ژنان و هه‌ڵبژاردنی ئێستا
ژنان و هه‌ڵبژاردنی ئێستا
ئایا ڕه‌وایه ژنان ده‌نگ بۆ هه‌رلیستێكی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رلمان بده‌ن؟
خه‌سره‌و سایه
Saya.xasraw@yahoo.co.ukئاشكرایه كه‌ڕاكێشانی ژنان بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێستای په‌رلمانی كوردستان، یه‌كێك له‌گۆشه‌كانی به‌رنامه‌ی ته‌بلیغاتی سه‌رجه‌م ئه‌و لیستانه ده‌بێت كه‌به‌شدارن له‌هه‌ڵبژاردندا. به‌دڵنیایشه‌وه له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ده‌رگای بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان دروشم و به‌ڵێنی درۆزنانه به‌ژنان و داكۆكی‌كردن له‌خواسته‌كانیان خۆی ده‌كاته سه‌رله‌وحه‌ی زمانی ته‌بلیغاتیان. به‌لام ئایا ڕه‌وایه ژنان به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن و له‌كه‌نار هه‌رلیستێكدا ڕابووه‌ستن؟ ئایا دوای ئه‌و هه‌موو تاوان و كوشتن و سوكایه‌تی و جیاكاریی وبێمافیه‌ی كه‌له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه تائێستا ده‌رهه‌ق به‌ژنانی كوردستان كراوه، ڕه‌وایه بچن ده‌نگی خۆیان بده‌ن به‌یه‌كێك له‌لیسته‌كان؟ به‌ڕاستی ئه‌م سیناریۆ پوچه‌ی كه ناویان ناوه دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن وپه‌رلمان به‌دوای ته‌جروبه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌و ئومێده به‌ژنان ده‌دات كه‌له‌ڕێگای به‌شداری كردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستادا گۆڕانێك به‌سه‌ر ژیانی خۆیاندا بهێنن و لانی كه‌م حورمه‌تی كۆمه‌لایه‌تیان بۆبگێڕدرێته‌وه؟ بۆ وه‌لامی ئه‌م پرسیارانه وه‌رن باپێكه‌وه چاوێك به‌ماهیه‌تی لیسته‌كان وڕۆڵیان له‌كۆمه‌لگاو مه‌سه‌له‌ی ژناندا بخشێنین تا هه‌قیقه‌تی كارنامه‌ی پیاوسالاری و دژه ژن بوونی هه‌ریه‌ك له‌لیسته‌كان ده‌رخه‌ین:
لیستی كوردستانی:
له‌پێش هه‌موو لیسته‌كانی تره‌وه باباسه‌كه‌مان له‌سه‌ر لیسته‌كه‌ی یه‌كیتی وپارتی ڕابگرین. كارنامه‌ی ئه‌م لیسته‌و حزبه‌كانی پشتی سه‌ری نمونه‌یه‌كی ئاشكرای دژ به‌ژنان وخواسته‌كانی چ له‌ڕابردوو وه چ له‌ئێستادا نیشانداوه. ئه‌م لیسته دوای ئه‌وه‌ی كه‌چه‌ند ساڵه په‌رلمان و حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌لام چیان پێشكه‌ش به‌ژنانی كوردستان كردووه؟ ڕووداوه‌كانی 18 ساڵی ڕابردوو و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ده‌رهه‌ق به‌ژنان كراوه هیچ هه‌قانیه‌تیك بۆئه‌م لیسته‌و بانگه‌شه‌كردنی بۆ ده‌نگدانی ژنانی كوردستان ناهێڵێته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وه‌ی كه‌ڕه‌شه كوژی ژنان كرایه مۆدێك له‌كۆمه‌لگای كوردستاندا، تائه‌وه‌ی كه‌فه‌زای كۆنه‌په‌رستانه‌و پیاوسالاریان له‌دژی ژنان هانداوه و ژنانیان گیرۆده‌ی