A.1.4 ئایا ئه‌نارکیسته‌کان سۆشیالیستن ؟
به‌ڵێ. هه‌موو لکه‌کانی ئه‌نارکیزم دژی سه‌رمایه‌دارین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر سته‌م و به‌هره‌کێشی خۆی ڕاگرتووه (بڕواننه به‌شی B و C). ئه‌نارکیسته‌کان ئه‌وه ڕه‌تده‌که‌نه‌وه که "که‌سه‌کان ناتوانن له‌ته‌ك که‌سانی تر کار بکه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆکێکی پاڵنه‌ریان هه‌بێت و ڕێژه‌یه‌ك له به‌رهه‌مهێنانه‌کانی ئه‌وان بۆ خۆی ببات"و پێیان وایه که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌نارکیستیدا "که‌سانی کرێکاری راستینه به‌خۆیان ڕێکخراوه‌کانیان پێکده‌هێنن و به‌خۆشیان بڕیار ده‌ده‌ن که کاره‌کان که‌ی، له‌کوێ و چۆن ئه‌نجام بدرێن." به ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره، کرێکاران خۆیان "له ده‌ستبه‌سه‌ری و کۆیله‌تی و دڕنده‌یی سه‌رمایه‌داری" ئازاد ده‌که‌ن. [Voltairine de Cleyre, Anarchism p. 32 and p. 34]
(لێره‌دا ده‌بێت پێی له‌سه‌ر دابگرین، که ئه‌نارکیسته‌کان دژی هه‌موو پێکهاته‌گه‌لێکی ئابووریین، که له‌سه‌ر بنه‌مای پاوانکردن و به‌هره‌کێشیی ڕاوه‌ستاون، له‌وانه ده‌ره‌به‌گایه‌تی، "سۆشیالیزم"ی ده‌ستی سۆڤییه‌تی – راستر بڵێین "سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیی"–، کۆیلایه‌تی و هیتر. چه‌قبه‌ستنی دژایه‌تی ئێمه له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که له ئێستادا ئه‌و ته‌نیا پاوانگه‌ری جیهانه).
تاکگهرایانی وه‌ك به‌نیامین توکهر هاوڕا له‌ته‌ك سۆشیال ئهنارکیستگهلی وه‌ك پرۆدۆ‌ن و باکونین خۆیان به "سۆشیالیست" ناو بردووه. ئه‌وه‌یان کردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، وه‌ك کرۆپۆتکین له وتارێکی کلاسیکی خۆیدا "زانستی هاوچه‌رخ و ئه‌نارکیزم Modern Science and Anarchism " دا ده‌نووسێت "تا ئه‌و راده‌ی که سۆشیالیزم به شێوه‌یه‌کی فراوان و گشتی و به واتایه‌کی ڕاسته‌قینه – وه‌ك هه‌وڵێك بۆ له‌ناوبردنی به‌هره‌کێشی کرێکار له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌وه – لێی ده‌گه‌یشتن، ئه‌نارکیسته‌کانیش ده‌ست له‌ناو ده‌ستی سۆشیالیسته‌کانی ئه‌و کات ڕێیان ده‌کرد." [Evolution and Environment, p. 81] یا به‌و جۆره‌ی که توکهر ده‌ڵێت "بنه‌ڕه‌تیترین بانگه‌وازی سۆشیالیزم ئه‌وه‌یه که کرێکار خۆی بڕیارده‌ری خۆی بێت، بانگه‌وازێك “که هه‌ر دوو فێرگه‌ی تێڕوانینه سۆشیالیستییه‌کان … واته سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی و ئه‌نارکیزم” له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕان. [The Anarchist Reader, p. 144] لێره‌وه‌یه واژه‌ی “سۆشیالیست" له بنچینه‌دا "هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌گرته‌وه که باوه‌ڕیان به مافی تاك له به‌هره‌مه‌ندبوون له به‌رهه‌مهێنانی خۆی هه‌بوو."ده‌گرته‌وه. [Lance Klafta, "Ayn Rand and the Perversion of Libertarianism," in Anarchy: A Journal of Desire Armed, no. 34] ئه‌م دژایه‌تییه بۆ به‌هره‌کێشی (قازانجخۆری) که زۆرینه‌ی ئه‌نارکیسته ڕاستینه‌کان تێیدا به‌شدارن، له‌م ڕووه‌وه ده‌یانخاته ژێر په‌رچه‌می سۆشیالیزم.
