A.1.2 واتای ئه‌نارکیزم چییه؟
به پێی ده‌ربڕینی پیته‌ر کرۆپۆتکین، ئه‌نارکیزم "سیستمێکی بێ میرایه‌تییه له سۆشیالیزم " [Anarchism, p. 46] به واتایه‌کی تر، "ئه‌نارکیزم به واتای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌هره‌کێشی مرۆڤ له لایه‌ن مرۆڤه‌وه، که هه‌مان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی (له‌وانه سه‌رمایه‌داری) و میرایه‌تییه." [Errico Malatesta, Towards Anarchism,", p. 75]
له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌نارکیزم تیئۆرییه‌کی رامیارییه و ئامانجی پێكهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌که به‌بێ پێکهاته‌ی قوچکه‌یی رامیاریی، ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئه‌نارکیسته‌کان پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن، که ئه‌نارکی، بێ سه‌روه‌ر، فۆرمی گونجاوی سیستمێكی کۆمه‌ڵایه‌تیی و بۆ سوودوه‌رگرتن له‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی فراوانی ئازادی تاکه‌که‌سی و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌باره. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوازیاری به‌دیهێنانی ئامانجگه‌لی ئازادی و یه‌کسانی وه‌ك ئاڵوگۆڕیكی پشتیوانی خۆین. یا به‌و جۆره‌ی که باکونین له ده‌ربڕینه به‌ناوبانگه‌که‌ی خۆیدا ده‌ڵێت:
"ئێمه به‌و بڕوایه گه‌یشتووین که ئازادی به‌بێ سۆشیالیزم واته سته‌م و ناداروه‌ری و سۆشیالیزم به‌بێ ئازادی واته کۆیله‌تی و دڕنده‌یی." [The Political Philosophy of Bakunin, p. 269]مێژووی کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان ئه‌م پرسه‌ی سه‌لماندووه، که ئازادی به‌بێ یه‌کسانی، ئازادییه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران، یه‌کسانیش به‌بێ ئازادی له توانادا نییه و ئاراسته‌کردنه به‌ره‌و کۆیله‌تی.
ئه‌گه‌ر چی جۆرگه‌لی جیاواز له ئه‌نارکیزم هه‌ن( له ئه‌نارکیزمی تاکگه‌را individualist anarchism وه بگره تا ئهنارکۆکۆمونیزم communist-anarchism… بۆ زانیاری زیاتر بنواڕنه به‌شی A.3) هه‌موویان دوو خاڵی هاوبه‌شیان له ناوه‌ڕۆکی خۆیاندا هه‌ڵگرتووه؛ دژایه‌تی له‌ته‌ك میرایه‌تی و دژایه‌تی سه‌رمایه‌داری. به قسه‌ی ئه‌نارکیستی تاکگه‌را به‌نیامین توکهر Benjamin Tucker ئه‌نارکیزم پێ له‌سه‌ر "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌هێشتنی قازانجخۆری؛ میرایه‌تی مرۆڤ به‌سه‌ر مۆرڤ و به‌هره‌کێشی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه" داده‌گرێت [cited by Eunice Schuster, Native American Anarchism, p. 140] ته‌واوی ئه‌نارکیسته‌کان به ئه‌ندازه‌ی ده‌وڵه‌ت و میرایه‌تی، سوود، به‌رتیل و کرێ وه‌ك قازانجخۆری ده‌بینن و له‌ته‌كیان و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که ده‌یانهێنێته بوون، دژایه‌تی ده‌که‌ن.
