شانۆی سالار….
شانۆی سالار
ئاگایی ڕه‌خنه‌یی و زه‌مه‌نی ڕابردوو
نیهاد جامیشانۆی سالار پرۆسه‌یه‌كی بزۆزو به‌رده‌وامی ناو ئه‌و نه‌خشه گرنگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شانۆییمانه، شانۆیه‌كه له‌هه‌وڵ وته‌قه‌للایه‌كی جیاوازه بۆ خوێندنه‌وه‌ی گوتاری نمایشی شانۆیی، له‌و نێوه‌نده شانۆكار ئه‌حمه‌د سالار ده‌یه‌وێت كه‌له‌پوور بكاته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی و پته‌و له‌نمایشی شانۆیی، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه ده‌رفه‌تی بۆ زۆر كاراكته‌ری نائه‌كتیف كرده‌وه كه شانۆ بكه‌نه مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ نمایش كردنی ڕابردوو، به‌تایبه‌ت به‌شێك له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی ویستیان له‌ناو ده‌قه‌كانی ئه‌حمه‌د سالاردا ئه‌و گه‌مه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره به‌ناوی ڕه‌سه‌نایه‌تی بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت بۆ دوان له‌هه‌وڵ وته‌قه‌لڵای شانۆی سالار پڕۆژه‌یه‌ك نیه بۆ ناوبردنی به بنه‌ماو خاسیه‌تی شانۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆ، هێنده‌ی ده‌ست نیشان كردنی هه‌وڵێكی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه له‌بواری شانۆدا، كه یه‌كێك له‌جوانیه‌كانی ئه‌و هه‌وڵه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و هه‌نگاوه له‌كاری كه‌س ناچێت، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی شه‌ونخونی خۆیه‌تی له‌شانۆدا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنین ئێمه له‌و خوێندنه‌وه سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌مانه‌وێ ده‌رگایه‌كی ڕه‌خنه‌یی به‌ره‌و ڕووی تێكسته‌كانی ئه‌و شانۆكاره بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر سووربوون و بڕوا بوونمان به‌و ڕاستیه‌ی كه ئه‌وه‌ی ده‌توانێ گفتوگۆ بخوڵقێنێت ئه‌وه ستایش نیه، به‌ڵكو گفتوگۆی ڕه‌خنه‌ییه له‌باره‌ی شانۆگه‌ریه‌كانه‌وه، كه دیاره قسه‌كردن له‌سه‌ر شانۆی سالار به‌هۆی ئه‌وه‌ی قسه‌كردنه له‌سه‌ر تێكسته‌كان، ئه‌و تێكستانه‌ش پلانی سه‌ره‌كی ناو شانۆگه‌ریه‌كانن، بۆیه هه‌ر قسه‌كردنێك له‌سه‌ر تێكست له‌ڕاستیدا دووانه له‌ناو خاسیه‌ته‌كانی ئه‌م شانۆیه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و نووسینه جگه له‌هه‌وڵێكی به‌رایی نه‌یتوانیووه توێژینه‌وه‌یه‌كی قووڵ له‌و باره‌یه ئه‌نجام بدات، به‌هیوای ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و نووسینه ببێت به پێشه‌كی پڕۆژه‌یه‌كی فراوان بۆ داهاتوو.
