شانۆی ئه‌زموونگه‌ری پۆڵه‌ندی
شانۆی ئه‌زموونگه‌ری پۆڵه‌ندی
نیهاد جامیشانۆی ئه‌زموونگه‌ری پۆڵۆندی ته‌وژمێكی كاریگه‌ری ناو نه‌خشه‌ی شانۆی جیهانیه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌هه‌ردوو ئاستی تیۆری و پراكتیكی كاریگه‌ری له‌سه‌ر شانۆ به‌گشتی داناوه، بۆیه شانۆیه‌كه ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌رچاوه بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه، چونكه توانی گۆڕان له ئاسته جیاوازه‌كانی ڕووبه‌ری شانۆ بخاته ڕوو، بۆیه به‌بێ توێژینه‌وه كردن له‌سه‌ر ئه‌و شانۆیه هه‌موو گه‌ڕانێك به‌دوای شانۆیه‌كی ئه‌زموونگه‌ری به پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واو سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌و كاتانه‌ی له‌سه‌ر كاریگه‌ری ئه‌و نهێنیه‌ش ده‌وه‌ستین، نهێنی شانۆیه‌كی ئه‌زموونگه‌ری زیاتر مه‌به‌ستمان سێ شانۆكاری دیاری بوارهكهیه ئه‌وانیش (گرۆتۆفسكی، كانتور، شاینه) ئه‌و سێ ناوه ته‌واوكه‌ری پڕۆژه ئهزموونكاریهكانی (ئاڕتۆ، گۆردن گریك، پیته‌ر بروك) ه، هه‌رچه‌ند به‌ته‌نیا ئه‌و سێ ناوه نین شانۆی ئه‌زموونگه‌ری پۆڵۆندی پێك دێنن، به‌ڵام ئه‌وانه كۆڵه‌گه‌یه‌كی پته‌ون و توانیویانه كاریگه‌ریه‌كه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌و شانۆیه له‌سنوری شانۆی پۆڵۆندی نه‌هێلنه‌وه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ بوونه به ناوه دره‌وشاوه‌كانی شانۆی جیهانی.
ئه‌گه‌ر وانه‌بێت و ته‌نیا مه‌به‌ستمان هه‌وڵه‌كانی ئه‌و شانۆیه بێت، ئه‌وا ناكرێ ڕۆڵی داهێنه‌رانه‌ی تۆماشێفسكی له‌باره‌ی شانۆی بانتۆمایمی پۆڵۆندی له‌یاد بكه‌ین كه توانیویه‌تی زمانێكی كه‌شف نه‌كراو له جه‌سته بێنێته بوون، به‌وه‌ی مانای نوێی به جه‌سته به‌خشیووه، بۆیه تۆماشێفسكی به‌شێك له نه‌خشه‌ی ئه‌زموونگه‌ری شانۆی پۆڵه‌ندی پێك دێنێت، به‌ڵام كاتێ نابێته بابه‌تی سه‌ره‌كی ئێمه، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه قسه‌كردنه له ئاستی تیۆری نمایشه‌كان، كه ئه‌و سێ شانۆكارهیتر له ئاستی تیۆریشه‌وه گۆڕان ده‌خوڵقێنن، به‌تایبه‌ت گرۆتۆفسكی كه ناتوانین وه‌ك داهێنه‌رێكی شانۆیی ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان ئاماژه‌ی بۆ نه‌كه‌ین، ئه‌و شانۆكارێكه ئاماده‌ی وه‌ستان نه‌بوو، بۆیه نایه‌وێ شانۆ و شانۆگه‌ریه‌كانی له شوێنێكدا چه‌ق ببه‌ستن، ئه‌وه‌ش هۆیه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌دا به گرۆتۆفسكی دژی گرۆتۆفسكی ناوی به‌رین.