به شێوه‌یه‌کی گشتی، به‌پێی ده‌ربڕنی ل. سوزان براونL. Susan Brown له چوارچێوه‌ی "به‌سته‌رێکی هاوبه‌ش" ئه‌نارکیزم "ڕسواکردنی هه‌موو پایه‌به‌ندییه‌کی قوچکه‌یی و پاوانخوازیییه، له‌به‌رامبه‌ردا ئاره‌زوومه‌ندی خه‌باتکردنه بۆ ئازادی تاکایه‌تی مرۆڤ." [The Politics of Individualism, p. 108] بۆ ئه‌نارکیسته‌کان، تاوه‌کو مرۆڤ بۆ میرایه‌تی یا ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دار ملکه‌چ بێت، ناتوانێت به ئازادی بگات. به‌و جۆره‌ی که ڤۆلتارین دێ کلێیر Voltairine de Cleyre به کورتی ده‌ری ده‌بڕێت: "ئه‌نارکیزم … له توانادابوونی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك فێرده‌کات، که پێداویستی یه‌ك به یه‌کی مرۆڤه‌کان تێیدا دابین کراوه و په‌روه‌رده‌ی ته‌واوی هۆشیی و جه‌سته‌یی سه‌ردێڕی ژیانی هه‌مووانه … ئه‌نارکیزم فێرمان ده‌کات، که ده‌زگه‌ی نادادوه‌رانه و سته‌مگه‌رانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی هه‌نووکه‌یی، ده‌بێت له‌نێو ببرێت و له‌لایه‌ن سیستمێکه‌وه شوێنی بگیردرێته‌وه، که به‌بێ پێداویستبوونی خاوه‌نکار که کرێکار ناچار ده‌بێت به‌شی زۆر له به‌رهه‌می خۆی به‌و بفرۆشێت، ئازادی کارکردن بۆ هه‌مووان دابین ده‌کات … له مرۆڤی گوێرایه‌ڵ، مرۆڤی ناڕازی ده‌ئافرێنێ و له یاخیبووی نائاگا، نارازی هوشیار په‌رده‌وه‌رده ده‌کات … ئه‌نارکیزم له دویی به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی هه‌ستی هوشیاری مرۆییه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به سته‌م و نادادوه‌ری، هه‌ستێك بۆ درێژه‌دان به جه‌نگی بێ‌کۆتایی دژی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ت، هه‌ستێك که خوازیاری کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی باشتره."[Anarchy! An Anthology of Emma Goldman’s Mother Earth, pp. 23-4]
به‌م جۆره، ئانارکیزم تیئۆرییه‌کی رامیارییه، که لایه‌نگری پێکهێنانی ئه‌نارکی، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پشتبه‌ستوو به بنه‌مای به‌و په‌ڕی “بێ فه‌رمانڕه‌وایی”ه. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه “ ئه‌نارکیسته‌کان وه‌ك ته‌واوی سۆشیالیسته‌کان بڕوایان وایه، که سه‌رده‌می خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی زه‌مین، سه‌رمایه و که‌ره‌سته‌کانی به‌رهه‌مهینان به‌سه‌ر چووه و سزاوار به له‌ناوچوونه. ئه‌وه‌ی که که‌ره‌سته‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت دارایی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵگه بن و هاوبه‌ش له‌لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانی سامانه‌وه به‌ڕێوه ببرێن. ئه‌نارکسیته‌کان ئه‌وه ڕاده‌گه‌یێنن که ڕێکخستنی ئایدیالی ڕامیاریی کۆمه‌ڵگه کاتێك دێته بوون، که کارگێریی میری تا که‌مترین ئاست دابه‌زیبێت …. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که دوائامانجی کۆمه‌ڵگه هێنانه‌خواره‌وه‌ی کاروباری میرییه تا ئاستی نه‌بوون. ئه‌مه هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌ی بێ میرایه‌تی – ئه‌نارکی-یه.“ [Peter Kropotkin, Op. Cit., p. 46]
به‌م جۆره ئه‌نارکیزم هه‌م پۆزه‌تیڤه و هه‌م نیگه‌تیڤ. کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌نووکه‌یی شی ده‌کاته‌وه و لێك ده‌داته‌وه و ڕه‌خنه‌ی ئاراسته ده‌کات. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا تێڕوانینی نوێ بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو ده‌خاته ڕوو؛ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که پێداویستییه تایبه‌ته‌کانی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌نووکه‌یی نکۆڵییان لێ ده‌کات، به‌وپه‌ڕی ڕاده ده‌گه‌یێنێت. ئه‌و پێداویستییانه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا ئازادانه و یه‌کسانیخوازانه و هاوپشتییانهن، له به‌شی A.2. فره‌تر ڕوون ده‌کرێنه‌وه.
ئانارکیزم شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه له‌ته‌ك هیواکان ئامێته ده‌کات، یا به‌و جۆره‌ی که باکونین (له ڕۆژانی ئه‌نارکیستی پێشوویدا ) په‌نجه‌ی بۆ ڕاده‌کێشێت، "پاڵنه‌ری وێرانکردن، پاڵنه‌رێکی ئافه‌رێنه‌ره." که‌س ناتوانێت کۆمهڵگهیهكی باشتر چێ بکات به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رکێکی دروستی له که‌موکوڕی و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌نووکه‌یی هه‌بێت.
