Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
كتێبفرۆشه‌ نیگاركێشه‌كه‌!…..تێكۆشه‌ر خالید

كتێبفرۆشه‌ نیگاركێشه‌كه‌!…..تێكۆشه‌ر خالید

Closed
by July 19, 2009 ئەدەب

كتێبفرۆشه‌ نیگاركێشه‌كه‌!
    تێكۆشه‌ر خالید

 به‌ شاعیرو ڕۆماننوسی گه‌وره‌(یوسف عیزه‌دین) پێشكه‌شه‌..

 

 

         ئه‌وان هیچ كات له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكی ئه‌دیب وته‌نانه‌ت ئاسایش، تێكه‌ڵ نه‌ده‌بوون،به‌ڵام به‌رده‌وام له‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دابوون وێنه‌ی كه‌سه‌ئه‌دیبه‌كان بكێشن،ئه‌وان نزیكه‌ی هه‌ژده‌ساڵه‌ به‌نیازی كارێكی له‌وجۆره‌ن،كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیان توانیبا تێكه‌ڵی كه‌سه‌ئه‌دیبه‌كان بن،ڕێیان نه‌ده‌كه‌وته‌ من،بۆ ئه‌وه‌ی ته‌فسیری ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یان بۆ بكه‌م كه‌ناویان نراوه‌ مرۆڤی ئه‌دیب! ئه‌مه‌ داوایه‌كی قورس بوو،كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ له‌من كرا،به‌ڵام زۆر بوێرانه‌ پێم وتن كه‌ئاماده‌م ئه‌وه‌یان بۆبكه‌م، ئه‌وه‌ وایكرد بێ‌ دوو دڵی بڕیاربده‌م كه‌ نزیكه‌ی نۆزده‌ ساڵ كتێبفرۆشیم كردووه‌،بۆ من ناسینی ئه‌وان  سانا یه‌ ،له‌ناو كتێبه‌كاندا هونه‌ری ناسینی، ئه‌دیبان و ،به‌خت هه‌یه‌،چاره‌نووس هه‌یه‌،ژیان،منداڵ،ڕاستی،ئیمان،هه‌رچییه‌ك كه‌تۆ ده‌خوازیت،به‌ڵام به‌مه‌رجێك،به‌ڕاده‌یه‌ك ده‌بێت ڕۆبچیته‌ ناو هه‌ركتێبێكه‌وه‌،كه‌ ئیدی گومان بكه‌یت كه‌ له‌نێو كتێبه‌كه‌دا ده‌توانیت بێیته‌ ده‌ره‌وه‌!یان نا؟ من له‌ته‌مه‌نی كوڕه‌كه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كتێبدا ده‌ژیم، ئێستا ئه‌و ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵه‌و له‌من خراپتر ده‌ستی داوه‌ته‌ خوێندنه‌وه‌ كێشه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌مدا ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر ده‌نووسێت،ئه‌وانه‌ی شاعیرن نائومێد و قه‌له‌قن،له‌ڕاستیدا من له‌ كتێبخانه‌كه‌مدا ڕۆژانه‌ به‌ ده‌یان نووسه‌ر و شاعیر ده‌هاتن بۆ لام،له‌نێوچه‌وانی هه‌موویاندا به‌دبه‌ختی و بێ پاره‌ییم ده‌خوێنده‌وه‌،به‌ ڕاده‌یه‌ك زۆرجار بۆ خۆیان ده‌یان ناڵاند،من ئێستاش ئه‌و هاوكێشه‌یه‌م پێ‌ شیكار ناكرێت!ئه‌و هه‌موو كتێبه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندوجوانانه‌،بۆ نووسه‌ره‌كانیان ده‌هاتن كتێبیان به‌قه‌رز ده‌برد؟یان نه‌یانده‌توانی به‌قه‌رزیش بیكڕن!بۆ خوێندنه‌وه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك مۆڵه‌ت ده‌یانبرد،ڕاستیتان پێ بڵێم هه‌رگیز نه‌مویستووه‌ بازرگانی به‌ كتێبه‌وه‌ بكه‌م!