Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئایا ئایینده‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت  … ؟

ئایا ئایینده‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت … ؟

Closed
by May 30, 2009 گشتی

ئایا ئایینده‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت  … ؟
سه‌روه‌ر كه‌ریم

Sarwar_kareem@yahoo.com

 

به‌ر له‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ ئایینده‌ی عێراق به‌ره‌و دیموكراسی ده‌چێت ده‌بێت كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌و سه‌یری شێوازی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و پێكهاته‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكه‌ین‌و بزانین تا چه‌ند باری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق یارمه‌تی ده‌ربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی چه‌كه‌ره‌ بكات‌و بڵاوبێته‌وه‌، تا ئه‌و پێكهاتانه‌ نه‌ناسین‌و ده‌ست نیشانی فاكته‌ره‌كانی نه‌كه‌ین ناتوانین ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ، له‌باره‌ی دیموكراسی بوونی عێراق، یاخود نه‌بوونی به‌ده‌سن بهێنین، چونكه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌بێ‌ ده‌ست نیشان كردنی پێك هاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌كانی له‌ قۆناغه‌كانی دروست بوونییه‌وه‌ نه‌ناسین ناتوانین كاركرد‌و جۆری سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بناسین، به‌نه‌ناسینی جۆری پێك هاته‌كان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیش ناتوانین بڕیار له‌سه‌ر هیچ پێناسه‌یه‌كی دیاری كراو بده‌ین.
كۆمه‌ڵگای عێراق، كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوی سونه‌تی ئایینی بووه‌و به‌درێژایی مێژوو هه‌تا دروست كردنی یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ریتانیا، پیك هاته‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق به‌سه‌ر خێڵا‌و ناوچه‌و تیر‌و مه‌زهه‌ب گه‌رایی دابه‌ش بوو، هه‌ر یه‌كێكیكش له‌و پێك هاتانه‌ خاوه‌نی خه‌سڵه‌ت‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بوون‌و هه‌ڵگری یه‌ك دنیا جیاوازیش بوون له‌گه‌ڵا یه‌كدی‌و تا ئه‌و په‌ڕی ئاستی توند‌و تیژیان به‌رامبه‌ره‌ یه‌كدی به‌كارهێناوه‌و كاری ڕۆژانه‌یان شه‌ڕ‌و تاڵان‌و داگیركردن‌و ده‌ست درێژی بووه‌ بۆ سه‌ر یه‌كتری‌و هیچ كات گوێیان به‌ژیانی لێبورده‌یی‌و گوێ‌ له‌یه‌كتر گرتن نه‌داوه‌، بۆیه‌ ده‌بینین خێڵه‌كانی ناو عێراق هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان دژی هه‌ر جۆره‌ ئازادی‌و مافێك بووه‌ بۆ خێڵه‌كانی تر‌و به‌رده‌وام ئه‌وه‌ له‌ سایكۆژیه‌تیاندا كاری كردوه‌ كه‌ چۆن ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاد بكات‌و داگیر بكات، بۆ ئه‌م كاره‌ش له‌شه‌ڕی ڕۆژانه‌و داگیركاری‌و وێران كاری دا بووه‌، به‌بێ‌ گوێ‌ دانه‌ هیچ قیه‌میكی مرۆڤانه‌و به‌ده‌وام له‌سه‌نگه‌ر گرتن دا بووه‌، له‌دژی خێڵا‌و تایفه‌‌و مه‌زهه‌به‌كانی تر، ئه‌مه‌ش تاكی عێراقی گه‌یاندووه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی دڵا ڕه‌قی‌و خوین ڕشتن‌و ئاسایی ترین كار له‌لای تاكی عێراقی خوێن ڕشتن‌و له‌ناوبردن بووه‌و ئه‌و سیمایه‌ش به‌ئاسانی به‌مێژووی خوێناوی عێراقه‌وه‌ ده‌ببینرێت‌و كاروكرده‌كانی خێڵا‌و ئایینه‌ جیاوازه‌كان له‌ عێراقدا‌و شه‌ڕ‌و كارولكاری‌و ده‌ست درێژیه‌كانیان بۆ سه‌ر یه‌كتر‌و ڕێژه‌ی قوربانیه‌كانی ده‌ستی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌، له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه‌و كار له‌ناو سایكۆلۆژیه‌تی پیك هاته‌ جیاوازه‌كانی عێراق ده‌كات.
