ڕۆژی فیدراڵی*……هه‌ژێن
ڕۆژی فیدراڵی*
هه‌ژێن
کاتێك، که به ئاگا هات، له‌ناو عاره‌قه‌دا شه‌ڵاڵ و وڕ بوو بوو، که‌مێك دانیشت، ده‌توت مێشکی له‌کار که‌وتووه. ده‌ستێکی به ڕوومه‌تیدا هێنا و وای زانی پیته‌کانی په‌رتووکه‌که له‌سه‌ر ڕوومه‌تی ده‌رچوون، پڕی دایه په‌رتووکه‌که، بینی که به عاره‌قه‌ی ده‌موچاوی و لاملی خوساوه. یه‌خه‌ی تیشێرته‌که‌ی به‌رزکرده‌وه و فوویه‌کی به سنگ و زکیدا کرد، به‌ڵام دادی نه‌دا. هێشتا خه‌واڵوو بوو، هه‌ستایه‌وه سه‌رپێ و به‌ره‌و گه‌رماوه‌که چوو، چه‌ند مشت ئاوی به ده‌موچاویدا کرد، له‌به‌ر خۆیه‌وه “به‌بێ ئاو و پانکه، ئه‌مه که‌ی ژیانه .. ”.
ئه‌وجار هاته ده‌ره‌وه و به‌لای راستدا خۆی به ئاشپه‌زخانه‌که‌دا کرد، به‌ڵکو له بالکۆنه‌که که‌مێك هه‌وا بیگرێته‌وه. هاوڕێکه‌ی له‌به‌رده‌م ته‌نوورێکی ته‌نه‌که‌دا، که ئه‌و ڕۆژانه جێگه‌ی ته‌نووری ڕاستینی گرتبووه‌وه، خه‌ریکی نان کردن بوو، ڕووی تێ کرد…
ئالان: ئه‌وه به‌دیار ئه‌و ته‌نه‌که ئاگره‌وه ناسووتێیت، ئه‌مه گه‌رمای ئه‌و دۆزه‌خه‌یه، که له‌و دیو منی له عاره‌قه‌دا خوساندووه.
سامان: خۆ هه‌ر دوو ده‌رگه‌ی بالکۆنه‌که و ده‌ره‌وه‌شم کردوونه‌ته‌وه تا هه‌وای فێنك بێت.
ئالان: چ ڕوویداوه، وا ئه‌وڕۆ چالاك بووی و وا زوو نان ده‌که‌ی؟
سامان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێواره کاره‌بامان نییه، پێم باشبوو ئێستا سه‌مونه‌که بکه‌م.ئالان له دڵی خۆیدا، “ده‌ترسم تۆش دڵه‌خورپه‌ی ڕوودانێك دایگرتبی. پێش نیوه‌ڕۆ بێ ده‌ردیسه‌ر له مشتومڕه‌که‌ی ته‌نیشت تابلۆی ڕاگه‌یاندنه‌که ده‌رچووین، نازانم ئیتر…”. به‌ده‌م بیرکردنه‌وه‌وه چووه بالکۆنه‌که و سه‌رنجی سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌که‌ی (ته‌یراوا)ی دا و هۆڕێنی ئۆتومۆبێل و ده‌نگه‌ده‌نگی بهنزینفرۆش و ئهرهبانهچییان، ده‌توت مهزاتخانهیه، شتێکی وا سه‌رنجی ڕانه‌کێشا و کشایه‌وه دواوه، ده‌توت به دوای شتێکدا وێڵه “ نازانم چی بکه‌ین، باشتره به سامان بڵێم”..
-: هاوڕێ سامان ده‌ڵێی چی ئه‌وڕۆ نه‌چین بۆ پهرتوکفرۆشتن، باشتر نییه که‌مێك بگه‌ڕێین. خۆ ئه‌وه شه‌ش مانگ ده‌بێت پیاسه‌یه‌کمان نه‌کردووه، نه سه‌ردانی هاوه‌ڵێك، نه دانیشتنێکی گڵکه‌ند.
سامان: باشه هاوڕێ، وا ده‌که‌ین.
ئالان: بهرماوهیهکی نیوه‌ڕۆ نه‌ماوه، تا به‌م نانه گه‌رمه‌وه، ببووره به‌و هه‌ویره گه‌رمه‌وه بیخۆین؟
سامان: نه‌خێر، ته‌نیا که‌مێك ئاوه ڕوونکهی په‌تاته‌که‌ی نیوه‌ڕۆ ماوه…هه‌ر دووك وه‌ك کاروانچی برسی ده‌ستیان به خواردنی تێگوشهی ئاوه په‌تاته‌که کرد. له‌پڕ، دوو چه‌کدار خۆیان به ماڵدا کرد و لووله‌ی چه‌که‌کانیان کرده سنگی ئه‌وان…
سامان: ئه‌وه چییه، ئێوه کێن و چیتان ده‌وێت؟
چه‌کداره‌کان: جووڵه نه‌که‌ن، کوان ئه‌وانیتر؟
ئالان: ئه‌وانیتر کێن، چییه ده‌ڵێی به‌عسییه‌کانن و فێر نه‌بوون له ده‌رگه بده‌ن؟
چه‌کداره‌کان: ده‌مت داخه، ده‌ست هه‌ڵبڕه!
سامان: بۆ چی بووه، کێتان ده‌وێت؟
چه‌کداره‌کان: ده‌مدرێژی مه‌که، ئاده‌ی ههویهکانتانم بده‌نێ!