له‌نێوان (مێژوو) و(ئاهه‌نگ) دا ڕابردوویه‌ك هه‌یه خاوه‌نی كولتورێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه شانۆ ده‌بێ به ڕووبه‌رێك بۆ له‌دایك بوونی مێژووی هونه‌رێكی نوێ، تا تێپه‌ڕین به‌ناو ئه‌و ڕه‌وته جیاوازانه‌ی شانۆی ئه‌رستۆیی، به تیۆریی نامۆ كردنی مێژوو لای برێخت ئیدی ڕه‌وته جیاوازه‌كانی شانۆ مێژوو ده‌باته ناو سیاقێكی جیاواز، ئه‌وه‌ش بۆ شانۆی عه‌ره‌بی بوو به‌زه‌مینه‌ی له‌دایكبوونی ئاهه‌نگی شانۆیی، هه‌موو ئه‌و ڕابردووه ده‌بێ به كو‌لتورێك بۆ شانۆكاری كورد ئه‌حمه‌د سالار تاوه‌كو چه‌مكێكی تر به ئاهه‌نگ بدات له‌ناو مێژوودا، به‌ڵام ئایا مێژوو لای ئه‌و شانۆكاره ده‌بێ به خوڵقاندنه‌وه‌ی زه‌مه‌نێكی جیاواز یان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو گریمانه مێژووییه‌كان؟ ئایا نووسین توانیویه‌تی دابڕانێك له‌نێوان خۆی ومێژوو درووست بكات؟ به‌مانایه‌كیتر نووسین تاچه‌ند ده‌توانێ زمانی گێڕانه‌وه بكات به بونیادێك بۆدامه‌زراندنی گوتار؟
ئێمه لێره‌دا نووسین به‌دوو قۆناغ ناو ده‌به‌ین (گوتاری مانه‌وه)و (گوتاری گۆڕان) به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئاماژه به‌و زه‌مینه‌یه بده‌ین كه خه‌ون بینینی سالار له‌و پڕۆژه‌یه ده‌بێت به خولیای قووڵبوونه‌وه له‌ناو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ شانۆ هه‌یه‌تی، پێویسته ئه‌وه ده‌ست نیشان بكه‌ین كه نووسین نابێته جۆرێك له‌مانا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه نووسین له‌بێماناییه‌وه گه‌شه ده‌كات وبه‌دوای مانادا ده‌گه‌ڕێت، مانای نووسین هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خوڵقاندنی ده‌قی مردووه، ئه‌وه بێماناییه له‌ناو نووسین وامان لێده‌كات ته‌نیا له‌ده‌قی كراوه‌دا به‌دوای مانادا بگه‌ڕێین.
(دڵدارانی باران)و (وانه‌ی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك) زه‌مینه‌یه‌ك بوو بۆ ئاهه‌نگی شانۆیی، ئه‌گه‌رچی نه‌یتوانی له‌شانۆی شیعری ده‌ربازی بێت و وه‌كو هه‌وڵدانێك مایه‌وه كه پێویستی به‌ڕێنمایی هه‌بوو بۆ تێگه‌یشتن، شانۆی ئاهه‌نگسازی مه‌غریبیش وه‌ك پڕۆسه‌ی ناونان ئه‌و شانۆیه بوو سه‌ره‌تا بۆ خۆداڵده‌دان ده‌بوو بچێته ژێریه‌وه، تا له (نالی وخه‌ونێكی ئه‌رخه‌وانی) بكه‌وێته سه‌مایه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌و بارانه‌دا، كه پێویستی به‌هه‌وڵه‌كانی ئه‌و شانۆ عه‌ره‌بیه نه‌بێت، بۆیه له‌و سه‌ره‌تایه‌ی چوونه نێو چه‌مكی ئاهه‌نگی شانۆیی، زه‌مه‌نی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌وه‌ستێنێ، به‌وه‌ی نابێ شانۆكاری كورد مێژوونووس بێت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه‌ی ده‌ق بێت، كاری ئه‌و ده‌بێته زیندووكردنه‌وه‌ی زه‌مه‌نێك له‌نێو ساتی دۆزینه‌وه‌ی بۆشایی، به‌وه‌ش كه‌له‌پوور له‌زه‌مه‌نی ئه‌نتۆگرافی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه وله‌ناو نووسین هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی ده‌دات، بۆیه خوڵقاندنی ئه‌و سرووته شانۆییه له‌ناو هه‌نووكه‌دا ده‌چێته‌وه ڕابردوو.