گرۆتۆفسكی دژی گرۆتۆفسكی
خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی به‌ته‌نیا هاتنه ده‌نگی میتۆدێك نیه، به‌ڵكو خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مك و پرسیاركردنه له‌ناو واتا و ماناكانی نێو میتۆد، ئێمه هه‌میشه وا ڕاهاتووین له ئاستی میتۆدی بیریاره شانۆییه‌كان ستایشكاربین، ئه‌وه ستایشه نایه‌ڵێت ئه‌زموونكار بین، چونكه توانای خوێندنه‌وه تیایدا سنوری زمان تێناپه‌ڕێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه سڕینه‌وه نیه، هێنده‌ی ئیشكردنهوهیهكی نوێیه، پرسیار كردنه‌وه‌یه له‌ناو میتۆد، ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی گومانكاریه له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای نهێنیه‌كی ئاشكرا نه‌كراو، پرۆسه‌یه‌كه به‌دوای خوڵقاندنی جیاوازی تێگه‌یشتن ده‌گه‌ڕێت، جیاوازی تێگه‌یشتن له گرۆتۆفسكی نه‌ك وه‌ك میتۆدێكی جێگیر و وه‌ستاو كه مه‌به‌ستی ئه‌و نه‌بووه، به‌هۆی گه‌ڕانی ئه‌زموونكاری به‌رده‌وامی، به‌ڵكو گرۆتۆفسكی بۆخۆی دژی ئه‌و گرۆتۆفسكیه وه‌ستاوه، ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی كه‌شف كردنی پهیوهندیهكانیهتی له شانۆدا، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان (شانۆ و كو‌لتور) و (شانۆ و فه‌لسه‌فه) و (شانۆ و بینه‌ر) ئه‌گه‌رچی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه پێویستیان به گفتوگۆی قووڵ هه‌یه، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی ئهزموونكاریهتی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه بۆ ئه‌كته‌ر، به‌واتای ئه‌و كاتێ به‌ره‌و جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، مانای وایه ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیه‌كان جه‌سته به‌رهه‌می بێنێت، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بوو بۆ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری، كه جه‌سته زمانی شانۆ بێت، چونكه توانای له‌دایكبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی هه‌بوو، ئه‌و پرۆسه‌یه په‌یوه‌ندی نێوان شانۆ و فه‌لسه‌فه‌ی له شانۆ گۆڕی بۆ شانۆی فه‌لسه‌فی، چونكه ئه‌گه‌ر شانۆ تاساته‌وه‌ختی ئیشكردنی ئارتۆ گوزارشت كردن بووبێت له فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ، كه له ڕاستیدا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ده‌بی شانۆ بووه، ئارتۆ ئه‌ده‌بی تیا گۆڕی بۆ شانۆ خۆی، ئه‌وه‌ش ڕێگایه‌كی درێژی له‌كۆڵ گرۆتۆفسكی كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شانۆ له‌ڕێگه‌ی زمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه، دوور له گریمانه‌ی نووسراوی نووسه‌ر و پێكهاته شێوه‌كاریه‌كان، شانۆی له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه برده نێو فه‌لسه‌فه، به‌وه‌ش شانۆكه‌ی بوو به شانۆیه‌كی فه‌لسه‌فی، ئه‌وه بانگه‌شه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و ڕواڵهتخوازانه نیه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی ئیشكردنی بوو، له‌نێو چه‌ندین زانستی وه‌كو (ئه‌نترۆپۆلۆژیای كولتوری، سیمیۆلۆژیا، سایكۆلۆژیا، فۆنۆلۆژی) به‌ڵام به‌هۆی فراوانی ئه‌و زانستانه له ئیشكردنی شانۆیی ناتوانین له‌نێو ڕه‌هه‌ندێكی ده‌ست نیشان كرا‌و ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌ك هه‌ر بۆ ئهزموونكارێكیتر، به‌ڵكو بۆ خودی گرۆتۆفسكی خۆشی، چونكه هه‌ریه‌ك له‌و زانستانه به‌مه‌به‌ستی نمایش كردنیان نه‌بوو له‌ناو شانۆ، هێنده‌ی بنیاتنانی زانستی شانۆ بوو، زانستی شانۆ به‌دوای شانۆیه‌كی فه‌لسه‌فی هاته بوون، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه كێشه‌یه‌كی دیاله‌كتیكی ئه‌زموونگه‌ریه له‌باره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌وه.
ئه‌زموونی گرۆتۆفسكی پرۆسه‌ی دژه شانۆیه، به‌واتای ئه‌زموونگه‌ری به‌لایه‌وه دژایه‌تی كردنی ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه باس له تازه‌گه‌ری ده‌كه‌ن، چونكه تازه‌گه‌ریه‌كی ته‌كنه‌لۆژیه، وه‌ك چۆن ئه‌ده‌ب و ته‌كنه‌لۆژیا ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بن و شوناسی تازه‌گه‌ر به‌و شانۆیه ده‌به‌خشن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر شوناسی تازه‌گه‌ری بووبێت له شانۆدا، كه برێخت و بسكاتور زیاتر به‌رهه‌م هێنه‌ری بوون، ئه‌وه گرۆتۆفسكی له‌ڕێگه‌ی تواناكانی ئه‌كته‌ر كۆتایی به پرۆژه‌ی تازه‌گه‌ری هێنا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی تر بوو بۆ شانۆی پاش تازه‌گه‌ری، به‌دوای ئه‌وه‌ی ئارتۆ بنه‌مای تیۆریی بۆ ئه‌و شانۆیه هێنایه كایه‌وه، گرۆتۆفسكی بانگه‌شه‌ی بۆ هاتنه دی ئه‌و قۆناغه نوێیه كرد، ئه‌وه‌شی له‌ڕێگه‌ی ووته‌یه‌كی گرنگی ده‌رخست كاتێ ووتی "ئێمه له سه‌ده‌ی میتا شانۆدا ده‌ژین"(1) ئه‌وه‌ش كۆتایی هاتن بوو به كۆتایی هاتنی ئه‌و تازه‌گه‌ریه‌ی كه له‌سه‌ده‌ی خۆی له‌نێو گۆڕان و ئه‌زموونه‌كانی گه‌یشته چله پۆپه و ئیدی شانۆ پێویستی به سه‌ده‌ی میتا بوونی خۆی هه‌یه، ئه‌و سه‌ده نوێیه‌ش تێگه‌یشتن له‌شانۆ بنه‌ماكانی خۆی له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه بنیات ده‌نێت، جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر تاكه سه‌رچاوه‌یه‌كه، هه‌ر ئه‌ویش زاراوه‌ی جه‌سته‌ی قه‌دیسی به ئه‌كته‌ر به‌خشی، به‌كارهێنانی زاراوه‌ی قه‌دیس بۆ ئه‌كته‌ر په‌یوه‌ندی به تێگه‌یشتنێكی ئاینیه‌وه نیه، هێنده‌ی تێگه‌یشتنێكی كولتوریه، به‌وه‌ی ئه‌كته‌ر پیرۆزترین توخمه له نمایشی شانۆییدا، به‌واتای گرۆتۆفسكی مه‌به‌ستیه‌تی هه‌موو پیرۆزیه‌ك به شانۆ ببه‌خشێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ناو له ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌نێت (شانۆی هه‌ژار) كه‌چی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه كه ئه‌وانه ببنه یاسای كۆنكرێتی، به‌ڵكو بنه‌مای تیۆری ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی، بۆیه بڕوای وایه ئه‌وه‌ی ڕێسایه‌كی پیرۆز له شانۆ درووست ده‌كات ئه‌وه نه‌بوونی ڕێسایه، ئه‌وه‌ش وای كردووه، گرۆتۆفسكی نه‌یه‌وێ ببێ به گرۆتۆفسكیزم، به‌ڵكو ئه‌زموونگه‌ری له شانۆدا ناوی (گرۆتۆفسكی دژی گرۆتۆفسكی) پێ ببه‌خشێت.
ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا پێویستی به خوڵقاندنی ئه‌و پرۆسه‌ی میتا شانۆیه هه‌بوو، چ له‌ڕووی گۆڕینی چێژی شانۆیی یاخود تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به داهێنان و تازه‌گه‌ری ناو ده‌بران، به‌تایبه‌ت كه تازه‌گه‌ری خۆر ئاوایی له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه ته‌نیا جه‌نگ و كوشتاری به‌رهه‌م نه‌هێنا بوو، به‌ڵكو ده‌یویست هونه‌ر و هه‌موو جوانیه مرۆییه‌كان له مرۆڤ بسه‌نێته‌وه و بیداته‌وه به ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌روه‌ك چۆن تازه‌گه‌ری ته‌كنه‌لۆژیای بۆ شانۆ هێنا، به‌ڵام له‌و ڕێگه‌یه‌وه تواناكانی له شانۆ سه‌نده‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نمایشی شانۆیی له‌وه ده‌رده‌چوو كه جه‌سته‌ی مرۆیی به‌رهه‌م هێنه‌ری بێت، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌كنه‌لۆژیا بوو پێكهاته و ته‌نانه‌ت ئیستاتیكاشی تیا به‌رهه‌م دێنا، ئه‌و بوو به‌شداریه‌كی چالاكی ده‌كرد ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی سینۆگرافیای شانۆیش دیسان ته‌كنه‌لۆژیا زیاتر خۆی پته‌و كرد تیایدا.