خۆكوژی و خۆسوتاندان كردووه، تائه‌وه‌ی كه‌ده‌ستی شه‌ریعه‌ت و كۆنه‌په‌رستی ئیسلامیان ڕاكێشاوه بۆ نێو یاساكانی باری كه‌سێتی، تائه‌وه‌ی كه‌كۆمه‌ڵگایان به‌فه‌رهه‌نگی ناموسپه‌رستی و دواكه‌وتوانه له‌دژی ژنان له‌قاوداوه، تا نمونه‌ی ئاخریان كه‌فره ژنیان كرده ده‌ستكه‌وتی په‌رلمان وحكومه‌ته‌كه‌یان.. تاهه‌موو ئه‌و جێاكاری و بێمافیه‌ی به‌سه‌ر ژنانه‌وه، له‌بواری خێزانی وخزمه‌تگوزاری و به‌ده‌ستێهنانی كار‌و بژێویدا زاڵبووه.. ئیتر چ شتێك ده‌مێنێته‌وه كه‌ژنان له‌م لیسته وداهاتووه‌كه‌ی دڵی پێخۆش بكه‌ن و هه‌قانیه‌تێك بدات به‌وه‌ی له‌كه‌ناریدا ڕابووه‌ستن؟ له‌وه‌ش زیاتر هه‌موو ئه‌و كارنامه‌یه‌ی كه‌خاوه‌نانی لیستی كوردستانی له‌به‌رامبه‌ر ژنانی كوردستاندا به‌ڕێوه‌یان بردووه، یانی یه‌كیتی وپارتی ولیسته‌كه‌یان ده‌خاته نێو قه‌فه‌زی تاوانه‌وه و ده‌بێ له‌سه‌ری دادگایی بكرێن.
له‌ئێستادا ئه‌م لیسته كه‌له‌لایه‌ن دوحزبی ده‌سه‌لاتداره‌وه كه له‌ڕێكه‌وتنێكی ئیستراتیژیدان وبه‌هۆی ئه‌وه‌وه كه‌په‌رلمان وحكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، هاوكات ده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیس و چه‌ندین كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنیان له‌به‌رده‌ستدایه‌و داهات و سامانی كوردستانیان بۆخۆیان قۆرغكردووه، ئه‌و شانسه‌یان له‌ده‌ستدا خڕبۆته‌وه كه‌ئه‌گه‌ر به‌دزی و ته‌زیورو فشار‌و ترساندنی هاولاتیان بووه بڕیاریان داوه كه‌هه‌رچۆنێك بووه ده‌نگی هاولاتیان بكه‌نه كارتی شه‌رعیه‌ت پێدانه‌وه به‌خۆیان و حكومه‌ت وپه‌رلمانه‌كه‌یان. به‌لام ئایا داهاتووی ئه‌م لیسته‌و ده‌سه‌لاته‌كه‌ی چاوه‌ڕێ‌ی له‌وه زیاتری لێده‌كرێت كه له18 ساڵی ڕابردوودا نیشانی ژنانی كوردستانی داوه؟ ئایا ئه‌و ئۆقیانوسه له‌تاوان به‌س نییه بۆئه‌وه‌ی هه‌ر ئینسانێكی ژن قانعكات به‌وه‌ی كه‌ده‌نگ به‌م لیسته نه‌ده‌ن و بگره بایكۆتی بكه‌ن؟
لیستی گۆران:
ئه‌م لیسته كه به‌سه‌ركردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زاره‌وه، خۆی پێكهاتێكه له‌ده‌روونی یه‌كیتی نیشتمانیه‌وه هاتۆته‌كایه‌وه. نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك كه‌سایه‌تی دوومی نێو حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌جه‌وهه‌ردا نه‌ك جیاوازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌به‌رنامه‌و سیاسه‌تێكدا نییه كه‌یه‌كیتی نیشتمانی ده‌رهه‌ق به‌مه‌سه‌له‌ی ژنان بوویه‌تی، بگره خۆی به‌شدارو شه‌رێكی كارنامه‌یه‌كه كه‌ئه‌م حزبه له18 ساڵی ڕابردوودا له‌به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تی ژنانی كوردستاندا به‌ڕێوه‌ی بردووه. ته‌نانه‌ت كه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ناو ڕیزه‌كانی یه‌كیتی