دیاره لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ش جیاوازه له‌و پرسیاره‌ی برێخت ئاراسته‌ی شانۆ و ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌كات "ئه‌گه‌ر ئێوه له‌شوێنی كه‌سایه‌تیه‌كه بان چۆن ڕه‌فتارتان ده‌كرد؟" سالار ده‌یه‌وێ ئه‌و پرسیاره بگۆڕێت وپێمان بڵێت "ده‌بێ له‌زه‌مه‌نی ئێمه‌دا نالی عه‌شق وئه‌وین بۆ حه‌بیبه له‌خه‌ونێكی هاوچه‌رخانه‌دا به‌ئه‌رخه‌وانی بكات"
ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌مێژوو وه‌ریده‌گرێت (زه‌مه‌نی ڕووداوه)ه، به‌هۆی (زه‌مه‌نی ئێستا)وه هارمۆنیه‌تێكی زه‌مه‌نی درووست ده‌كات، ئه‌وه‌ش سرووتی ئه‌و ئاهه‌نگه شانۆییه كه (گۆچان.. ده‌ف.. داری عود.. گۆرانی.. ئاواز‌و مۆسیقا) ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ده‌ق، هه‌روه‌ك چۆن ده‌سه‌به‌رداری ته‌كنیكی شانۆی یۆنانی نابێت له‌ڕووی (گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو) له‌ڕێگه‌ی كۆڕس، له‌پاڵ گێڕه‌ره‌وه كه له‌ده‌ربڕینی ده‌یالۆگ بۆ دوانیان له‌گه‌ڵ نالی ده‌یانه‌وێ به‌ره‌و مێژوو گه‌شتمان پێبكه‌ن، ئه‌گه‌رچی له‌و ده‌قه‌دا گێڕانه‌وه ده‌بێ به كه‌لێنێك كه نایه‌ڵن چه‌مكی ئاهه‌نگ له‌شێوه‌ی به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێت، دوور نیه ئه‌وه‌ش كارێكی به ئه‌نقه‌ست بێت وسالار بیه‌وێ بیكات، ئه‌وه‌ش بنه‌مای ئه‌و ته‌كنیكه‌یه، نه‌ك سالار به‌ڵكو ئاهه‌نگسازه عه‌ره‌بیه‌كانیش ده‌سبه‌رداری نه‌بوونه، ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه له‌شانۆی سالاردا خه‌ونێكه خوێندكاره‌كان له‌وانه‌یه‌كی قوتابخانه ده‌ینوێنن، بۆیه له (نالی وخه‌ونێكی ئه‌رخه‌وانی) به‌ره‌و ئه‌زموونێك ده‌ڕوات، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك كه ته‌نها عه‌شقێكی مه‌حوییانه توانای هه‌یه به شاڕێگه‌كانی بگه‌یه‌نێت.
چه‌مكی ئاهه‌نگ له (كاتێ هه‌ڵۆ به‌رز ئه‌فڕێ) په‌یوه‌ندی ئه‌كته‌رو وه‌رگر ده‌كات به‌هاوكێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بنیاتنانی گوتاری ده‌ق، به‌وه‌ش تیۆری نامۆبوون له‌و مانا شێوێنراوه‌ی ده‌رده‌كات، كه پێش ئه‌و ده‌قه به‌هه‌ڵه ڕاڤه ده‌كرا، بۆیه سالار له‌و ده‌قه‌دا ده‌یه‌وێ تیۆری نامۆبوونی برێخت بۆ شانۆكاری كورد ڕۆشن بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌خه‌ونه‌كه‌ی نالی وموفره‌ده‌كانی ئاهه‌نگ ڕووبه‌رووی هه‌ژاری ده‌بنه‌وه، ئه‌وا له‌و كاته‌ی هه‌ڵۆ به‌رز ئه‌فڕێ موفره‌ده‌كان له‌و هه‌ژاریه ڕزگاریان ده‌بێت، به‌وه‌ش توانای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كته‌ر زیاتر ده‌سه‌پێ بۆ گوزارشت كردن له ئاماژه‌كان وسه‌رباری بوار فراوانیه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگر فه‌راهه‌م ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تووشی ڕاچه‌نینی خێرامان بكات، ته‌وزیف نه‌كردنی به‌شێك له گۆرانیه‌كان و هه‌ندێك له‌شیعره‌كانه، ئه‌وه‌ش (گۆرانی وڕووداو) ده‌كات به‌دوو وێنه‌ی (بینراو/ بیستراو) ی هاودژ.