ده‌ركردنی ته‌كنه‌لۆژیا له شانۆدا.. ده‌سپێكی ئه‌زموونی جیاواز بوو، ئه‌زموونێك پێویستی به‌وه بوو زمان و ئیستاتیكا و پانتایی و داڕشتنه‌وه و خوڵقاندن به ئاقاری هاودژ ببات، گرۆتۆفسكی توانی له‌ڕێگه‌ی ته‌كنیكی جه‌سته‌وه میتۆدێك بۆ نواندن دابنێت، كه ته‌كنه‌لۆژیای پێبكاته ده‌ره‌وه، ئه‌و دهركردنهش ساته وه‌ختێكی هه‌ڵچوون و پاڵنه‌ری سۆز نه‌بوو بۆ شانۆ، هێنده‌ی مه‌عریفه‌ی شانۆیی بۆی به‌رهه‌م ده‌هێنا، چونكه ئه‌و ده‌سبه‌رداری هه‌موو ئه‌و پێكهاته شانۆییانه ده‌بۆوه كه ته‌كنه‌لۆژیا بنیاتی ده‌نا، بۆیه دژی ئه‌و ئیستاتیكایهش كاری ده‌كرد كه ته‌كنه‌لۆژیا دروستی كردبوو، ئه‌و هات له‌ڕێگه‌ی میتۆدێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌كته‌ر، ئه‌كته‌ری كرد به‌و كائینه شانۆییه‌ی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌گه‌ریه‌وه نه‌بێت، ته‌نانه‌ت چه‌مكی ده‌رهێنه‌ریش له‌ناو ئه‌و میتۆده سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌گۆڕا. ئه‌وه‌ش شانۆی په‌یوه‌ست ده‌كرد به پرۆسه‌یه‌كی رۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه، كه ببێت به هونه‌رێك خاوه‌نی زمان و شوناسی تایبه‌تی خۆی بێت، هیچ هونه‌رێك نه‌توانێ هه‌ڕه‌شه بێت بۆسه‌ر بوونی، به‌ڵكو ئه‌وه شانۆبێت ببێت به هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر هونه‌ره‌كانیتر، ئه‌وه‌ش چه‌مكی نوێی ڕه‌خنه‌یی تایبه‌ت به‌خۆی هێنایه بوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و چه‌مكانه له‌بنه‌ماوه چه‌مكی نوێ نه‌بووبن، به‌تایبه‌ت له ڕووی ڕه‌خنه یاخود زانسته مرۆییه‌كانه‌وه، به‌ڵام به‌كارهێنانی لای گرۆتۆفسكی خاڵی كردنه‌وه بوو له‌هه‌ندێك ڕوودا یاخود بارگاوی كردنه‌وه‌یان بوو به مانا و ده‌لاله‌تی شانۆیی وه‌ك له چه‌مكی (مردنی نووسه‌ر) كه به‌هیچ جۆرێك له‌مانا بونیادگهریهكهیهوه سه‌یری نه ده‌كرد، بۆیه ئه‌و چه‌مكه بریتی نه‌بوو له گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی نووسین بۆ نووسه‌ر هێنده‌ی پێدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوو به خوێنه‌ر، به‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه‌ی مانا بێته‌وه له‌ناو ده‌ق نه‌ك نووسه‌ر ببێته‌وه به تاكه سه‌رچاوه‌ی ده‌ق، كه‌چی لای گرۆتۆفسكی ماناكان ئه‌و چه‌مكه ده‌گۆڕێته سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ی كه نووسه‌ر وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی به‌شداربوو به‌شداری له‌شانۆ ده‌كات، نه‌ك فكری ئه‌و سه‌رچاوه‌ی شانۆكه بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ق به‌دوای ئاماده‌بوونی له‌ناو پرۆسه‌ی نمایش نووسه‌ر تیایدا به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چێت، هه‌ریه‌ك له ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر سه‌رله‌نوێ به‌شداری له نووسینه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌كات، ئه‌وه‌ش كۆتایی هێنانه به‌هه‌ر شتێك كه ناوی پیرۆزی لێنراوه كه به پیرۆزی ده‌ق ناوبراوه، چونكه هیچ شتێك له‌و ڕوانگه‌یه‌وه پیرۆز نیه، ئه‌وه ده‌رهێنه‌ره چ دێر و ڕسته و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك دێنێته‌وه یاخود ده‌یسڕێته‌وه، چونكه نووسه‌ر وه‌ك هه‌ر پێكهاتهیهكیتری شانۆ له‌پێناو یه‌كه‌ی نمایش كار ده‌كات. لێره‌وه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق و ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر ناو ده‌برێت، كۆتایی دێت، ئه‌وه مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتی نووسینه، ئه‌و مه‌رگه نووسه‌ر و ده‌ق به‌یه‌كه‌وه ده‌كوژێت، له پێناو ده‌سه‌ڵاتی نمایش، ده‌سه‌ڵاتێك شانۆ له ئه‌ده‌ب ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یداته‌وه به شانۆ خۆی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌رهێنه‌ر بنیاتی ده‌نێت، به‌ڵام نه‌ك بۆ به‌رز ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنان، بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنی نووسه‌ر ده‌رهێنه‌ر دابنێت، به‌ڵكو تاكه ده‌سه‌ڵات له شانۆدا ده‌بێت به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كته‌ر، ئه‌كته‌ر ئه‌و قه‌دیسه شانۆ بنیات ده‌نێت و هه‌ر ئه‌ویشه ده‌بێته‌وه تاكه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كاركردن، چونكه په‌یوه‌سته به خوڵقاندن و بنیاتنانه‌وه، ئه‌وه‌ش بنه‌ما و سه‌ره‌تا بوو بۆ میتۆد و قوتابخانه‌یه‌كی نواندنی جیاواز، كه هه‌موو گروپه ئه‌زموونگه‌ریه‌كان بتوانن بیكه‌نه زه‌مینه بۆ كاركردن له‌ته‌ك پرۆسه‌ی چۆنیه‌تی ئاماده كردنی ئه‌كته‌ر له‌پانتاییدا.
كانتور: شانۆی ئاینده
پڕۆژه‌ی ئه‌زموونكاری كانتور له‌ژێرناوی شانۆی ئاینده دامه‌زرا، كه دواجار ئه‌و شانۆیه به شانۆی مه‌رگ ناسرا، به‌هۆی ئیشكردنی فراوانی له‌سه‌ر چه‌مكی مه‌رگ.
ئه‌م شانۆیه متمانه ناكاته سه‌ر ئه‌كته‌ری پڕۆفیشینال، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی له كاری نواندن ده‌رده‌كه‌ون بریتین له په‌یكه‌رساز و وێنه‌گر و مرۆڤی ئاسایی، ئه‌وان به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له هونه‌ری نواندن نیه، ئه‌وه وای كردووه ئازادانه ڕه‌فتار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئازادی كاركردنه به‌ره‌نجامی پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كیانه نیه، هێنده‌ی پلان و هێلكاری كانتور به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن، لهبهرنجامی جوله كردنه‌كانیشیان سه‌رله‌نوێ پێكهاته وێنهییهكانی داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و پێكهاتانه‌ش په‌یوه‌ندی به جوله به‌دوا یه‌كه‌كانی ئهكتهرهوهیه، كه كه‌سێتی خۆی له جوله‌كردن ناخاته ڕوو، هێنده‌ی ئه‌و وێنه‌ی له‌سه‌ر شانۆ بونیادی وێنه پێك دێنێت، ئه‌و ده‌بێته هۆی له‌دایكبوونی ماناكانی وێنه، ئه‌وه‌ش بۆ كانتور ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییه كه مرۆڤ سه‌رچاوه‌ی داهێنانه، ئه‌و مه‌ودایه‌ی له شانۆدا ده‌كه‌وێته نێوان ئه‌كته‌ر و بینه‌ر به‌ته‌واوی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، به‌واتای شوێنێكی تایبه‌ت ناكات به ته‌خته‌ی شانۆ، وه‌ك چۆن شوێنی بینه‌ر جیا ناكاته‌وه له ته‌خته‌ی شانۆ، ئه‌وه‌ش ڕزگار كردنی بینه‌ره له وههم، له‌و باره‌یه‌وه پێی وایه ئه‌و شانۆیه‌ی شوێنی ئه‌كته‌ر و بینه‌ر