په‌یوه‌ست بوونی تاكی عێراقی به‌سایكۆلۆژیه‌تی دڵا ڕه‌قی‌و فه‌لسه‌فه‌ی خوێن، له‌خۆڕا‌و له‌خۆوه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كه‌لتوره‌ دوور‌و درێژه‌ی كۆی عه‌قڵیه‌تی عه‌ره‌بی بیایانه‌، كه‌ له‌ڕابوردودا‌و خێڵا‌و تیره‌كانی عه‌ره‌بی دورگه‌ی عه‌ره‌بی شه‌هامه‌ت‌و پیاوه‌تی له‌لایه‌ن داگیركردن‌و تاڵان كردن‌و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی یه‌كتر‌و شه‌ڕی هه‌مه‌ ڕۆژه‌، ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین سیفه‌تی عه‌ره‌ب بووه‌ به‌گشتی‌و به‌ر له‌هاتنی ئیسلام‌و دوای هاتنی ئیسلامیش به‌جۆرێكی تر ئه‌و سایكلۆژیه‌ته‌ی له‌لای تاكی عێراقی قوڵا كردوه‌و بگره‌ هانده‌ریش بوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر عه‌قڵیه‌تی داگیركاری‌و تاڵانكردن په‌ره‌بسێنێ‌‌و ناكۆكی نێوان خێڵه‌كانی عه‌ره‌ب زیاتر بكات‌و فه‌لسه‌فه‌ی خوێن ڕشتن‌و دڵا ڕه‌قی په‌ره‌ی زیاتر بسێنێ‌، ڕه‌وشتی داگیركاری‌و تاڵانكردن له‌لای عه‌ره‌ب به‌گشتی‌و عه‌ره‌بی عێراقیش به‌تایبه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی مانه‌وه‌ عه‌قڵیه‌ت بووه‌و به‌رده‌وام ئه‌و سایكلۆژیه‌ته‌ گه‌شێنراوه‌ته‌وه‌و كاری له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ په‌لاماری خێڵه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كتری‌و شه‌ڕی نێوان مه‌زرهه‌ جیاوازه‌كانی ناو یه‌ك ئایین مێژوویه‌یكی خوێناوی زۆری هه‌یه‌ له‌لایه‌ هه‌ر دوو مه‌زهه‌بی (شیعه‌و سونه‌) له‌ته‌واوی ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشنیه‌كانه‌وه‌ به‌عێراقیشه‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ خاوه‌نی عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕانگێزی‌و نه‌فی كردنه‌وه‌ی ئه‌وی تر بووه‌و هه‌رگیز باوه‌ڕیان به‌گفتوگۆكردن نه‌بووه‌و خه‌ریكی كاری سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بوون‌و له‌و پێناوه‌ش دا ده‌ریایه‌ك خوێن ڕژێنراوه‌، بۆیه‌ خێڵه‌كانی عه‌ره‌ب، به‌رده‌وام له‌خۆ ئاماده‌كردن‌و خۆ پڕ چه‌ك كردن دا بوون له‌ترسی یه‌كتری‌و هه‌نگاونانیش بۆ داگیركردنی یه‌كتر‌و تاڵان كردنی یه‌كتری، چونكه‌ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتبوو ژیانی ڕۆژانه‌ی به‌ده‌سكه‌وتی شه‌ڕی ڕۆژانه‌ دابین بكات، هه‌ڵبه‌ته‌ ئیسلامیش وه‌ك له‌پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد ده‌روازه‌یه‌كی تر بوو بۆ پڕكردنی سایكلۆژیه‌تی تاكی عه‌ره‌بی بۆ داگیركردن‌و تاڵان كردن، به‌ناوی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایین‌و په‌یداكردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها‌و دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌ت، داگیركاریه‌كانی ئیسلام بۆ ناوچه‌كان شایه‌دی ئه‌و ڕاستیه‌ن.