ئالان: شوناسنامه‌ی چی؟ هیچ مۆڵه‌تێکی فه‌رمیتان پێیه، که هاتوون؟
چه‌کداره‌کان:جه‌نابت نامه‌ی ڕه‌سمیت ده‌وێت، هه‌ی گێره‌شێوێن؟
چه‌کداری یه‌که‌م، ڕوو له چه‌کداری دووه‌م: ئاده‌ی بگه‌ڕێ، بزانه چی‌یان لایه، ده‌مانچه، کلاشینکۆڤ یا چیتر؟چه‌کداره‌که به گه‌ڕان به‌نێو ژوورهکانداخهریك ده‌بێت. له‌م کاته‌دا ئالان به دوای چه‌کداره‌که‌دا ده‌ڕوات و سامان ده‌ستی له‌ناو هه‌ویردا له‌به‌رده‌م تونوورهکهدا ده‌مێنێته‌وه..
چه‌کداری دووه‌م ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ: هه‌ی ئه‌مانه عیزبین، سه‌یری ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ر و کتێبانه (ڕوو له ئالان) کوا چه‌ك و چاپخانهکهتان له کوێیه؟
ئالان: چه‌کی چی و چاپخانه‌ی چی؟ ئێمه ئاواره‌ی «که‌رکووك»ین و له ته‌نیشت قه‌ڵا خه‌ریکی پهرتووکفرۆشتنین.
چه‌کداره‌که: خێراکه‌ن، هه‌ویه‌کانیان بێنن!
سامان: شوناسنامه‌ی چی، شوناسنامه ناده‌ین، کوا لێپرسراوهکهتان له کوێیه، با قسه‌ی له‌ته‌کدا بکه‌ین؟
چه‌کداری یه‌که‌م، میللی چه‌که‌که‌ی ڕاده‌کێشێت: خێرا که‌ن، پێشم که‌ون!چه‌کداری دووه‌م به پاڵنان ده‌یان کاته ده‌ره‌وه و به‌ره‌و نهۆمی یه‌که‌م په‌لکێشیان ده‌که‌ن. چه‌کداری یه‌که‌م، خۆی به ماڵی گۆشه‌ی به‌رامبه‌ر قادرمه‌کاندا ده‌کات، که لێپرسراوه‌که و چه‌کدارێك خهریکنن، ده‌ی پشکنن. لێپرسراوه‌که له پێش چه‌کداره‌که‌وه دێته ده‌ر، که وه‌ك کاوبۆیهك ده‌مانچه‌ی به لاقه‌دیدا شۆڕ کردبووه‌وه، ڕوو له چه‌کداره‌کانی: ئه‌مانه کێن؟
ئالان: ئاواره‌ی که‌رکووکین.
لێپرسراو: ده‌زانم، چه‌کداری کێن؟
چه‌کداری یه‌که‌م: قوربان، ئه‌مانه…
لێپرسراو، قسه‌که‌ی پێ ده‌بڕێت: ئاه، ده‌زانم. بیان به‌نه خواره‌وه!
سامان بۆ کوێ؟
لێپرسراو: بۆ لای ئه‌وانی تر.
ئالان: ده‌توانن لێره لێکۆڵینه‌وه‌مان له ته‌کدا بکه‌ن، پێویست به شوێنی تر ناکات، ئێمه ئاواره‌ی که‌رکووکین.
لێپرسراو به چه‌کداره‌کان: ده‌رێم بیان به‌نه خواره‌وه بۆ ناو سه‌یاره‌که!
سامان: ڕێگه ناده‌ن پۆشاکی ده‌ره‌وه بپۆشین؟
لێپرسراو: بیان به‌ن تا خۆیان بگۆڕن، خێراکه‌ن ده‌ی!دوو چه‌کداره‌که، لووله‌ی چه‌که‌کانیان له پشتملی ئالان و سامان داده‌نێن و ده‌یان به‌نه‌وه نهۆمی سه‌ره‌وه…
ئالان، ده‌ست بۆ کراس و پانتۆڵه‌که‌ی ده‌بات و بیری ده‌که‌وێته‌وه، که دوو نامه‌ی نهێنی له‌ناو گیرفانی کراسهکهیدان. ڕوو له چه‌کداره‌که‌ی ڕاسه‌ری: بڕۆڕه ده‌ره‌وه، تا کراس و پانتۆڵه‌که‌م ده‌پۆشم.
چه‌کداره‌که: نابێت، خێراکه خۆت بگۆڕه!
ئالان: له‌به‌رچاوی تۆ ناتوانم، چی ده‌که‌ی بیکه.چه‌کداره‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه. ئالان، به خێرایی نامه‌کان ده‌خاته ناو جانتاکهییهوه و ده‌ست به پۆشینی پۆشاکه‌کانی ده‌کات. چه‌کداره‌که دێته‌وه ژووره..
چه‌کداره‌که: ئه‌وه ئه‌و هه‌موو کتێبه‌تان خوێندووه‌ته‌وه؟
ئالان: ئێوه نه‌تان هێشت.
چه‌کداری دووه‌م، ڕوو له چه‌کداری یه‌که‌م: خێراکه له‌ته‌ك خۆت له‌و ژووره‌وه ده‌ری که‌ره ده‌ره‌وه!
ئالان و سامان، سه‌یرێکی یه‌کتر ده‌که‌ن و ناچار ده‌چنه ده‌ره‌وه و ده‌رگه‌که داده‌خه‌ن و پێش چه‌کداره‌کان ده‌که‌ون. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ده‌رگه‌ی ده‌ره‌وه، ئالان و سامان جارێكی تر سه‌یری یه‌کتر ده‌که‌نه‌وه، به‌چاو ده‌یانه‌وێت له‌یه‌کتر بگه‌ێینن، که هه‌وڵی ڕاکردن بده‌ن، به‌ڵام که سه‌یری چه‌پ و راستی خۆیان ده‌که‌ن، هێنده قه‌ره‌باڵخه و پێشمه‌رگه سه‌ر سووچه‌کانی گرتووه، هیچ بواری ڕاکردن نییه ..
