Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ئاخ خۆزگه‌ ژن نه‌بوومایه‌

ئاخ خۆزگه‌ ژن نه‌بوومایه‌

Closed

"ئاخ خۆزگه‌ ژن نه‌بوومایه‌"
کامیار سابیر

به‌رپرسی یه‌که‌می لیستی  گۆڕان، له‌ په‌یامه‌که‌یدا بۆ پرسی ژنانی کوردستان،  کۆتایی په‌یامه‌‌که‌ی ئه‌ووم به‌سه‌ردێڕی ئه‌م وتاره‌ داناوه‌، وه‌ک تاکتیکێکی هه‌ڵبژاردن، ده‌یه‌وێ زۆر پێچوپه‌نا بکات و خۆی له‌پرسی سه‌ره‌کیی ژنان له‌کوردستان بدزێته‌وه‌ که‌ تێرۆکردنی ژنانه‌. سه‌ره‌تا له‌ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت وه‌ک ریشسپییه‌ک قسه‌بکات و ئافره‌ت لقوپۆی لێده‌کاته‌وه‌ بۆ ژن و کچ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرێک له‌رێکخراوه‌کانی بۆ پرسی ژنان دامه‌زراون، رێکخراوی حیزبه‌ جیاوازه‌کانن و ژماره‌یه‌کیشیان ناوی سه‌قه‌تی ئافره‌ت ( زه‌عیفه‌) یان له‌خۆیان ناوه‌.
به‌ڕاستیی تاڵه‌بانیی و حیزبه‌که‌ی که له‌گه‌نده‌ڵییدا ‌ نغرۆبوونه‌ ، په‌یامیان بۆ پرسی ژنان زۆر روونتره‌، ئاخر خۆ به‌س بۆ که‌مپه‌ین و ستانده‌ردی جیهانییش بێت، تاڵه‌بانیی ده‌مێکه‌ گوتویه‌تی واژۆی بۆ ئیعدامی که‌س نه‌کردووه‌، به‌ڵام بۆ بکوژی ژنانی ده‌کات. ئه‌مه‌ چه‌ندی راسته‌و چه‌ندی چه‌وتوچێڵییه‌ به‌جێی خۆی، له‌کاتێکدا له‌مێژووی شاخ و شاردا، له‌لایه‌ن حیزبه‌که‌یه‌وه‌ سه‌دان که‌س تێرۆری سیاسیی کراون.
کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ژن له‌ کوردستانی عێراقدا، تێرۆرکردن و کوشتوبڕیانه‌ له‌سه‌ر عه‌شق، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی، له‌سه‌ر ئازادیی تاک…………تاد. تاوانباره‌کانیشیان زۆرکه‌م دووچاری لێپرسینه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌، بگره‌ زۆربه‌یشیان ئازادن. کێشه‌یه‌کی تر که‌ نه‌وشیروان هه‌ر به‌لایشیدا نه‌چووه‌، مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنییه‌، ئه‌مه‌یشان بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ختووکه‌ی ‌ئیسلامیی سیاسیی و ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیی و سیاسیی و سه‌رۆک عه‌شیره‌تانه‌ نه‌دات که‌ لایه‌نگریی له‌ لیستی گۆڕان ده‌که‌ن.
به‌پێی ئاماره‌ باوه‌ڕپێکراوه‌کانی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، کوشتاری ژنان له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌، زۆر له‌قوربانییانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌سه‌رتره‌، مرۆڤ چۆن داناچڵه‌کێ کاتێ لای که‌م یاسایه‌ک  نابینێ له‌په‌یامه‌که‌ی نه‌وشیرواندا بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی که‌ ژنه‌کانیان، خوشکه‌کانیان، دایکه‌کانیان و خزمه‌کانیان به‌ بیانووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ ده‌کوژن. رۆشنایی یاسایه‌ک نابینێ هه‌ر بڵێ بیرێک له‌ قه‌ده‌غه‌کردنی فره‌ژنیی ده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌م کۆنسێرڤه‌تیزمه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژنان، چه‌ندێک قازانجی بۆ لیستی گۆڕان هه‌بێ، ده‌یانجار زیانی زۆرتره‌.
زۆر سه‌یره‌ ئه‌م په‌یامه‌ چۆن به‌سه‌ر که‌سانێکی وه‌ک د.شاهۆ سه‌عید و کوێستان محه‌مه‌ددا تێپه‌ڕیوه‌، ئایا پرسیان پێنه‌کراوه‌و نه‌وشیروان به‌ تاکڕه‌ویی خۆی ئه‌م کاره‌ی کردووه‌، یاخود پرسیشیان پێکرابێت گوێیان لێ نه‌گیراوه‌. به‌ڕاستیی جێگه‌ی داخه‌ که‌ سه‌دان ره‌خنه‌ له‌نه‌وشیروان گیراوه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژنان، که‌چیی به‌م خه‌مساردییه‌وه‌ قانوون بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی ژنان داده‌نێ. زۆر به‌دڵنییایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانیی، مامۆستا سه‌ڵاحه‌دینی یه‌کگرتوو، مامۆستا عه‌لی باپیر، سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکی خوێنده‌وار! په‌یام بۆ ژنان بدات، له‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا باشتری نه‌‌دات، خراپتری نادات. به‌ڵام نه‌وشیروانیش له‌وه‌ دڵنیابێت، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ی ژیانی نیوه‌ی مرۆڤه‌کانه‌، ئه‌گه‌ر لیستی گۆڕان  له‌سه‌ر پرسی ژنان سه‌دان ده‌نگێک به‌ده‌ستبهێنێ له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌زاران ده‌نگ ده‌دۆڕێنێ.

ئێستا له‌ هه‌نده‌ران، ئه‌گه‌ر بڵێی کوردی عێراقم، یه‌که‌مین نیگا له‌مێشکی ئه‌وانه‌ی ئاشنایه‌تییه‌کیان به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد و مه‌سه‌له‌ی ژنان هه‌یه‌ له‌ئاستی جیهانییدا، کورد وه‌ک ژنکوژ ده‌ناسن. له‌کاتێکدا ده‌بووایه‌ وه‌ک گه‌لێکی جینۆسایدکراو بناسری، وه‌ک گه‌لێکی کیماویی بارانکراو بناسرێ. ژنکوشتن له‌لایه‌ن پیاوی کورده‌وه‌، هه‌موو سنووره‌کانی تێپه‌ڕاندووه‌و وه‌ک قه‌سابخانه‌یه‌ی لێهاتووه‌، ناکرێ به‌ مێنتاڵیتیی کۆنسێرڤه‌تیزمانه‌ی هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی کورده‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ پرسی ژنانی کورد بهێنرێته‌ ئاستێکی نزمه‌وه‌. زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکه‌ که‌" ئازادیی کۆمه‌ڵ‌ به‌ئازادیی ژنانه‌وه‌ به‌نده‌". به‌ڵام ئاخۆ نه‌وشیروان چۆن له‌ئازادیی ژنان تێگه‌یشتووه‌؟ کاتێک ترووسکایی یاسایه‌ک، ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنیش بێت،  بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و هه‌موو تێرۆرکردنه‌یان نه‌بینن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.