بۆ زۆربه‌ی سۆشیالیسته‌کان "ته‌نیا مسۆگهرگهر بۆ ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌می کاری خۆت له دزین بپارێزیت، ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ئامرزه‌کانی کار له ژێر ڕکێفی خۆتدا بن."[Peter Kropotkin, The Conquest of Bread, p. 145] له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، پرۆدۆ‌ن، بۆ نموونه، پشتیوانی له هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کان ده‌کرد، که له‌وێدا “ هه‌موو که‌سێكی له‌سه‌رکار له کۆمه‌ڵه‌کاندا … پشکی دابه‌شنه‌کراوی له دارای کۆمپانییه‌کان هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ” به‌شداری له سوود و زیان … هێزی گه‌لکاری به‌ر به‌وه ده‌گرێت که ببێته سه‌رچاوه‌ی سوود بۆ ژماره‌یه‌کی که‌م له به‌ڕێوه‌به‌ران: سه‌ره‌نجام کۆمپانییه‌کان ده‌بنه دارایی هه‌موو کرێکاران." [The General Idea of the Revolution, p. 222 and p. 223] به‌م جۆره، سه‌ره‌ڕای ئاره‌زووی کۆتاییهێنان به به‌هره‌کێشی کرێکار له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌وه، سۆشیالیسته ڕاستینه‌کان ئاره‌زوومه‌ندی کۆهمهڵگهیهکن، که به‌رهه‌مهێنه‌ران، خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بن. (له‌ناو ئه‌وه‌شدا، پێویسته پێ له‌سه‌ر ئه‌و شوێنکارانه دابگیردرێت، که خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش ده‌که‌ن). ئه‌وه‌ی چۆنییه‌تی گه‌یشتن به‌م ئامانجه کامه به‌رهه‌مهێنه‌ران پێی هه‌ڵده‌ستن، بابه‌تی سه‌ره‌کی باسه‌کان و ڕوانگهگۆڕکێی ئه‌نارکیسته‌کان و نێوه‌نده سۆشیالیسته‌کانی تر پێك ده‌هێنێت، به‌ڵام ئارهزوومهندییهکه بهگشتێتی ماوه‌ته‌وه. ئه‌نارکیسته‌کان لایه‌نگری کۆنترۆڵی راسته‌وخۆی کرێکارانن چ به خاوه‌ندارێتی کۆمه‌ڵه کرێکارییه‌کان به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا یا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌کانه‌وه. (سه‌رنجی به‌شی A.3 له‌مه‌ڕ جۆره جیاوازه‌کانی ئه‌نارکیزم).
