا.
زۆر جار بیرم لەوە کردووەتەوە بچمە شوێنى سواڵکەرێک، تابزانم چۆن هاوار ئەکات، یا لە پەنجەرهى سۆزانییەکەوە دنیا ببینم، کە ئەشێت حەقیقەت لەناو برسێتى وناوگەڵى ئەودابێت!! ئاخر ئازارى برسێتى سەختە و کەسێک نەیکێشابێت نازانێت چ مردنێکی ڕۆژانهیه! کەسێکیش بیهوێ بهرگری له بهشخوراوان بکاته پهیامی ژیانی خۆی دەبێت ئامادهى مەینەتییەکانی ئهو پهیامهش بێ. بە چاوخشاندنێک بە مێژووى ئەدەبى کوردیدا چەند نموونەیەک دەبینرێت و ئەوەى لە حاڵى حازردا ماوە ئەو فریشتە سپییەیە، که ڕەنگى قژ و ڕیشى لە بەفرى چیاى سەرکەشى قەندجیل ئەچێت.
بەندە جیاوازىی هەرە گەورەى شاعیرێک و سیاسییەک لەوەدا دەبینم، یەکەمیان دەیەوێت وەک خۆت بیربکەیتەوە، دووەمیان وەک خۆى. نەگبەتیى شیعر لێرهوه دەست پێدەکات، که شاعیرێک وسیاسییەک وەک یەک بیردەکەنەوە و شاعیر ڕۆڵى زوڕناژهن و ههقایهتخوانی دەربار ئەگێڕٍێت. ئاخر شیعر پەیامێکى پاک و پیرۆزە، زمانى ڕۆحى ئینسانە و هەر لەم سۆنگەیەوە ئەتوانین پەى بەدیوە پەنهان و ڕۆحە گەورەکەى شاعیر بەرین، ئەگەرچى، مخابن، زۆرجار دنیاى شاعیریش وەک دنیاى سیاسییەکان بێبەش نیە لە قومارکردن و گێڕانى ڕۆڵى کەسێکى دى نهک شاعیرخۆى.
من نامەوێت بچمە ناو دنیاى شیعرى گوڵاڵەسوورەى نیشتیمان
تەنیا ویستم شتێک بنووسم بەر لهوهی ماڵئاواییمان لێ بکا. ئاخر ئێمە فێرین تەنها ڕێز لەمردووەکان بنێین وبەزیندووییش فەرامۆشیان بکەین. ئەو گوڵاڵە سوورەى من لهسهری دهنووسم لەناو خوێنى میللەتێکدا چاوی ههڵهێنا و بهدرێژایی ژیان ئامادە نهبوو ستایش بۆ سیاسییەک بنوسێت ئهگهر باڵاى بەقەد باڵاى شیعر نەبێت. ئاخر ئەو بەزمانى ئاماژە وتى: ئەوەى شیعر بۆ بازرگانانی سیاسەت ئەنوسێت تا هەتایە ئەبێت پاساو بۆ مناڵە ناشەرعیەکانى شیعر بهێنێتەوە. .ئەوهی من لهسهری دهنووسم قهت دەستى بۆ پارە و کۆشک وڤێلا پان نەکردەوە و ڕۆژێک لەڕۆژان مەینەتى هەژارارەکانى نەگۆڕییەوە بە خۆشگوزەرانى بۆخۆى و زۆر باشیش ئەیتوانى بیکات ،بەڵام ئهیزانی ئهگهر ئهمه بکا ویژدان و گەورەیی و ڕاستگۆیی لەدەست ئەدا. بەپێچەوانەشەوە، هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان نەیتوانیوە شیعر بۆ نیشتیمانهکهی خۆی نەنوسێت. که ئهیخوێنیتهوه، وا ههست ئهکهی ههموو ئەو گوللانەى بەر تاشەبەردەکانى نیشتمان ئەکەوتن دڵى ئەویشیان ئەپێکا، ئەو دارستانانەى داگیرکهران سەرو قژیان هەڵئەکڕوزاندن لەدڵى ئەودا ئەیان قریشکاند. ئهیخوێنیتهوه و ههست ئهکهی ئەو ژنانەى لەزیندانەکانى بەعسدا ئەتک ئهکران کهسوکاری ئهون و دارو بەرد و خۆڵەمێشی ههڵهبجه و پاسارى و مرۆڤ و مەخلوقەکانى تری نیشتمان لەسەر ڕۆحى ئەو گیانیان دەر ئەچوو، لەشیعرەکانى ئەودا هاواریان بهرز ئهبۆوه. ئەوانەى دەیانبردن بۆ نورە سەلمان و عەرعەر و بەگوللەیەک کاسەى سەریان کون ئەکردن ،بەبرسێتى ئەیان کوشتن ،فڕییان ئهدانه بەر دەم سەگە ڕەشەکان گوڵاڵە سورەى نیشتیمان بەدیار تەرمە بێکەسەکانیانەوە دەگریا. ئاخر ئەو موسافیرە سپییە هێشتاش، غەمەکانى نیشتیمان و ئازارەکانى غوربەتی وهک جهنتای سهفهر داوە بەکۆڵیا و هەموو ئێوارەیەک بە قەڵەمە سوورەکەى خەتێک بەسەر ڕۆژژمێرى ژوورەکەیدا (کەوێنەى نەخشەى کوردستانى گەورەى لەسەرە ) دێنێ و بەئەسەفەوە دەلێت: ئەمڕۆش ڕۆژێکى ترم لە دوورى نیشتیمان بەڕێکرد.
