Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
ڤالاَنتاینى ئێره‌ و ته‌رمه‌كانى قه‌راخ شه‌قام …. ئیرۆن عومه‌ر

ڤالاَنتاینى ئێره‌ و ته‌رمه‌كانى قه‌راخ شه‌قام …. ئیرۆن عومه‌ر

Closed
by February 10, 2008 گشتی

  ئه‌وه‌نده‌ى ده‌مانه‌وێت به‌دیدێكى بابه‌تى و شیكارى له‌و رِۆژه‌ برِوانین، ئه‌وه‌نده‌ نامانه‌وێت به‌زمانى شیعر و خه‌یاڵ بدوێین، ئه‌گه‌رچى قسه‌ له‌سه‌ر رِۆژێكه‌ پرِه‌ له‌ خه‌یاڵى جوانى و وێنه‌ى شیعرى، ئه‌وه‌نده‌ى ده‌مانه‌وێت حیكایه‌ته‌كانى سه‌رزه‌مینى ئێره‌ بێنینه‌گۆ ئه‌وه‌نده‌ نامانه‌وێت تاڵى سه‌نتورێك یان ده‌زووى كه‌مانچه‌یه‌ك وه‌ده‌نگ بێنین و له‌پاڵیا یارى به‌ ووشه‌كان بكه‌ین، ئه‌گه‌رچى قسه‌ له‌سه‌ر رِۆژێكه‌ كه‌ تیایدا ووشه‌ و مۆزیك ئاوێزانى یه‌كترن ، ووشه‌ تیایدا دوو رِووى هه‌یه‌، رِوویه‌كیان واتایى و ئه‌وه‌ى تریان میلۆدى.
   له‌ رِۆژى ڤالاَنتاین دا قسه‌ له‌سه‌ر سه‌رزه‌مینێك ده‌كه‌ین كه‌ نه‌ك هه‌ر عاشقه‌كانى به‌ڵكو هه‌موو مرۆڤه‌كانى به‌ده‌م باى قه‌ده‌ره‌وه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌وبه‌رمانه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ى دواى ئێمه‌ رِۆژیان لىَ هه‌ڵدىَ و لىَ ئاواده‌بىَ مرۆڤه‌كان  ویسته‌كانى خۆیان و حه‌زه‌كانى خۆیان و ئیراده‌ى خۆیان قه‌ده‌ریانه‌، له‌وىَ مرۆڤ به‌ هه‌موو چه‌مك و ماناكانى مرۆڤبوونه‌وه‌ ده‌وره‌ دراوه‌، عاشقه‌كانى ئه‌وه‌نده‌ى له‌ ئاسمان و مانگ و ئه‌ستێره‌وه‌ نزیكن ئه‌وه‌نده‌ له‌ زه‌وى و نیشتیمان و كۆمه‌ڵ و ژینگه‌وه‌ نزیك نین. به‌لاَم لێره‌ مرۆڤبوون ئه‌وه‌نده‌ى جوانى و خۆشه‌ویستى و هه‌ست و خواستى هاوبه‌ش و حه‌زى مرۆییانه‌ له‌خۆیدا جىَ ده‌كاته‌وه‌، زیاتر له‌وه‌ توخمه‌كانى دابه‌ش بوون و هه‌لاواردن پێك ناكۆكى و توند و تیژى به‌شدارن له‌ پێكهاته‌كه‌یدا. مرۆڤه‌كانى ئێره‌ دابه‌ش بوونه‌ به‌سه‌ر مرۆڤى پاسه‌وان كه‌ زۆرینه‌ و مرۆڤى یاخى كه‌ كه‌مینه‌ن، مرۆڤه‌كانى ئێره‌ دوو به‌ره‌ن، به‌ره‌ى یه‌كه‌م پاسه‌وانیى سنووره‌ ترادیشناله‌كان، سنووره‌كانى خێزان و خێل و نه‌ریت، سنووره‌كانى زمان و ئایین و ئه‌تنیك،ده‌كه‌ن. به‌ره‌ى دووه‌م ئه‌و یاخییانه‌ى باز به‌سه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ ده‌ده‌ن، باز به‌سه‌ر زه‌مه‌ندا ده‌ده‌ن، باز به‌سه‌ر یاساكاندا ده‌ده‌ن، حه‌رامه‌كان تێك دشكێنن، هه‌ڵۆ ئاسا ده‌فرِن به‌لاَم هه‌ر زوو باڵ شكاو ده‌كرێن. ئه‌و دوو گروپه‌ له‌ مرۆڤه‌كان به‌قه‌د سه‌ده‌یه‌كى دارِماو له‌ مێژووى رِۆژهه‌لاَت له‌ یه‌كتر جیاوان.
