به‌خێربێن فه‌ڵه‌ستینییه بێ نیشتمانه‌کان بۆ کوردستان.
به‌خێربێن فه‌ڵه‌ستینییه بێ نیشتمانه‌کان بۆ کوردستان.
کامیار سابیر
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌که ده‌نگۆی هاتنی هه‌ندێ له ئاواره فه‌ڵه‌ستینییه‌کان، ئه‌وانه‌ی رۆژگارێک له‌سه‌رده‌می به‌عسدا له‌عێراق به‌که‌مێک ئاسووده‌ییه‌وه ده‌ژیان، بۆ کوردستان له‌ئارادایه. ئه‌م ده‌نگۆیه بوو به‌ڕاستیی کاتێ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ولێر پێشوازیی له‌سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی فه‌ڵه‌ستین کرد. له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌لێشاو پان-ناسیۆنالیزمی کوردیی به‌گشتیی و ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرای کوردیی به‌تایبه‌تیی که‌وتوونه‌ته خۆڕنینهوهو به وتاری ئیستیفزازیی ونهتهوهپهرستیی و هه‌ڵوێستی توندڕۆیانه سه‌رزه‌نشتی هاتنی فه‌ڵه‌ستینییه‌کان ده‌که‌ن.
مه‌رج نییه هه‌ر شتێک ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له هه‌رێمی کوردستاندا بیکات، ئیتر هه‌ر ده‌بێ هه‌ڵه بێت. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حیزبیی له‌کوردستاندا ئالووده بووه بهگهندهڵیی و قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه به‌جێی خۆی، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، کارێکی زۆر گونجاو و دیپلۆماسیی و دووربینانه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌ی دروشمه‌کانی پێشوویه‌وه که هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی له هاتنی تورکیا ده‌کرد و شه‌قامی ناسیۆنالیستی کوردیی له‌سه‌ر پرسی که‌رکوک و هه‌ڵنه‌کردنی ئاڵای به‌عس بۆ هه‌ندێ ئه‌جێندای ئایدیۆلۆژیی خۆی و حیزبه‌که‌ی ده‌جوڵاند.
ئه‌گه‌ر هه‌ندێک کێشه‌یه‌کی قووڵ وسیاسیی وه‌ک هاتنی فه‌ڵه‌ستینییه‌کان به قامچیی و شه‌قه‌کانی مولازم موحسینی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردووی شاری سلێمانییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، یاخود زۆرینه‌ی فه‌ڵه‌ستینییه‌کانی عێراق به‌عسیی بوون، نه‌ک هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسیی گه‌وره به قه‌رزی کۆن ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵکو خۆگێلکردنیشه له‌ئاست ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی که کورده به‌عسییه‌کان و موسته‌شاره‌کان و هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی فایلدار له قاره‌مانه‌کانی شاخ و ئه‌و کۆنه به‌عسییانه‌ی هه‌نووکه له شاده‌ماری ده‌سه‌ڵاتی سیاسییدان، ئه‌نجامیان داوه.
لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی هاتنی فه‌ڵه‌ستینییه‌کان:
1. په‌یامێکه بۆ 300 میلیۆن عه‌ره‌ب، بۆ ده‌یان ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی، بۆ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی و پانعه‌ره‌بیزم و پانیئیسلامیزمی عه‌ره‌بیی، بۆ هه‌موو جیهان، که کورد به‌و بێ ده‌وڵه‌تییه‌ی خۆیه‌وه، له‌هه‌رێمێکی بچووکدا باوه‌شیان بۆ ده‌کاته‌وه‌و به‌خێرهاتنیان ده‌کات.
2. شه‌ڕی پانعه‌ره‌بیزم له دژی کورد له‌ڕووی ویژدانیی و مۆراڵییه‌وه که‌مێک خامۆش ده‌بێته‌وه
3. به‌جێگه‌یاندنی داخوازییه‌کی ئیسرائیلییه‌کانه که حه‌ز به‌جێگیرکردنی فه‌ڵه‌ستینییه‌کان ده‌که‌ن ، دوور له‌سنووره‌کانی خۆیانه‌وه. کورد ده‌توانێ که‌ڵک له‌م کارته وه‌ربگرێ.
