
هاوارێک له ژێر ئۆقیانوسێک له تاوانه‌وه
هاوارێک له ژێر ئۆقیانوسێک له تاوانه‌وه
نامه‌یه‌کی کراوه بۆ به‌ڕیز خه‌ندان حه‌مه جه‌زا
نووسینی: ڕۆژ ئه‌حمه‌د
له‌گه‌ڵ نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌دا 20 خوله‌کێک تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر کۆتایی خویندنه‌وه‌م بۆ چاپی پێنجه‌می کتێبی (ئوقیانوسێک له تاوان) که نوسین و شیکردنه‌وه‌ی به‌ڕیزتانه.
خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ت به دڵنیاییه‌وه پێویستییه‌کی حه‌تمی بوو و پێشموایه هه‌موو تاکێکی به‌رپرسیاری کۆمه‌ڵگا ئه‌رکێتی بیخوێنیته‌وه.
هه‌نووکه کتێبه‌که‌ت توشی شۆکێکی کوشنده‌ی کردووم و تاساوییهکی بێپێشینه‌ش سه‌راپا دایپیشیوم له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی چینینی ئه‌م پیتانه‌ش ، که ساته‌وه‌ختێک سه‌ر له به‌رامبه‌ر سکرینی کۆمپیته‌ره‌که‌م به‌رزده‌که‌مه‌وه بۆ هه‌ڵمژینی هه‌ناسه‌یه‌کی بێ بیرکردنه‌وه، له تێڕامانی سپییه‌تی دیواره‌که‌ی پشتیه‌وه وێناکاری چیرۆکه‌کانی نێو کتێبه‌که تێکڕا ذێنه پێش چاوم ئیدی سه‌ری په‌نجه‌یه‌کم به بیلبیلهکانمدا ده‌هێنم بۆ دڵنیا بوونم له وشکیان وه‌لێ ته‌ڕن!
به گشتی هه‌ست ده‌که‌م باری ده‌روونیم له دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه له چوارچێوه ئاساییه‌که‌ی پرۆسێسی کارکردنیدا به‌رده‌وام نییه و خه‌مۆکیه‌کی نامۆش به ده‌روونم خه‌ریکه له ناخمدا سه‌چاوه ده‌گرێت.
تۆ بڵێی خه‌مۆکیم جێی گومان بێت ؟ یان تۆ بڵێی که‌سێک هه‌بێت به‌ده‌ر له خێڵی گورگه‌کان به بیستنی چیرۆکی تاوانی سێکس کردنی به‌زۆر له‌گه‌ڵ فریشته‌یه‌کی هه‌ڵهاتوو له یاسای ئاینه‌کان و که‌لتووری پیاوسالاری و برسێتی و بێ په‌نایی وه‌ک منی به‌سه‌ر نه‌یه‌ت؟ یان تۆبڵێی بوونه‌وه‌رێک هه‌بێت خه‌مۆکی داینهپۆشێت به خوێندنه‌وه‌ی فرۆشتنی پاکیزه‌یه‌کی 13 ساڵان و دوورخستنه‌وه‌ی به‌زۆری له بووکه‌شوشه هاورێکه‌ی و له نێو ئاپۆڕه‌ی قاقا و لوره لوری گه‌له گورگه‌کاندا جگه‌ره به جه‌سته‌ی خوداوه‌ندیدا بکوژێننه‌وه؟ یان تۆبڵێی مرۆڤێک له زمانی قوربانییه‌کان خۆیانه‌وه وه‌حشیترین تاوانه‌کانی دژ به مرۆڤایه‌تی ببیستێت و له ئه‌نجامیشدا بێده‌نگ بێت؟
من هه‌ر شۆکم ، بێ ئه‌ندازه تاسا و به‌رامبه‌ر پرسی خودی بوون ، ئاخر تاوانه مه‌مله‌که‌تێک جێگای بێگوناهترین فریشته‌ی تیانهبێتهوه، زه‌مینێکی هینده فراوان سوچێکی نه‌بێت بییان داتێ؟ ئه‌مه جه‌نگه‌ڵه یان نیشتمانی مرۆڤ؟ باشه بوون چۆن له رسته‌کانی ئه‌م تراژیدیا به‌رده‌وامه پیناسه‌ی خۆی ڕێک ده‌خات؟
من ده‌مزانی گورگه برسیه بازرگانه‌کان و چه‌قه‌ڵه فیوداڵیسته ترادسیۆن په‌رسته‌کان یاری به ده‌روون و به مرۆڤ بوونی مێینه ده‌که‌ن. ته‌ماشم کرد له ئۆقیانوسێک له تاوانیشدا هه‌ر هه‌مان گه‌له گورگ و ڕه‌وه چهقهڵن که به‌رده‌وامن له تاوانکاریه‌کانیان به‌ڵام له‌وێنده‌رێ له که‌شوهه‌وایه‌کی ئازادتر و به سهربهستییکی زێده‌تر فراوانتر و له ئاستیکی باڵاتردا، له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری نوی-ئاشنا به بازاری ئازادی" شادی هێنه‌ر"!
ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌ر له خویندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ته‌وه کینه‌م بۆ هونه‌ری باو و کلتووری باوی به ناو "سه‌رده‌مییانه‌ی" ئیستای مرۆڤیش زێده‌تر و زێده‌تر بوو که سیخناخن له سێکسیزم و سووکایه‌تی کردن به میینه له کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مرۆی مرۆڤدا.
خاتوو خه‌ندانی زێده ئه‌زیز ، به پێویستم زانی هه‌ر له‌م نامه‌یه‌وه چه‌ند دڵۆپه فرمێسکێکی ڕه‌خنه‌ش برژێنمه نێو ئۆقایانووسێک له تاوان، په‌یوه‌ند به چاوپیکه‌وتنه‌کانی قوربانیه‌کانه له (به‌شی دووه‌م باسی یه‌که‌م_ ڕاستی وه‌ک خۆی له زاری له‌شفرۆشانه‌وه)
به‌سه‌رهاتی سێهه‌م فریشته‌یه‌کی ته‌مه‌ن 14 ساڵانه که دانیشتووی به‌غداد بووه و له ماڵه‌وه هه‌ڵهاتووه و به دوای سه‌نته‌ری یارمه‌تی مافی ژناندا گه‌ڕاوه به‌ڵام به داخه‌وه ده‌که‌ویته ده‌ست گورگه‌کان . خویندنه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌م فریشته‌یه که پاکترو بیگوناهتره له هه‌موومان، هێنده ئازار به‌خشه که پێم وایه هیچ چوارچێوه‌یه‌کی ده‌ڕبڕین ناتوانێت ڵلدهی ئه‌و ئازاره بدات به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌وه‌ش زیاتر ئازاری ده‌روونی دام سهرشؤرکردنی دادپه‌روه‌ری بوو له کتێبه‌که‌دا .
ئه‌م فریشته‌یه دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵدێت و چه‌ندین جاری تر سووکایه‌تی و به‌زۆر کاری سێکسی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن تووشی کوڕێک بووه که ده‌یباته‌وه ماڵه‌وه و ئاشنای خیزانهکهیانی ده‌کات و وه‌ک مرۆڤ ڕێزی لێده‌گرن پاشان ده‌یباته تیکڕای پیگه و سه‌نته‌ره‌کانی به‌ناو به‌رگریکه‌ر له مافه‌کانی ژنان له شاری سلێمانی به مافه‌کانی مرۆڤ و مانگی سووره‌وه به‌ڵام هیج له‌م سه‌نته‌رانه ئه‌و فریشته‌یه له خۆ ناگرن و له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن به ره‌گه‌ز عه‌ره‌به.
به‌داخه‌وه که له دوای سکرێپتی جاوپیکهوتنهکه ناوی ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی ژنانت نه‌هێناوه که پێشێلکاریان له مافه‌کانی مرۆڤدا کردووه له‌سه‌ر زه‌مینی ره‌گه‌زپه‌رستی که چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و تاکه بووه به‌هۆی ره‌گه‌زییه‌وه ، به‌داخه‌وه ده‌بوایه ناوی ئه‌و سه‌نته‌رانه بهاتبایه هه‌تاوه‌کو به‌رپرسانیان بدرێنه دادگا و لێپرسینه‌وه‌ی ره‌سمییان له‌گه‌ڵدا بکرێت و سزای خۆیان وه‌ربگرن، ئا به‌مه هه‌مان چه‌شنی قوربانی دووباره نه‌ده‌بۆوه چونکه ده‌ره‌نجام وه‌ک له چاوپیکهتنهکهدا روونکراوه‌ته‌وه هه‌ر ئه‌و سه‌نته‌رانه بوونه‌وه به هۆکاری پاڵنه‌ری ئه‌م فریشته‌یه بۆ دووباره به‌کارهینانی له‌لایه‌ن ده‌ڵال و تاوانبارانه‌وه به هۆی نه‌بوونی شوێنێک بۆ داڵده‌دانی.