دیاره‌ تاكی عێراقیش په‌روه‌ردی ئه‌و عه‌قڵیه‌ت‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی داگیركردن‌و تاڵانكردن دا بێت‌و ئه‌و ڕه‌وشه‌ش له‌ عێراق دا هه‌زاران ساڵی خایاندوه‌و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ به‌و شێوه‌ عه‌قڵیه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ كراوه‌و بۆ نه‌وه‌كانی دواتر گواستراوه‌ته‌وه‌و بوار نه‌دراوه‌ لێبورده‌یی له‌ عه‌قڵیه‌تی تاكی عێراقی دا گه‌شه‌ بكات‌و لێك نزیك بوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ ژیان، عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕانگێز‌و كوشت‌و بڕ‌و كاولكاری بسڕێته‌وه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای عێراقی خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شه‌ڕی خوێناوی ناو خێَڵا‌و پێك هاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایینییه‌كانه‌وه‌و ئه‌و شه‌ڕانه‌ش به‌ درێژایی مێژوو چه‌ند باره‌ بوونه‌ته‌وه‌و قوربانیه‌كانیش ڕوو له‌زیاد‌و زیاتتر كردووه‌و ناكۆكی نێوان ئه‌و پێك هاتانه‌ش قوڵا تر‌و خوێناوی تر بووه‌، ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ناو پێك هاته‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراق وای كردبوو، كه‌ هیچ كاتێك نه‌توانن بوار بۆ هوشیاری له‌باره‌ی ماف‌و ئازادیه‌كانی یه‌كتر بكه‌نه‌وه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ فێری ژیانی دوور له‌ ڕق‌و شه‌ڕ بن.. بوونی ئه‌و سایكلۆژیه‌ته‌ وای كردبوو، به‌رده‌وام ڕه‌وشی عێراق ئاڵۆز‌و ناله‌بار بێت‌و شه‌ڕی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری به‌رده‌وام بێت‌و نه‌توانن ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن پێك بهێنن‌و خۆیان له‌سه‌ر ژیانی مه‌ده‌نی ڕابهێنن‌و نه‌وه‌كان به‌ عه‌قڵیه‌تی قبوڵا كردنی ئه‌ویتر به‌هه‌موو جیاوازیه‌ ئایینی‌و مه‌زهه‌بیه‌كانه‌وه‌ قبوڵا بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ریتانیا له‌ عێراق دروست ده‌كرێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دورست ده‌كرێت‌و هیچ بنه‌مایه‌كی به‌شداری كردنی هاوڵاتیانی عێراقی تیا نییه‌و، له‌ماوه‌یه‌كی كورت دا شه‌ڕی دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ست پێده‌كات، چونكه‌ تاكی عێراقی تاكێكی شه‌ڕانگێز‌و دڵا ڕه‌قه‌و ئاماده‌ی ژیانی پێكه‌وه‌یی نیه‌، شه‌ڕه‌كان دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی هه‌تا ساڵی (1958) ده‌خایه‌نێت چه‌ندین شه‌ڕی خوێناوی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی‌و ئه‌وانی تردا ڕوو ده‌دات‌و هه‌تا ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، كه‌ مێژووی عێراق شاهیدی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چ ڕق‌و دڵا ڕه‌قیه‌ك له‌ناو دڵی تاكی عێراقی دا دژی پاشایه‌تی په‌نگی خواردوه‌ته‌وه‌و له‌كاتی ڕوخاندنی دا چۆن سوكایه‌تی به‌جه‌سته‌ی كوژراوه‌كان كراوه‌و ئه‌و سیناریۆیه‌ش له‌ ڕووخاندی قاسمیه‌كانیش دووباره‌ بوه‌وه‌و به‌هاتنی به‌عسیش هه‌مان سیناریۆ كاری كردوه‌ له‌ناو عه‌قڵیه‌تی تاكی عێراقی‌و به‌عس به‌و په‌ڕی دڕندانه‌ كوشت‌و بڕی ئه‌نجام داوه‌و په‌ره‌شی به‌ عه‌قڵیه‌تی سڕینه‌وه‌و ئه‌وی تر داوه‌و شه‌رعیه‌تیشی به‌خۆی داوه‌.. كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی ئه‌و عه‌قڵیه‌ت‌و كه‌لتور‌و سایكۆلۆژیه‌ته‌ بێت، ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌وی تر قبوڵا بكات‌و ده‌ست به‌رداری شه‌ڕ‌و كوشتن‌و تاڵانكاری بێت، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین لێیه‌وه‌ قسه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كانی دیموكراسی بكه‌ین، چونكه‌ دیموكراسی له‌ ساده‌ترین پیناسه‌دا قبوڵا كردنی جیاوازیه‌كان‌و ئازادیه‌كانی ئه‌وی تره‌، كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ڕانه‌هاتبێ‌، سانا نییه‌ به‌ره‌و دیموكراسی هه‌نگاو بنێت..