ئالان، له دڵی خۆیدا “ئێستا ئه‌و خه‌ڵکه هه‌زار و یه‌ك گومان و پرسیاری بێ وه‌ڵام به خه‌یاڵیاندا دێت؛ “دزییان کردووه؟”، “پیاوی ڕژێمن؟”، “ده‌بێت چی‌یان کردبێت؟”، به‌ڵام که‌س بیری به‌لای ئه‌وه‌دا ناچێت، که ڕه‌شبگیره و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵکی راپه‌ڕیو چاوترسێن بکه‌ن و ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتی قه‌ره‌قوشی خۆیانی بکه‌ن. گرفته‌که ئه‌وه‌یه، که له‌تاو برسییه‌تی و سه‌رقاڵی، که‌س ئاگای له کۆلانه‌که‌ی ئه‌و دیو خۆی نییه.چه‌کداره‌کان، به‌ره‌و ئه‌وبه‌ر بۆ لای ئۆتۆمهبیله سه‌ربازییه‌که «جێب قیاده»یان بردن..، ئه‌و دووباره که‌وته‌وه دوان له‌ته‌ك خۆیدا: ئای که له سه‌رده‌می به‌عسدا، چه‌نده خۆم لادا و چه‌ند جار هه‌ڵهاتم تا پێوه نه‌بم، به‌ڵام وا ئێستا پارت و لایه‌نێك، که ڕۆژگارێك لاوێتیم له ناو ڕیزه‌کانیدا به فیڕۆ دا، خۆم له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز ده‌ستگیر ده‌کات.
ناو ئۆتومهبیلهکه، دایك و کچێکی درواسێیان له‌ته‌ك پیاوێکی په‌نجا ساڵه‌ی تێدا بوو. ئالان، به لاچاوێك، سه‌یری چه‌کداره‌کان ده‌کات و له دڵی خۆیدا ” ئای که گه‌وج و ناهوشیارن، له‌وانه‌یه پێتان وابێت، که داستانتان تۆمارکردووه، ئه‌مه بوو ئازادییهکهتان، ئه‌مه بوو سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییتان؟
دوای تێپه‌ڕکردنی چه‌ند کۆڵان و شه‌قامێك، ئۆتومهبیلهکه گه‌یشته به‌رده‌م (مکافحه‌ی مهنتکاوا). به لێدان و جنێو ده‌سته ده‌سته، پیاو و ژن و منداڵیان ده‌کرده ژووره‌وه، پاش پشکنین، له هۆڵێکی گه‌وره‌یان کردن، که نزیکه‌ی 100 که‌سیان تێ پهستاندبوو. باری ڕوخساری هه‌ر که‌سێکیان، به‌سه‌رهاتێکی پڕ ده‌رد و ڕه‌نجی ده‌گێڕایه‌وه، مرۆڤ ده‌یتوانی ڕاده‌ی وره‌ی هه‌ر که‌سێکیان بخوێنیته‌وه، یه‌ك ترسا‌و.. یه‌ك ڕاڕا.. یه‌ك خاڵی له فڕوفیڵی پارتایه‌تی و بێده‌نگ. هه‌ر یه‌که له خه‌یاڵیك ڕۆچووبوو؛ یه‌کێك له بیری خۆشه‌ویسته‌که‌یدا، یه‌کێك له خه‌می ماڵه‌وه، یه‌کێك له خه‌می خوێندنی و یه‌کێك له بیری کار و کاسپییه‌که‌ی و ده‌رچوون له زیندان. به‌ڵام هێشتا لای که‌س ڕوون نه‌بوو، پرسه‌که چییه و له‌سه‌ر چی گیراون؟
بۆ ئالان و سامان ڕۆشن بوو، ئه‌م هێرشه بۆ چاترساندن و سه‌پاندنه‌وه‌ی ده‌زگه‌ی ئه‌من (ئاسایش) به‌ڕێخراوه. چونکه ئه‌وان سه‌رله‌به‌یانی ڕاگه‌یاندی دژی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌زگه‌ی ئه‌منیان بڵاو کردبووه‌وه. پاش چه‌ند کاتژێر، دووباره به پاڵ و سوکایه‌تی ڕهشبگیرکراوان به‌ره‌و شوێنێکی تر سواری ئۆتومهبیله سه‌ربازییه‌کان کرانه‌وه. ئه‌م جار به‌ره‌و شوێنێك، که ساڵێکی و چه‌ند مانگ له‌وه‌وبه‌ر، جه‌ماوه‌ری به‌گیان هاتوو، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوو و ده‌زگه‌که‌یان تێكشکاندبوو. به‌ڵام دوو هه‌فته له‌وه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رله‌نوێ تازه‌یان کردبووه‌وه، تا وه‌ك دێوه‌زمه لاوه‌کانی شار قوت بدات. ئالان، له ده‌می سه‌رکه‌وتن به قادرمه‌کاندا، له دڵی خۆیدا " ئای که هه‌موو ڕۆژێك به‌دیار پهرتووکهکانهوه، چه‌نده بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه، که ئاخۆ له‌و دیو ئه‌و دیواره به‌رزانه‌دا چی هه‌بێت و چی بگوزه‌رێت؟ به‌ڵام وا ئێستا ده‌بێته سه‌رپه‌نایه‌ك له‌وانه‌یه چه‌ند مانگ یا چه‌ند ساڵ ته‌مه‌نمی تێدا به ڕابوردوو بسپێرم". له‌ته‌ك گه‌یشتنه به‌ر ده‌رگه ئاسنینه‌که‌ی نهۆمی دووه‌م، چه‌ند چه‌کدارێك، قاییش و پشتوێن و کلیل و پاره و پێنووسیان له زیندانییه‌کان ده‌سه‌ند و به شه‌ق و کێبڵلێدان به‌ره‌و ژووره‌کانی سه‌ر ڕاڕهوهکهیان ده‌بردن. ئالان و سامان و کۆمه‌ڵێکی تریان به‌ره‌و دواژووری ڕاڕه‌وه‌که دایه به‌ر لێدان و ڕاونان. زیاتر له (35) که‌سیان کرده ئه‌و ژووره‌وه. هه‌ر له‌ته‌ك داخرانی ده‌رگه‌ی ژووره‌که، ئه‌وانه‌ی که تا که‌مێك پێش له زیندانه‌که‌ی ئه‌ولا به خۆشباوه‌ڕییه‌وه چاوه‌ڕێی به‌ربوونیان ده‌کرد، که‌وتنه دڵدانه‌وه‌ی خۆیان به‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم مافی خۆیه‌تی و لێکۆڵینه‌وه بکات و باش و خراپ له‌یه‌ك جیا بکاته‌وه، تاوه‌کو ئاسایشی شار و هه‌رێم پارێزراو بێت. هێشتا لای زۆرینه ئاشکرا نه‌بوو، که به هاوکاری جاندرمه‌ی تورکیه، په‌لاماری (پ. ک. ک) دراوه. هه‌ر که‌سه و ده‌ری دڵی خۆی ده‌کرد؛ "ئاخر چۆن ده‌بێت، لێره ڕامگرن، من به‌یانی تاقیکردنه‌وه‌م هه‌یه"، "من هه‌موو ژیانم پیشمه‌رگه بووم"، "من باوکی شه‌هیدم"، "من پێشمه‌رگه‌ی ئهلیلوول بووم"، "من مامۆستای قوتابخانه‌م و کارم به رامیارییه‌وه نییه"، "به‌خوا کوڕم منیش کرێکاری کارگه‌ی جگه‌ره‌م و هیچ له‌و به‌زم و ڕه‌زمه نازانم و قه‌تیش تێکه‌ڵ نه‌بووم"، "من دڵنیام به‌زوویی لێکۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی بێ‌تاوان بێت، به زووی ده‌چیته‌وه ماڵه‌وه و ئه‌وه‌ی تاوانبار بێت، به سزای گه‌ل ده‌گات"….
سامان: به‌ڕێز، کێ تاوانباره؟ ده‌توانی پێم بڵێی کێشتان بکوژن، کێتان سیخوره، کێتان به‌رتیلخۆر و کێتان نۆکه‌ری دوژمنانه؟
ئالان: به‌رای من که‌س به هه‌ڵه نه‌گیراوه، ئه‌مه ڕه‌شبگیره و بۆ چاوترسێنی خه‌ڵکه، بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی ده‌زگه داپڵۆسێنهرهکانه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخی پێشووه، هه‌ر بۆیه له هه‌ر گه‌ڕه‌ك و له‌هه‌ر توێژێك چه‌ند که‌سێك گیراون، تا که‌س نه‌وێرێت دژ به گێڕانه‌وه‌ی که‌شی سه‌رده‌می به‌عسییه‌کان نارازی بێت…به‌رده‌وام به‌ده‌م کرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌که‌وه قسه و ڕازه‌کان ده‌پچڕان و که‌سێکیان ده‌ئاخنییه ژووره‌وه. له ژوورێکی به‌رامبه‌ردا هاوار و ناڵه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دراوان ده‌گه‌یشته کهشکهڵهی ئاسمان. به توندی جارێکی تر ده‌رگه‌که کرایه‌وه و قسه‌وباسه‌کانی بڕی و هه‌موو وه‌ك که‌وڵکراو له شوێنی خۆیان بێده‌نگ بوون. لاوێکی کورته بالا، قژی لوول و سه‌رێکی خڕ، فره‌تر له میسری ده‌چوو، چاکه‌ت و پانتۆڵه نیلییه‌که‌ی دیاربوو، که هی لهنگهفرۆشییه، چاکه‌ته‌که‌ی به باسکی ڕاستیدا دابوو، به وردی و حه‌په‌ساوییه‌وه چاوی به‌نێو زیندانییه‌کاندا گێڕا. له‌م کاته‌دا ئالان ده‌می برده بناگوێی سامان و پێی وت " خۆت مه‌که به خاوه‌نی، ئارام له هه‌ولێر چی ده‌کات، چۆن ده‌زانێت ئێمه گیراوین؟".
زیندانه‌وان (عه‌زیز): کامانه‌ن، کوان هاوڕێکانت؟
ئارام: لێره نین.به‌ده‌م سه‌ربادانه‌وه به واتای نه‌دۆزینه‌وه‌ی هاورێکانی، ویستی به‌ره‌و دوا هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، زیندانه‌وان به پاڵ کردیه ژووره‌وه و وتی: بۆ کوێ؟ تۆ له‌لای ئێمه میوانی!.
ئارام: کاکه گیان، ئاخر براده‌ره‌کانی من لێره نین و من به‌خۆم هاتووم له دوای ئه‌وان ده‌گه‌ڕێم، تۆ ناتوانی بمکه‌یته ژووره‌وه!
