تاڵەبانى لەبەغداد دواى ئازادکردنى بەرپرسەکانى بەعس دەکات و لەکوردستانیش ئازادیخوازەکان دەداتە دادگا!
کەمال ڕەئوف….
زۆرجار هەڵوێستە سیاسیەکانى تاڵەبانى بەچەند بارو لادا لێکدراونەتەوەو خوێندنەوەى جیاوازیان لەسەر کراوە، لەمێژووى سیاسى ئەودا زۆرجار هەبووە هەڵوێستێکى بووەتە هۆى دوولەتبوونى جەماوەرو لایەک زۆر بەباش و گونجاو لایەکیش زۆر بەخراپ و نالەباریان داوەتە قەڵەم، بەڵام بەگشتى خەڵکى کوردستان لایان وایە هەمیشە تاڵەبانى زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ئەوى دى و بڕیارى خێرا دەدات، یان بە پێچەوانەوە زۆر جار بەخێرایى لەبریارێکى خۆى پەژیوان دەبێتەوە، ئەکرێت ئەم تایبەتمەندیە دیسانەوە بەدووبارى دژ بەیک بیخوێنرێتەوە،لایەکیان ئەوەبێت کە ئەو بەکەسایەتیەکى ئینکار نەناسرێ و ئامادەبێت گوێى لەقسەى ئەوى دى بگرێت و لاى ئاسایى بێت کەلەهەڵەى خۆى پەشیمان ببێتەوە، بەلایەکى تریشدا ئەکرێ ئەمە والێک بدرێتەوە کە ئەو کەسایەتیەکى مەزاجی و ڕاڕابێت ونەتوانێت تاسەر لەسەر هەڵوێستى خۆى بمێنێتەوە.
هەندێک لەو کەسایەتیانەى کەتاڕادەیەک لە تاڵەبانیەوە نزیکن و پێکەوە کاری سیاسیان کردوە، ئەوەیان سەلماندوە کە تاڵەبانى زۆر زوو تورە دەبێت و لەتورەبووندا بەشى ئاشتى تیا ناهێلێتەوە،وە بەپێچەوانەشەوە دەڵێن لە ئاشتیشدا هێندە نەرم و میهرەبانە کە چیتر بەشى هاتنە دواوەو گەرانەوە ناهێلێتەوە. لەبەر ڕۆشنایى ئەم چەند سەرنجە کورتە ئەکرێت بڕوانینە دواین هەڵوێستى تاڵەبانى لەمەڕ بەدادگایى کردنى ڕۆژنامەى هاوڵاتى و لەسەر داواکردن بۆ ئازادکردنى سوڵتان هاشمى کۆنە وەزیرى بەرگرى حکومەتى بەعس، لەم هەڵوێستانەى تاڵەبانیدا بەئاشکرا دەر دەکەوێت کە ئەو لەلایەک وەک هەر هاوڵاتیەکى تر بۆ بەدەستهێنانى مافى خۆى هانا بۆ دادگا دەبات، لەلایەکى تریشەوە وەک سەرۆک کۆمار هەوڵ دەدات کەسێک کەمافى خەڵکى لەسەرە لەدەست بریارى دادگا قوتارى بکات.