نووسه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی شوناسێكی كوردی به شانۆكه‌ی ببه‌خشێت، هه‌رجاره‌ی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ گوتارێكی مێژوویی فیكری نیشان بدات، ئه‌گه‌رچی فۆڕمی ئاهه‌نگ شێوه‌یه‌كی ڕه‌های له‌خۆ گرتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له (جزیری وانه‌ی ئه‌ڤین دا ده‌دات) مه‌به‌ست له‌درووست كردنی په‌یوه‌ندیه‌كه له‌نێوان نه‌ورۆز وه‌كو جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی و جزیری وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌قه‌ش وه‌ك دوانه‌كه‌ی پێش خۆی چه‌مكی ئاهه‌نگ باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه، به‌ڵام له‌و ده‌قه‌دا ئه‌وه‌ی فه‌زای گشتی داگیر ده‌كات ڕووداوی درامیه له‌ڕێگه‌ی فكری ئاهه‌نگ، به‌وه‌ش له جزیریدا ده‌یه‌وێ بۆ خۆ دووباره نه‌كردنه‌وه وگۆڕین ته‌كنیكی شێوه‌ی ئاهه‌نگ، له‌ئاهه‌نگی مه‌غریبیه‌كانه‌وه سوودمه‌ند بێت، هه‌رچه‌نده ته‌كنیكی ئاهه‌نگ له جزیری ئاهه‌نگسازی مه‌غریبی نیه، به‌ڵكو ویستوویه‌تی له‌نێوان دوو ئه‌زموونه‌كه‌ی پێشووی خۆی (نالی وهه‌ڵۆ) وئاهه‌نگسازی مه‌غریبی ڕێگایه‌كی تر بدۆزێته‌وه، چونكه سالار ده‌زانێت زه‌مه‌نی نووسین نابێت زه‌مه‌نی مێژوو بێت، بۆیه ئه‌و دیده سه‌له‌فیه ناتوانێت زه‌مه‌نی نووسینی ئه‌و زه‌مه‌نه هه‌نووكه‌ییه‌ی هه‌ڵگری پرسیاری ئێستامانه وسه‌له‌فی لێی ناگات، بۆیه خوازیاری ئه‌وه‌یه شانۆی سالار له‌هێلی مێژوویی لانه‌دات، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ش دیدێكی نێو یاده‌وه‌ریه‌كی تاریكه‌و سالار نایه‌ته ژێر باریه‌وه، چونكه ده‌زانێت تازه‌گه‌ری نووسینه‌وه‌ی ڕابردوو نیه، به‌ڵكو ڕابردوو له‌زه‌مه‌نی ئه‌ودا كه‌ناڵێكه بۆ په‌یوه‌ندی كردن به ئێستا‌و دۆزینه‌وه بۆ ئاینده‌یه، له‌وه‌شدا دڵنیامان ده‌كات ئه‌و ده‌قێكی تر به‌رهه‌م ناهێنێت، ئه‌گه‌ر نه‌زانێ له‌مه‌داری ده‌قی پێشوو ده‌رده‌چێت.