له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه، شانۆیه‌كه بینه‌ر وه‌ك وههم سه‌یر ده‌كات، كاتێ بینه‌ر وههم بوو مانای وایه توانای به‌شداری كردنی نیه له شانۆدا، هێنده‌ی بینه‌رێكی ئاساییه كه سه‌یری هه‌ر چالاكیه‌ك ده‌كات، چونكه له‌و كاته‌دا هه‌ست ناكات بینه‌ر بۆ شانۆ هاتووه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته‌ی بڵێت "هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م، له‌سه‌ر كورسیه‌كی نایابی ناو هۆڵ دابنیشم"(2) ئه‌وه‌ش ناڕهزایهتیهكی ڕاسته‌وخۆیه به‌دژی ئه‌و بیناسازه باوه‌ی شانۆ، كه بیناسازیه‌كه له‌سه‌ر كوشتنی بینه‌ر بنیاتنراوه، بۆیه ئه‌و بینه‌ره هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه فێڵی لێكراوه، كاتێ كانتور شانۆ له‌و دابڕانه ڕزگار ده‌كات، په‌یوه‌ندی نوێ له‌ڕووی پانتایی بنیات ده‌نێت، بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش ناچێته‌وه سه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كان، هێنده‌ی له‌ناو ژیان و حه‌قیقه‌ت پانتایی شانۆ داده‌مه‌زرێنێته‌وه.
دامهزراندنهوهش په‌یوه‌ست نیه به میكانیزمه‌كانی شانۆی سوونه‌تی، به‌ڵكو ئه‌وانی وه‌ك پێكهاتی سه‌ره‌كی شانۆ سه‌یر ده‌كرێن لای ئه‌و فه‌رامۆش ده‌كرێت، دیكۆر هیچ ڕۆڵێكی نیه، ته‌نانه‌ت سینۆگرافیا كه له‌زۆر ئه‌زموونی شانۆیی بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه، كانتور ئه‌ویش به پێویستیه‌كی شانۆكه‌ی نازانێت.
یۆزیف شاینه: شانۆی دیدگا
ئه‌و كاتانه‌ی ووشه ته‌واو ده‌بێت شانۆ ده‌ست پێده‌كات، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه شاینه ده‌یڕوانیه ئه‌زموونگه‌ری له شانۆدا، به‌واتای ئه‌زموونی شانۆیی ئه‌و به‌دوای كۆتایی هاتنی ووشه ده‌ستی پێده‌كرد، ئه‌گه‌رچی به‌یه‌كجاری ووشه‌ی فه‌رامۆش نه‌كرد، به‌ڵام سووربوو له‌سه‌ر دیدگای شێوه‌كاری، چونكه ئه‌و وه‌ك كانتور نه‌بوو، سینۆگرافیا به‌پێویست نه‌زانێ، به‌ڵكو وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌زموونه‌كه‌ی ته‌ماشای ده‌كرد، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ده‌یویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه داڕشتنهوهیهكیتر بۆ پانتایی بكات، ئه‌وه‌ته "خێزانێكی كۆن له شانۆگه‌ری (جه‌نابی موفه‌تیش) ده‌گوازێته‌وه بۆ خانووی نیشته جێبوونی كه‌سایه‌تیه‌كی گرنگی شارێك، له‌بڕی كورسی گرانبه‌ها قاپی ئاوده‌ستی كۆن به‌كار دێنێت، شته‌كانی تریش به‌و شێوه‌یه تا بگات به ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ پانتایی شانۆ"(3) ئه‌و ڕێكخستنه‌وه‌یه‌ش له‌ڕێگه‌ی ماتریالی جیاوازه‌وه بووه له‌جۆری مانیكان و بووكه شووشه‌ی مه‌زن و نامۆ به قه‌باره‌ی نائاسایی، ئه‌وه‌ش دیدگای فه‌لسه‌فی وێنه‌ی شێوه‌كاریه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شانۆكارانی عه‌ره‌ب پێی ده‌ڵێن (شانۆی وێنه)، به‌ڵام شاینه بانگه‌شه بۆ هیچ ئه‌زموونێكی جیاواز ناكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و بیه‌وێ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری پێشنیار بكات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام شانۆی ئه‌زموونگه‌ری پۆڵه‌ندی