کلیلی کۆشکە سپییەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە…. عەدنان سەیدحسێن
ڕکابەرییەکان بۆدەستنیشانکردنى سەرۆکى داهاتووى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئێستا لەچڵەپۆپەدایەو هەریەک لە دیموکرات ء کۆمارییەکان لەهەوڵى دەستنیشانکردنى کاندیدى خۆیانن بۆهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى رۆژى (4 – تشرینى دووەمى) ئەمساڵ لەنێو ئەو چەند ناوەش کەماوەتەوە رەنگە جون ماکین لەکۆمارییەکانء هەریەکە لە هیلارى کلینتۆن و پاراک ئۆباما لەدیموکراتەکان زۆرترین چانسیان هەبێت بۆ کێبڕکێ کردن لەسەر بەدەست هێنانى کلیلى کۆشکى سپى.
سێ شەممەى گەورە کلیلى سەرکەوتن نەبوو
هەفتەى رابردوو کەناڵەکانى راگەیاندن بەشێوەیەکى بەرفراوان گرنگیاندا بەرووداوەکانى ئەو رۆژەو داو بە (سێ شەممەى گەورە) ، (سێ شەممەى چارەنوس) ، (تسونامى ئەمریکا) ناودێریان کرد لەو رۆژەدا کەکردیە 5ى شوبات هەشت ویلایەتى ئەمریکا بڕیاریاندا پێکەوە هەڵبژاردن ئەنجامبدەن دواتریشء بۆبەدەست هێنانى گرنگییەکى زیاتر لەلایەن کاندیدەکانەوە چەندین ویلایەتى تر کۆنگرەى هەڵبژاردنیان خستە هەمان رۆژەوەو بەوشێوەیەش ژمارەى ئەو ویلایەتانەى کەلەو رۆژەدا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا بوو بە (23) ویلایەت کەئەمەش ژمارەیەکى وایە ئیستهانەى پێوەناکرێتء ژمارەى یەکلاکەرەوە دەبێت هەرچەندە شێوەى هەڵبژاردن لەلاى دیموکراتەکانء بەرزى ئاستى کێ بڕکێیکەیان وایکرد دیاریکردنى کاندیدى ئەو پارتە بۆکورسى سەرۆکى ئەمریکا داوبکەوێت بۆ وادەى دیاریکراوى خۆى واتە رۆژى ( 25-28 ى ئاب ) کەتیایدا لەکولورادۆ کۆنگرەى گشتى حزب دەکرێت بۆدیاریکردنى پاڵێوراوى ڕەسمى حزبەکە.
پێشوازى هەڵبژاردنى کۆمارییەکان کە ئەو کەسەى زۆرینەى دەنگەکان ببینێت لەهەر ولایەتێکدا سەرجەم دەنگەکان دەبێتە هى ئەو، بەهێزى جۆن ماکێنیش رەنگە سیماى کاندیدى ئەو حزبە زۆر دوانەخاتء لەپێش هەردوو هاوەڵەکەیەوە (مایک هاکابىء رومنى) بکەوێت.
ئەمساڵ ساڵى کەرە
(کەر) کە دروشمى سەرەکى دیموکراتەکانە بەپێى بۆچونەکان پێش فیلەکەى کۆمارى دەکەوێتەوە لەبەرچەند هۆیەک لەوانە سروشتی هەڵبژاردن لە ئەمریکا کەزۆر لایەن پێیانوایە بەپێى مەبدەئى نۆرە سەرۆکى تیا دیارى دەکرێت ، هەشت ساڵە کۆشکى سپى جۆرج بوشى کۆمارى دەستى بەسەردا گرتووە بۆیە ناکرێت جارێکى تر کۆماریەکى تر بچێتە ئەو کۆشکە تاوەکو دیموکراتێک سەردانی نەکات بۆیە کات کاتى گۆڕانە ئەمە لەلایەک لەلایەکى ترەوە بۆیەکەمجارە لەمێژووى ئەمریکادا ژنێک خۆى بپاڵێوێت بۆپۆستى سەرۆکایەتى ئەمریکا ئەمەش سۆزى ژنان بەلاى خۆیدا رادەکێشێتء رەنگە چەند ملیۆنێک دەنگیان بۆمسۆگەر بکات ئەگەر کارەکەش وا نەشکایەوە و لە هەڵبژاردنەکانی پارتەکەیاندا ئۆباما پێش هیلاری کەوت ئەوا بێگومان بوونى بوونی ئەویش کە بێ پێشینەیە لەمێژووى ئەو وڵاتەدا هەر لەخزمەت بەرژەوەندییەکانى پارتەکەدا دەبێت چونکە بۆیەکەم جارە لەمێژووى ئەو وڵاتەدا رەش پێستێک بچێتە ئەو پۆستەوە ئەمەش سۆزى سەرجەم ئەمریکیە – ئەرفریقیاییەکان یان باشتر بڵێین رەش پێستەکان ئەجوڵێنێت بۆیە هەریەکە لەهیلارى کلینتۆن بەو پێیەى یەکەم ژنەو پارک ئۆباما بەو پێیەى یەکەم کاندیدى رەش پێستە (ئەسپى تەراودە ) دەبن بۆ پارتەکەیان هیچ نەبێت تا چوارساڵى تر.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
مەسەلەى گرنگ و هەستیار کە زۆر جار هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای پێ یەکلایی دەکرێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، سیاسەتی ئەمجارەى ڕکابەرەکان لەبارەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرەڕای هەندێک گۆڕانکاری کە هەندێکیان زیاتر بۆ ڕاکێشانی هەستی تاکی ئەمریکیە تاڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن.
