فیلمی (تاراوگه‌ی حه‌زه‌کان)م بینی
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
ئه‌مڕۆ له یه‌کێک له سینه‌ماکانی دانمارک و به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له دانمارکی و کورد فیلمی (تاراوگه‌ی حه‌زه‌کان) نمایش کرا. من له لایه‌ن (ئالان په‌ری) ی نووسه‌ری سیانۆریۆی فیلمه‌که‌وه بانگهێشت کرا بووم. ئه‌و فیلمه ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه لێی بڕوانیت و بیخه‌یته سه‌ر ئاستی گێڕانه‌وه‌وه، ئه‌وا ده‌توانی بڵێی باس له ژیانی ئه‌و په‌ناهه‌ندانه ده‌کات، که له که‌مپه‌کانی دانمارک ژیانێکی دژوار ده‌گوزه‌رێنن، به‌لآم کاتێک بمانه‌وێت وردتر له دیمه‌ن و به‌سه‌رهاته‌کانی بڕوانین، ئه‌وا ناکرێت پشت به‌و گێڕانه‌وه‌یه ببه‌ستین، چونکه فیلمه‌که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌کو له (ئالان عه‌ونی)م بیست، که ئه‌رکی وێنه‌گرتن و مۆنتاژ و ده‌رهێنانه‌که‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه، به توانایه‌کی که‌م و ئامێری زۆر ساده‌وه به‌رهه‌م هێنراوه، به‌لآم به بڕوای من ئه‌و فیلمه توانیویه‌تی له ڕێگای ئاماژهکانیهوه له ئاستی گێڕانه‌وه‌وه بۆ ئاستی تێڕامان و وردبوونه‌وه‌وه بمانگوازێته‌وه. به مانایه‌کی دیکه ناکرێت ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی زانراوه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهاته‌کاندا بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و ڕووبه‌ره نهزانراوانهش ببینین، که له پشت دیمه‌ن و ئاماژهکانهوهن. سه‌ره‌تای فیلمه‌که، ئه‌گه‌ر له یه‌کێک له زیندانه‌کانی باشووری کوردستانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و له‌وێوه به‌سه‌رهاته‌کان له‌سه‌ر زمانی (ئالان) و له ڕێگای فلاش باکه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، ناکرێت ته‌نها وه‌کو ته‌کنیک لێی بڕوانین، به‌ڵکو ئه‌و شوێنه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک ساینفێکشنی دیکه‌یه و به‌درێژاییی فیلمه‌که ئاماده‌ییی هه‌یه. ڕووبه‌ری ئه‌و شوێنه‌ی، که گێڕانه‌وه‌ی تێدا ده‌کرێت، وه‌کو گوتمان زینداێکه له زیندانه‌کانی باشووری کوردستان؛ له چوار مه‌تری دووجا تێناپه‌ڕێت و دوو ئه‌کته‌ری له خۆ گرتووه. نێوان ئه‌و دوو ئه‌کته‌ره، که ڕۆڵی زیندانی ده‌بینن، تهلبهندێکه و ئه‌و ته‌لبه‌نده نه‌ک هه‌ر له ڕووی جۆگرافیاوه له یه‌کتریان جیایان ده‌کاته‌وه، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلیشدا ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو زیندانییهکهمان بۆ ده‌رده‌خات، با هه‌ردووکیان سه‌ر به‌هه‌مان ناشیۆنیش بن. ئه‌و جیاوازییه نه‌ک هه‌ر جیاوازیی جۆگرافی و مێژووه، به‌ڵکو دواجار جیاوازیی نێوان دوو بینین و دوو ئاستی زمانیشه. ڕه‌نگه نیشاندانی ئه‌و ڕووبه‌ره بچووکه، پێوه‌ندیی به که‌میی توانای داراییه‌وه هه‌بێت وه‌کو له پێشه‌وه ئاماژه‌مان به‌وه دا، که ئه‌و توانایه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌که له به‌رده‌ستدا بووه، تا بڵێی که‌م بووه، به‌لآم به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان توانیویه‌تی خزمه‌تی ئه‌و کۆنسێپته بکات، که ئاماژه‌مان پێ دا. وه‌ک ده‌بینین زیندانییه‌که‌ی کوردستان کاتێ ده‌یه‌وێت له‌وه تێبگات، که ئه‌م زیندانییه نوێیه بۆچی گه‌یشتۆته ئێره، کۆمه‌ڵێک گریمان داده‌نێت وه‌کو دزی، مرۆڤکوژی و ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر ژن و هی دیکه، به‌لآم هه‌رگیز بیری بۆ ئه‌وه ناچێت، که ئه‌و له ئه‌وروپاوه بۆ کوردستان گهڕاندرابێتهوه و مافی په‌نابه‌رێتییان پێ ڕه‌وا نه‌بینیبێت. کاتێ له ڕێگای فلاش باکه‌وه له‌م دیمهنهوهوه بۆ دیمه‌نی سه‌ره‌تای گه‌یشتنی به دانمارک ده‌مانگوازێته‌وه، ده‌بینین یه‌که‌م کێشه‌ی ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سه‌کان و شوێندا بێت، له‌گه‌ڵ زمان دایه. ئه‌مه یه‌کێکه له خاڵه به‌هێزه‌کانی فیلمه‌که. (ئالان) له کاتێکدا گه‌یشتۆته دانمارک، دیمه‌نی منداڵێکی