Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
نیگار نادر……شێرزاد هه‌ینی

نیگار نادر……شێرزاد هه‌ینی

Closed
by April 26, 2009 گشتی

نیگار نادر
           رۆژانه‌ی(شێرزاد هه‌ینی)یه‌.

له‌ناو باڵه‌خانه‌یه‌کی به‌رزی گه‌مارۆدراو به‌به‌فرو به‌ئاسمان، من سواری پشتی په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌بووم‌ و هه‌موو دونیای پێشم باش لێوه‌دیاربوو‌، وه‌ک تاریکی دارستانه‌که‌، چاوی تیژی رووناکی گلۆپه‌کان، دیمه‌نی شه‌قام و کۆڵانه‌کان له‌ پاشماوه‌ی که‌لاوه‌ی پاش شه‌ڕێکی خوێناوی براکوژی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌چوو، هه‌مووم لێوه‌ دیاربوو، ئوتومبێله‌ خێراکان که‌ هه‌رگیز من نازانم کێیان له‌ناوه‌و به‌ره‌و کێنده‌رێ رێده‌که‌ن، نازانم که‌سه‌کان داوه‌تی کێن ، به‌و شه‌وه‌ سارده‌ له‌کێ دێنه‌وه‌و بۆ وا دره‌نگ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. له‌ قه‌ڵاتی ئه‌و باڵه‌خانه‌وه‌ وه‌ک پاشایه‌ک وه‌ک گه‌دایه‌کیشم ده‌ستم بۆ به‌هره‌ی بابه‌تێکی شیعرێکی ناسک و ئازایانه‌ی (نیگار نادر)برد، که‌ نازانم له‌کێ ده‌ژیت له‌کێوه‌ شیعره‌کانی بۆ ماڵپه‌ری (ده‌نگه‌کان) پۆستده‌کات، ئایا ئه‌و ناوه‌ پیاوێکی زامداری سمێڵ گه‌وره‌ی چوارشانه‌یه‌‌، یان به‌راستی ژنێکی ته‌نهایه‌و‌ عاشق و ئاواره‌ییه‌و قه‌ڵه‌م‌ برینداری کردووه‌و‌ به‌گۆچانه‌وه‌ بۆ ژووانێکی خاڵی ده‌ڕوات‌.
نیگار ناوی (عوسمان نیگار)ی به‌بیرهێنامه‌وه‌، که‌ له‌حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو من ئه‌و پیاوه‌ پیره‌م دیبوو، باوکی ره‌حمه‌تییم زۆر قسه‌و سه‌ربرده‌ی نه‌سته‌قی ئه‌وی ده‌گێڕایه‌وه‌ که‌ له‌ده‌شتی هه‌ولێر به‌سه‌ری هاتبوون، هه‌موو قسه‌کان له‌لای من ته‌نها تامیان ماوه‌و شه‌کره‌که‌ی ماوه‌، گۆچانه‌که‌ی ماوه‌، هیچی ترم له‌بیرنه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه من‌ نیگارم دۆزیه‌وه‌و شیعره‌کانی گۆچانه‌ جوانه‌که‌ی ئه‌وبوو، راستییه‌کانی ژیانی ئه‌وبوو.
چه‌ند پیرۆزه‌ ژنێکی نازدار پیاوێکی به‌وه‌فای خۆشبووێت و پیاوه‌که‌ش وه‌ک پانکه‌ له‌سه‌رسه‌ری بۆی بسووڕێت، وه‌ک ئاگردان گه‌رمی بکه‌نه‌وه‌، وه‌ک ته‌رازوو له‌سه‌رده‌ستان به‌نازه‌وه‌ رایگرێت. چه‌ند باشه‌ که‌ ئه‌و شاره‌ جێگه‌ی هه‌موو سوتاوو سه‌رمابردووه‌کان بکاته‌وه‌، ئه‌و ده‌شته‌ به‌شی چاوی هه‌موولایه‌ک بکات. من شه‌وێک ویستم نه‌خه‌وم شیعرو قه‌ڵاتێکی که‌سکم بووه‌ میوان، شه‌وێک نه‌نووستم مێژووی ژیانی پاولو کۆیلیو و شێتییه‌کانم ئه‌وم ناسی، زانیم ئه‌و پیاوه‌ رۆماننووسه‌ ژنێکی هونه‌رمه‌ند ده‌ستی گرتووه‌و ژنه‌که‌‌ له‌به‌ر ئاگردانێک په‌نجه‌کانی گه‌رمکردیته‌وه‌و یه‌خه‌ی کراسه‌که‌ی راستکردیته‌وه‌و له‌مه‌یخانه‌و شێتخانه‌و قه‌حپه‌خانه‌و قاوه‌خانه‌و حه‌پسخانه‌ دووری کردیته‌وه‌ تا رۆمانه‌کانی بوون به‌ شاکاری هه‌موو جیهان. ئه‌و له‌سه‌ر سه‌رینێکی ته‌ژی له‌ناز داهێنانه‌کانی کۆکردیته‌وه‌و شێتییه‌کانی پیرۆزو گه‌وره‌و عاقلانه‌ بۆ نووسیوه‌ته‌وه‌.
شه‌وێک من به‌ته‌نها زۆرتر مامه‌وه،‌ سه‌دان وشه‌و چه‌ندین وێنه‌ی به‌چوارچیوه‌و رتووشکراو له‌ده‌رگایاندام، به‌نه‌رمی له‌په‌نجه‌ره‌یاندام، له‌ناو په‌رداخه‌که‌ مشت به‌فرو شه‌رابه‌که‌م هاتنه‌ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ مه‌ستییه‌که‌م گۆرانی به‌سۆزیان ده‌گووته‌وه‌. ئینجا من دۆزیمه‌وه‌ که‌وا شێتی و مه‌ستبوون و سووتان و سه‌فه‌رو شه‌یدایی، (من)و (نیگار)و( پاولۆ)ی له‌ناو یه‌ک فایل کۆکراوه‌ته‌وه‌و له‌ناو داتاکه‌م زۆر وردو گچکه‌ به‌قه‌د یه‌ک خاڵ دانراوه‌.
ئه‌مشه‌وه‌ شوانی‌ من‌ له‌به‌ر به‌فره‌و به‌سته‌ڵه‌که‌و به‌رخۆڵه‌کانیشی سه‌رمایانه‌، شه‌خته‌ش بواری ده‌ربازبوونی گرتووه‌و تووڕه‌بوونیش شه‌پۆلێکی شێته‌، وه‌ک پاولۆو نیگار منیان توڵخاندیته‌وه‌.

 

Previous
Next