به گرۆتۆفسكی و كانتوریشهوه نه‌خوازراوه له شانۆی ئاڕتۆ (4)جیا بێته‌وه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئاڕتۆ ده‌بێته بنه‌مایه‌كی تیۆریی پته‌و بۆ دامه‌زراندنی پڕۆژه ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری، هه‌ر بۆیه لای شاینه به‌تایبه‌ت له ئه‌زموونی (دانتی) كه له (كۆمیدیای یه‌زدانی)دانتیهوه وه‌ریگرتووه، بانتۆمایم و زمانی بینین ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینن له گوزارشته شانۆییه‌كانی بۆ به‌ستنه‌وه‌ی شیعری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ژیانی هاوچه‌رخدا، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی دیدگای وێنه‌ییه‌وه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه شانۆكه‌ی "شانۆی توند‌و تیژیه جیهان ده‌گوازێته‌وه بۆ دۆزه‌خ.. ئه‌وه مێژووی نهخشكراوی ئازار‌و شادیه‌كانی، ئیراده‌یه بۆ خوڵقاندنی به‌نرخترین ماتریال وئه‌ویش وێرانكردن له‌هه‌مان كاتدا.. ئه‌وه بابه‌تێكی نه‌مره، له‌هه‌مان كاتدا ناكۆكیشه، چونكه بابه‌تی ژیان و مردنه"(5) به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێوازی ڕاهێنانی ئه‌كته‌ر و پڕۆژه‌ی پشكنین پڕۆژه‌یه‌كی جیاوازه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نایه‌وێ میتۆدێك له كاركردن بسه‌پێنێ، به‌ڵكو ئه‌و فۆڕمه‌ی ئه‌زموونه‌كه له‌خۆی ده‌گرێت ئه‌و ده‌بێته‌وه میتۆدی كاركردنه‌كه، ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌مووانه "هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان ده‌رهێنه‌ری خۆیان بوون، ئه‌كته‌ر له‌سه‌ری بوو شتێكی نوێ دابهێنێت كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئینتیما نه‌كات بۆ نه‌ریت و شێوازه شانۆییه‌كان، ئه‌وه به ته‌واوی بۆ بیرۆكه‌ی نمایشه شانۆییه‌كه له هزریدا دووری بخاته‌وه، له‌و قۆناغه‌دا كه به‌ته‌نیا كارمان ده‌كرد له ئاماده نه‌بوونی بینه‌ر ئه‌كته‌ره‌كان وا ڕه‌فتاریان ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆیان بن"(6) شاینه ئاوا دوای نمایشی (ربلیكا) باس له‌و ئه‌زموونه ده‌كات، چونكه ئه‌و شێوه كاركردنه بۆی بۆته هۆی له دایكبوونی شانۆ، ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌یه‌كی نائاماده كراوی كاركردنه، به‌ره‌نجامی خوڵقاندنه له‌ده‌ره‌وه‌ی میتۆده ئاماده كراوه‌كان، به‌ڵكو ئه‌زموونه‌كه ده‌یهێنێته بوون.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان
(1) غروتوفسكی واشكالیه صهر المسرحی باللا المسرحی/ عدنان مبارك، موقع مسرحیون
(2) مسرح الموت عند كانتور/ عبدالفتاح قلعهجی، موقع مسرحیون
(3) المخرج البولندی جوزیف شاینا والجحیم النازی/ أ.أ.جروجیتسكی، ترجمه (د. فاچل سودانی) موقع (ایلاف) 21 سبتمبر 2008
(4) سه‌باره‌ت به دیدگای فه‌لسه‌فی و شێوه‌كاریی له شانۆی ئاڕتۆ بڕوانه: ئاڕتۆ فه‌یله‌سووفی شانۆ/ نیهاد جامی، شانۆكار ژماره (3) ی 2008
(5) المخرج جوزیف شاینا/ أ.جروجیتسكی، ترجمه (د. فاچل سودانی) موقع ایلاف 29/سبتمبر/ 2008
(6) التفسیر و التفكیك والایدیولوجیه/ بیتر بروك-تیری ایجلتون واخرون، أختیار و ترجمه (نهاد صلیحه) الهیئه المصریه العامه لكتاب (قاهره) 2000/ ص 324