سه‌ره‌رای ئه‌وه، ئه‌نارکیسته‌کان سه‌رمایه‌داری له‌به‌ر ده‌سه‌ڵاتداریی و هه‌روه‌ها بههرهکێشبوونی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه. له سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، کرێکاران له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆیان ناکه‌ن و هیچ چاودێڕییهکیان به‌سه‌ر به‌رهه‌می ڕه‌نجی خۆیاندا نییه. سه‌خت ده‌بێت بارێکی وا له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و یه‌کسانی بۆ هه‌مووان پێک‌بێت و ناشتوانێت له گشت شیوه‌کانی به‌هره‌کێشی خاڵی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌نارکیسته‌کان دژایه‌تی ده‌که‌ن. ئه‌م ڕوانگه‌یه، ده‌توانرێت به باشی له کاره‌کانی پرۆدۆ‌ن ( که‌سێك که کارایی له‌سه‌ر توکهر و باکونین هه‌بووه) به‌دی بکرێت، له‌وێدا که وی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که ئه‌نارکیزم واته "به‌هره‌کێشی سه‌رمایه‌داریی و خاوه‌ندارێتیی له هه‌موو شوێنێك ڕاده‌گیرێت و سیستمی کرێ (wage system) هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه” بۆ “ یا کرێکار… وه‌ك به‌کرێگیراوی خاوه‌نداری- سه‌رمایه‌داری- ڕه‌واجدار (proprietor-capitalist-promoter) ده‌بێت؛ یا هاوبه‌ش ده‌بێت … له باری یه‌که‌مدا، کرێکار ملکه‌چی به‌هره‌کێشی ده‌کرێت: مه‌رجێکی هه‌میشه‌یی گوێڕایه‌ڵ ڕایده‌گرێت … له باری دووه‌مدا، وه‌ك مرۆڤێك و هاووڵاتییه‌ك ڕێزی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه … به‌شێك له ڕێکخستنی به‌رهه‌مهێنان پێك ده‌هێنێت، ئه‌وه‌ی که پێشتر تێیدا کۆیله بوو… پێویسته دوودڵ نه‌بین، له‌وه‌ی ههڵبژێرمان نییه … پێویسته کۆمه‌ڵه له‌نێو کرێکاراندا پێك بهێنین… چونکه به‌بێ ئه‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌شێوه‌ی سه‌رکرده و سه‌رکردایه‌تیکراو ده‌مێننه‌وه و ته‌نیا دوو شت له ئارادا ده‌بن … خێڵی سه‌روه‌ران و کرێکارانی کرێگرته، که له‌ته‌ك کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و دیموکراتیك ناکۆك ده‌بن" [Op. Cit., p. 233 and pp. 215-216]
له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو ئه‌نارکیسته‌کان دژه-سه‌رمایه‌دارین ( “ ئه‌گه‌ر کرێکاران ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنن، هی خۆیان بووایه، ئه‌وا سه‌رمایه‌داری له ئارادا نه‌ده‌بوو”[Alexander Berkman, What is Anarchism?, p. 44]). به نموونه، به‌نیامین توکهر — ئه‌نارکیستێك که زۆرترین کارایی له لیبراڵیزمه‌وه وه‌رگرتبوو (وه‌ك دواتر له‌سه‌ری ده‌دوێین) — بۆچوونه‌کانی خۆی ناونا "سۆشیالیزمی ئه‌نارکیستی Anarchistic-Socialism" و سه‌رمایه‌داری به سیستمێکی پایه‌دار له‌سه‌ر "قازانخۆری و چه‌پاوڵگه‌ری له‌سه‌ر سوود و کرێ و به‌رژه‌وه‌ندی " ناوبرد. توکهر له‌سه‌ر ئه‌وه سوور بوو له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بازار-ئازادی، ئه‌نارکیستی و نا-سه‌رمایه‌داریدا، سه‌رمایه‌داران زیاده‌ن، به‌هره‌کێشی هێزی کرێکاران له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌وه ڕاده‌وه‌ستێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "کرێکار … کرێی سروشتی خۆی و ته‌واوی به‌رهه‌مه‌که‌ی دابین ده‌کات [The Individualist Anarchists, p. 82 and p. 85] وه‌ها ئابوورییه‌ك پشت به بنه‌مای بانکداری سروشتیی و گۆڕینه‌وه‌ی