نیشتمانیدا له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وتاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ژنان كراوه بدرێته دادگا ئه‌وا نه‌وشیروان مسته‌فا ناوی له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیتی نیشتمانیدایه. له‌وه‌ش زیاتر نه‌وشیروانێك كه‌ئه‌مرۆ به‌به‌رگی "گۆران"ه‌وه هاتۆته‌مه‌یدان تائێستا قاچێكی له‌نێو یه‌كیتی‌دا ماوه و خۆی به‌میراتگری یه‌كیتی داده‌نێت. ژنان ده‌بێ چ چاوه‌ڕوانیه‌كیان له‌لیستی گۆڕان داهه‌بێت كه‌خودی سه‌ركرده‌كه‌ی كه نه‌وشیروانه و باوه‌ڕی نه‌ك به‌مه‌سه‌له‌ی ژنان نییه‌و له‌مه‌وقعی پیاوسالاری كۆمه‌ڵگاوه باس له‌گۆڕان وچاكسازی ده‌كات، بگره به‌ئاشكرا له‌یه‌كێك له‌گۆڤاره‌كانی كوردستاندا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه‌شتێك نییه به‌ناوی مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌وه. ئه‌وه‌ی كه‌لیستی گۆران تائیستا جگه‌له باسی گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت و جیاكردنه‌وه‌ی حزب له‌حكومه‌ت ته‌نهایه‌ك ڕسته‌ی له‌سه‌ر ماف وئازادی و هه‌موو ئه‌و تاوانانه نه‌كردووه كه‌جه‌هه‌نه‌مێكی بۆ ژنانی كوردستان هه‌ڵخستووه. خۆی نیشانه‌ی دووری و بێ‌بڕوایی سه‌رانی پیشه‌وه‌ی ئه‌م لیسته‌یه به‌گێشه‌ی ژنان. ئایا لیستێكی ئاوا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سبیه‌نێ‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا شانسی حكومه‌ت و زۆرێنه‌ی په‌رلمانی بێته ده‌ست ده‌بێ چ شتێكی لێ چاوه‌ڕوان بكرێ؟ ئایا لیستێك كه‌سه‌رۆكه‌كه‌ی باوه‌ڕی به‌مه‌سه‌له‌ی ژنان نه‌بێت و ته‌نها یه‌ك ووته‌ی بۆدیفاع له‌ژنان له‌ده‌م نه‌هاتبێته ده‌ره‌وه، ده‌توانێ چ گۆڕانێك له‌وه‌زعیه‌تی ناهه‌مواری ئێستای ژناندا به‌دیبهێنێت. له‌كۆمه‌ڵگای كوردستاندا مادام چه‌وسانه‌وه‌و هه‌لاواردن وتوندوتیژی وبێمافی له‌سه‌ر ژنان یه‌ك واقعیه‌ته، خۆی له‌خۆیدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كاته پێوانه‌یه‌ك بۆ حوكمی پێشكه‌وتنخوازی ودلسۆز به‌خه‌ڵك وكۆمه‌لگاو به‌تایبه‌تیش ده‌یكاته پێوانه‌یه‌ك بۆ ده‌رخستنی هه‌ر لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌ك كه‌باس له‌گۆڕان وچاكسازی ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه لیستی گۆڕان نه‌ك هه‌ر بروای به‌ژنان وكێشه‌كه‌ی نییه، بگره خۆی بۆته به‌ربه‌ستێكی كۆمه‌لایه‌تی له‌سه‌ر ڕێگای خه‌باتی ژنان و ریكخراوه‌كانیان بۆ به‌دیهنانی خواسته‌كانی ژنان و گێرانه‌وه‌ی حه‌یسیه‌تی ئینسانیان. بۆیه نابێ ژنانی كوردستان له‌ڕوانگه‌ی كێشه‌ی ئه‌م لیسته‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كیتی وتاڵه‌بانیدا بۆی بڕوانن، به‌ڵكو ئه‌مانه دوو ڕووی یه‌ك پاره‌ن و ده‌بێ بایكۆت بكرێن.