،چی كتێبم هه‌بووه‌ به‌نرخی خۆی فرۆشتوومه‌ته‌وه‌،ئه‌وه‌ بۆمن زۆر بووه‌ كه‌ نووسه‌رێكی به‌ئه‌زموون هاتووه‌و كۆمه‌ڵێك لایه‌نی شاراوه‌ی نووسین و ژیانی خۆی بۆ باس كردووم و چاوم كراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕووی تێگه‌یشتندا،پێموانییه‌ هه‌ڵه‌م كردبێت،ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌توانم به‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌مه‌ له‌سه‌ر كه‌سه‌كان بیبه‌خشم به‌و هه‌ژده‌ نیگاركێشه‌ی هاتوون و داوام لێده‌كه‌ن زانیارییان پێبده‌م،یه‌كێك له‌و هه‌ژده‌ نیگاركێشه‌ ڕۆژێكیان به‌ په‌له‌ هاته‌ لام و هه‌ركه‌ یه‌كه‌م له‌حزه‌ ته‌ماشام كرد په‌شۆكاویی ڕووخساری داگیرساندبوو،ئاره‌قه‌ به‌ نێوچه‌وانیدا ده‌هاته‌ خوار،به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی سڵاو بكات له‌ ژێر لێوه‌ ئه‌ستووره‌كانییه‌وه‌ كه‌وته‌ ورته‌ ورت و كۆ مه‌ڵێك جنێوی مناڵانه‌م به‌رگوێ‌ كه‌وت…تووشی شۆك بووم؟ئای خوایه‌ نه‌مبیستووه‌ نیگاركێش جوێن بدا!!ده‌بێت چی ڕوویدابێت؟سه‌یر له‌وه‌دابوو نیگاركێشه‌كه‌ وه‌كو كه‌سێكی تووڕه‌نه‌ده‌هاته‌ به‌رچاو بزه‌ ده‌یگرت وجوێنی ده‌داو جارجاره‌یش ده‌ڕشایه‌وه‌ و ئاوێكی زه‌ردی ده‌هێنایه‌وه‌ ،لیك به‌ده‌م ولێوییه‌وه‌ ده‌چۆڕایه‌وه‌،ڕێك له‌ نیگارێكی خۆی ده‌چوو،نیگاره‌كه‌ی كه‌لله‌ سه‌رێك بوو لایه‌كی سه‌ری ڕژابوو،شێوه‌یه‌كی پێكه‌نیینی وه‌رگرتبوو زمانیشی به‌ لێویدا چۆرابۆوه‌،نه‌متوانی له‌وه‌ زیاتر تێی بڕوانم و  گوێ بۆ ورته‌ ورتی شل بكه‌م و لێمداو رۆیشتم ته‌نانه‌ت ئاورێكیش چییه‌ نه‌مدایه‌وه‌ بۆ دوای خۆم تابزانم به‌رده‌وامه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ ،یان بزانم له‌وێ ماوه‌! یان نا؟ئه‌و حاڵه‌ته‌ ته‌واو منی دڵته‌نگ كرد نه‌مزانی بۆ نه‌متوانی له‌وێ‌ وشه‌یه‌ك چییه‌ بیڵێم؟تووشی شۆك بووم،یان خۆم  نه‌مده‌ویست هیچ بڵێم،ڕاستییه‌كه‌ی من گیرۆده‌ی ده‌ردێكم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا له‌ شوێنی مناقه‌شه‌و گفتوگۆ دوور نه‌كه‌ومه‌وه‌ بیری قسه‌ی جوانترم نییه‌،هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی من له‌ نیگاركێشه‌كان نه‌پرسمه‌وه‌، له‌ خه‌یاڵمدا وام دانا به‌ ئیعتیزاره‌وه‌ بێنه‌وه‌ بۆلام وگفتوگۆ بكه‌ین و ئه‌وه‌ی پێمه‌ پێیان بڵێم،هه‌فته‌یه‌ك دووهه‌فته‌، بوو به‌ دوومانگ ته‌نانه‌ت ئاسه‌واری نیگاركێشه‌كانیشم له‌به‌رچاو بزر بوو، نازانم ڕووخساریان به‌ڕاده‌یه‌ك كاڵ بۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ زه‌ینمدا ناسینه‌وه‌یان شتێكی مه‌حاڵ مه‌حاڵ بوو.من زۆرجار وام داده‌نا كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها خه‌ونێك بووه‌ یان ئه‌مه‌ چیرۆكێك بووه‌ و له‌ كتێبێكدا خوێندوومه‌ته‌وه‌ وه‌لێ‌ هه‌ر زوو دڵنیا ده‌بووم كه‌ نه‌خێر ئێمه‌ چه‌ند خه‌یاڵی بین هێشتا ناتوانیین له‌ واقیع هه‌ڵبێین ،و ئه‌وه‌یش واقیعێك بوو ئیدی بۆمان نییه‌ بیخه‌ینه‌ خانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌، ناچار دانم به‌خۆمدا ده‌گرت،ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌مه‌دا تێپه‌ڕی ڕۆژێك له‌ یه‌كێك له‌ باخه‌كانی شاردا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكی تازه‌ بووم كه‌نووسه‌ره‌كه‌ی بوێرانه‌ خۆی كووشتبوو،له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی به‌خه‌تی خۆی نووسیبووی من ئه‌ڕۆم ئیتر ئه‌مه‌ دێته‌ ژیانه‌وه‌ ڕۆمانه‌ كه‌ ناوی(من)بوو،له‌وكاته‌دا كچێكی سپی سپی ،چاوه‌كانی قاوه‌ییه‌كی تۆخ بوون،زۆر له‌سه‌ر خۆ دوای تێروانینێكی مه‌كربازانه‌ له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ دانیشت،خه‌ریك بوو دڵم ئه‌ته‌قی ،ئێ‌ خوایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌من نزیك ده‌بنه‌وه‌ یان ده‌ڕشێنه‌وه‌ یان سڵاو ناكه‌ن یان له‌ وه‌هم ده‌چن وبێده‌نگی دایان ده‌پۆشێت؟به‌ڕاستی ئه‌و كچه‌ كاریگه‌ربوو،له‌ ڕێواسێك ئه‌چوو كه‌ شه‌رم پڕی كردبێت له‌ناز و ناسكی،كتوپڕ له‌خه‌یاڵی خۆمدا وام دانا،ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌ستم و توند له‌باوه‌شی بگرم له‌وانه‌بێت ببێته‌ تۆزێكی سپی و له‌به‌رچاوم وون ببێت،یان خۆم له‌تاوا بتوێمه‌وه‌،ئه‌و زنجیری پانتۆڵه‌كه‌ی كرابۆیه‌وه‌ زۆر به‌ووردی سه‌رنجی ئه‌ڵقه‌ی زنجیری پانتۆڵه‌كه‌یم ده‌دا،نازانم خه‌ریكبوو سه‌ربنێمه‌ كۆشییه‌وه‌،به‌ڵام خێرا خۆم گرته‌وه‌ چونكه‌ له‌ دونیادا باوه‌ڕم به‌ئافره‌ت نییه‌ و زۆر خۆشم لێیان نایه‌ت،دیار بوو دركی به‌ شتێك كرد،به‌په‌له‌ جانتاكه‌ی له‌سه‌ر ڕانی داناو زه‌رفێكی گه‌وره‌ی زه‌دباوی دایه‌ ده‌ستم، وتی تكا ئه‌كه‌م زوو وه‌ڵامی بده‌ره‌وه‌،من لێره‌م بۆ هه‌میشه‌ له‌م باخه‌دام،ئه‌مه‌ی  وت و هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ كلێنسێكی ده‌رهێناو ده‌ستی چه‌پی خسته‌ناو پانتۆڵكه‌یه‌وه‌ و كلێنسكه‌ی پێ خسته‌ ناو گه‌ڵییه‌وه‌ تۆزێ‌ ئه‌ملاولای پێكردو ده‌ریهێنایه‌وه‌، كلێنسه‌كه‌ یه‌ك پارچه‌ خوێنی سووری تۆخ بوو!،ئه‌مجا وتی:ئه‌م خوێنه‌ له‌ په‌نجه‌ی ئه‌سپێكوژه‌ت بسوو،ئه‌م كاغه‌زه‌م بۆ مۆر بكه‌،ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یربوو،كاغه‌زه‌كه‌ له‌سه‌ری نووسرابوو،په‌یمانمدا داواكانتان به‌جێ‌ بگه‌ێنم،ترس و دوودڵی و بێزكردنه‌وه‌م ڕێی نه‌ده‌دام ئه‌و كاره‌بكه‌م،تا كچه‌كه‌ بزه‌یه‌كی بۆ نه‌كردم چاوێكی لێ دانه‌گرتم نه‌متوانی ئه‌وه‌بكه‌م،دواجار ته‌نها بزه‌یه‌كی ئافره‌تێك واتلێده‌كات هه‌موو كارێك ئه‌نجام بده‌یت،ئه‌و ڕۆی وه‌ك نیگاركێشه‌كان له‌پڕ دیار نه‌ماو ونبوو،به‌ په‌له‌ نامه‌كه‌م كرده‌وه‌،تابزانم ئه‌وه‌ چییه‌ خانمه‌كه‌ی سوور كردبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێبده‌م داواكانی به‌جێ‌ بگه‌یه‌نم و به‌زووترین كات وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌،له‌ناو زه‌فه‌زه‌رده‌كه‌دا، كه‌كردمه‌وه‌ سێ‌ پارچه‌كاغه‌زی  ترم به‌رچاو كه‌وت،له‌یه‌كه‌میان ته‌نها ئه‌م دێڕه‌ نووسرابوو،(من