ئازادانه‌ی کاڵا له‌نێوان هه‌ره‌وه‌زییه‌کان، پێشه‌وه‌ران و جوتیاراندا ده‌به‌ستێت. لای توکهر و ئه‌نارکیسته تاکگه‌راکانی تر، سه‌رمایه‌داری، بازارئازادی ڕاسته‌قینه نییه، چونکه بازار به‌هۆی یاساگه‌لی زۆروزه‌به‌ند و چهپاوڵگهرانهوه ئه‌وه بۆ سه‌رمایه‌داران مسۆگه‌ر ده‌کات، تاوه‌کو به‌رته‌رییان به‌سه‌ر کرێکاراندا هه‌بێت، به‌وجۆره له ڕێگه‌ی بههرهکێشیهوه سوود، به‌رژه‌وه‌ندی و کرێی دواتریان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. (بۆ لێدوانی زیاتر سه‌رنجی به‌شی G بده‌ن). هه‌روه‌ها ماکس شتاینه‌ر Max Stirner ی ئه‌نارکۆ-خودگه‌را arch-egoist ش, بێجگه له گاڵته‌کردن به کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی و "تارمایی"ه جۆراوجۆره‌کانی، هیچ شتێکی دی بۆیان نه‌بوو، ئه‌وانه‌ی که بۆ وی، به واتای بۆچوونگهلێكی پیرۆز یا ئایینی ده‌هاتن، له‌وانه خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی، کێبڕکێ و دابه‌شکردنی کار … تد.
له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌نارکیسته‌کان خۆیان به سۆشیالیست ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام جۆرێکی دیاریکراو له سۆشیالیزم — سۆشیالیزمی ئازدیخوازانه (Libertarian Socialism). هه‌روه‌ك ئه‌نارکیستی تاکگه‌را جۆزیف ئانتۆن لابادیی Joseph A. Labadie ( توکهر و باکونین هه‌ردووك دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه) ده‌ڵێت : "ده‌ڵێن ئه‌نارکیزم سۆشیالیزم نییه. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. ئه‌نارکیزم، سۆشیالیزمی خۆبهشانهیه. دوو جۆر له سۆشیالیزم هه‌ن: ئارکیستی و ئه‌نارکیستی (archistic and anarchistic )، ده‌سه‌ڵاتخواز و ئازادیخواز، ده‌وڵه‌تی و ئازاد. له ڕاستیدا هه‌ر پێشنیارێك بۆ باشترکردنی کۆمه‌ڵگه، یا بۆ فراوانکردنی راده‌ی ده‌سه‌ڵات و ویستی ده‌ره‌کییه به‌سه‌ر که‌سه‌کاندا یا بۆ که‌مکردنه‌وه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و ویستی ده‌ره‌کی فراوان بوون … ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌یه و ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه که‌م بوونه‌وه، ئهنارکیستانهیه. " [Anarchism: What It Is and What It Is Not]
لابادیی، له زۆر بۆنه‌دا باسی له‌وه کردووه، که "هه‌موو ئه‌نارکیسته‌کان سۆشیالیستن، به‌ڵام هه‌موو سۆشیایستهکان ئه‌نارکیست نین." له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، دانیێڵ گرین Daniel Guerin ئه‌و سه‌رنجه ده‌دا "ئه‌نارکیزم له راسیتدا هاوواتای سۆشیالیزمه. ئه‌نارکیست له بنه‌ڕه‌تدا سۆشیالیستێکه که هه‌وڵ ده‌دات به‌هره‌کێشی مرۆڤ له مرۆڤ له‌نێو ببات." ئه‌مه له سه‌راپای مێژووی بزاڤی ئه‌نارکیستیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، کۆمه‌ڵگه‌را بووبێت یا تاکگه‌را " [Anarchism, p. 12] له راستیدا، گیانبه‌ختکردووی ڕووداوی هایمارکێت Haymarket* ئادۆڵف فیشه‌ر Adolph Fischerیش هه‌مان قسه‌کانی لابادیی بۆ نیشاندانی هه‌مان که‌توار به‌کار برد — "هه‌موو ئه‌نارکیستێك سۆشیالیسته، به‌ڵام هه‌موو سۆشیالیستێك به‌پێی پێویست ئه‌نارکیست نییه." — به داننان به‌وه‌دا که "بزاڤه‌که بووبووه دوو به‌شه‌وه؛ ئه‌نارکیستانی کۆمونیست و ئه‌نارکیستانی لایه‌نگری پرۆدۆ‌ن و چینی ناوه‌نجی." [The Autobiographies of the Haymarket Martyrs, p. 81]