هاوڵاتى بەهەموو کەموکورتیەکانیەوە هەرچەندە لەکوردستاندا لەبوارى ڕۆژنامەى ئەهلى و ئازادا هەنگاوێکى گەورەى ناوەو وەک دەستکەوتێک لەبوارى ڕۆژنامەى ئازادا لەلاى دۆست و دوژمنەوە حسابى لەسەر دەکرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چونکە کەوتۆتە خانەى توڕەبونەوە دەدرێتە دادگا و تاڵەبانى دەخوازێت سزاى"زماندرێژیەکەى لێوەربگرێتەوە" سوڵتانیش چونکە لاباش و دۆستایەتیەکەى بەرکەوتوە، سەربارى هەر کارەسات و نەهامەتیەک کە بەدەستى ئەو بەسەر خەڵکى عێراق و کوردستاندا هاتووە بەڵام مادام ئێستا لەخانەى ئاشتی و دۆستایەتی تاڵەبانیدا جێگەى بووەتەوە، ئەوا دەخوازێت لەدەستى دادگا قوتارى بکات و لەبەرانبەر تاوان ودەستدرێژیەکانیدا ئازادى و سەربەستى بۆدەستەبەر بکات! دیسانەوە ئەکرێ بڵێن: لەم هەڵوێستەشدا تاڵەبانى توانى جەماوەر دوولەت بکات، بەڵام چۆن دوولەت بونێک؟ لایەکى کەم کەتەنانەت زۆرێک لە ئەندامانى حزبەکەى خۆشى لەگەڵیدا نییە، ڕەنگە ئەم هەڵوێستە وابخوێننەوە کە تاڵەبانى بۆ بەرگرتن لە زماندرێژى ڕۆژنامە ئەهلیەکان ڕێگایەکى شارستانیانەى گرتوەتە بەرو دواى یاسایى لەسەر ڕۆژنامەى هاوڵاتى تۆرکردوەو ئەمەش دەستپێشخەریەکى بێ وێنەیە کە سەرۆک کۆمارێک لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نفوس و تواناى خۆى بەکار نەبات لەبەرانبەر دیاردەیەکدا کەبۆئەوجێگەى مورتاحى و ئاسودەیى نییە! هەروەها لەبارەى داکۆکى کردن لەسوڵتانیش دەکرێ وابڵێن کە ئەو کەسایەتیەکى بەخشندەیەو بڕواى بەتۆڵە سەندنەوە لەدژمن نیەو دەخوازێت ئاشتى لەڕێگەى ئەم شێوازەوە بەدەست بهێنێت وسەرنجى نەیارەکان بەم هەڵوێستە بۆلاى خۆى ڕاکێشێت! لاکەى ترى جەماوەریش کە زۆرینەى جەماوەرن، ئەشى لایان وابێ کە تاڵەبانى بەم هەڵوێستەى نیشانى دایەوە کە چیتر ناتوانێت بەرگەى ئەو ڕەخنەو داواکاریانە بگرێت کە لەڕێگەى ڕۆژنامە ئەهلى و ئازادەکانەوە بەرەو ڕووى خۆیى و پارتەکەى دەکرێتەوە و دەیەوێت هاوڵاتى بکاتە پەند بۆ ئەوانى تریش تاکو چیتر نەتوانن لەوە زیاتر خەتى سور ببەزێنن، بۆیە لەباتى ئەوەى کە وەک جاران خۆى دەى گوت قسە بەقسە وەڵام دەدرێتەوە ئێستا دەیەوێت، لەڕێگەى دادگایەکەوە کارەکەى بەئەنجام بگەیەنێت کەلاى هەموو کەس ئاشکرایە لەئێستاو ئاوا حاڵێکدا ناتوانێت لێپێچینەوە لەسەر گەندەڵى لەگەڵ هیچ بەرپرسێکى گەورەى حکومى و حزبى بکات، دادگایەک لەئاواحاڵێکدا کەناکرێت گومان لەوە نەکرێت کەبێ لایەنى خۆیان لە دادگاییەکى ئاوادا بپارێزن، ڕۆژنامەیەکى وەک هاوڵاتى بخاتە بەر رەحمەتى بڕیارەکانى و بەسزاى بگەیەنێ و بیکاتە کەفشى فیداى ئەو ناڕەزایەتیەى کەئێستا لەبەرانبەر گەندەڵى و بێ لیاقەتى ئیدارەى کوردیدا هەیە، لەم هەڵوێستەش ئەو ئەنجامە تاڵ وسوێرەى لێدەکەوێتەوە کە تاڵەبانى بەم هەڵوێستەى هەموو مێژووى خۆى لەسەر ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەگەرىلاىزۆرینەى خەڵک بخاتە ژێر پرسیارەوە. سەبارەت بە داکۆکى کردن لەسوڵتانیش لەکاتێکدا کە دادگاى تاوانەکانى عێراق سزایان بەسەردا سەپاندوەو وەک تاوانبارێک ناساندویانە، دیسانەوە بەو هەڵوێستە لەبەرانبەر تاوانبارێکى وەک سوڵتاندا نەک هەر لە کوردستاندا بگرە لاى زۆربەى خەڵکى ئێراقیش واڵێک بدرێتەوە کە تاڵەبانى بەم هەڵوێستەى هەموو مێژووى خەباتى خۆى لەدژى دیکتاتۆریەت و داکۆکى کردن لەخەڵک بخاتەژێر پرسیارەوە.