كۆمه‌ڵگای عێراقی هه‌زاران ساڵه‌ موماره‌سه‌ی توند‌و تیژی‌و دڵا ڕه‌قی ده‌كات‌و تائێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ خوێن ڕشتن‌و ئازادی ده‌ورنی، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی له‌بواری زانست‌و زانیاری‌و ته‌كنه‌لۆژیادا ڕووی داوه‌، كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی‌و گۆڕینی ئاڕاسته‌ی توندوتیژی‌و دڵا ڕه‌قی، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ كه‌مترین كاردانه‌وه‌ی له‌لای تاكی عێراقی نه‌بووه‌‌و ئێستاش كۆی ئه‌و عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕانگێزی‌و قبوڵا نه‌كردنی ئه‌ویتر‌و به‌كارهێنانی تا ئه‌و په‌ڕی توند‌و تیژی له‌ناو پێك هاته‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراق دا ئیش ده‌كات، تائێستاش شه‌ڕی ئه‌تنیكی‌و تایفی‌و مه‌زهه‌بی له‌ عێراقدا به‌شێوه‌ ناشیرینه‌كه‌ی بوونی هه‌یه‌و كۆی پێك هاته‌ حزبی‌و ڕێكخراوه‌یی‌و مه‌زهه‌به‌ جۆراوجۆره‌كان شه‌ڕ له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن، گه‌رچی ئێستا ئه‌و ناكۆكیه‌ خوێناویانه‌ له‌چوار چێوه‌ی مۆدێرن تر له‌ خێڵا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌تی خێڵا كار ده‌كه‌ن‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌و له‌ناوبردنی یه‌كتری ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌كان بۆ به‌دیموكراسی بوونی عێراق له‌ئێستادا‌و دوای (86) ساڵا له‌دروست بوونی یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت له‌ عێراق دا ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌و به‌م عه‌قڵیه‌ت‌و كه‌لتور‌و ڕۆشنبیری شه‌ڕانگێزییه‌وه‌.. چونكه‌ تاكی عێراقی تاكێكه‌ به‌رده‌وام له‌نه‌ستی دا هه‌ستی سڕینه‌وه‌و له‌ناوبردن كار ده‌كات،ـ كۆڕینی ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ته‌ش كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌، ئایدیایه‌ك بتوانێت كه‌لتورێكی هه‌زاران ساڵه‌ بسڕێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ویستی خودی‌و په‌رۆشی خودی بۆ گۆڕانكاری بوونی نه‌بێت.