قژزه‌رد سه‌رنجی ڕاده‌کێشێت، که له‌سه‌ر زه‌وی پاڵکه‌وتووه و له‌وه ده‌چێت کێشه‌یه‌کی هه‌بێت. (ئالان) وایزانیوه ون بووه، بۆیه ده‌یه‌وێت هه‌ڵیگرێته‌وه و یارمه‌تیی بدات، به‌لآم چونکه زمانی دانمارکی نازانێت، ته‌نها ده‌توانێت ده‌ست به پشت و قژیدا بێنێت. له‌پڕ باوکی منداڵه‌که ده‌رده‌که‌وێت و وا ده‌زانێت ئه‌و په‌ناهه‌نده‌یه نیازێکی خراپی له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌ی ئه‌ودا هه‌یه. له (ئالان) تووڕه ده‌بێت، به‌لآم (ئالان) ته‌نها وشه‌ی (به‌یبی Baby) ده‌زانێت و به‌رده‌وام ئه‌و وشه‌یه ده‌ڵێته‌وه و به ده‌ست و ده‌موچاویش ئاماژه به‌وه ده‌کات، که ئه‌و ویستوویه‌تی یارمه‌تیی منداڵه‌که بدات. لێره‌دا ئه‌وه‌ی وای له (ئالان) کردووه، که وابزانێت منداڵه‌که ون بووه، لایه‌نێکی نه‌ستیی هه‌یه، که ئه‌وه خۆیه‌تی ون بووه. ئه‌مه ئاماژه‌یه‌کی جوانه به ونبوونی په‌ناهه‌نده‌یه‌ک و ونبوونی منداڵێک، که هاوکات پێمان ده‌ڵێت ونبوون حاڵه‌تێکی مندالآنهیه و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ره‌تا. ده‌توانین هه‌ر لێره‌دا پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و حاڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ منداڵی و حاڵه‌تی نه‌زانینی زمانی دانمارکییش لای (ئالان) بدۆزینه‌وه. وه‌کو ده‌رکه‌وتووه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی یه‌که‌مجار ده‌گه‌نه ده‌ره‌وه، پێش هه‌موو شتێک بیر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی خۆیان ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه سه‌رنج له‌م دیمه‌نه بده‌ین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین نزیکبوونه‌وه‌ی (ئالان) له‌و منداڵه، ته‌نها لایه‌نی به‌زه‌یی نییه، به‌ڵکو جۆرێکه له گه‌ڕان به‌دوای هاوشێوه‌ی خۆیدا، که ئێستا ئه‌و منداڵه‌یه. ئه‌و دیمه‌نه پێمان ده‌ڵێت، که تاراوگه له‌ناو زماندا جێگیره.
له‌م فیلمه‌دا ئه‌گه‌رچی زیاتر ژیانی که‌مپ نیشان دراوه، که تێیدا په‌ناهه‌نده وه‌کو زیندانی ته‌ماشا ده‌کرێت، به‌لآم له ڕێگای دیاڵۆگی نێوان (ئالان په‌ری) و (ڕێناس)ه‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین، که کێشه‌که زۆر له‌وه گه‌وره‌تره و به وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی نابڕێته‌وه. لێره‌شه‌وه ڕووناکی خراوه‌ته سه‌ر زۆر لایه‌نی دیکه‌ی ئه‌و پهناههندانهی مافی په‌نابه‌رێتییان وه‌رگرتووه، که له‌پاڵ ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه‌ی بۆیان دابین کراوه، هه‌ر یه‌که‌ی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی هه‌یه و زۆربه‌شیان په‌یوه‌ستن به‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان ئه‌و دوو که‌لتووره‌دا هه‌یه. خۆشه‌ویستیی (ئالان) و (تانیا) به‌شێکی ده‌بێته قوربانیی ئه‌و تێڕوانینه‌ی، که که‌لتووری کوردی بۆ چه‌مکی خۆشه‌ویستیی هه‌یه‌تی و به‌سه‌ر تاکه‌کانی خۆیدا سه‌پاندوویه‌تی، به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی سیسته‌می دانمارکییه‌وه، که دیوێکی دیکه‌ی دیمۆکراتییمان نیشان ده‌دات. له‌و دیوه‌یدا دیمۆکراتی پێمان ده‌ڵێت، که بۆ پاراستنی گیانی په‌ناهه‌نده، کۆمه‌ڵێک مه‌رجی هه‌یه و ئه‌و مه‌رجانه‌ش سیسته‌مه‌که ده‌خه‌نه ژێر پرسیار و گومانه‌وه.
لێره‌وه‌یه ده‌ڵێین زیندان چاکترین شوێنه بۆ به‌یه‌که‌وه گرێدانی ئه‌و دوو دنیایه. ئێستا ئه‌و زیندانه‌ی (ئالان)ی تێدایه پێکهاته‌یه‌که له زیندانی کوردی و دانمارکی. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه ئه‌و ته‌لبه‌نده‌ی نێوان (ئالان) و زیندانییه‌که‌ی کوردستان، سیمبۆلێکی کاریگه‌ره.
ناوی هه‌ندێک له ئه‌کته‌ره‌کان:
ڕاسهمینا سابیر (تانیا)
ڕێنا سابیر (ڕێناس)
ئومێد مه‌ریوانی (زیندانی)
مه‌هاباد ڕوشدی (دایک)
زریان روشدی (کوڕێکی لاسار)
هاوڕێ مه‌حموود (باوکی تانیا)
هیوا عه‌بدوللآ (هاوڕێی ئالان له که‌مپ)تێبینی: ئه‌مانه ئه‌و تێبینییانه بوون، که هه‌ر دوای بینینی فیلمه‌که لام دروست بوون و تۆمارم کردن.
13.06.2009