عه‌زیز: فه‌رموو دانیشه و زۆر بڵێی مه‌که، ئه‌وه فه‌رمانی عه‌قید «سمکۆ»یه، بزانه چۆن ده‌توانم!توند ده‌رگه‌ی داخسته‌وه و لاوه‌که به حه‌په‌ساوییه‌وه، جارێکی تر چاوی به‌ناو زینداییهکاندا گێڕایه‌وه، ده‌ستبه‌جێ سامان بانگی کرد…
سامان: ئارام.. ئارام
ئارام: ئه‌وه لێره چی ده‌که‌ن، چۆن من ئێوه‌م نه‌بینی، له‌سه‌ر چی گیراون؟
ئالان: ئه‌ی پێمان ناڵێیت، تۆ له کوێوه، ده‌ڵێیت به میوانی بۆ ئێره هاتووی؟
ئارام: میوانی چی، من به سه‌ردان بۆ لای ئێوههاتم، که چوومه کهلاوهکهتان، دراوسێکه‌تان، ژنه‌که‌ی حه‌سه‌ن وتی " له درزی ده‌رگه‌وه به چاوی خۆم دیتم، ئاساییش له‌ته‌ك ئه‌و ماڵه‌ی خواره‌وه گرتنی". منیش، جانتاکه‌ی خۆم، لای ئه‌وان دانا و پێم باشبوو بێم له ئاساییش پرسیارتان بکه‌م. هه‌ر که هاتمه ئاساییش بردمیانه لای به‌ڕێوه‌به‌ری ئاساییش «سمکۆ» و پێم وت، که دوو براده‌رم له‌لایه‌ن چه‌کداری ئێوه‌وه، ئه‌م دوانیوه‌ڕۆیه له ماڵه‌وه گیراون و هاتووم بزانم بۆچی و به‌چی تۆمه‌تبار کراون. ئه‌ویش یه‌کسه‌ر وتی " تۆش کۆمونیستی، یاخوا به‌خێڕ بێیت، باشه به‌پێی خۆت هاتووی؟ جارێ ئه‌مشه‌و لامان میوان به و ئه‌وسا پێت ده‌ڵێم". ئیتر به‌مجۆره منیان کرده لای ئێوه. باشه کاتێك که من هاتمه ده‌می ده‌رگه‌که، بۆ من ئێوه‌م نه‌بینی؟
ئالان: راستییه‌که‌ی خۆمان لێت شارده‌وه، تاوه‌کو نه‌مان بینی. هه‌م ده‌رکه‌وتنی کتوپڕی تۆ، پاش چه‌ند کاتژێرێك له ده‌ستگیرکردنمان له ئاساییشی هه‌ولێر، بۆمان جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، هه‌م گومانی ئه‌وه‌مان کرد که پێوه بووبی و نه‌مان ویست به بۆنه‌وه‌ی ئێمه‌وه بتکه‌نه ژووره‌وه.
ئارام: ده‌ی پێیان نه‌وتوون بۆ گیراون؟
لاوێكی باڵا مامناوندی باریکه‌ڵه «سه‌رده‌شت»، قسه‌که‌ی پێ بڕی و لێی پرسی " کاکه تۆ له کوێوه هاتووی؟"
ئارام: له سلێمانییه‌وه.
سه‌رده‌شت: له‌وێ چ خه‌ر بوو؟
ئارام: ده‌ڵێن له سنووری تورکیه شه‌ڕه.
سه‌رده‌شت: ئێمه سێ براین، دوکانی وێنه‌گریمان هه‌یه. کاتێك که گه‌یشتمه دوکان، وتیان «مه‌حمود»ی برات گیراوه و تا تۆ نه‌ڕۆی، به‌ر ناده‌ین. منیش هاتم و وه‌ك تۆ به‌خێرهاتنیان لێ کردم و فڕێیان دامه لای براکه‌م و وتیان تا «عومه‌ر»ی برات نه‌یێت، تۆ به‌ر ناده‌ین، ئیتر به‌مجۆره هیوادارم دایك و بابه پیرهکهشمان نه‌هێننه ئێره.سه‌لام: ئێمه کارگه‌ی پێڵاومان هه‌بوو، له‌پڕ کۆمه‌ڵیك چه‌کدار هاتنه ژووره‌وه و په‌لاماریان داین و به خۆم و مناڵ و شاگردهکانمهوه، بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن، چی ڕوویداوه و له‌سه‌ر چی، ڕاپێچیان کردین.
خدر: برا ئه‌وه ئالان و کاکه سامان ده‌زانن، که من له ماڵه جیرانێکی ئه‌وان میوان بووم و له‌ته‌ك ژن و کچی خاوهنماڵهکهدا منیشیان گرت. هه‌رچه‌نده وتم برا من باوکی شه‌هید …، به‌ڵام که‌س گوێی لێ نه‌گرتم.
ئالان: ئه‌وان به‌خۆیان ده‌زانن، بۆچ ئه‌م هه‌مووه خه‌ڵکه‌یان ده‌ستگیر کردووه و دیاره ئامانجێکیان هه‌یه. بێجگه له یاسا قهرهقوشییهکهی «به‌عس» له چ شوێنێکی ئه‌م دونیایه‌دا، برا له بری برا و میوان له بری خانه‌خوێ و شاگرد له بری خاوه‌نکار گیراوه؟ ئه‌مانه ئه‌وه دوو هه‌فته‌یه ئه‌منه‌که‌ی به‌عسیان ئاوه‌دان کردووه‌ته‌وه، ئاوا ده‌که‌ن، ئاخۆ پاش ده ساڵ چی به‌و خه‌ڵکه ڕه‌شوڕوته ده‌که‌ن؟
هه‌ڵۆ: ئه‌ی چاره، خۆ ناکرێت، چاوه‌ڕێی گرتنی ماڵ و منداڵه‌کانیشمان بین؟
ئالان: پێویسته ده‌ستبه‌جێ مان بگرین، مانگرتن له خواردن. تا به خێرایی لێمان ده‌پرسنه‌وه و به‌ره‌ڵامان ده‌که‌ن، ئه‌گینا له‌م کۆنه ئه‌منه‌دا دامان ده‌ڕزێنن.
ئاغازاده: ده‌تانه‌وێت له‌ناو زیندانه‌که‌شدا ئاژاوه بنێنه‌وه، ئێوه‌ی کۆمونیست و بێ‌دین، هه‌ر خه‌ریکی ئه‌وه‌ن.
