Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
گەنج.. مەخلوقێك لە سەفەردا…. عەزیز ڕەئووف

گەنج.. مەخلوقێك لە سەفەردا…. عەزیز ڕەئووف

Closed

 ئەوەى گەنج بەمانا یاخى و سەركێشەیەكەى دەهێڵێتەوە ئەوە نیە كە كائینێكە لەڕووى جەستەییەوە گەنجە، بەڵكو ئەوەیە كە ئەم كائینە هەمیشە بە شوێنى خۆى ڕازى نیە و دەیەوێت شوێن تاقى بكاتەوە و لە تەقلید و ژیانێكى دووبارە هەڵبێت. هەڵهاتنى گەنج لە نیشتیمان دیاردەیەكى هەروا لۆكاڵى نیە، بەڵكو فۆرمێكى تەواو جیهانى هەیە. هەمیشە گەنج دەیەوێت زیاد لە شوێنێك تاقى بكاتەوە و بە زیاد لە كەلتور و كۆمەڵگەیەك ئاشنا بێت.
 لە دواى ڕاپەڕینەوە گەنج لە كۆمەڵگەى ئێمەدا تەواو بە كۆنسێپتى سەفەر ڕادێت و دەست و پەنجەى لەگەڵدا نەرم دەكات، بەبىَ گوێدانە ئەوەى ڕێگاى هەندەران چەندە سەخت و ناخۆشە. چونكە ئەو باش دەزانێت ژیان لە كۆمەڵگەیەكى تەقلیدیدا هێندەى ڕێگەى هەندەران سەخت و پڕ مەترسیە. گەر مەترسى مردنیش لە كۆمەڵگەى تەقلیدیدا لە ئارادا نەبێت ئەوا بەردەوامى ژیانێك كە ئایندەى دەزانین و مردن بە هێواشى و تێپەڕینى قۆناغى گەنجبوون بەبىَ ئەوەى مومارەسەى گەنج بوون بكەین لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانى كۆمەڵگەى تەقلیدیە.
 گەنجى كورد هەمیشە ئارەزووى سەفەر دەكات. ئەو چیتر دواى ئەو مژدە ناسیۆنالیستیانە ناكەوێت كە شاعیران لە سەرەتا و ناوەڕاستى سەدەر ڕابردوودا بانگێشتیان دەكرد كە كوردستان ئاوى كەوسەرە و خاكى گەوهەرە. ئیدى گەنجى ئێمە لانى كەم دەزانێت كە ئەو بەهەشتە درۆزنەى كە نەوەى پێشو بۆى خوڵقاندوین لە سەرابێك دەچێت. گەنجى كۆمەڵگەى ئێمە بە درێژایى مێژوو هەمیشە بەرخى نێر بووە و بۆ سەربڕین ئامادە بووە. ئەم جۆرە دروشم و تەفسیرانە بۆ گەنج و گەنجبوون، تەواو نەوەى ئێمەى ماندوو كردووە. لە دواى ڕاپەڕینەوە لانى كەم گەنجى ئێمە خەون نابینێت و بە جەستە لە نیشتیمانە. گەر گەنجان چانسى سەفەریشیان نەبووبێت، ئەوا لانى كەم قەلەق بوون بەوەى كە شۆڕش نەیتوانى لەگەڵ خۆیدا خۆشگوزەرانى و خەونە ڕەنگاوڕەنگەكان بۆ گەنجان بەدى بێنێت.
 ئیدى گەنجان لە دواى ڕاپەڕینەوە بەرهەمى شۆڕشى كوردیان بینى و بە دەسەڵاتى كوردى ئاشنا بوون، ئیدى وەك بەختیار عەلى دەڵێت بینیان ژیان هەر وەكو خۆیەتى.
 لەوە ترسناكتر نیە خەون بە دۆخێكەوە ببینیت و گەر دۆخەكە فوڵقاو لەگەڵ خەونەكانى تۆدا یەكى نەگرێتەوە. لەوە ترسناكتر نیە نەوەیەك چاوەڕێكى دۆخێكى ئازا بكات و چاوەڕێى هێزێك بكات كە ئەو دۆخەى بۆ بێنێتە دى و بەڵام بەهاتنە سەر دەسەڵاتى ئەو هێزە سەرجەم خەون و خەیاڵەكانى ببێتە سەراب. نەوەى دواى ڕاپەڕینى ئێمە لانى كەم نەوەى ئەم دۆخەیە كە خەون تێیدا لە سەرابێك زیاتر چیدی نیە.
 بەڵام لەهەمووى ترسناكتر نەوەى دواى ڕاپەڕین چاوەڕىَ دەكات بە ڕوخانى پەیكەرەكەى سەدام ئیدى خۆشگوزەرانى بۆ كۆمەڵگە دێتە دى. بەڵام دواى هاتنى مارێنز ئیدى ئەو خەونەى گەنجانیش بوو بە سەراب. دواى هاتنى مارێنز بۆ كۆمەڵگەى عیراقى بێئومێد بووین لەوەى كە هەرگیز هیچ هێزێك ناتوانێت لەگەڵ خۆیدا خۆشگوزەرانى بێنێت گەر ئەو كۆمەڵگەیە ئامادەگى نەبێت بۆ كرانەوە و دۆخێكى تەواو تەندروست بۆ نەوەكانى. نەوەى دواى سەدام لانى كەم بەو ڕاستیە گەیشتن كە هێزەكانى دواى سەدام ناتوانن فەزایەك بۆ گەنجان لە ئازادى و خۆشگوزەرانى و دنیایەكى باشتر بخوڵقێنن.
 ئیدى لەبەردەم ئەم هەموو خەونكوشتنەدا گەنجى كۆمەڵگەى ئێمە هەمیشە لەبەردەم سەفەرێكى بەردەوامدایە. سەفەرێك كە سەرەتا و كۆتایى نەبێت. سەفەرێك كە هەرگیز نازانێت بەرەو كوىَ دەچێت، بەڵام هێندە دەزانێت "ئێرە" هێندە ناشرینە كە هەرگیز جێى خەونەكانى تێدا نابینێتەوە. سەفەرى گەنجان هەمیشە وەئاگامان دەهێنێتەوە لەوەى كە كۆمەڵگەى كوردى كۆمەڵگەیەكە بۆ پیرەكان و شوێنێك بۆ كوشتنى خەونى گەنجان.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 
 

Previous
Next