    له‌وىَ چه‌ند رِۆژ به‌ر له‌ ڤالاَنتاین عاشقه‌كان جوانترین چه‌پكه‌ گوڵ ئاماده‌ ده‌كه‌ن و كه‌مینى ماچ بۆ یاره‌كانیان داده‌نێن. لێره‌ زۆربه‌ى گه‌نجان له‌ژێر سایه‌و سه‌ربانى عه‌شیره‌ت دا هێشتا له‌ خه‌وێكى قووڵدان، ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان ووشه‌ى ڤالاَنتاین هێشتا به‌رگوێشیان نه‌كه‌وتووه‌ و پێى نامۆن، هێشتان عاشقه‌كان نازانن هه‌ر رِۆژێكیشیان هه‌یه‌، لێره‌ عاشق بوون یاخى بوونه‌، یاخى بوونیش چه‌ندى بڵى ئه‌سته‌مه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وسا له‌وىَ پیاوێكى ئایینى(مه‌به‌ست قه‌شه‌ ڤالاَنتاینه‌) توانیویه‌تى به‌ نهێنى عاشقان به‌كامى دڵ بگه‌یه‌نىَ، ئه‌مرِۆ لێره‌ پیاوى ئایین هه‌رچى عه‌شقه‌ حه‌رام ده‌كات. ده‌ستوورى خێل خوێنى عاشقان حه‌لاَل ده‌كات. لێره‌ ڤالاَنتاین له‌ یاده‌وه‌رى وێنه‌ تراژیدیه‌كان بترازىَ شتێك ناگه‌یه‌نى، له‌ قوربانیانى نامووسپارێزى به‌ولاوه‌ شتێكمان بیرناهێنێته‌وه‌، له‌ هه‌رِه‌شه‌كانى باوكه‌ دڵرِه‌قه‌كان و سه‌رزه‌نشتى مامۆستایانى داكۆكیكار له‌ عاده‌ت و سونه‌ت به‌ده‌ر شتێكى ترمان به‌گوێدانادا.
       عه‌شق لێره‌ یاریه‌كى ئاگرینه‌، جه‌سته‌ى مرۆڤه‌ سه‌ركێشه‌كان، خانمه‌كان ده‌كات به‌ خه‌ڵوز، عه‌شق ماناى خۆ ئاماده‌ كردنى گه‌نجێكه‌ بۆ مردن یان رِاكردن و سه‌ر هه‌ڵگرتن.
      ڤالاَنتاینى ئه‌وىَ پرِیه‌تى له‌ ناڵه‌ى چێژ و ئاهى گه‌رمى و تێكه‌ڵ بوون و حه‌ز تێر بوون و ئاهه‌نگى شه‌وان و سه‌ماى به‌یه‌كه‌وه‌نووسان، ڤالاَنتاینى ئێره‌ پرِیه‌تى له‌ ناڵه‌ى خه‌م و ئاهى ساردى لێك دوور بوون و ته‌نیا بوون و لێك دابرِان.
      ڤالاَنتاینى ئه‌وىَ ژوانى عاشقانێكه‌ كه‌ سحرى جوانى ئێواره‌یه‌ك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختى به‌ختیاندا رِووت ده‌بنه‌وه‌و لێى رِاده‌كشێن. ڤالاَنتاینى ئێره‌ حیكایه‌تى ئه‌و كچانه‌یه‌ كه‌ شه‌وێكى ئه‌نگوسته‌چاو ده‌نگى ته‌قه‌یه‌ك گیان و جه‌سته‌یان له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه‌ و به‌ خۆیان و حه‌زه‌كانیانیانه‌وه‌ ئاوى رِووبارێك ده‌یانبا و له‌ كه‌نارێكدا وه‌ك جه‌سته‌یه‌كى سارد و مت بوو ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌.
       ڤالاَنتاینى ئه‌وىَ هه‌ڵدانى پێكى هه‌ڵبرِاوى چه‌ندین كورِ و كچى جوانى باوه‌ش به‌یه‌كداكردووى قه‌راخ شه‌قام و سه‌ر شۆسته‌كانه‌، كه‌ له‌وێدا عه‌شقه‌كه‌كانیان به‌ ئازادى ئیعلان ده‌كه‌ن، ڤالاَنتاینى ئێره‌ حیكایه‌تى دوا هه‌ناسه‌ى عاشقانێكه‌ له‌به‌ره‌به‌یانێك دا له‌سه‌ر لیته‌ى قه‌راخ شه‌قام به‌ مردووى فرِىَ ده‌درێن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.