ترۆپكی ئه‌زموونی سالار له‌دوا ده‌قی ئه‌م قۆناغه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت (گریمان نالی هاته‌وه.. كێشه‌ی چوون و نه‌چوون) ئه‌وه‌ش ده‌رخستنی ته‌واوی جیهانبینی ئه‌و شانۆ ئاهه‌نگییه كه له‌سێ ده‌قی پێشوو كاری بۆی كردووه، لێره‌دا ته‌واوی ئه‌و جیهانبین و تێگه‌یشتنه‌ی ناو ده‌قه‌كانیتر به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و شانۆیه خاڵی نیه له شانۆیه‌كی سیاسی، چه‌مكی سیاسی بوون وابه‌سته‌یه به‌شانۆیه‌كی میتۆدی لای بسكاتور و درێژبوونه‌وه‌ی لای برێخت، سالاریش زۆر به ئاگاییه‌وه له‌و ده‌قه‌دا ئه‌و میتۆده شانۆییه به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام خۆشی وابه‌سته‌ی ئه‌و میتۆده ناكات هێنده‌ی ده‌یه‌وێ له‌تێگه‌یشتنی سیاسیانه‌وه پشت به میتۆد ببه‌ستێت ئه‌وه‌ش بۆ هه‌وڵێكی ئه‌كادیمیانه‌یه نه‌ك شانۆكه‌ی ببێت به ئاره‌زوومه‌ندانه، دیاره له‌نێوان ئه‌كادیمی بوون و ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه زۆر جار به ئاقاری خراپ‌دا بردراوه به‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ری گه‌نج شانۆكه‌ی بریتیه له شانۆی ئاره‌زوومه‌ندان و خاوه‌ن بڕوانامه‌و به‌ساڵاچووان بریتین له ئه‌كادیمی، پێویسته لێره‌دا ئه‌وه ده‌ست نیشان بكه‌ین، شانۆكار ده‌توانێ هه‌موو ته‌مه‌نی هۆڵی موحازه‌ره نه‌بینێت و هه‌رگیز بڕوانامه‌ی هونه‌ریش وه‌ده‌ست نه‌هێنێت، به‌ڵام ته‌واوی كاره‌كانی ئه‌كادیمی بن، ئه‌كادیمی بوون له شانۆدا میتۆد و عه‌قڵی زانستی و بیركردنه‌وه‌یه نه‌وه‌ك بڕوانامه‌و خۆپیركردن له‌ناو شانۆدا، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌شێ شانۆی ئاره‌زوومه‌ندان شانۆی ئه‌وانه بێت كه له‌ناو تۆزی چه‌ندین ساڵه‌ی جه‌هلی مه‌عریفی سه‌ر یان سپی بووبێت، ئاره‌زوومه‌ندان هه‌ندێكجار خاوه‌ن بڕوانامه‌كانن ئه‌وانه‌ی دامه‌زراوه‌كان ناوی ئه‌كادیمیان لێ ده‌نێن، ده‌شێ تۆ مامۆستای په‌یمانگا یا ئه‌كادیمی بیت، به‌ڵام كاره‌كانت ئاره‌زوومه‌ندانه بێت، ده‌رخستنی ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ ئه‌وانه‌یه كه له‌ناو ستایشی شانۆی سالار نه‌زانین به خوێنه‌ر ده‌به‌خشن وفتوای سڕینه‌وه بۆ زۆر گه‌نج ده‌رده‌كه‌ن و له‌پشت ناوی سالار ده‌یانه‌وێ زۆر ناوی كۆتایی هاتوو بگه‌ڕێننه‌وه، سالار یه‌كێكه له‌ناوه ده‌گمه‌نه‌كانی شانۆی كوردی كه بوونی وابه‌سته‌ی مێژوویه‌كه‌ی نیه به‌ته‌نها، به‌ڵكو بوونی وابه‌سته‌ی به‌شداری به‌رده‌وامیه‌تی، ئه‌و ئاماده‌بوونه وای كردووه هه‌میشه ده‌رگای ڕه‌خنه به‌ڕووی شانۆكه‌ی بكرێته‌وه، وه‌ك له‌و ده‌قه‌دا ده‌بینین هه‌ر له‌ناونیشانی ده‌قه‌وه ده‌سبه‌رداری وه‌ڵام ده‌بێت وگومان به‌پرسیاری ده‌گه‌یه‌نێت، گریمان كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی نالی پرسیارێكی تیۆریزه كراوی نێو نووسینه، گریمانیش له‌كێشه‌ی بوون ونه‌بوون ده‌مانباته سه‌ر مه‌نه‌لۆژه ناسراوه‌كه‌ی هاملێت.
بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی نالی له‌ناو ده‌قێكی تر ئاماده‌بوونێكی جیاوازه له‌وه‌ی پێشوو، ئه‌و ده‌قه ده‌یه‌وێ به‌جیا له‌هه‌رسێ ده‌قه‌كه‌ی پێشوو به‌هه‌ناسه‌یه‌كی درێژه‌وه بۆ ئاهه‌نگ بێت، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر له (كاتێ هه‌ڵۆ به‌رز ئه‌فڕێ) دا ته‌وزیف كردنی شیعر وگۆرانی ماناكانی ئاهه‌نگ له‌ده‌ست بده‌ن، ئه‌وا له‌و ده‌قه‌دا گۆرانی بێ وزه‌زیفه نایه‌ت، به‌تایبه‌ت جوانترین ته‌وزیف كردنی گۆرانی له‌و قۆناغه‌ی سالاردا "خوایه بێمه‌وه دونیایێ هێلانه بكه‌م" كه ڕووداو ئاوێته‌ی سرووتی ئاهه‌نگ ده‌كات، یا ته‌وزیف كردنی ئه‌و دێره شیعره‌ی نالی "پێم ده‌ڵێن مه‌حبوبه خێل وقیچه مه‌یلی شه‌ڕ ده‌كا خێل وقیچه یا…." به‌وه‌ش به‌رگێكی تری وه‌به‌ر ده‌قه‌كه كردووه، وه‌ك چۆن له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه چاره‌سه‌ری كه‌لێنه ته‌كنیكه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ی سارته‌ر به‌كه‌لێنی نێوان ده‌ق وخوێنه‌ر ناوی ده‌بات.
لێره‌دا گێڕانه‌وه ده‌كرێ ببێ به بكوژی كۆمه‌ڵه ئاماژه‌یه‌ك له‌پێناو ده‌سكه‌وتنی مانای ڕاسته‌قینه، هه‌ر بۆیه گێڕانه‌وه ده‌بێ به (كه‌سایه‌تی ئاماده) وه‌ك ئاماده‌بوونێكی مێژوویی، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی كردنه به وه‌رگر له‌ئاهه‌نگ، ئه‌گه‌ر له‌دیدێكی سیمیۆلۆژیه‌وه سه‌یری ئه‌و خاڵه بكه‌ین، ڕه‌خنه‌كه‌مان له‌وێ چڕده‌كه‌ینه‌وه كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێ كه‌لێنه‌كه پڕ بكاته‌وه وبواری وه‌رگر نادات به‌شدار بێت له‌نووسینه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ته پیره‌مێرد وفه‌قێ ته‌یران فه‌زایه‌ك له‌وێنه هزریه‌كانی وه‌رگر داگیر ده‌كه‌ن، كه ده‌بنه شاهیدی ڕاسته‌قینه‌ی مێژوو، ئه‌وه‌ش گومان ده‌سڕێته‌وه.. ئه‌و گومانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه ده‌مانهێنێته ناو پرسیار، به‌ڵام دواجار له گومانی هاوبه‌شمان پرسیار به‌رهه‌م نایه‌ت، به‌ڵكو پرسیار ته‌سلیمی ئیراده‌ی نووسه‌ر بووه، ده‌شێ گێڕانه‌وه گومان درووست بكات، به‌ڵام بوونی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو فه‌قێ ته‌یران یه‌قینمان پێ ده‌دات، كۆچی كورد له‌و قۆناغه‌دا، كه گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ئێمه ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسیه‌وه، ده‌به‌سترێته‌وه به مێژوو "نالی: ئه‌م كۆچ وچوونه، وه‌ك مه‌رگ وئاكامه، هه‌ر ده‌بێ ببێ"
ئه‌وینی نالی بۆ حه‌بیبه له‌مێژووی ئیرۆسیه‌ته‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ده‌لاله‌تی سیاسی، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌قه‌كه ده‌یه‌وێ مێژوو له ئێستادا زیندوو بكاته‌وه، دالێك له‌پشت مێژوو فڕێ ده‌دات، ده‌یه‌وێ دالی نێردراو ده‌لاله‌تێكی تری بۆ بدۆزینه‌وه، ئه‌وه‌ش گه‌ڕان به‌دوای مانا له‌ڕێگه‌ی كوشتنی ئاماژه‌ی نێردراو، بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی خوێندنه‌وه كه سه‌رله‌نوێ ئاماژه به‌رهه‌م دێنێته‌وه، كاتێ نالی پێمان ده‌ڵێت "به‌چاوانت حه‌بێ نه‌بوایه نالی نه‌ده‌بوو، گلگامش (حه‌بێ) ی نه‌بوایه نه‌ده‌بووه قاره‌مان".