به‌م جۆره هاوکات، ئه‌نارکیسته کۆمه‌ڵگه‌را و تاکگه‌راکان له تێڕوانینیاندا له‌سه‌ر هه‌ندێك پرس جیاوازییان هه‌یه — بۆ نموونه، ئایا بازارئازادێکی ڕاستینه و ناسه‌رمایه‌داری باشترین ڕێگه‌ی فراوانکردنی ئازادییه یا نا– به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌م پرسه که ده‌بێت سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیستمێکی به‌هره‌کێشیی و چه‌وساندنه‌وه دژایه‌تی بکرێت و ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌نارکیست ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌لکاری (associated labour) پێك بێت، نه‌ك له‌سه‌ر کرێگرته‌یی کرێکار هاوتێڕوانین. ته‌نیا کرێکاری یه‌کگرتووه ده‌توانێت "ده‌سه‌لاتی ویسته ده‌ره‌کی و سه‌پێنراوه‌کانی سه‌ر تاکه‌کان بهێنێته خواره‌وه." له ڕێگه‌ی کاتژێره‌کانی کار و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی کار له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که ده‌یکه‌ن، ئه‌مه نموونه‌ی ناوه‌ڕۆکی سۆشیالیزمی که‌توارییه. له‌م ڕووه‌وه، ده‌توانرێت به ڕوونی ئه‌م ڕوانگه‌یه به‌دی بکرێت، کاتێك جۆزیف لابادیی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو که یه‌کێتی پیشه‌یی " نموونه‌یه‌ك له ده‌ربڕینی ئازادی ڕاستینه له یه‌کگرتندایه " و ئه‌وه‌ی که "به‌بێ ئه‌م یه‌کێتییه‌ی، کرێکار فره‌تر کۆیلهیهكه بۆ خاوه‌نکاره‌که‌ی له‌وه‌ی به‌خۆی بێت." [Different Phases of the Labour Question]
له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، واتای وشه‌کان به تێپه‌ڕبوونی کات ده‌گۆڕێت. ئه‌وڕۆکه “سۆشیالیزم" به زۆری به واتای سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی دێت، سیستمیك که گشت ئه‌نارکیسته‌کان له‌به‌ر ناکۆکبوونی له‌ته‌ك ئازادی و بنچینه‌کانی سۆشیالیزم، دژایه‌تی ده‌که‌ن. گشت ئه‌نارکیسته‌کان له‌ته‌ك ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی نائوم چامسکی Noam Chomsky له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه هاوڕان:
" ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن له چه‌پ، ‘بۆلشه‌ڤیزم’یش بگرێته‌وه، من بێپه‌رده خۆم له چه‌پ جیاده‌که‌مه‌وه. لێنین یه‌کێك له گه‌وره‌ترین دوژمنه‌کانی سۆشیالیزم بوو." [Marxism, Anarchism, and Alternative Future, p. 779]ئه‌نارکیزم له به‌رهه‌ڵستی ڕاوهستاوانهی مارکسیزم، سۆشیال-دیموکراسی و لێنینیزم په‌ره‌سی سه‌ندووه. ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ر له‌وه‌ی لێنین بگاته ده‌سه‌ڵات، میخائیل باکونین له ئینته‌رناسیونالی یه‌که‌مدا په‌یڕه‌وانی مارکس Marxی له دژی "بیروکراسی سوورRed Bureaucracy" ئاگادار کرده‌وه، له‌وه‌ی پهروهردگهیهك ده‌بێت بۆ "خراپترین جۆری میرایه‌تی سه‌رکوتگه‌رانه " ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌کانی مارکس له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی له هه‌ر سه‌رده‌م و شوێنێکدا پیاده بکرێن. له راستیدا، سه‌راپای کاره‌کانی شتاینه‌ر، پرۆدۆ‌ن و به‌تایبه‌ت باکونین، ترسناکی سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تییان به وردی پێشبینی کردبوو. سه‌ره‌رای ئه‌مه، ئه‌نارکیسته‌کان یه‌که‌مین و زۆرترین که‌سانێك بوون، که دژایه‌تی ڕژێمی بۆلشهڤیکییان له ڕوسیه کرد و ڕه‌خنه‌ی په‌یگیرانه‌یان ئاراسته کرد.