لیستی چوارحزبه‌كه:
پێكهێنه‌رانی ئه‌م لیسته كه‌له‌دوو حزبی ئیسلامی و زه‌حمه‌تكێشان و سۆسیالیست پێكهاتووه، لیستێكی كۆنه‌په‌رست و دژ به‌ژنانی له‌خۆیدا كۆ كردۆته‌وه. ئه‌مانه كه‌خۆیان له‌پاڵ ده‌سه‌لاتی دژ به‌ژنی ئێستادا ڕاوه‌ستاون وبه‌پاره وپول و ته‌ئیدی یه‌كیتی وپارتی دوكان وبازاڕی سیاسه‌ت ده‌گێرن، جگه‌له ئه‌ڵقه‌ی ته‌واوكردنی ده‌سه‌لات و یاسای زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا رۆڵێكی ئه‌و تۆیان لێڕه‌چاو ناكرێ كه‌كارێك بكه‌ن به‌قازانجی ژنان. له‌وه‌ش زیاتر باڵێكی سه‌ره‌كی ئه‌م لیسته كه ئیسلامیه‌كانن خۆیان هانده‌ری كوشتنی ژنان و داسه‌پاندنی فه‌رهه‌نگی ئیسلامین به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، تاراده‌ی ئه‌وه‌ی كه مادام خوا‌و شه‌ریعه‌ت ڕێگا به‌ژنان نادات وه‌ك ئینسان مافیان هه‌بێ و وه‌ك هاولاتیه‌كی نێوكۆمه‌ڵگا یه‌كسان بن، ئه‌و هه‌قه‌یان به‌خۆیان داوه كه به‌شمشێری شه‌ریعه‌ته‌وه له‌به‌رامبه‌ر ژناندا ڕابوه‌ستن و بێكه‌نه پێوانه‌یه‌ك بۆ ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگای كوردستان، تا ژنان له‌پشتی په‌ره‌ده‌وه و به‌به‌رگی حیجابه‌وه ڕابگیرن و له‌بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زه‌واجی ئیسلامی‌دا ببنه كه‌ره‌سته‌ی شه‌هوانی وله‌زه‌تی پیاوان. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ڕۆژێك كۆمه‌ڵگای كوردستان ببێته ده‌وڵه‌ت وسیسته‌مێكی مۆدێرن و لانی كه‌می یاسای هاولاتی یه‌كسانی تێدا به‌ڕێوه بچێت، ئه‌وا حزبه‌كانی نێو ئه‌م لیسته هه‌رگیز له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه قه‌بوڵناكرێن و شوێنپَكیان بۆنامێنێته‌وه. ژنان ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌م لیسته بده‌ن، به‌مانای ده‌نگدانیانه بۆ حكومه‌تێكی ئیسلامی كه‌ڕاسته‌وخۆ كۆیله‌یه‌تی ئینسانی ژنی كردۆته به‌رنامه‌ی خۆی. ئایا هه‌قه ژنان كۆیله‌یه‌تی خۆیان قه‌بوڵ بكه‌ن؟ ئایا ئه‌وان له‌ڕیزی ئینسانه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بۆئه‌وه‌ی حورمه‌تی ئینسانی و هاولاتی خۆیان جێگیر بكه‌ن، هه‌ق وانییه نه‌ك هه‌ر بایكۆتی ئه‌م لیسته‌و حزبه‌كانی بكه‌ن به‌ڵكو تێبكۆشن بۆئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌خاڵه‌ت گه‌رانه‌یان له‌حكومه‌ت ویاسا و ده‌سه‌لاتدا ببڕن؟
لیستی حزبی شیوعی:
ئه‌م لیسته كه‌پێكهاته‌كه‌ی له‌حزبی شیوعی كوردستان وڕێكخراوه هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیونال ڕیفۆرمیستی حزبی شیوعی عێراقی، له‌چه‌شنی پارتی كار‌و دیموكراتیخوازان وشتی له‌م بابه‌ته پێكهاتووه، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه لیستی سه‌لامه‌تین و ده‌ستیان له‌سه‌ر كلاوه‌كه‌ی سه‌ریان داناوه تا نه‌بادا كارێك بكه‌ن دڵی یه‌كیتی وپارتیان لێ بڕه‌نجێت وبودجه‌و ئیمتیازاتی وه‌زیرو په‌رله‌مانه‌كه‌یان لێببڕن، ئه‌م لیسته وحزبه پێكهنه‌ره‌كانی له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتدار له هاوپه‌یمانێتی دابوون وله‌لایه‌كی تریشه‌وه دۆستایه‌تی ئیسلامیه‌كانیان قه‌بوڵ كردووه، ته‌نانه‌ت به‌درێژایی "ئه‌زمونێك" كه‌ناسیونالیزم