سامان: ئێمه نکۆڵی له کۆمونیستبوونمان ناکه‌ین، به‌ڵام دڵنیابه، ئه‌گه‌ر له‌ناوماندا سیخوری خۆیان نه‌بیت، قه‌د له پێش ئێمه‌وه ده‌رناچیت، ئیتر ئه‌و ماستاوکردنه دادت نادات. ئێمه ئاژاوه‌چی نین، ئاژاوه‌چی ئه‌و پارتانه‌ن، که فه‌رمانڕه‌وان، ئه‌وانه‌ن که ئه‌م به‌یانییه ئێمه له ڕاگه‌یاندنێكدا ڕامان گه‌یاند، که ده‌زگه‌ی ئاساییش بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵکه و ئه‌وان نه‌یان توانی ئێمه به‌درۆ بخه‌نه‌وه و دوای چه‌ند کاتژێرێك سه‌دان که‌س ده‌ئاخنه پشت ئه‌م دیوارانه، مه‌گه‌ر وا نییه، مه‌گه‌ر به‌عسیش هه‌ر وای نه‌کرد؟ئالان، هه‌ستایه‌وه سه‌ر پێ و چووه پشت ده‌رگه‌که و له کونی ده‌رگه‌که‌وه، سه‌یرێکی ئاسمانی کرد، که به‌قه‌ده‌ر ده‌می مهنجهڵیك لێوه‌ی دیار بوو. جار جاره پۆله کۆترێك، سپی سپی تیشکی خۆریان له‌سه‌ر باڵه‌کانیان ده‌شکانه‌وه و له ئاست سه‌ربانی ئه‌منه‌که، به خێرایی تێده‌په‌ڕین. ئاهێکی قوڵ " خۆزگه‌م به خۆتان، ئاوا ئازاد ده‌فڕن، هه‌رچه‌نده له‌م وڵاته ئێوه‌ش له کوشت‌وبڕ بێبه‌ش نین، به‌ڵام جار جارێ، که مناڵانی چه‌قاوه‌سوو و چه‌کداره‌کان ئاگایان لێ نه‌بێت، باڵهفڕێیهکی ئێوارانی بان قه‌ڵا، چیژی خۆی هه‌یه. ئاخۆ ئێستا ئه‌م ئێواره شۆخه‌که دڵگیره‌که‌ی من، له‌به‌ر قه‌لاوه تێپه‌ڕی بێت، ئاخۆ زانیبێتی بۆ ئه‌م ئێواره په‌رتووکه‌کانمان له ته‌نیشت تابلۆی راگه‌یاندنه‌که، ڕیز نه‌کردووه؟ له‌وانه‌یه به بیانووی پهرتووککڕین چه‌ند جارێك به به‌رده‌م شوێنه‌که‌ماندا تێپه‌ڕێ بێت. ئاخ بڕوا ناکه‌م به‌م زووانه له پشت ئه‌م دیواره به‌رزانه‌وه ده‌رباز بین. خۆزگه ده‌متوانی وشه به وشه‌ی ئاره‌زووه‌کانی ئه‌م دوانیوهڕۆیهم به گوێچکه‌تدا بچرپێنم، تاوه‌کو نائومێدی خۆزگه‌کانت جوانه‌مه‌رگ نه‌کات. ئه‌گه‌ر توانیبام، گشت زیندانه‌کانی جیهانم ده‌ڕووخاند و چه‌که‌کانم دهتواندنهوه و جهلادهکانم به دیواری پێشه‌وه‌ی ئه‌م ئهمنهخانهدا ده‌کرده داوه‌ڵ و هێمایه‌ك بۆ ڕۆژه ڕه‌شه‌کان و سیمای سه‌ربازییانه‌ی شارم ده‌گۆڕی، تا حه‌زی تۆ بۆ بینینی فیلمێکی ڕۆمانسی، به‌بێ ترس و دڵه‌راوکێ به به‌رده‌م ئه‌م ئهمنخانهدا تێپه‌ڕێ. به‌ڵام شۆخه‌که‌م ته‌نیا هه‌ر تۆ نیت، هه‌ر ئێستا سه‌دان زارۆك و ژن و پیاو، چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی کوڕ و هاوسه‌ر و باوك و دایکیانن، نائاگا له‌وه‌ی که چه‌ندین ده‌رگه‌یان له‌سه‌ر داخراوه. ئه‌وان نائاگا له فه‌رمانی قه‌ره‌قوشی ئه‌وانه‌ی که به هیوایه‌که‌وه بۆ نوێنه‌ری پارله‌مان هه‌ڵیان بژاردن، چاوه‌ڕێن، له بێ شێوی ئه‌م ئێواره‌دا، ئامێزی پڕ میهره‌بانی، نیگایه‌کی پڕ خه‌مزه و ناز، ده‌ستێکی به‌سۆز، قۆڕه‌ی زکیان له‌بیر بباته‌وه…"
شریخه‌ی به‌ڕوودا داخستنی کونه بچکۆله‌که‌ی ده‌رگه‌که، له‌و خه‌یاڵه بێ کۆتاییه رایچڵه‌کاند و زیندانه‌وانه‌که، قیڕاندنی : دانیشه، نهم وت که‌س هه‌ڵنه‌ستێته‌وه، که‌س نه‌یێته پشت ده‌رگه؟
ئالان، پاشه‌وپاش کشایه‌وه دواوه و دانیشته‌وه، نووسینی یاداوهییهکانی پشت سه‌ری سه‌رنجی ڕاکێشا… "ئاخ بۆ ساتێك ئازدی، موحه‌مه‌د 5/10/1985"، "شیوعیه‌ت له سێداره به‌هێزتره، عه‌لی 12/8/1987"، "دڵداره‌که‌م خۆزگه‌م به‌و ساتانه‌ی که له ئامێزم ده‌گرتی، ئازاد 28/9/1990"، "بۆ ده‌بێت مرۆڤ ئاوا ده‌سته‌مۆ بکرێت؟ من تاوانم ته‌نیا گه‌ڕانه له دووی نان، مدحه‌ت 19/11/1991" …. به‌ناو کۆنه شوێنی زۆپاکه‌دا، که به کو‌نێکدا به سه‌ربانه‌وه به‌سترابوو، گه‌ڕا و پارچه به‌ردێکی نووكتیژی دۆزییه‌وه و له پشت سه‌رییه‌وه ده‌ستی کرد، به نووسین و هه‌ڵکۆڵینی دیواره‌که " هه‌ستن ئه‌ی هۆزی به‌شمه‌ینه‌تان/ دیلانی برسییه‌تی دونیا! / له ته‌نووره‌ی بیروباوه‌ڕمان / قڕمژنی تریشقه ڕاسا / ته‌نووره‌ی ئاخرینه هه‌ستن! / با هه‌ڵی پێچین ده‌وری کۆن / ڕابین و ژێروژوور که‌ین جیهان / ئێمه‌ی هیچ بین به گشت ئه‌ی کۆیلان/ ئاخرهی شه‌ڕه، شه‌ڕی سه‌روماڵ / با یه‌کگرتوو بین هه‌ڤاڵان / به ئینته‌رناسیونال / ڕزگار ده‌بێ ئینسان..، ئالان 5/10/1992"
