سەرپۆش نێوانى ئاکەپە و سوپا بەرەو هەڵدێر دەبات… سەباح تاهیر
دواى ماوەیەکى کەم لە مانگى هەنگوینى لە نێوان پارتەکەى " ئەردۆگان- گول " و سوپا وەک لە بابەتى پێشوو ئاماژەم پێدا کە موغازەلەى ئاکەپە بۆ سوپا تەنها بەمەبەستى تێپەڕکردنى کۆمەڵێک یاسایە لە پەرلەمان و دەستکاریکردنى دەستوورە لە بەرژەوەندى ئایدیایە ئیسلامییەکەى.
ئاکەپە بەنیاز بوو لە پشت ڕێگەدان بە سوپا بۆ کارى سەربازى دژى " پ ک ک " لە کوردستانى عێراق جگە لەوەى حەریفێکى سەرسەخت لە کوردستانى باکوور لە سەر ڕێگەى وەلانێت کە ئاشکرایە زیاتر 70 کورسى بەدەستهێنا لە ناوچە کوردیەکان ، لەزارى بەرپرسانى ئەم پارتەش دوپاتدەکرێتەوە کە لە هەڵبژاردنى ئاییندە شارەوانى دیاربەکریش ببەنەوە ، لەلایەکى تر بەم موغازەلەیە دەستکارى مادە بنەڕەتیەکانى دەستوورى عەلمانى تورکیا بکات .
لەمانگى شوباتى 2008 ئاکەپە دەیەوێت ئەم مادەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕێگرە لەبەردەم پۆشینى حیجاب و سەرپۆشى ژنان لە زانکۆ و فەرمانگە حکومیەکان . بەڵام لەیەکەم کاردانەوەدا سەرۆکى ئەرکانى سوپاى تورکیا ئاماژەى بەوەدا هەموو لایەک ڕاى عەسکەر دەزانێت دەربارەى پابەنبوونى عەلمانیەتى تورکیا و مومکین نییە ڕێگا بدرێت بنەماکانى عەلمانى دەسکاریبکرێت وەک ئاگادارکرنەوەیەکى پێشوەخت بۆ ئاکەپە .
ئەگەر لەسەرەتا پارتەکەى ئەردۆگان توانى مادەکانى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى کۆمار بگۆڕێت پێدەچێت ئەم جارە ڕووبەڕووى کاردانەوەى توند ببێتەوە چ لەلایەن سوپا وە پارتە قەومى و عەلمانیەکان کە لە ئێستاوە لە خۆئامادەکردنن بۆ خۆنیشاندان و ناڕەزایى دەربڕین لە دژى ئەم پرۆژەى ئاکەپە .
کوردەکان مەبەست لە ئەندامەکانى سەر بە دەتەپەیە بەدیاریکراویش لەزارى ئەحمەد تورک ڕایانگەیاند تەنها لەبەرامبەر داننان بەمافەکانى کورد پشتگیرى پرۆژەکانى ئاکەپە دەکەن ، کەواتە ئەندامانى دەتەپەش دژ بەم دەستکاریکردنە دەوەستن کە بەسروشت زۆربەى کورد لایەنگرى سیکۆلاریزمن ڕەنگە ئاسانیش نەبێت بۆ ئاکەپە هاوپەیمانى لەگەڵ کوردەکان بکات بۆ جێبەجێکرنى داواکانیان، هەرچەندە ئەم هاوپەیمانیە کاریگەریەکى ئەوتۆى نابێت ئەگەر بێتە ئاراوەش، چونکە میکانزمى عەسکەر لەدەرەوەى چەترى پەرلەمان مامەڵە لەتەک ئەم کێشانە دەکات لەکاتى یەکلایکردنەوەى دا ……… بەڵام بەرژەوەندى هاوبەش زۆر جار دژەکان کۆدەکاتەوە.
ئەوەى بە ئاشکرا دەردەکەوێت بە دوور نازانرێت نەک هەر کۆتایى مانگى هەنگوینى عەسکەر و پارتەکەى ئاکەپە بێت بەڵکو ڕووبەڕووى ڤیتۆى هێلى سوور ببنەوە لەلایەن عەسکەر ئەگەر وەک ڕابردوو کودەتاى سەربازى نەبێتەوە دوا چارەسەر بە بیانووى پاراستنى عەلمانیەت و دیموکراسى کە لە مێژووى تورکیا چەندین کەڕەت ئەم سیناریۆیە دوبارە بۆتەوە . هەر بۆیە ئیسلامیەکان زۆر نەیانتوانیوە خۆیان لە قەرەى زۆر شت بدەن هەرچەندە ئاکەپە تاوەکو ئێستا زۆر لێزانانە یارى بەکارتەکان کردوە تاڕادەیەکى باشیش سەرکەوتوو بوە، بەڵام پێدەچێت چۆن عەدالەت و گەشەپێدان بە کارتى پ ک ک ویستى ڕاى شەقامى تورکى بوروژێنآ لە پەناشیدا ئەنجامەکانى پارتەکەى بپێکآ ، سوپاش لە بەرامبەردا مەبەستى بوو ئەم دۆخە بقۆزتەوە کە لە دواى هاوپەیمانە کلاسیکیەکانى ئەحزابى قەومى هاتبوە کایەوە بۆ ئەوەى هەم هەیبەتى خۆى بپارێزآ هەم لە ڕێگەى دێوەزمەى تیرۆر پاراستنى قەوارەوى تورکیا دەست بخاتە ناو کاروبارى سیایەوە وەک هەمیشە….