هه‌روه‌ها پێویسته پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داگرین که ئه‌نارکیزم واوه‌تر له شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و خستنه‌ڕووی وێناگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی تازه‌یه. ئه‌نارکیزم ڕیشه‌ی له خه‌باتدایه؛ خه‌باتی که‌سی چه‌وساوه بۆ ئازادی. به واتایه‌کی تر، ئه‌نارکیزم ڕێگه‌یه‌کی تازه‌یه به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی پشتبه‌ستوو به پێداویستییه‌کانی مرۆڤ، نه‌ك ده‌سه‌ڵات، ده‌خاته ڕوو و هه‌روه‌ها شوێنه‌کانی گۆی زه‌مین له پێش سووده‌وه داده‌نێت. وه‌ك یه‌کێك له ئه‌نارکیسته‌کانی سکۆتله‌نده ستوارت کریستی Stuart Christie ده‌ڵێت:
"ئه‌نارکیزم بزاڤێکه بۆ ئازادی مرۆڤ. وه‌ك سه‌لماوه، دیموکراتیك و یه‌کسانیخوازه … ئه‌نارکیزم وه‌ك خه‌باتی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن چه‌وساوه‌وه له دژی چه‌وسانه‌وه و سته‌م و به‌هره‌کێشی ده‌ستی پێ کردووه و به‌و جۆره‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. دژی په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی میریی و ڕێسا و مۆرکه کوشنده‌کانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و چاوچنۆکی تاکایه‌تییه. ئه‌م دووانه – پێکه‌وه یا به‌ته‌نیا- ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی ژماره‌یه‌کی دیاریکراو له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی که‌سانی تر دابین ده‌که‌ن.“ ئه‌نارکیزم هه‌م تیئۆری و هه‌م کرده‌یه بۆ ژیان. له ڕووی فیلۆسۆفییه‌وه، ئه‌نارکیزم ئامانجی به‌دیهێنانی باڵاترین پله‌ی ته‌بایی نێوان که‌سه‌کان، کۆمه‌ڵگه و سروشته. به‌کرده‌وه، ئامانجی ئه‌نارکیزم به‌و جۆره‌یه، که ئێمه به‌خۆمان کۆمه‌ڵگه وه‌ها ڕێکی بخه‌ین و بژین، که ڕامیار‌کاران، میرایهتییهکان و ده‌وڵه‌ته‌کان، ئه‌رکه‌کانیان بکه‌ینه شتێکی زیاده و ناپێویست. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌نارکیستیدا، که‌سه‌کان به‌ڕێزی بهرابهرانه له کۆبوونه‌وه ناسهپێنراوهکاندا (به‌بێ په‌یوه‌ندی سه‌رۆك و نۆکه‌ر) ڕێكخراو ده‌بن و که‌ره‌سته‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن هی هه‌مووان ده‌بن.
“ئه‌نارکیسته‌کان که‌سانی خه‌یاڵپه‌روه‌ری پشتبه‌ستوو به بنچینه‌ی دابڕاو و بیرکردنه‌وه‌ی گۆشه‌گیرانه نین… ئه‌نارکیسته‌کان ئه‌وه باش ده‌زانن، که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی باڵا (پێرفێکت) له دواڕۆژدا سه‌رکه‌وتوو نابێت. له ڕاستیدا، خه‌بات له‌و پێناوه‌دا بۆ هه‌میشه به‌رده‌وام ده‌بێت! له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، ئه‌وه تێڕوانینه که پشتیوانیه‌ك بۆ خه‌بات دژی شته‌کان وه‌ك ئه‌وه‌ی که هه‌ن ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و شتگه‌لێك که ده‌بێت ببن…
“سه‌ره‌نجام، ئه‌وه خه‌باته که ئه‌نجام دیاری ده‌کات. پێشکه‌وتن به‌ره‌و کۆمه‌ڵێکی بهکهڵكتر، ده‌بێت به دژایه‌تی و وه‌ستانه‌وه له به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره ناداروه‌ری و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ك ده‌ست پێ بکات. به شێوه‌یه‌کی گشتی، ئه‌مه به واتای دژایه‌تیکردنی هه‌موو جۆره بههرهکێشییهك و خه‌بات دژی ڕه‌وایه‌تی هه‌ر جۆره فه‌رمانڕه‌واییه‌کی سه‌پێنراو. ئه‌نارکیسته‌کان ئه‌گه‌ر ته‌نیا بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌گۆڕ که هه‌یانه، ئه‌وه‌یه که کاتێك که خووگرتن به خۆدانه‌ده‌ست ڕامیاران و ئایدیۆلۆژیبازان له‌نێو بچێت، کاتێك که به‌ره‌نگاری له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتخوازی و به‌هرکێشی سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌و کاته‌یه که خه‌ڵکی ئاسایی توانای به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی بواره‌کانی ژیانی خۆیان، ئازادانه و دادوه‌رانه، له هه‌ر سه‌رده‌م و شوێنێکدا ده‌بێت.