به‌رده‌وام خه‌ڵکی فڕێ ده‌درایه ژووره‌وه و هێندیکیان بۆ ئه‌شکه‌نجه ده‌برده ژووره‌که‌ی به‌رامبه‌ر.. له‌تاو هاواری ژووری ئه‌شکه‌نجه و بێ شوێنی و برسیه‌تی و گه‌رما و بۆنی گۆره‌وی و بنباڵ و هاڵاوی ده‌م و ته‌نگاوی و په‌لکێشکردنی زیندانیان له ڕاڕه‌وه‌که‌دا، که‌س خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت… شریخه‌ی کرانه‌وه‌ی ده‌رگه، هه‌ر که‌سه‌و له خه‌یاڵه بێ ئه‌ژماره‌کانی داچڵه‌کا.. (عه‌لی) لاوێکی گه‌نم ڕه‌نگ، باریکه‌له و باڵابه‌رز، پۆشاکی که‌تافی، سه‌ر به لیستی سه‌وز، یه‌کێك له ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ره ناسراوه‌کان، قیراندی "بخه‌ون، ئه‌وه‌ی ده‌نگی بێت، هه‌تا به‌یانی دارکاری ده‌که‌م". هاوده‌می قسه‌کانی وی، هاواری ژووری ئه‌شکه‌نجه ده‌گه‌یشته ئاسمان.. دوو پاسه‌وان که‌سێکیان به به‌رده‌م ده‌رگه‌که‌دا په‌لکێش کرد… ده‌رگه داخرایه‌وه… هێنده‌ی تر خه‌و له چاوان زڕا. ئاخر ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی زۆر له ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی کاراتره. ئه‌و ده‌یزانی بۆ ده‌رگه‌که‌ی کرده‌وه و گوراندنی. له ڕاڕه‌وه‌که‌دا تا ده‌هات، هاوار و داد، ده‌نگی شه‌لاق و شڵپه شلپی ئاو، ڕاکه ڕاك و جنێو، ڕاڕه‌و به ڕاڕه‌و، ژوور به ژوور لوولی ده‌خوارد و ده‌نگی ده‌دایه‌وه… ئاغازاده، هه‌ستایه سه‌رپێ و په‌نجه‌ره‌ی ده‌رگه‌که‌ی ترازاند و سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی کرد.. به خۆشی و له خۆباییبووهنهوه وتی " وه‌ك سه‌گ، دارکاری ده‌که‌ن، له‌وانه‌یه به‌عسی بێت..". ده‌نگێك له ده‌ره‌وه "سه‌گباب سه‌رت به‌ره ناوه‌وه!". ئاغازاده به په‌له‌پروزێ دانیشته‌وه و خۆی کڕکرد… جارێکی تر شریخه‌ی ترازانهوهی ده‌رگه، عه‌لی، چاوێکی به‌ناو هه‌موواندا گێڕا، ڕوو له ئاغازاده، که له هه‌مووان باڵابه‌رزتر و قه‌ڵه‌وتر بوو و دیارتر بوو " کێ بوو، له‌و کونه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی ده‌کرد، پێم نه‌لێی دارکاریت ده‌که‌م!"
ئاغازاده: مممم .. من بووم..
عه‌لی: سه‌گباب بۆ سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌که‌ی، مه‌گه‌ر نهم وت بخه‌ون؟
ئاغازاده: وتم …
عه‌لی: گوت خوارد، هه‌سته وه‌ره ده‌ره‌وه.. ڕوو له‌وانی تر، هه‌رکه‌س هه‌ستێته‌وه، دوای ئه‌م سه‌ره‌ی دێت، بتۆپن وه‌ك سه‌گ!ئاغازاده‌ی که‌ته و له‌خۆبایی، زۆرجار وه‌ها قسه‌ی ده‌کرد، ده‌توت قسه‌که‌ری میرییه له‌ناو زیندانه‌که‌دا، هه‌میشه بێخه‌می و دڵنیایی له به‌ربوونی پێوه دیار بوو. سه‌ری شۆڕکرد و که‌وته پێش عه‌لی… هه‌ر که ده‌رگه داخرایه‌وه، ده‌نگی عه‌لی هات و گوراندنی به‌سه‌ریدا " ئه‌و کێبڵه بگره و دارکاری ئه‌و سه‌گبابه‌م بۆ بکه.. ئاغازاده وه‌ك خۆی دواتر دانی پێدا نا، که‌وته لێدانی که‌سه‌که و هاوکات عه‌لی به‌سه‌ری ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ر و ئهشکهنجهدراویشدا دهیگوراند
– سه‌گباب، زیاتر ده‌ستت هه‌ڵبڕه، توند له پشت و لاقی بده، به‌ناو ئاوه‌که‌دا ڕاکێشی که ….