به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئاماژه له‌كۆتایی ده‌ق، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆسه‌ر مانا گریمانكراوه‌كانی مێژوو، گیانی به‌رگری پاڵه‌وان ده‌بێته خوڵقێنه‌ری گوتاری مانه‌وه، گوتارێك ئاماده‌یی وێنه‌ی پاڵه‌وانه له‌واقعی كوردیدا كه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا نالی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات "به‌ڵێ به‌ره‌نگار ده‌بم، به‌ڵێ هه‌م" ئه‌و ده‌نگه‌ی نالی ده‌نگی منی كوردیی قۆناغی ئه‌نفاله، ده‌نگی ناو شكست و تراژیدیایه.. ده‌نگێكه بوون وابه‌سته‌ی مانه‌وه ده‌كات، ئه‌وه نالی نیه ئه‌وه كه‌سی كوردییه.. كه‌سێتیه‌ك به‌درێژایی مێژوو داكۆكی له‌و بوونه ده‌كات، به‌ر له سالار دڵداری شاعیر له‌ده‌قی (ئه‌ی ڕه‌قیب) ئه‌و ئه‌ی ڕه‌قیبه‌ی بوو به سرووی نیشتیمانی كوردی ده‌ڵێت "كه‌س نه‌ڵێ كورد مردووه كورد زیندووه" له‌نێوان دڵدار و سالار ستراتیژی مانه‌وه به‌یه‌كیان ده‌گه‌یه‌نێًته‌وه كه هه‌ردووكیان داكۆكی له‌و كه‌سێتیه ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا جیاوازی جه‌وهه‌ری له‌بیركردنه‌وه ده‌كه‌وێته نێوانیان، كه په‌یوه‌سته به زه‌مه‌نی مێژوویی ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌ی دنیای ڕوناكبیریمان، دڵدار له‌ساتی توانه‌وه‌و شكستدا ده‌یه‌وێ فاشیزم دڵنیا بكات كه ئه‌و جه‌به‌رووتیه‌ی ده‌سه‌ڵات نابێته هۆی مردنی ئێمه، به‌ڵكو ئێمه زیندووین، كه‌چی سالار ده‌نگی كوردیی ده‌خاته ناو ڕۆحی نالی و بانگه‌شه‌ی مانه‌وه ده‌كات، مانه‌وه له‌ناو نیشتیمان وبه‌ره‌نگاری دنیای تاریكی فاشیزم، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د سالار كۆتایی به گومانی هاملێت دێنێت وبه‌پانتاییه‌كی كراوه‌تردا مانا ده‌لاله‌ته‌كانی خۆی ده‌ست نیشان ده‌كات، چونكه (من) لای نالی چه‌مكی مانه‌وه‌ی كورده له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ق، كه ده‌بێ به‌هه‌ڵگری گوتاری مانه‌وه‌ی كورد، گوتارێك له‌قۆناغی دووه‌می نووسین ته‌واو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و له مانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ (گوتاری گۆڕان) گوتارێك هه‌ڕه‌شه‌ی بیركردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نیه، بۆیه ڕه‌خنه له‌و هێزه مه‌رگدۆسته‌ی ناوه‌وه‌ی جه‌سته‌ی كوردی ده‌گرێت.