هه‌ڵه‌م، دواجار ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ له‌هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئێمه‌وه‌بوو)ده‌ست به‌جێ‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك به‌رامبه‌رم وه‌ستابێت وئه‌م دێڕه‌ی وتبێت، وتم كه‌ نه‌خێر من هه‌ڵه‌م كه‌ هه‌ڵه‌كه‌یش له‌ ئێوه‌وه‌بوو،له‌و دێڕه‌ تاكه‌ی یه‌كه‌م نامه‌ی ناو زه‌رفه‌كه‌ دڵنیابووم ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هی ئه‌و حه‌ڤده‌نیگاركێشه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی ژماره‌ی ئه‌وانی ده‌كرد به‌هه‌ژده‌ نه‌بوایه‌ ئه‌وا به‌یه‌قینه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌،نامه‌ی دووه‌م نیگاری ئافره‌تێك و پیاوێكی ڕووت و قووتی تێدا كێشرابوو كه‌ئه‌گه‌ر زۆر به‌وردی سه‌رنجت لێ نه‌دابا نه‌تده‌زانی ئه‌وه‌ دوو ڕه‌گه‌زی جیاوازن ،به‌ چه‌شنێك ئاوێزانی یه‌كدی ببوون كه‌هه‌ر ده‌توت ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌كه‌من و ئه‌و كتێبانه‌یان له‌ ئامێز گرتووه‌ كه‌ ته‌نیا خوێنه‌رێكیشیان نییه‌ و ناشكرێت لێكیان جودا بكه‌مه‌وه‌ و فڕێیان بده‌م،ئاخر بێكه‌ڵكترین كتێب،پیرۆزترینیانه‌،ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم له‌ لای چه‌پی به‌شی خواره‌وه‌ی وێنه‌كه‌ به‌ خه‌تێكی گه‌وره‌و ناشرین نووسرابوو،نه‌مانتوانی كه‌بنووسین ئه‌مه‌ نیگاری دووعاشقی له‌یه‌ك دووری درۆزنن له‌ باخ  فێڵ له‌ یه‌كدی ده‌كه‌ن،سێیه‌مین و دوانامه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ سوورێكی تۆخ ڕێك له‌ڕه‌نگی ئه‌و خوێنه‌ی كچه‌ ی باخ نیشانی دام،له‌ناو ڕاستدا نووسرابوو،به‌شه‌رمه‌وه‌ سڵاوێك كه‌شایه‌نی وه‌ڵامێك نییه‌..
ئێمه‌ی هه‌ژده‌ نیگاركێشی گه‌مژه‌ و كه‌سێكی ئاسایی،ڕاسته‌ ساڵانێكی دوورو درێژه‌ ئێمه‌ به‌دوای ناسینی كه‌سه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین،مه‌به‌ستی ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌بوو بتوانیین واقیعی هه‌ركه‌سێكی ئه‌دیب بهێنینه‌ سه‌ر كاغه‌ز و به‌ نیگارێك كۆد و نهێنییه‌كانی ژیانی كه‌شف بكه‌ین،دواجار ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان گه‌وره‌كرد بۆ ناسینی كه‌سه‌ سه‌رقاڵه‌كان به‌ ژیانی ڕۆژانه‌وه‌،ئه‌وه‌ فێربووین له‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینین گێلانه‌ هه‌نگاو ده‌نێت،بیر له‌ پاره‌و،بیر له‌ ناوگه‌ڵی ئافره‌تێك ده‌كاته‌وه‌،ئاخر ئه‌مه‌ ناكرێت ئه‌م هه‌موو نیگاره‌ سه‌قه‌ته‌ لێكچووانه‌ بكێشرێت،ڕاستییه‌ كه‌ی بۆمان ده‌ركه‌وت،به‌بێ‌ خوێندنه‌وه‌،هیچ كارێكمان بۆ مه‌یسه‌ر نابێت،ڕه‌نگه‌ ئه‌و ته‌سه‌ورانه‌ی ئێمه‌یش كه‌له‌م نامه‌یه‌دا ده‌یخه‌ینه‌ڕوو ته‌واو نادرووست بێت،ڕاستی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك نه‌مان ویستووه‌ تێكه‌ڵی كه‌سه‌كان ببین ئه‌وه‌بووه‌،كه‌نه‌وه‌ك