– وتم ناوت چییه
+ ئای باوکه‌ڕۆ، یوسف، ناوم یوسفه خۆتان باشتری ده‌زانن ….
– چه‌ند که‌ست کوشتووه
+ ئای خوایا، به‌خوا به‌گیانی دایکم که‌سم نه‌کوشتووه، بمکوژن با ڕزگارم بێت، توخوا بمکوژن با له‌ده‌ست ئه‌شکه‌نجه ئاسووده بم، ئه‌گه‌ر ده‌زانن که‌سێكم کوشتوه بۆ پرسیارم لێ ده‌که‌ن، له جیاتی وی بمکوژنه‌وه، با ئاسووده بم، دایه گیان مردم
– لێی ده سه‌گباب، ئه‌م دایك حیزه قسه ناکات، بیکوته، وه‌ك سه‌گ بیتۆپێنه…نیوهکاتژێرێك به‌مجۆره ئاغازاده، دارکاری زیندانییه‌کی تری کرد و زیندانییه‌که، هاواری کرد و پارایه‌وه، وتی و وتییه‌وه، که که‌سی نه کوشتوه… به‌ڵام دادی نه‌دا… ئاغازاده، ڕه‌نگپه‌ڕیو، به ترسه‌وه خۆی به ژووره‌که‌دا کرده‌وه.. هه‌مووان له ترسی ئه‌وه که نه‌کا عه‌لی ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ر، بانگیان بکاته ده‌ره‌وه، خۆیان کردبوو به خه‌وتوو… ده‌نگی لێدان و ڕاکێش ڕاکێش تا نیوه‌شه‌وێکی دره‌نگ هه‌ربه‌رده‌وام بوو… که‌س خه‌وی لێ نه‌که‌وت.. پاش ڕۆیشتنی ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ره‌کان، ده‌ستبه‌جێ هه‌ر که‌سه له شوێنی خۆیه‌وه که‌وته پرسیار له ئاغازاده…، ئالان، که هه‌م پێشتر لێی په‌ست بوو و هه‌م به‌م کاره‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر ڕکی لێ ده‌بووه‌وه.. نیوتهنهی به‌رزکرده‌وه و پێی وت…
-: هه‌ر وه‌ك له سه‌رده‌می به‌عسدا ده‌تان بیست له‌م ئهمنخانهدا چی ڕوو ده‌دات، چۆن لاوانی ئه‌م شاره ده‌بوونه خۆراکی ئه‌م دێوه‌زمه، ئه‌وا ئێستا به‌چاوی خۆتان ده‌بینن، که کوڕه‌کانی گه‌ڵ، گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌کانی دوێنێ، چۆن وه‌ك قوتابی به‌عسییه‌کان، ئه‌وه‌ی ئه‌وان فریا نه‌که‌وتن بیکه‌ن، ئه‌مان ته‌واوی ده‌که‌ن. (ڕوو له ئاغازاده) کاکی قاره‌مان، خۆ تۆ خۆت واته‌نی ئاژاوه‌چی نیت، بۆ پۆرتیان شکاندی؟ جیاوازی تۆ و ئه‌وان چییه، که به فه‌رمانی ئه‌وان چاوی زیندانیان ده‌به‌ستی و دارکاریان ده‌که‌ی؟ دیاره تۆ له‌ناوماندا نۆکه‌ری ئه‌وانی، ئه‌گه‌ر نا، بۆچی سۆزی هاونیشتمانی و هاونهتهوهیت وه‌ك خۆت پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌یت، بۆ ئه‌و به‌دبه‌خته نه‌بزوا؟ یا تۆ درۆ ده‌که‌ی یا خودی پاگه‌نده‌ی هاونیشتمانی و هاونهتهویی به‌خۆی درۆیه و له ڕاستیدا نیشتمان بۆ ئێمه‌ی نه‌دار، زیندانێکی گه‌وره‌تر له‌م زیندانه‌یه؟ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی، هه‌مووانی شه‌که‌ت کردبوو، هه‌ر که‌سه‌و له خه‌یاڵی خۆیدا خۆزگه‌ی به‌وه ده‌خواست، که که‌سێك هه‌بێت و له ڕاز و نیازه‌کانی دڵی بگات.. منالانی به‌دبه‌خت له چاوه‌ڕوانی دایك و باوكی زیندانییاندا ههڵتروشکابوون و خێرا خێرا به‌ده‌م خه‌وی ترسناکه‌وه دادهچڵهکان و شه‌وگار به‌قه‌د چاخه تاریکه‌کانی مێژوو دڕێژ بوو بوو، هیواکان له پشت ده‌رگه‌ی زیندانه‌کاندا ئه‌ژنۆ شکاو…..
سێپته‌مبه‌ری 1998**
* پارله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که 05.10.1992 ڕۆژی فیدراڵییه له کوردستان. ئه‌و ڕۆژه هێزه‌کانی ئه‌منی حکومه‌تی هه‌رێم، له شاره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به خۆپیشاندان و کاردانه‌وه‌ی خه‌ڵکی دژی پێشله‌شکری بۆ جه‌ندرمه‌ی تورکیه و شه‌ڕی (پ. ک. ک) بگرێت، ده‌ستی به ڕه‌شبگیرییه‌کی به‌رفروان کرد و زیندانه‌کان به هه‌زاران که‌سی هه‌ڵسوڕاو و ناڕازی ئاوه‌دان کرانه‌وه.
** پێشتر له ژماره (5) سێپته‌مبه‌ری 1998ی گۆڤاری هونه‌ری «ژیله‌مۆ»دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، لێره‌دا به که‌مێك چاکسازی له ڕێنووس و دارشتندا سه‌رله‌نه‌وێ بڵاوی ده‌کرێته‌وه.