Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
گه‌شتێکی ته‌نیاو دوور  بۆ قاهیره‌و ده‌ریای سوور…. شێرزاد هه‌ینی

گه‌شتێکی ته‌نیاو دوور بۆ قاهیره‌و ده‌ریای سوور…. شێرزاد هه‌ینی

Closed
by February 6, 2008 گشتی

1
 پارادیس ..!
له‌ شارۆچکه‌ی ( هورده‌که ) ‌ی میسر، که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ده‌ریای سوور، که‌ به‌شی زۆری که‌ناره‌کانی، شوێنه‌ جوانه‌کانی کراوه‌ته‌ ڤیلاو هوتێل و کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتوگوزاری  نازدارو مۆدرێن، چه‌ندین دیسکۆو بارو فرۆشتگای نایابی کالای هونه‌ری میسری، به‌تایبه‌تی جلوبه‌رگی په‌مۆی میسر، که‌ به‌ باشی ناسراوه‌ تێدا سازکراوه‌، بازاریشی گه‌رمه‌. 
له‌ زۆر شوێنه‌وه‌و به‌ پاره‌یه‌کی که‌م، به‌یانیان له‌ سه‌عات نۆ به‌یانییه‌وه‌ سه‌دان به‌له‌می تایبه‌ت بۆ میوانه‌کان به‌رێده‌که‌وێت، به‌له‌مه‌کان زۆربه‌یان تا سی که‌س ده‌گرێت، نانی نیوه‌رۆش له‌گه‌ڵ پلیته‌که‌و  ژه‌مه‌که‌ش خواردنێکی ئاساییه‌، زۆربه‌ی نه‌فه‌ره‌کان له‌بنه‌وه‌یان جلی رووتی مه‌ڵه‌وانیان ئاماده‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌یانیه‌کان‌ بایه‌کی زۆر ساردی هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا ژنه‌ رووسه‌ نازداره‌کان، که‌ زۆربه‌ی گه‌شتیاره‌کان ئه‌وانن، به‌ جلی مه‌له‌وانیه‌وه‌ سوارده‌بن.
مه‌به‌ست له‌و سه‌فه‌ره‌، سه‌ردانی دوورگه‌یه‌کی مه‌ست و هێمنه‌، رووت، زه‌ردی ناو ده‌ریاکه‌یه‌، که‌ له‌سه‌ر به‌رزاییه‌که‌ی به‌ پیتی ئینگلیزی پارادیسیان به‌ ره‌نگی ره‌ش  بۆی هه‌ڵواسیوه‌، که‌ له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌. دووره‌گه‌که‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ده‌ریا سه‌ما ده‌کات، له‌گه‌ڵ چاوی شینی ئاوه‌ سووره‌که‌ مه‌ستبووه‌، به‌ دیتنی ئه‌و سه‌دان مێوانه‌ نازداره‌، حه‌یرانه‌.!
مه‌به‌ستی دووه‌می گه‌شته‌ ئاوییه‌که‌ش، هه‌موویان پێیه‌ لاستیکه‌ درێژه‌کانی ناو ئاویان هێناوه‌، لووله‌ی هه‌ناسه‌و ده‌م گرتن و چاویلکه‌ی تایبه‌تی بن ئاویان پێبوو، به‌شێکیان کامیرای بنئاویان هه‌ڵگرتبوو، له‌ دوو شوێن به‌له‌مه‌کان له‌یه‌کتری ده‌به‌سترێنه‌وه‌. که‌ یه‌که‌م به‌له‌م ده‌گاته‌ بازنه‌که‌، مه‌له‌وانێکی باریکه‌ی چالاک سه‌ری گوریسه‌که‌ بۆ ناو ئاوه‌که‌ شۆرده‌کاته‌وه‌و سه‌ره‌که‌ی له‌ سینگێکی تایبه‌ت بۆ راگرتنی به‌له‌مه‌ کوتراوه‌، گرێ ده‌دا، هه‌ر به‌ هه‌ناسه‌ی خۆییه‌وه‌و به‌ هه‌وای سینگییه‌وه‌، کوریژگه‌که‌ سه‌رده‌که‌وێته‌وه سه‌رئاوو وه‌ک مه‌راوێک سه‌ری داده‌وه‌شێنێت‌. هه‌ر به‌له‌مه‌ێکی تر بێت، ئه‌و به‌ئاسانی خۆی له‌و ده‌به‌ستێته‌وه‌، سێ سێ چوار چوار به‌له‌م، به‌یه‌که‌وه‌ له‌ سینگی ده‌ریا ده‌وه‌ستن، مه‌له‌وانه‌کانیش، ژن و پیاوه‌کان‌ ده‌چنه‌ ناو ئاوه‌که‌ له‌ سه‌یرانی ماسی جوان، به‌ردی نازدار، له‌ رووه‌کی هه‌مه‌ره‌نگ، زینده‌وه‌ری نایاب، نیگا ده‌که‌ن، سه‌ر نه‌وی ده‌که‌ن، چاو ده‌که‌نه‌وه‌، تا دیمه‌نی جوانی ناو ده‌ریا بێگه‌رده‌که‌ ببینن.