ئەوێک، که ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵى پەپوولەیەکى نیشتیمانەکەى نەشکاندووە، بەپێچەوانەوە، لەگەڵ جەللاد و پیاوکوژاندا ههمیشه دڵڕەق و خۆبەگەورەزان بووە، بۆیە دارو بەردى نیشتیمان ئەڵێن ئەى غوربەتزەدە و ئەى نائومێدىکوشتە بێرەوە بۆ مەملەکەتى کوژراوەکان ،بۆ مەیخانەى نائومێدەکان، بەخودا نیشتیمان بیرى ئەو ڕۆحە سپییەت دەکات، بیرى ئەو سەرو ڕیشەسپى و شیعرە توند و ئاگراوییانەت دەکات، بیرى سریوەى ئەو پەڕەسێلکانە دەکات لەشیعرەکانى تۆدا هێلانە قوڕینەکان بە گوێسوانەى لادێ فەرامۆشکراوەکانەوە دروست ئەکەن و دەنگیان ئەگاتە دڵ و ڕۆحى ئێمە. دەى بیرەوە، خۆمن لەتەلەفونەکەدا پێم وتى: لەدەور ئەو ڕۆحە سپییەت گەڕێم، باغوربەت لەوە زیاتر نەتکوژێ، دەزانم تووڕەى لەو سیاسییانەى ڕۆژانه به هەزار جۆر دڵ و جل و و دەموچاو ئەپۆشن و لەبەر پێى لەشفرۆشێکا هەمووى دائەکەنن. دەزانم تۆوڕەى، بەڵام ئەو پەیکەره سپیەش ببینە، که لە پەیکەرەکەى *عومەرى خاوەر" و "چنار" و "هێمن" ئەچێت، لەسەردڵى خۆمان هەڵمانکۆڵیوە و ناهێڵن لەسەر شەقامى بێنازى شارەکان لەبرى موعەمەر قەزافى و فڵان و فیسارى تورک و فارس داىنێین.
دەى بێرەوە، ئەى جوانترین نائومێدى دنیا! دەزانم لەوڵاتێکدا که دووکەڵى جگەرەکان، دووکەڵى جەنگەکان و شۆڕشەکان، دووکەڵى لوولەى تفەنگەکەى سەربازى ونت، دووکەڵى هەڵەبجەت ئەخاتەوە بیر ، بەڵام بەخوا هەموو ئەو شەقامانەى بەڕۆحە ڕەشەکان میکیاژ کراون ئەو ڕۆحە سپیەتیان بەقەد پەیکەرى "سەربازى ون" خۆشئەوێ ،بەقەد ئەو شیعرە سپییانەت خۆشئەوێ، که لەدڵى شکاوى پەروانەیەکى توڕە ئەچن بەدیار مۆمێکى خامۆشەوە ئەسووتێ.
دەى بێرەوە، ئەى شەهیدى زیندوو ،ئەى سەربازى ونى شیعرى کوردى ،ئەى گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان! ئەوەندە دڵمان مەشکێنە، ئەى دڵشکاو، خۆتۆ ئەزانیت ژانى دڵشکان چۆنە. پێمان ناخۆشە وا ئەزانى کەسێک نەماوە لەم مەملەکەتە تۆى لەیاد بێت. نا هەموو ئەوانەى ویژدانیان پڕەو گیرفانیان خاڵى بەسیمبوڵى هەڵوێستت ئەزانن. من دیوەخانى زۆر لەو کەسە دڵ و دەروون سپییانەم بینیوە وێنەى (فریشتە سپییەکەیان )یان لەبرى وێنەى باوکیان هەڵواسیوە. ئاخر تۆ لەو دوورەوە ئاگات لێ نیە. توخوا بمبوورە وا ئەڵێم. تۆزێک ناخۆشە بڵێم بێئاگایت بەڵام ئەوەندە بەسە شاعیرێکى فارس بڵێت: (لەبەر ئەوەى کوردیم نەئەزانى قاموسێکم هێنا و شیعرێکى عەبدوڵا پەشێوم کرد بەفارسى!!!). دەزانم، مامۆستاى هەڵویست، ئەوەندە بەم هەموو دوورى و فەرامۆشییەوە بێتاقەتیت وائەزانیت کەس تۆى بیرنەماوە ،بەڵام بیرت چوو لەبەر چەپڵە ڕێزان نەیان هێشت شیعرەکانت تەواو کەیت ؟ بیرت چوو بەماچ شۆردیتیان؟ دەزانم ئهم حکومەتە سپڵهیه و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئاوڕیان لەگەورەیی بەرهەمەکانت، لە هەڵوێستەکانت نەدراوەتەوە، بەڵام کێ لەسەر ڕەخنە گرتن خەڵات کراوە تا تۆببیت بەدووەم کەس؟! خۆ تۆ تازە بوویت بەسیمبوڵى هەڵوێست و شیعر. ئەوەندە بەسە، ئهی گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان، مەینەتییەکان خۆشیان ئەوێى. ئەوەندە بەسە، ئهی گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان، که تۆ نه شەوێک قومارت بە خوێنى نیشتیمان کردووه، نه نانى دەمى مناڵێکى هەڵەبجە و ئەنفالت خواردووە. ههر بۆیهش، قوربانییەکان دروود و گوڵت بۆ دەنێرن، ئەى گوڵە تاقانەکەى شیعر ،گوڵاڵە سوورەى نیشتیمان!
jgarsoz8181@yahoo.com