تاكی عێراقی كه‌مترین ئاماده‌یی له‌خۆنه‌گرتوه‌ بۆ گۆڕانكاری له‌ عه‌قڵیه‌ت‌و سایكۆلۆژیه‌تی داو به‌رده‌وام نه‌وه‌كان به‌ كه‌لتوری‌و ڕۆشنبیری كۆن ده‌مه‌زه‌رد ده‌كرێنه‌وه‌و كار له‌سه‌ر سایكلۆژیه‌تیان ده‌كرێ‌‌و هان ده‌درێن بۆ شه‌ڕانگێزی‌و له‌ناوبردنی یه‌كتری، ڕۆژانه‌ مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كان نه‌وه‌كانیان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تر‌و، ئه‌تنیكه‌ جیاوازه‌كان كار بۆ له‌ناوبردنی یه‌كتری ده‌كه‌ن‌و ئه‌و ڕۆشنبیریه‌ به‌نه‌وه‌كانیان ده‌ده‌ن‌و هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ لێبورده‌یی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و سڕینه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی خوێن كار ناكات.. گه‌رچی له‌دوای پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی عێراقه‌وه‌ هه‌زاران ڕێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی دروست بوون‌و ڕێژه‌ی دروست كردنی حزب زۆر فراوان بووه‌، سێ‌ جار هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ناتوانین هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ به‌سه‌ره‌تایه‌ك به‌ره‌و دیموكراسی سه‌یر بكه‌ین، چونكه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و پێك هاتانه‌و به‌شداری كردنیان له‌و پرۆسانه‌دا، جگه‌ له‌ڕق له‌به‌رامبه‌ر‌و سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هیچ شتێكی تریان نییه‌، دوای سێ‌ ساڵا له‌و پرۆسه‌یه‌ ئێستایش گه‌وره‌ترین خوێن ڕێژی له‌ عێراقدا ئه‌نجام ده‌درێت‌و ڕۆژانه‌ موماره‌سه‌ی دڵا ڕه‌قی‌و خوێن ڕشتن ئه‌نجام ده‌ددرێت‌و هیچ یه‌كێك له‌و كاره‌ ناشرینانه‌ دڵی تاكی عێراقی ئازار نادات‌و جۆرێك له‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر سایكلۆژیه‌تیاندا ناهێنێت، كه‌ ئه‌و هه‌موو ڕق‌و خوێن ڕشتنه‌ چی سودێك به‌ مرۆڤ‌و خه‌ونه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت.. تائێستاش تاكی عێراقی به‌ناشیرین ترین شێوه‌ مرۆڤ كوژی ئه‌نجام ده‌دات، كه‌ ئه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی هه‌زار ساڵا به‌ر له‌ئێستایه‌و تاكی عێراقی گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكی عێراقی هه‌ر له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌گۆڕانكاری نییه‌و ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌هه‌ویه‌تی شه‌ڕانگێزی خۆیه‌وه‌ بگرێ‌‌و كاری له‌سه‌ر بكات‌و ڕۆژانه‌ ئه‌نجام دانی ئه‌و شێوه‌ شه‌ڕانگێزه‌ له‌ عێراق دا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌و تا ئێستا زمانی گفتوگۆكردن زۆر لاوازه‌، له‌به‌رامبه‌ری دا زمانی شه‌ڕ‌و سڕینه‌وه‌و كوشتن زۆر به‌هێزو ئاساییه‌ ، دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی زۆر لاوازن‌و هه‌ندێكی زۆریان هیچ كاریگه‌ریان نییه‌و هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا سه‌ر به‌و حیزب‌و پێكهاتانه‌ن، كه‌ دژی گۆڕانكاری‌و عه‌قڵیه‌تی شه‌ڕانگێزین، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن، ئه‌گه‌رچی گۆڕانكاری به‌ره‌و دیموكراسی له‌ عێراق دا زۆر لاوازه‌و به‌م شێوه‌ ژیانه‌و موماره‌سه‌كردنی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دورین