لەم جەولە نوێیەى هەڵبژاردنەکاندا بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتی دیموکراتەکان بۆ ئەوە دەچێت کە تەرکیز دەخەنە سەر سیاسەتی دەرەوەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەردا کۆماریەکان زیاتر ئارەزووی قسەکردن لەبارەى سیاسەتی ناوەوەى ئەمریکاو لەبارەى پرۆژە خزمەتگوزاریەکانەوە کەپێشکەشی تاکی ئەمریکی دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هەمان دروشمی بوش وکلیلی سەرکەوتنی بەرز دەکەنەوە (شەڕی دژە تیرۆر).
کێشەى ئیسرائیل – فەلەستینەوە کە بە بەدڵی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت هەریەکە لە پاراک ئۆباما و هیلاری کلینتۆن بە سەر یەک هێڵدا دەچن کە هەمان هێڵی سەرۆکی پێشووترى ئەمریکا بیل کلینتۆنە کەداوای دانیشتن و ڕێکەوتنی نێوان هەردوو لایەنە ناکۆکەکە دەکەن ئۆباما بۆ ڕاکێشانی دەنگی جولەکەکانی ئەمریکا و پێشکەوتن بەسەر هیلاریدا کە جۆرێک ئەفزەلیەتی هەیە لەلایان باسی لەگرنگی مانەوەى دەوڵەتی یەهودی و پشتگیری خۆشی بۆحکومەتی ئیسرائیل نیشاندا لە دانوستانەکانی لەگەڵ فەلەستین سەرەڕای ئەوەش ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر هەر دانیشتنێک لە گەڵ حەماس تاوەکو داننەنێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
ئەمە لەکاتێکدا کۆماریەکان شانسێکی کەمتریان هەیە لە بەدەست هێنانی دەنگی جولەکەکانی ئەمریکا ئەگەرلەگەڵ دیموکراتەکاندا بەراوردیان بکەین.
سەبارەت بە دۆخی عیراقیش سیاسەتی دیموکراتەکان سیاسەتی پارتی بەرهەڵستکاربووە و بۆ ڕاکێشانی سۆزی ئەوانەى کەس وکاریان لە بەرەى جەنگدایە هەمیشە داوای کشانەوەى سوپا و دیاریکردنی کاتی کشانەوەى سوپایان کردووە، لە پێشینەیەکی چاوەڕوانکراویشدا ئۆباما توانی پێش هیلاری بکەوێت لەوەى لەبارەى ئێرانەوە قسە بکات و داوای دانوستانی بێ مەرج بکات لەگەڵ ئێراندا.
کورد لە سیاسەتی کاندیدەکاندا
سەبارەت بەکورد شتێک کە زۆر جێی بایەخ بێت ئەو داوایەى خانمی کلینتۆنە کە دەیەوێت لەکوردستاندا سەربازگەیەکی ئەمریکی دروست بکرێت هەرچەندە ئەمەیان ناڕەزایی برا عەرەبەکان و وڵاتانی دراوسێیشی لێدەکەوێتەوە ڕەنگە ئێران و تورکیا کێشەی سنوریشمان بۆ دروست بکەن بەڵام ئەمە بۆخۆی گەورەترین سودی بۆ کورد لێ دەکەوێتەوەو سەرەڕای ئەوەى گرنتی دەبێت بۆ پاراستنی قەوارەکەى و باشبوونی ئابووریەکەشی لەهەمان کاتدا کورد ئەتوانێت وەکو کارتی هێزبەکاری بهێنێت بەسەر شیعەو سوننەکانداو خاڵی نازکێشانیشی بێت لەلای ئەمریکیەکان .
هەروەک ئۆباماو هیلاریش پەیمانی دانپێنانی کوشتارگەى ئەرمنیان دابوو لەلایەن تورکەکانەوە کەئەمەش توڕەیی ڕەجەب تەیب ئاردۆگانی سەرۆک وەزیرانی لێکەوتەوەو ووتی " ڕەوانەکردنی ئەو یاسایەوە لە کۆنگریسەوە بەزیان دەشکێتەوە بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا- ئەمریکا بەشێوەیەک کەناتوانرێت چارەسەر بکرێت". کارکردن بەو بەڵێنانەو جودایی کەوتنە نێوان ئەمریکا و تورکیا سەد دەر سەد لە بەرژەوەندی کورد دەکەوێتە هیچ نەبێت بەو قسەیەى پێشینان کە دەڵێت " دوژمنی دوژمنم دۆستمە".