ئه‌و فریشته‌یه که هێشتا له ته‌مه‌نی منداڵیایهتی باس لهدهستریژی و به‌کارهینانی به‌زۆر ده‌کات له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵا ده‌ست له ده‌زگا حوکومی و ئاسیش و حیزبییه‌کاندا که باس له ماڵ و ته‌لار و حیمایهکانیسیان ده‌کات و ده‌ڵێت "له ته‌له‌فزیۆنیشدا که ده‌ر ده‌که‌ون ده‌یانناسمه‌وه" به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێوه و تیمی پرۆژه‌ی ئه‌م کتیبه هیچ بهدواداچونیکتان بۆ ده‌رخستنی ئه‌و تاوانبارانه ئه‌نجام نه‌داوه .
ئه‌م دیارده‌ی که‌مته‌رخه‌مییه له تێکرای جاوپێکهوتنهکان له‌گه‌ل قربانیهکانی تریشدا دوباره و چه‌ندباره بووه‌ته‌وه ، کاتێک قوربانیه‌ک ناوی ئه‌فسه‌رێکی پله به‌رز یاخود به‌رپسێکی باڵاده‌ستی هێناوه له خواره‌وه‌ی لاپهرهکهدا چه‌ند تیبینیهک وه‌ک پاساو هاتۆته‌وه و به‌م هێمایه له دوو که‌وانه‌دا (…..) ناویانتان به خاڵی جیهێشتووه، ئاخر خاتوو خهدانی زێده ئه‌زیز ئه‌مه هه‌مدیسان شاردنه‌وه‌ی راستییه‌کانه و هۆکاریکه بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و تاوانانه له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسه حوکومی و حیزبیانه‌ی که له ده‌سه‌ڵاتدان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن. ئه‌مه‌له کاتێکدا به‌ڕێزتان و تیمی به‌شداربوو له جاوپیکهتنهکاندا ده‌تان توانی ئه‌و به‌رپرسانه بۆ هاوڵاتییان ئاشکرا بکه‌ن و بدرێنه دادگا ، ئاخر ئه‌مانه تاوانیان دژی منداڵان ئه‌نجام داوه ده‌بێت قورسترین سزا بدرێن و ببنه نمونه بۆ دووباره نه‌بونه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگا .بۆ نموونه له به‌سه‌رهاتی دووه‌م تیبینی کراوه " س باسی ناوی به‌رپرسه ده‌کات و ده‌ڵیت حیمایه‌کانی ده‌هاتن" یان " باری ئاسایسی عێراق و کوردستان پر ئاسایش نییه بۆیه ناتوانین راشکاوانه ناوه‌کان دیاری بکه‌ین، چونکه هیشتا خه‌ڵک سه‌ربه‌سته چه‌کدار بێت"
باشه ئه‌گه‌ر ئاسایش به‌رقه‌رار بێت له ڕاستیدا ئه‌م تاوانکارییانه به‌و وه‌حشیگه‌ریه‌ی شرۆڤه کراون رووده‌ده‌ن ؟ پاشان که‌ی و له کوێ ئاسایش به‌رقه‌رار بووه ههتاوهکوتا دواتر پاش ئاسایش و بارێکی له‌بارتر به‌دوای دادپه‌روه‌ریدا بگه‌ڕێن؟له به‌سه‌رهاتی چواره‌میشدا قوربانیه‌که ناوی سه‌نته‌ریکی هیناوه هه‌مدیسان تیبینی کراوه (ناوی سه‌نته‌رێکه تویژه‌ر ناخوازیت ناوی بینێت).