“ئه‌نارکیسته‌کان له ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری نین و ئامانجیان زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و خه‌باته‌دا نییه. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن تاوه‌کو به‌پێی توانا و به شێوه‌ی کرده‌یی ئه‌وه‌ی له توانایاندایه له به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ستی خۆپه‌روه‌رده‌کردنی خۆیی که‌سه‌کان و به په‌ره‌دان به هاوپشتی گروپیی، کۆمه‌ك و هاریکاری بکه‌ن. ده‌کرێت بیرکردنه‌وه و بۆچوونگه‌لی ئه‌نارکیستی به خوازیاریی په‌یوه‌ندی خۆبه‌شانه، یه‌کسانی و هاوتایی له بڕیاردانه‌کاندا، هاوئامانجی و ڕه‌خنه‌گرتن له ته‌واوی شێوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری و فه‌رمانڕه‌وایی و له بزاڤه فیلۆسۆفی، کۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشگێڕییه‌کان، له‌به‌رچاو بگرین." [My Granny made me an Anarchist, p. 162-3]
ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ڵێن، که ئه‌نارکیزم به جۆرێکی ساده ده‌ربڕی توانایی ئێمه‌یه بۆ ڕێکخستنی خۆمان و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه به‌بێ پێویستی خاوه‌کاران و ڕامیار‌کاران. ئه‌نارکیزم ڕێگه به چینی کرێکار و که‌سانی تری چه‌وساوه ده‌دات هوشیاری به‌ده‌ست بهێنن و پێ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان داگرن و خه‌بات بۆ شۆڕشاندنی کۆمه‌ڵگه وه‌ك گشتێك بکه‌ن. ته‌نیا به ئه‌نجامدانی ئه‌مه، ئێمه ده‌توانین کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گونجاو بۆ مرۆڤ و ژیان تێیدا به‌دی بهێنین.
ئه‌نارکیزم فیلۆسۆفییهکی دابڕاو نییه. بۆچوون و تێڕوانینی ئه‌نارکیستی ڕۆژانه ده‌خرێنه پای جێبه‌جێبوونه‌وه. هه‌ر کات، که مرۆڤی چاوساوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ڕاپه‌ڕێت، بۆ ئازادی خۆی هه‌نگاو بنێت، هاوپشتی و هه‌ره‌وه‌زی پیاده بکات و خۆی به‌بێ خاوه‌نکار و ڕابه‌ر ڕێك بخات، له‌وێدا گیانی ئه‌نارکی به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌نارکیسته‌کان ته‌نیا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تاوه‌کو ئه‌م حه‌زه ئازادیخوازانه‌یه به‌هێز بکه‌ن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن. به‌و جۆره‌ی که له به‌شی (J) دا له‌باره‌یه‌وه فره‌تر قسه ده‌که‌ین. ئه‌نارکیسته‌کان بیرکردنه‌وه و بۆچوونه‌کانی خۆیان به ڕێگه‌ی جۆراوجۆر له‌نێو ده‌روونی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ تا گۆڕانی له‌بارتر ده‌که‌ن و کاتی ئه‌وه دێت که بۆ هه‌میشه له‌نێو ببرێت. له به‌شی ( I) دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ین که ئامانجی ئێمه جێگرتنه‌وه‌یه‌تی به چی یا ئامانجی ئه‌نارکیزم چییه.
په‌راوێـز:
* له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وه‌رگێرانه فارسییه‌که‌دا زۆر شت پهڕێنراون یا ده‌قاوده‌ق واتای خۆیان وه‌ر نه‌گرتووه، ناچار وه‌رگێرانه کوردییه‌که له‌ته‌ك وه‌رگێرانه ئینگلیزییه‌که به‌راورد کراوه. (و.ك)
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی: http://no-compromise.blogfa.com/post-5.aspx
سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی: http://www.infoshop.org/faq/index.html