له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، ئه‌نارکیسته‌کان له هه‌ندێ پرسدا له‌ته‌ك هه‌ندێ له مارکسیسته‌کاندا هاوبیرن ( ئه‌گه‌رچی هیچ هاوبیرییهکیان له‌ته‌ك لێنینیسته‌کان نییه). هه‌م باکونین و هه‌م توکهر شیکردنه‌وه و توێژینه‌وه‌کانی مارکس له‌مه‌ڕ سه‌رمایه‌داری و تیئۆری نرخی کار (labout theory ofvalue) ئه‌ویان پێ دروسته (سه‌رنجی به‌شی C بده‌ن). مارکس به‌خۆی به توندی له‌ژێر کارایی په‌رتووکی خود و خودبوون (The Ego and Its Own) نووسینی (ماکس شتاینه‌ر)دا بوو. په‌رتووکێك که ڕه‌خنه‌گه‌لی دیاری له‌وه‌ی که مارکس ناوی ده‌نێت کۆمونیزمی پوچگه‌را (vulgar communism) و هه‌روه‌ها له سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی ده‌گرێت. هه‌روه‌ها که‌سانیك له بزاڤی مارکسیستیدا هه‌بوون، که باوه‌ڕ و تێڕوانینه‌کانیان زۆر هاوشێوه ئه‌نارکیسته کۆمه‌ڵگه‌راکان (به‌تایبه‌ت ئه‌نارکۆ-سه‌ندیکالیسته‌کان وه‌ك به‌شێك له ئه‌نارکیزمی کۆمه‌ڵگه‌را) بوون– بۆ نموونه، ئانتۆن پانهکۆك (Anton Pannekoek )، پاوڵ ماتیك (Paul Mattick)، ڕۆزا لوکسۆمبۆرگ (Rosa Luxembourg)، و هیتر، تێڕوانینیان له‌ته‌ك لێنین دا زۆر جیاوازه. کارڵ کۆرش Karl Korsch و هه‌ندێكی تریش له‌مه‌ڕ شۆڕشی ئه‌نارکیستی ئه‌سپانیا به هاوسۆزییه‌وه نووسیویانه. کۆمه‌لێك په‌یوه‌سته و به‌رده‌وامی له (مارکس)ه‌وه بۆ لێنین هه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، په‌یوه‌سته و به‌رده‌وامی فره‌تر له (مارکس)ه‌وه بۆ مارکسیته ئازادیخوازه‌کان (libertarian Marxists) هه‌ن، که ڕه‌خنه‌گری سه‌رسه‌ختی لێنین و بۆلشه‌ڤیزم بوون و بۆچوونه‌کانیان له ئاراسته‌ی ئه‌نارکیزمه‌وه بۆ په‌یوه‌ندییه ئازاده‌کانی یه‌کسانی نزیکتر بوون.