له‌وه‌ی بتوانین ڕابێت، یاخود كار بۆ به‌دیموكراسی كردنی كۆمه‌ڵگا بكه‌ین، كۆمه‌ڵگایه‌ك تاسه‌ر مۆخ‌و ئێسقان دژی ئازادی‌و مافه‌كانی ئه‌وی تر بێت‌و ئاماده‌ی گوێ‌ گرتن نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت ژیانی دیموكراسی‌و مه‌ده‌نی قبوڵا بكات، كه‌ گرنگترین بنه‌ماكانی ژیانی دیموكراسی قبوڵا كردنی ئه‌ویتر‌و جیازازیه‌كانه‌… بوونی ده‌ستووری مه‌ده‌نی‌و ده‌وڵه‌تی یاسایه‌، ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای مافه‌كانی مرۆڤ‌و قبوڵا كردنی ته‌واوی بیروڕا ئازاده‌كان‌و ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌رییه‌كانی مرۆڤ.. عێراق هیچ یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی تیا نییه‌و تا ئێستا هه‌چ ده‌ستور‌و ده‌سه‌ڵاتێك هاتبێته‌ سه‌ر حوكم ئاماده‌ نه‌بوو جیاوازییه‌كان قبوڵا بكات‌و به‌رگری له‌ماف‌و سه‌روه‌رییه‌كانی مرۆڤ بكات، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌، یان له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی، یاخود عرقی دامه‌زراون‌و كاریشیان بووژاندنه‌وه‌ی دڵا ڕه‌قی‌و خوێن ڕشتن بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌ دواكه‌وتونه‌ ئه‌وه‌ له‌ژیانی مه‌ده‌نی‌و یاسایی، كه‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی هاولاتیان بێت به‌بێ‌ جیازازی ڕه‌گه‌زی‌و ئه‌تنیكی‌و تایفی… ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ئێستاشه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی فره‌ییه‌و له‌ده‌سه‌ڵات‌و په‌رله‌مان‌و ده‌ستوری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی قبوڵا كردن نییه‌ جیاوازی ئه‌تنیكی‌و مه‌زهه‌بیه‌‌و ڕۆژانه‌ كێشه‌ی ئازادی بیروڕا هه‌یه‌و ناكۆكیه‌ مه‌زهه‌بیه‌كانی عێراق له‌ئاستی خوێن ڕشتن دایه‌و هیچ جۆره‌ یاسایه‌كی مه‌ده‌نی بوونی نییه‌و ڕۆژانه‌ تاكه‌كانی عێراق ده‌بنه‌ سوته‌مه‌نی ده‌ستی تیرۆر‌و قبوڵا نه‌كردنی ئازادی ئه‌ویتر. ئه‌م شێوه‌ كاركردنه‌ی تاكی عێراقی دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانیوه‌ بچوكترین بنه‌مای دیموكراسی قبوڵا بكات، كه‌ مافی ئازادی هاوڵاتیانه‌ به‌ جیاوازیه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای عێراقی زۆری ماوه‌ بگات به‌هه‌نگاو نانی جدی به‌ره‌و دیموكراسی، چونكه‌  ئه‌زموونی ئه‌و هه‌موو وێرانكاری‌و خوێن ڕشتنه‌ نه‌یتوانیوه‌ تاكی عێراقی فێری خۆشویستنی ژیانیان بكات، به‌ڵكو كۆی ئه‌زموونه‌كان تاكی عێراقیان فێری ژیانی دڵا ڕه‌قی كردوه‌و ئێستاش تاكی عێراقی زۆری حه‌ز له‌ خوێن ڕشتن‌و ته‌ماشاكردنی خوێنی ڕژاوه‌، بۆیه‌ له‌م جۆره‌ ژینگه‌یه‌دا هه‌نگاونان بۆ گۆڕانكاری زۆر قورس‌و پڕ له‌ گرێ‌‌و گۆڵه‌و بنه‌ماكانی عه‌قڵی دیموكراسی له‌ عێراق دا زۆر لاوازه‌، به‌و مانایه‌ش نا كه‌ هه‌ر هیچ بنه‌مایه‌كی عه‌قڵی دیموكراسی بوونی نییه‌، به‌ڵام كه‌مترین بوار له‌به‌رده‌م  ئه‌گه‌ری هه‌نگاونان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئێستای كۆمه‌ڵگای عێراقدا، كه‌ كێشه‌ سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌لایه‌تیه‌كان له‌ ئه‌زمه‌یه‌كی زۆر قوڵا دایه‌و ڕۆژانه‌ خوێن ڕشتن ڕوو ده‌دات‌و ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ سایكلۆلۆژیه‌تی زۆرینه‌ی