بڕشێینه‌وه‌،دووباره‌ ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه‌ هه‌ڵه‌ بێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ستی بكه‌ین به‌ ئه‌دیبه‌وه‌،ئاخر ئێمه‌ به‌ ناسین و دیتنی هه‌ریه‌ك له‌وان هێڵنج ده‌ده‌ین،ده‌ڕشێینه‌وه‌،خۆمان پێناگیرێت و جنێو ده‌ده‌ین،ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بزانیت كه‌هۆكاری ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان به‌چاوێكی نادرووست لێمان ده‌ڕوانن،ئه‌وان پێیان وایه‌ نه‌وه‌ی دوای خۆیان هیچیان پێ نییه‌ و،ته‌نانه‌ت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن،هه‌ر له‌ نووسین و نیگار و ته‌نانه‌ت عاده‌ته‌كانی ڕۆژانه‌شه‌وه‌،بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین،كه‌ ئێوه‌ به‌م كاره‌ی ئێمه‌ هه‌ڵبستن و گه‌وره‌یی بنوێنن ئه‌و نیگارانه‌ بكێشن،دڵنیاین ئێوه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی زۆرتان  و زانیارییه‌كانتان ده‌توانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن،ئیدی ئێمه‌ ده‌رفه‌تێكمان نییه‌بۆ نیگاركێشی، بۆ نووسین ،بۆ خۆشگوزه‌رانی، ته‌نانه‌ت ئه‌م سێ نامه‌یه‌ی ئێمه‌ خه‌ریكین بۆ ئێوه‌ی ده‌نووسین،نازانین چۆن ده‌گاته‌ ده‌ستتان و له‌ ڕێی كێوه‌؟،دواجار ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵین كه‌ ئێمه‌ له‌شارێكی زۆر وێراندا ده‌ژین،به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك دووره‌ ڕێیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌ختیاری، كه‌نازانین چۆن ده‌توانین لێی ده‌رباز ببین؟!،هێشتا به‌ته‌واوی ناوی ئه‌م شاره‌مان بۆساغ نه‌بۆته‌وه‌،به‌ڵام ئێره‌ بریتییه‌ له‌ چایخانه‌یه‌ك و یه‌ك دوو باخچه‌ی پڕ له‌ ترس و دڵه‌ ڕاوكێ‌،ئێره‌ به‌قه‌ده‌ر هه‌موو ناشرینیه‌كانی دونیا ناشرینه‌،خه‌ڵكه‌كه‌ی هێشتا وه‌حشییانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌،نامانه‌وێت زیاتر ئازاری ڕۆحتان بده‌ین، ئه‌م شاره‌ی ئێمه‌  تیایدا ده‌ژین،هه‌ر بۆخۆی مۆته‌كه‌ی خه‌ونی ئێمه‌یه‌، له‌كۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه‌شت پێ ڕابگه‌یه‌نین،كه‌ ئێستا لێره‌ فڵچه‌كانمان شكاندووه‌ و خه‌ریكی ناشرین كردنی ژیانین،به‌ڵێ‌ خه‌ریكی ناشرین كردنی ژیان!،جاتكامان وایه‌…
لێره‌وه‌ وه‌ستام و دوای تێڕامانێكی زۆر و بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ بڕیارمدا كه‌ ئیدی كۆتایی به‌م چیرۆكه‌ بێنم وله‌ نووسینه‌وه‌ی بووه‌ستم چوونكه‌ دڵنیام،كه‌س ناتوانێت وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌سه‌كان نیشانی ئه‌وی دی بدات.كه‌سیش ناتوانێت یه‌قین بێت له‌وه‌ی كه‌سه‌ ئه‌دیبه‌كانی پێ ده‌خوێنرێته‌وه‌،یان نا؟!.
دواجارپێده‌چێ‌ ئه‌م چیرۆكه‌ نه‌عله‌تییه‌ كۆتایی نه‌یه‌ت…

Tekoshar.khaled@gmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.