له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌نارکیزم له بنه‌ڕه‌تدا جۆڕێكه له سۆشیالیزم، ئه‌وه که ڕاسته‌وخۆ له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که زۆر جار به “سۆشیالیزم” ناسراوه (خاوه‌ندارێتی ده‌وڵه‌تی و پاوانگه‌ری). له بری “به‌رنامه‌ڕێژی نێوه‌ندی” (central planning) که لای زۆر که‌س له‌ته‌ك واژه‌ی “سۆشیالیزم" په‌یوه‌ست کراوه، ئه‌نارکیسته‌کان یه‌کێتی ئازادانه و هه‌ره‌وه‌زی نێوان تاکه‌کان، له شوێنی کار و ژیان پێشنیار ده‌که‌ن و هه‌روه‌ها له دژی سۆشیالیزمی "ده‌وله‌تی" که شیوهگیرییهکی تره له سه‌رمایه‌داری ده‌وله‌تی، سیستمێك که له‌وێدا "هه‌موو که‌سێك تێیدا وه‌رگری کرێ (مووچه‌خۆر) و ده‌وڵه‌ت کرێده‌ر (موچهدهر)ه." [Benjamin Tucker, The Individualist Anarchists, p. 81] به‌م جۆره، ئه‌نارکیسته‌کان، مارکسیزم (ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی خه‌لك به “سۆشیالیزم”ی ده‌زانن)ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، وه‌ك "بیرۆکه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ك سه‌رمایه‌دار، ئه‌وه‌ی که سۆشیال-دیموکراسی باڵی پارتی سۆسیالیستی گه‌وره، هه‌نووکه هه‌وڵده‌دات سۆشیالیزم به‌رته‌سك بکاته‌وه."[Peter Kropotkin, The Great French Revolution, vol. 1, p. 31] ئه‌نارکیسته‌کان دژی هاوتاکردنی مارکسیزم، "به‌رنامه‌ڕێژی نێوه‌ندی" و سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی / سه‌رمایه‌داری له‌ته‌ك سۆشیالیزمن، له به‌شی H دا فره‌تر ڕوون ده‌کرێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌م جیاوازیانه له‌ته‌ك سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی و هه‌روا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی خراپ تێگه‌یشتن زۆربه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان خۆیان ته‌نیا به "ئهنارکسیت" ناو ده‌به‌ن، وه‌ك سه‌لمێندراوه که ئه‌نارکیسته‌کان، سۆشیالیستن. بیجگه له‌مه، له‌ته‌ك سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وه‌ی که به "ئازادیخوازی" ڕاست ناو ده‌برێت له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، هه‌ندێك له لایه‌نگرانی سه‌رمایه‌داری سوودیان له‌و هه‌له وه‌رگرتووه و خۆیان به "ئهنارکسیت" ناو ده‌به‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه لێره‌دا به‌جۆرێك کارمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه کرد. له ڕووی مێژوویی و لۆژیکییه‌وه، ئه‌نارکیزم واته دژه سه‌رمایه‌داری، به واتایه‌کی تر سۆشیالیزم، ئه‌وه شتێکه که ئێمه پێی له‌سه‌ر داده‌گرین، هه‌موو ئه‌نارکیسته‌کان له‌سه‌ر ئه‌مه هاوڕان (بۆ لێدوانی فره‌تر له‌مه‌ڕ "ئه‌نارکۆ" -سه‌رمایه‌داری، که ئه‌نارکیزم نییه، سه‌رنجی به‌شی F بده‌ن.
پهراوێــز:
* له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وه‌رگێرانه فارسییه‌که‌دا زۆر شت پهڕێنراون یا ده‌قاوده‌ق واتای خۆیان وه‌ر نه‌گرتووه، ناچار وه‌رگێرانه کوردییه‌که له‌ته‌ك وه‌رگێرانه ئینگلیزییه‌که به‌راورد کراوه. (و.ك)
* 1ی ئایاری 1886 له شیکاگۆ (و.ك)
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی: http://no-compromise.blogfa.com/post-7.aspxسه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی: http://www.infoshop.org/faq/index.html