4. له‌سه‌ر بیروبۆچوونی کۆمکاری عه‌ره‌بیی و وڵاتانی زلهێزی عه‌ره‌بیی به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی کورد له کوردستانی عێراقداو له‌سه‌ر کێشه‌ی که‌رکوک به‌تایبه‌تیی، ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی ده‌بێ.
لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی
1. وه‌ک ئاساییشی نیشتمانیی، بۆی هه‌یه هه‌ندێکیان له سیخوڕیی و تێرۆره‌وه بگلێن .
2. رق و کینه‌ی هه‌ندێ له ناسیۆنالیسته توندڕۆکانی کورد و ئه‌و ئه‌کادیمیستانه‌ی له دایاسپۆرادا کوردایه‌تیی ده‌که‌ن، په‌مپ ده‌دات و به‌زمانی عه‌ره‌بیی و زمانه بیانییه‌کانی تر بنووسن و ئه‌وه‌نده‌ی تر ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی و ته‌وژمی ئیسلامیی له کورد تیژتر بکه‌ن.
ئه‌م خاڵه پۆزه‌تیڤ و نه‌گه‌تیڤانه ده‌کرێ درێژتر بکرێنه‌وه‌و لق و پۆپی تریان لێ ببێته‌وه. به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتیی هاتنی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینییانه بۆ کوردستان، قازانجه‌کانیان له زیانه‌کانیان زۆر زۆرتر ده‌بێ. جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا بهتێڕوانینهکانی ناسیۆنالیزمناسی جیهانیی به‌نه‌دیکت ئه‌نده‌رسنه‌وه ، به کورده پانناسیۆنالیستهکانی دایاسپۆرا بگوترێ، ئێوه له ئه‌وروپا و وڵاتانی تر ناتوانن تێکه‌ڵ به جڤاکه‌کانی ئه‌وێ بن، ناتوانن ببن به‌هاوڵاتیی ئه‌و وڵاتانه ئه‌گه‌ر چه‌ندین ساڵیشه پاسپۆرتتان له گیرفاندایه، ناتانه‌وێ وه‌ک هاووڵاتییه‌کی دڵسۆز باج بده‌ن و پاش چه‌ندین ساڵیش هه‌ر خۆتان به‌میوان ده‌زانن. وڵات بۆ ئێوه هه‌ر وه‌همی کوردستانی گه‌وره‌یه‌و به‌هۆی ئه‌و مێنتاڵیتییه ناسیۆنالیسته توندڕۆیانه‌ی ئێوه‌و ئه‌و سیاسییه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی کوردستان، خه‌ریکه بۆ هه‌تاهه‌تایه زۆربه‌ی ئێزیدییه‌کان و شه‌به‌که‌کان واز له کورد و له نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌هێنن و بگره رقیشیان له کوردبوون ده‌بێته‌وه.
کار به‌مشێوه‌یه بڕوات، بۆی هه‌یه خه‌ڵکی که‌رکوکیش ده‌نگ به هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بده‌ن و نه‌یه‌نه‌وه پاڵ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌ی له هه‌رێمی کوردستان و حیزبه سیاسییه‌کاندا هه‌یه. ده‌بێ بزانن ئه‌و کوردایه‌تیی و کوردپه‌روه‌ریی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و پانکوردیزم و پانناسیۆنالیزمهی ئێوه به ئه‌ندازه‌ی کولتوور‌و ئایدیۆلۆژیای به‌عسیزم و که‌مالیزم و پان‌ئێرانیزم زیانی بۆ دۆزی سیاسیی کورد هه‌بووه و ده‌بێت. ئێوه به‌ناوی دڵسۆزیی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه خه‌ریکه گه‌وره‌ترین کۆستی سیاسیی و کو‌لتووریی له‌یه‌خه‌ی گه‌لی کوردستان بده‌ن. به‌ڵێ منیش وه‌ک تاکێکی کورد هه‌زارجار ده‌ڵێم، فه‌ڵه‌ستینییه‌کان به‌خێربێن ، ئه‌و فه‌ڵه‌ستینییانه‌ی که له‌بێ وڵاتیی و بێ نیشتمانیی و بێکه‌سییدا به‌س له ئێمه‌ی کورد ده‌چن. به‌خێربێن، چونکه هاتنی ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستانی تێدایه.
ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن فه‌ڵه‌ستینییه‌کان به‌و ژماره که‌مه‌وه نه‌وه ده‌خه‌نه‌وه‌و ده‌بن به کۆڵ به‌سه‌ر گه‌لی کورده‌وه، یان پانعه‌ره‌بیزم له‌کوردستاندا چه‌که‌ره ده‌کات ، یاخود بۆ جوڵاندنی هه‌ستی کوردایه‌تیی ده‌ڵێن که‌سوکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان له‌پێشترن ( که ده‌بێ له‌پێش هه‌موو سه‌رکرده سه‌رمایه‌داره‌کانی کوردیشه‌وه بن )، ده‌بێ بچرپێنین به گوێیاندا، براده‌رینه سه‌رده‌می شاری خوێنپاک له‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌و یه‌ک ره‌گه‌ز به‌سه‌رچووه، سلێمانیی و هه‌ولێر نابێت هه‌ر کوردیان لێ بژیت، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئازادیی و ئاساییش هه‌بێ و باری ئابووریی له‌گه‌شه‌کردندا بێت و گه‌نده‌ڵیی وه‌ک خۆره ستراکتۆری ئابووری نه‌خواته‌وه، پێویسته ده‌یان هه‌زار بیانیی کاریان تێدابکه‌ن. ئه‌مه حوکمی مێژوو، زانست و ته‌کنه‌لۆژیاو گڵۆباڵیزه‌یشن ومۆدێرنیزمه، ئه‌مه قه‌وانی سواویی کوردایه‌تیی و سروودی ئه‌ی ره‌قیب نییه.
ئاخر پانکوردیسته‌کان، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌و فه‌ڵه‌ستینییانه مافی په‌نابه‌رییش له کوردستان وه‌ربگرن، ئه‌مه چ خراپیی و نه‌نگییه‌کی تێدایه؟ به‌ڵێ ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێوه زۆر نزیکه له بۆچوونی ئه‌و راسیستانه‌ی رۆژئاواوه که رقیان لهسهرڕهش و گه‌نمڕه‌نگ و ئاسیایی و ڕه‌شپێسته‌کانه، رقیان لێیانه چونکه ده‌ڵێن په‌ناهه‌نده‌کان و کۆچکردووان به‌شی ئه‌وان ده‌خۆن و رێژه‌ی بێکاریی زیاد ده‌که‌ن و کاری ئه‌وان ده‌به‌ن و کرێی کاری ئه‌وان ده‌هێننه خواره‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه ئێوه‌ی پانکوردیسته‌کان و پانعهرهبیستهکان دوو ڕووی یه‌ک دراون ،گوتاری سیاسیی هه‌ردوولاتان زۆر شۆڤینیستانهیه. ئه‌وان دژی کورد‌و ئیسرائیلیی و ئێرانیین، ئێوه‌ش دژی عه‌ره‌ب و تورک و فارسن. ته‌نها جیاوازییه‌که‌تان ئه‌وه‌یه که پانعهرهبیستهکان نه‌سڵی سامییه‌کانن و پانکوردیستهکانیش خۆیان به ئاریایی ده‌زانن.ئه‌م وتاره له هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه، ژماره 172 رۆژی 12-05-2009 بڵاوبووه‌ته‌وه.