پێشكه‌شی ژنانی كردووه بێده‌نگ دانیشتون و هه‌ڵوێستێكی جدیان له‌مه‌ڕ ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه نیشان نه‌داوه كه‌بۆ ژنان هه‌ڵخراوه . ئه‌م لیسته كه‌ده‌بوایه به‌پێ‌ی مه‌نتقی شیوعی بوونه‌كه‌ی فاكتۆرێكی ئاكتیڤی نێو په‌رلمان وحكومه‌ت بوایه بۆ جێخستنی یاسای یه‌كسانی باری كه‌سێتی، و بگره به‌توندی له‌دژی كوشتنی ژنان و جیاكاریه‌ك كه‌له‌یاسا و كۆمه‌لگادا به‌ڕیوه ده‌چێت له‌شه‌ڕدا بووایه، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌نها ئه‌وكاتانه له‌كه‌نار ژنان و مه‌سه‌له‌كه‌یدا بووه كه‌دڵی یه‌كیتی وپارتی نه‌ڕه‌نجێنێت و ئه‌زمونه‌كه تێك نه‌چێت. دیاره لیستێكی ئاوا به‌شنه‌ی بای باهۆزی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی كه‌به‌توندی پاڵی به‌پیاوسالاری و شه‌ریعه‌تی ئیسلامیه‌وه داوه، سیاسه‌ت ده‌چه‌رخێنێ و زۆرجاریش ئه‌و ده‌سته‌واژانه كاوێژ ده‌كاته‌وه كه‌له‌زاری ڕاگه‌یاندنه‌كانی یه‌كیتی وپارتییه‌وه داكه‌وتووه، له‌چه‌شنی ئه‌وه‌ی جاری دبێ مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان جێگیر بكه‌ین، ژنان ده‌بێ سه‌بر بكه‌ن تا ناوچه داگیركراوه‌كان بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وشتی له‌م جۆره. كه‌وایه ژنان ده‌بێ چ چاوه‌ڕوانیه‌كیان هه‌بێ له‌وه‌ی كه‌ئه‌م لیسته كارێك بۆ ژنان بكات كاتێك بگاته په‌رلمان وحكومه‌ت!! ئایا لیستێكی ئاوا كه‌له‌باری سیاسی‌یه‌وه ده‌ست سپییه له‌به‌رامبه‌ر وه‌زعیه‌تی ناهه‌مواری ژنانی كوردستاندا ده‌توانێ نوێنه‌ری گۆرانێك بێت به‌قازانجی ژنان له‌كۆمه‌ڵگادا؟
ئه‌مانه ئه‌و لیسته سه‌ره‌كیانه‌یه كه‌له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن وئه‌وه‌ش به‌رنامه‌و مێژوویانه له‌به‌رامبه‌ر ژنان و كێشه‌كانیاندا. به‌م واقعیه‌تانه‌وه پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ڕه‌وایه ژنان ده‌نگ بۆ هه‌ر لیستێكی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رلمان بده‌ن؟
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌ماهیه‌ت و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م لیستانه‌ی ئاماژه‌یان بۆكرا، جیگای هیچ ئومیدێكی ژنان و خواسته‌كانی ئه‌وان نیین. هه‌ر بۆیه ژنانی كوردستان وڕێكخراوه‌كانیان، نابێت به‌قه‌د سه‌ره ده‌رزییه‌ك ئۆمێدی گۆڕان وچاكسازی به‌م لیستانه‌و سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یانه‌وه گرێ بده‌نه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ بزوتنه‌وه‌ی ژنان له‌كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ناسیونالیزمی كورد و سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی حزب وده‌ست وپێوه‌نده‌كانیان ڕابوه‌ستن و بۆئاینده‌ی خۆیان بڕوانن. بایكۆتكردن و ده‌نگنه‌دان وبه‌شداری نه‌كردن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نها هه‌ڵوێستی شیاو و دروسته كه‌ده‌بێ ژنان و ڕێكخراوه‌كانیان وه‌ك وه‌لامێك به‌مێژوو كارنامه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردایه‌تی و لیسته ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانی بێده‌نه‌وه.
20/5/2009