ئاخر من تیناگه‌م بۆ نا ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مانه ئاشکرا و ریسوای ده‌ستی عه‌داله‌ت نه‌بن، له تاوهنکاریهکانیان هه‌ر به‌رده‌وام نابن ؟ ئایا ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ش به‌شدار نین له به‌رده‌وامی ئه‌م تاوانه نامرۆڤانانه ؟ ئیتر بۆ ئاشکرا نه‌بن تا ڕێگه له خۆشارادنهوهیان بگیرێت له ژێر ده‌مامکی مافی ژنان و مافه‌کانی مرۆڤ. ئایا روون نییه که ئه‌م جۆره سه‌نته‌رانه سووکایه‌تی به‌م دۆزه ده‌که‌ن و ته‌نها کردویانه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه و مشه‌خۆریان و له ڕیگهخۆشکردن بۆ قربانیدانی زێده‌تری میینه زیاتر هیچی تریان ئه‌نجام نه‌داوه ؟ ئیدی بۆ ئاشکراتان نه‌کردوون ؟ نازانم چی مه‌به‌ستیک له پشتی ئه‌م ئاشکرانهکردنههوه هه‌یه؟ ده‌بووه ڕێگر له وه‌رگرتنی خه‌ڵات بۆ کتێبه‌که ؟له به‌سه‌رهاتی حه‌وته‌میش ئاماژه کراوه که قوربانیه‌که دوای هه‌شت مانگ له‌لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه تیرۆر کراوه‌و پاشان ته‌رمه‌که‌ی له گه‌ره‌کێکی شاری سلێمانی فڕێدراوه پاشان تیبینی کراوه
" ناتوانین کورتکراوه‌ی ناوی ره‌وزه‌کان، واته باخچه‌ی ساوایان بدرکینین، چونکه ژماره‌یان که‌مه و دیاریکراوه ئه‌گه‌ری ئه‌وی هه‌یه بزانرێت"
من لێره‌دا ده‌پرسم بۆچی نه‌زانرێت؟ بۆ خه‌ڵک و یه‌کسانیخوازان نه‌زان یان بۆ دادگا نه‌زانێت کێبووه ئه‌وه‌ی لهوهحشهتهوه هاتووه و ئه‌م فریشته‌یه‌ی کوشت تا به سزای تاوانه‌کانی خۆیان بگه‌ن؟ سزادانی ئه‌م تاوانبارانه به‌ربه‌ستێکه له دووباره و ده‌باره بوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانکارییانه به‌ڵام ئایا ئه‌م شاردنه‌وه‌یه له کتێبه‌که‌ی ئێوه له دادپه‌روه‌ری دوورترمان ناخاته‌وه ؟ که‌واته چی هه‌نگاویکی باش نراوه بۆ بنیاتنانی له‌مپه‌رێک بۆ دووباره‌نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه نامرۆڤانه‌یه؟له چاوپیکهوتنێکێش له‌گه‌ل قوربانیه‌ک که چۆته لای فه‌ڕاشی قوتابخانه‌یه‌ک و لایه‌ن ئه‌ویشه‌وه تاوانی لێکراوه، پرسیار له قوربانیه‌که ده‌کرێت که ئه‌و فه‌ڕاشه له چی قوتابخانه‌یه‌ک کاری کردووه.
باشه بۆ هه‌مان پرسیار له قوربانی حه‌وته‌م که کاتیبهی باخچه‌ی ساوایان بووه نه‌کرا ؟ بۆ ده‌تانویست پێگه‌ی ئه‌م بناسرێت بۆ پیگه‌ی ئه‌و نه‌ناسرێت؟ ئایا ئه‌مه جیاکاری نیه له سه‌ر زه‌مینی سروشتی پیشه‌وه‌ری؟ ئاشکرایه تاوانکارانی ئه‌م تاوانه نامرۆڤانانه پێویسته وه‌ک یه‌ک ته‌ماشایان بکرێنن وه له‌به‌رده‌م دادگاشدا سزاکانیان یه‌ک بێت و پیکهوهش ریسوا بکرێن به‌ڵام ئه‌ی بۆ ئه‌و پرسه له گشت لایه‌نه‌کان نه‌کرا؟له زۆربه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌کاندا فریشته‌کان باس له ده‌ستریژی به‌زۆر ده‌که‌ن بۆ سه‌ریان له‌لایه‌ن ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسه‌کانی هاتوچۆ و فه‌رمانبه‌رانی ده‌زگاکان به‌تایبه‌تی باڵاده‌سته‌کانیان . ئه‌م سیناریۆ ره‌شه له ووته‌کانی گشتیان چه‌ند باره بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه ئێوه هیچ به دواداچونێکتان له سه‌ر ئه‌و ویستگانه‌ی پۆلیس و ئاسایش و ده‌زگایانه نه‌کردووه که لهڕرستیدا مادام قوربانیه‌کان ئاماده‌ی قسه‌کردن بوون ده‌توانرا به ئاسانی بدۆزرینه‌وه و به سزای یاسایی خۆیانیان بگه‌یه‌نن به‌ڵام هیج بۆ ئه‌م لایه‌نه نه‌کراوه بۆچی؟
من بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر فریشته‌یه‌کی تر ئه‌مڕۆ به هه‌مان چه‌شن ده‌ستگیر بکرێت هه‌مان ده‌سترێژی بۆ سه‌ر ئه‌ویش ده‌کرێت وه‌ک ئه‌و هه‌زاران قوربانیانه‌ی تر ؟ له کاتیکدا ئه‌م گورگانه سه‌ربه‌ستانه له هه‌مان پێگه‌ی خۆیانن و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن ؟
له شیکردنه‌وه‌ی جاوپیکهوتن له‌گه‌ل ده‌ڵاڵێکدا له ل(324) ئاماژه ده‌که‌یت:
" له گفتوگۆکانیدا به‌بێ ترس ناوی سه‌دان که‌سی ده‌وت که به‌رپرسیاریتیه‌کی گه‌وره‌یه ئیمه لیره‌دا کارمان ته‌حقیق و دادگایی کردنی ئه‌و که‌سانه نییه به‌ڵکه ئامانجمانه قه‌باره‌ی گرفته‌که بخه‌ینه روو "
ئیستا ئه‌وه قه‌باره‌که‌مان زانی ئیدی قسه له‌سه‌ر چییه؟ ئه‌ی چیتان گۆڕی و چی ههنگاویکتان ناوه بۆ بچوکردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی گرفته‌که ؟ ئه‌م ووته‌یه‌ی سه‌ره‌وه له پاساو هینانه‌وه و ترس له‌هه‌ندێ گرفتیی تایبه‌تی بۆ خۆت که قازانجی کۆمه‌ڵی تیدایه زیاتر هیچی دیکه نییه چونکه خۆتان باشتر له من ده‌زانن که دادگایی کردنیان هه‌نگاوێکه بۆ بچوککردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی گرفته‌که. به‌ڵام بڕواش ناکه‌م گرفتت بۆ دروست بکات چونکه کتیبکهت خه‌ڵات کرا و ڕێزیکی بێپایانی له‌لایه‌ن حوکومه‌تی هه‌ریمه‌وه لێ‌گیرا و تا هه‌نووکه‌ش هیچت بۆ درووست نه‌بووه به‌ڵام سۆرانی مامه حه‌مه له‌سه‌ر ووتارێکی لاپه‌ره و نیوی شه‌هید کرا!
تۆ بڵێێ ڕێزی ئه‌وان بۆ تۆ و کتێبه‌که‌ت هۆکاری ئه‌وه نه‌بێت که بهپرسهکانیانت ئاشکرا نه‌کردووه ؟
به هه‌ر بارێک ئیتر ده‌ڵێم ده‌ستتان ده‌گوشم و رێزی زۆرم بۆ ماندوبوون و هیلاکی به‌رده‌وامتان له‌م پرۆژه‌یه دیاره کتێبه‌که توێژینه‌وه و شرۆڤه‌یه‌کی چر و پڕی زانسیتیانهی ئه‌م کیشه کۆمهڵیهتییه ده‌کات به‌ڵام به داخه‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو له نزیککردنه‌وه و وه‌ده‌ستهینانی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ قوربانیه‌کان و خودی کۆمه‌ڵ، له راستیدا زێده‌تر ئه‌وان و ئێمه‌شی له دادپه‌روه‌ری له نزیکه‌وه دوورخسته‌وه. له ده‌سه‌پاچه‌بوون و خه‌مۆکیه‌کی کووشنده هیچیتری بۆ جێنه‌هێشتین.
له کۆتایدا ئه‌م ووته‌یه‌ی مارکسی مه‌زنت پێشکه‌ش ده‌که‌م که له‌سه‌ر وێنه‌یه‌کی خۆی نوسرابوو و و به دیواری ژووری وانه‌ی کۆمهڵایهتیمهوه هه‌ڵواسرابو که له قۆناغی خویندنی دواناوهندیمدا بووم و هه‌میشه ته‌ماشام ده‌کرد :
"فهیلوسوفهکان جیهانیان شرۆڤه کردووه به‌ڵام قسه له‌سه‌ر گۆڕینیه‌تی"8.07.2009