Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حه‌كیمن له‌ زه‌نگه‌كان بۆ ئه‌ترسن؟…..ئاسۆعه‌بدول له‌‌تیف

ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حه‌كیمن له‌ زه‌نگه‌كان بۆ ئه‌ترسن؟…..ئاسۆعه‌بدول له‌‌تیف

Closed
by May 14, 2009 گشتی

   ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حه‌كیمن له‌ زه‌نگه‌كان بۆ ئه‌ترسن؟
  ئاسۆعه‌بدولله‌تیف

"رۆژێك حه‌كیمێك به‌ شاگرده‌كه‌ی ئه‌ڵێت ئیدی من له‌گه‌ڵ تۆ هه‌ڵناكه‌م و پێم خۆشه‌ هه‌ریه‌ك به‌و زانسته‌ی خۆمان ئه‌وی تر له‌ناو به‌رین و ئه‌م ململانێیه‌ كۆتایی پێ بهێنین، شاگرده‌كه‌ ئه‌ڵێت باشه‌ فه‌رموو له‌ پێشدا تۆ من له‌ناو به‌ره‌، حه‌كیم ژه‌هرێك ده‌رخواردی شاگرده‌كه‌ ئه‌دات و شاگرده‌كه‌ش به‌دوایدا گیراوه‌یه‌ك ئه‌خوات تا كاریگه‌ری نه‌مێنێت و به‌مه‌ش له‌ مردن رزگاری ده‌بێت، سه‌ره‌ی شاگرد دێت و حه‌كیم خۆی ئاماده‌ ئه‌كات بۆ خواردنه‌وه‌ی ژه‌هر، به‌ڵام شاگرده‌كه‌ مۆڵه‌تی مانگێك به‌ حه‌كیم ئه‌دات و له‌ ژورێكی نزیك به‌ خۆی دای ئه‌نێ له‌پشت په‌رده‌وه‌، ئاوانده‌سكه‌وانێك دێنێت و جارجار به‌ ده‌ستكه‌كه‌ی زه‌نگێكی ترسهاوه‌ری پێ لێ ئه‌دات و حه‌كیم كه‌ گوێی لێده‌بێت وه‌خته‌ زیره‌ی مه‌رگ بكات و گومان ئه‌بات ئه‌وه‌ ده‌رمان و ژه‌هره‌و بۆ ئه‌می ئه‌هارێت، تا وورده‌ وورده‌ به‌و گومان و زه‌نگ و ترسه‌وه‌ حه‌كیم به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رمانخوارد بكرێت ئه‌مرێت"
 لۆژیكی قبوڵنه‌كردنی یه‌كتر چیرۆكێكی كۆنه‌، به‌درێژایی مێژووی كوردی، حه‌كیم و شاگرد، ئاغاو ره‌عیه‌ت، فیوداڵ و ره‌نجبه‌ر، سه‌رۆك و مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان به‌رده‌وام كێشه‌یان هه‌بووه‌ تا ئاستی كوشتنی یه‌كترو نه‌یانتوانیوه‌ به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ كێشه‌كانیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ناچار په‌نایان بردۆته‌ به‌ر لۆژیكی ژه‌هرو تفه‌نگ، زۆربه‌ی جاره‌كان  ئینشیقاقی حیزبی كوردی دوچاری خوێنبه‌ربوون بۆته‌وه‌و سه‌ركرده‌كانی ئێستا شاهیدن، نه‌ شاگرد مامۆستاو حه‌كیمه‌كه‌ی خۆی قبوڵ بووه‌و نه‌ حه‌كیمیش شاگرده‌كانی خۆی قبوڵ بووه‌، وه‌ك چۆن كاتی خۆی "بارزانی مسته‌فا" وه‌ك كاریزماو سه‌رۆكی حیزب له‌ شه‌سته‌كاندا له‌ كێشه‌ی قوڵدا بوو له‌گه‌ڵ "ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو تاڵه‌بانی" و یه‌كتریان قبوڵ نه‌بوو تا كۆنفرانسی ماوه‌ت لێكترازاندنه‌ گه‌وره‌كه‌ی حیزبی ئاشكراكردو شه‌به‌قی دروستكرد له‌ناو پارتی دیموكرات و ئاسه‌واری نه‌گه‌تیڤ و شه‌ری ناوخۆی خسته‌وه‌ كه‌ تا ئێستاش پێوه‌ی ئه‌ناڵێنین، ئێستاش "نه‌وشیروان مسته‌فاو هاورێكانی" كه‌ هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی و لیستی گۆڕانیان راگه‌یاندووه‌و داوای چاكسازی ئه‌كه‌ن ئاسمان كه‌چ نه‌بووه‌و ده‌بێت ته‌ندروستانه‌و به‌ رۆحیه‌تی دیموكراسیانه‌ وه‌ری بگرین و ده‌ست نه‌كه‌ین به‌ داتاشینی تۆمه‌ت و گومان، ئه‌وانیش تاڵه‌بانیان قبوڵ نیه‌و تاڵه‌بانیش به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌وانی قبوڵ نییه‌و ئه‌مه‌ سوننه‌تی حیزبی كوردیه‌و كاتی خۆشی تاڵه‌بانی به‌هه‌مان ئه‌زمووندا رۆشت و حیزبیشی دروست كردوو دونیاش ئاخیر نه‌بوو، دۆخی رابردووی شاخ له‌ غیابی شارو حوكم و ژیانی په‌رله‌مانیدا خوێن و كوشتنی خسته‌وه‌، لێ ئێستا گرنگه‌ لۆژیكی دیموكراسیه‌ت و ئازادی راده‌ربڕین كه‌ یه‌كێتی و پارتی بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كه‌ن، بكه‌ینه‌ قسه‌كه‌ری ره‌سمی و مه‌رج نییه‌ هه‌موو جیابوونه‌وه‌یه‌ك و خه‌ونی گروپێك بۆ گۆرانكاری به‌ دوژمنایه‌تی كۆتایی پێ بهێنین، گرنگه‌ له‌بری ژه‌هرو پلانی جه‌نگ و كوشتن گوێ بۆ زه‌نگی ئاوانده‌ستكه‌وانی یه‌كتری بگرین و بزانین كێ به‌رگه‌ی ئه‌و ده‌نگ و زه‌نگه‌ ئه‌گرێ، چونكه‌ له‌ دواجاردا دیموكراسیه‌ت بۆخۆی بریتیه‌ له‌ كۆی ده‌نگ و جیاوازی ئاوازه‌كان، ره‌نگه‌ من وه‌ك تۆ حه‌ز به‌ ده‌نگی كه‌ناری نه‌كه‌م و ده‌نگی قازوقوڵنگ یان حیله‌ی ئه‌سپێكم زۆر به‌لاوه‌ خۆشتربێ یان بێده‌نگی مۆمێك بمهه‌ژێنێ! بۆیه‌ ناكرێ گومان به‌رین به‌ زه‌نگی كاریگه‌ری ئه‌وانی ترو وابزانین خه‌ریكی كوتانی ژه‌هرن بۆمان له‌ ئاوانده‌ستكه‌وانی خۆیانداو ئه‌وه‌ ئه‌وانن گشت ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناو ئه‌به‌ن، به‌ دوژمنكردن و شه‌یته‌نه‌تكردنی به‌رانبه‌ره‌كانمان هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ غروری حه‌كیمێك بۆ به‌ فریشته‌كردنی خۆی، كه‌ نه‌ له‌ زه‌نگه‌كان تێده‌گات و نه‌ ئه‌شتوانێ ته‌مه‌نی خۆی درێژكاته‌وه‌.
 
Asolm2002@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.