تاكه‌كانی داگیركردووه‌و ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نامه‌ده‌نییانه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ر داخوازیه‌كی هاوڵاتیان ده‌وه‌ستێته‌و زۆر دژی گۆڕانه‌و نایه‌وێت ژیانی گۆڕانكاری قبوڵا بكات، ئێستایش له‌ عێراق دا حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی دیموكراسیانه‌ پێك نایه‌ت‌و بگره‌ له‌رێگه‌ی ڕێكه‌وتنی ته‌یاره‌ جیاوازه‌كان‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێكی ده‌هێنن، كه‌ئه‌مه‌شیان دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌ره‌و دیموكراسی چوون‌و گۆڕانكاری جدی، له‌و كه‌لتوره‌ ناشرینه‌ی كۆمه‌ڵگای عێراقی‌و مه‌زهه‌بیش كه‌ ڕێگری جدییه‌ له‌ به‌مه‌ده‌نی بوون‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت زۆر به‌ قوڵی له‌ناو عه‌قڵیه‌ت‌و سایكۆلۆژیه‌تی تاكی عێراقی دا ئیش ده‌كات‌و له‌ده‌ستوریش دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، كه‌ دیاره‌ مه‌زهه‌ب زۆر دژی دیموكراسیه‌ته‌و به‌رگری له‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شمولی‌و كۆیله‌كردنی هاوڵاتیان ده‌كات.. بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسی له‌كۆمه‌ڵگای عێراق دا زۆر لاوازه‌و پێویستی به‌كاركردنی زۆر جدی هه‌یه‌، تا ئه‌وه‌ی بتوانرێت ده‌روازه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌، كه‌ عه‌قڵیه‌تی چه‌ق به‌ستوی تاكی عێراقی بشڵه‌قێنێ‌ بۆ گۆڕانكاری‌و ڕاهێنانیان له‌سه‌ر فره‌یی‌و ژیانی مه‌ده‌نی، كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌ به‌ره‌و دیموكراسی‌و قبوڵا كردنی یه‌كتری…
لایه‌نێكی تری لاوازی تاكی عێراقی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌زموونی له‌ژیانی ڕابوردو وه‌رنه‌گرتوه‌و به‌رده‌وام هه‌ڵه‌كان دوورباره‌ ده‌كاته‌وه‌و نایه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و گۆڕانكاری بنێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی تاكی عێراقی جۆرێك له‌ ڕه‌شبینی‌و بێ‌ ده‌ربه‌سته‌ به‌ئایینده‌و چاره‌نوسی خۆی‌و گوێ‌ به‌جۆری ژیان‌و ده‌سه‌ڵات نادات‌و خۆی دووره‌په‌رێز گرتووه‌و نایه‌وێت به‌شدار‌و چالاكی باری ژیان‌و گۆڕانكاری‌و جۆری ده‌سه‌ڵات بێت، بۆیه‌ تاكی عێراقی له‌زۆرترین حاڵه‌تدا بێ‌ ده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرت‌و چاوه‌ڕوانی فه‌رمان جێ‌به‌جێ‌ كردن ده‌كات، له‌كاتێكدا هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسی شه‌ڕی گه‌وره‌ی لاوانی ده‌وێت‌و كار بۆ گۆڕین بكات‌و دژی هه‌موو عه‌قڵیه‌تێكی كۆن‌و چه‌ق به‌ستو، لاوان كاتێك ئه‌و شه‌ڕه‌ ناكه‌ن به‌ دڵنیایی عه‌قڵیه‌تی ڕابوردو مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات‌و به‌و په‌ڕی توند‌و تیژیه‌وه‌ دژی هه‌موو جۆره‌ گۆڕانكاری‌و به‌ره‌و پێش چوونێكه‌و ناشیه‌وێت به‌ئاسانی قبوڵی ژیانی فره‌یی‌و ئازادی ئه‌وی تر بكات… بێ‌ ده‌ربه‌ستی لاوان به‌گۆڕانكاری وای كردووه‌ به‌رده‌وام ژیانی سیاسی به‌ده‌ستی عه‌قڵیه‌تی كۆن خوازیی‌و دژی گۆڕانكاریه‌وه‌ بێت‌و به‌ئاره‌زووی خۆی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بكات‌و لاوان‌و گۆڕانكاریه‌كانیش كۆت‌و زنجیر بكات‌و به‌ر به‌هه‌موو ئه‌گه‌رێكی نوێ‌ بگرێت… ئه‌و ئه‌زموون