دوو جارو له‌ دوو شوێنی جیا، پێش ئه‌وه‌ی به‌له‌مه‌که‌ بگاته‌ پارادیسه‌که‌، فه‌ردۆسه‌که‌ راده‌وه‌ستن، دیاره‌ ئه‌و دوو شوێنه‌ش بۆیه‌ ته‌رخانکراوه‌، که‌ره‌سته‌کان جیاوازن، ره‌نگه‌کان جیاوازن، ماسیه‌کان بنه‌ماڵه‌و ره‌نگ و ره‌سه‌نیان جیاوازه‌.
 له‌سه‌ر دوورگه‌که‌ش، هه‌موو گه‌شتیاره‌کان به‌یه‌که‌وه‌، خۆیان داوه‌ته‌وه‌ خۆری گه‌رم، له‌ناو ئاوی سووری ده‌ریای سووریش باسکه‌ مه‌له‌ ده‌که‌ن، ده‌خۆنه‌وه‌و بۆ مه‌ستبوون نۆش ده‌که‌ن،  وێنه‌ی فه‌ردۆسیی ده‌گرن، موزیکایه‌کی هه‌ست بزوێنیش سه‌ما به‌ دڵ و سۆزی هه‌موویان ده‌کات، سێبه‌ره‌ قامیشه‌کانیش، ساباته‌ حه‌سیره‌کانیش خه‌وو مه‌ستی و تاوانه‌وه‌ی تێدا ده‌سته‌به‌رکراوه‌. به‌ قامیش و گه‌ڵای دارخورماو کاریته‌و پووش ریستورانت و ژووانگه‌و په‌ناو هه‌یوان بۆ سێبه‌رو بۆ ماچ و بۆ … سازکراوه‌.
له‌و گه‌شته‌دا کات، وه‌ک شه‌پۆلی ده‌ریا زوو ده‌روات و به‌ جووله‌یه‌، ناوه‌ستێ، چاوو نیگا، ئه‌گه‌رچی دیمه‌نه‌که‌ یه‌که‌، به‌ڵام له‌ نیگا ماندوو نابیت، وێنه‌ی زۆر ده‌گریت، ته‌واونابیت، گه‌شته‌که‌ به‌ساده‌یی ده‌کرێ، به‌ڵام به‌ئارامی بۆ پارادیسیت ده‌بات.
له‌ گه‌رمه‌ی سه‌رقالی کرێکاره‌کان و به‌له‌موانه‌که‌، گوێم لێبوو، وه‌ستاکه‌یان بانگی یه‌کێک له‌ کرێکاره‌کانی کردو وتی:
وه‌ره‌ ( وه‌حش )،
کوره‌که‌ش به‌ روویه‌کی جوانه‌وه‌، هاته‌ به‌رده‌ستی معلمه‌که‌ی، کاره‌که‌ی بۆ راپه‌راند، من له‌ به‌له‌موانه‌که‌ زۆر نزیک بووم، به‌ رووێکی خۆشه‌وه‌، که‌ زۆریان لا خۆشه‌ ده‌مه‌ته‌قێیان له‌گه‌ڵ بکه‌یت، شه‌یدای قسه‌کردنن، ده‌نگه‌ گه‌وره‌که‌یان به‌رده‌وام ده‌زرنگێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ وه‌ستاکه‌م پرسی، به‌راستی، ئه‌و شاگرده‌ی تۆ ناوه‌ی وه‌حشه‌ ..! یان وه‌ک گالته‌ به‌و ناوه‌ بانگی ده‌که‌یت، ئه‌ویش به‌ روویه‌کی زۆر خۆشتره‌ وڵامی دامه‌وه‌، که‌وا شاگرده‌که‌ی ناوی وه‌حشه‌و برازای خۆیه‌تی، ئه‌و ناوه‌ش زۆره‌، منیش ده‌م نا ده‌م به‌ روویه‌کی شیرینه‌وه‌، قسه‌م له‌گه‌ڵ وه‌حشی خوێن شیرین ده‌کرد.
به‌یانی له‌ ریستورانته‌که‌دا خه‌ریکی نانخواردن بووم،  له‌به‌رئه‌وه‌ی نانه‌که‌ زۆره‌و خواردنه‌که‌ هه‌مه‌تام و هه‌مه‌ره‌نگ و هه‌مه‌شێوه‌و بۆفیه‌که‌ی کراوه‌شه‌، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌ک زۆریش ده‌مینێته‌وه‌، زۆریش ده‌خوات، له‌و مانه‌وه‌یه‌مدا، یه‌کێک له‌ کارلسۆنه‌کان، بانگی کیژه‌ ئه‌سمه‌ره‌که‌ی هاورێی ده‌کرد، به‌ ناوی خۆی بانگی کردو وتی:
 وه‌ره‌، بطه‌ ( مه‌راوی )،
 ئه‌ویش به‌ رووه‌ ئه‌سمه‌ره‌ زۆر نازداره‌که‌ی، وڵامی دایه‌وه‌، ئاماده‌م، یا معلم.
وه‌حشه‌که‌ی  ناو ده‌ریا، به‌و به‌یانییه‌ جوانه‌ که‌ تیشکی خۆری گه‌رمی له‌ شووبه‌نده‌ گه‌وره‌که‌ ده‌هێنایه‌ ساڵۆنه‌ گه‌وره‌که‌ی ریستورانه‌که‌. مه‌راوییه‌کی باڵ ره‌نگین، جیا له‌ ژنه‌ نیورووته‌کان، سمت و که‌فه‌ل له‌ده‌ره‌کان، هه‌ڵفرییه سه‌ر مێزه‌که‌م، به‌وه‌ش ئاره‌زووی زۆرتری خواردنم بۆ کراوه‌، دیاره‌ له‌و ده‌ریایه‌ جوانه‌، له‌و شاره‌ نازداره‌ وه‌حش و بطه‌ی زۆره‌.‌‌

شێرزاد هه‌ینی ــ سه‌ر که‌ناری ده‌ریای سوور میسر

Previous
Next