كردنه‌ی عه‌قڵیه‌تی كۆنخوازی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق دا له‌ (8) ساڵی ڕابوردودا به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌و كاری كردووه‌و دژی هه‌موو كرانه‌وه‌و گۆڕانكاریه‌ك وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام به‌ عه‌قڵیه‌تی كۆن حوكمی ووڵاتی كردوه‌و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو گۆڕانكاری‌و هه‌نگاوه‌ مه‌ده‌نی‌و دیموكراسیه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌نگاونانی جدی به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت لاواز‌و ئیفلیج كردووه‌و هه‌ر ئه‌گه‌رێكی واش هاتبێته‌ پێش به‌توندترین شێوه‌ سه‌ركوت كراوه‌… به‌هه‌ر حاڵا ئه‌گه‌ره‌كانی به‌دیموكراسی كردنی كۆمه‌ڵگای عێراقی فورسه‌تی له‌به‌رده‌م دا هه‌یه‌، به‌ڵام تا چه‌ند تاكی عێراقی ده‌ست به‌رداری ئه‌زموونی تاڵی ڕابوردوی پڕ له‌ خوێن ڕشتن ده‌بێت‌و گۆڕانكاریه‌كان قبوڵا ده‌كات‌و به‌گیانی سه‌رده‌مه‌وه‌ دێته‌ ناو كاركردنی سیاسی‌و كۆی پێك هاته‌كانی نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌یان گۆڕێت، كه‌ ئه‌مه‌یان كاری ئه‌م نه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌‌و جیهانگیریدا ده‌ژێت‌و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵا كۆی فكر‌و مه‌فاهیمه‌ نوێكان هه‌یه‌و ڕۆژانه‌ له‌مسی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌ (زانیاری‌و په‌یوه‌ندی كردن) ده‌كات‌و له‌ كورترین ماوه‌دا زۆرترین زانیاری له‌دوورترین شوێنی دنیا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، بۆیه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت هه‌نگاوی جدی هه‌ڵگرێت به‌ره‌و به‌دیموكراسی كردنی كۆمه‌ڵگا‌و گۆڕینی ئاراسته‌ باوه‌كانی كاركردنی نه‌وه‌كانی پێشوو، كه‌ دیاره‌ له‌ئێستای كۆمه‌ڵگای عێراق دا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و شێوازه‌ كاركردنه‌‌و گۆڕانكارییه‌كان، چونكه‌ ده‌زگا دیكتاتۆریه‌كان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌سپاو بوونی نییه‌و چه‌ند هێزێكی حزبی‌و میلیشیایی بوونی هه‌یه‌، ده‌كرێت له‌ئێستادا ئه‌م نه‌وه‌یه‌ فشاری جدی دروست بكه‌ن له‌سه‌ر حزب‌و میلیشیاكان بۆ چه‌سپاندنی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی كه‌ ته‌واوی بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌خۆبگرێ‌‌و یاسا باڵا ده‌ست بێت‌و مافه‌كانی هاوڵاتی بوون به‌بێ‌ جیاوازی ڕه‌گه‌زی بسه‌لمێنرێ‌‌و مافه‌ ئازادیه‌كانی هاوڵاتیان له‌ئازادی ڕاده‌ربڕین‌و مافه‌ ئابوریه‌كان بسه‌لمێنرێت، چونكه‌ ئێستا فورسه‌ت له‌باره‌ی داموده‌زگایه‌كی به‌هێزی سه‌ركوتگه‌ر بوونی نیه‌و ده‌كرێ‌ سود له‌م هه‌لومه‌رجه‌ وه‌ربگیرێ‌ به‌قازانجی گۆڕانكاری به‌ره‌و به‌دیموكراسی كردنی كۆمه‌ڵگا.
ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا ئه‌و كاره‌ نه‌كرێ‌، ئه‌وا به‌دڵنیایی فورسه‌ت له‌ده‌ست ده‌چێت‌و هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی به‌ره‌و دیموكراسی بوونی كۆمه‌ڵگا ده‌چێت، له‌بار ده‌چێت‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكتاتۆریانه‌ به‌رهه‌م دێته‌وه‌…

سلێمانی
24/5/2009

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.