چه‌مكی ئاهه‌نگ لای سالار په‌یوه‌سته به‌و سرووته هه‌نووكه‌ییه‌ی كۆمه‌ڵگا، ده‌ق له‌ڕێگه‌ی ڕابردووه‌وه ده‌یه‌وێ له‌ئێستادا بژیێت، به‌ڵام ئێستا بوون بۆخۆی ئیشكالیه‌تێكی گه‌وره‌یه له‌ناو مێژوودا، كه خوڵقاندنی ئه‌مڕۆ له‌مێژوو پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌فڕێنه‌ره بۆ دامه‌زراندن، كه بتوانین مێژوو له‌زه‌مه‌نی ئه‌نتۆگرافی ده‌ربكه‌ین، وه‌ك بونیادێكی سه‌ر به‌یه‌كه‌یه‌كی ئاماژه‌كاری سه‌ربه‌خۆ سه‌یر بكه‌ین، كه له قۆناغی دووه‌می ئه‌زموونی سالار گۆڕانێك له‌فه‌زاو بیركردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان درووست ده‌بێت.
گوتاری مانه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌و گوتاره‌ی هه‌ریه‌كه له (نالی، هه‌ڵۆ، جزیری) ده‌یانویست داكۆكی لێ بكه‌ن، ئه‌وا له‌ده‌قه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین هه‌وڵی گۆڕان ده‌درێت، وه‌ك له (ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌ڤین مه‌زنتر ده‌بێ) دا، ئاوڕدانه‌وه‌یه له گوتاری مانه‌وه، هه‌وڵێكه بۆ گۆڕینی ئه‌و گوتاره له‌ڕێگه‌ی زه‌ماوه‌ند سازكردن، به‌واتای كه‌ڕنه‌ڤاڵی ئێستا بۆ ڕابردوو، ئه‌و ڕابردووه‌ی برینێكه ئه‌گه‌ر سارێژ نه‌كرێ هه‌ڕه‌شه له بوونمان ده‌كات، بۆیه زه‌ماوه‌ندی (كارۆخ وسیسان) ده‌بێ به ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون له‌مردن، هه‌ڕه‌شه‌ی مردن له‌جه‌سته‌ی كوردی بوونێكی زیندووه له‌نێو یاده‌وه‌ریدا، یاده‌وه‌ریه‌ك ئیتر ده‌بێ به ئه‌فسانه و بۆ نه‌وه‌ی تازه ده‌نووسرێته‌وه، نه‌وه‌یه‌ك كارۆخ و سیسانه‌و ڕابردووش حیكایه‌تی نێوان چنور وسواره‌یه، هه‌ردوو زه‌مه‌ن له‌نێوان ڕیتوالی ئاهه‌نگدا خاوه‌نی یه‌ك مێژوون، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان سه‌ره‌تای خۆشنودی و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگایه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی درێژكراوه‌ی یه‌كترین، چونكه خاوه‌ن مێژوویه‌كن كه بێ ئه‌ویتر بوونی نه‌وه‌ی دیش ده‌سڕدرێته‌وه، ئه‌وه‌ته مێژووی ئێمه كه‌سایه‌تیه‌كانی ڕابردوو به‌رهه‌م دێنێته‌وه، نۆستالۆژیای ئه‌و عه‌قڵه توانای نیه وێنه‌كانی ڕابردوو بگرێت، چونكه ناتوانین سوودمه‌ندبین له‌ڕابردوو.
برزۆو خه‌نجه‌ر به‌درێژایی زه‌مه‌نه‌كان به‌رهه‌م دێنه‌وه، خه‌نجه‌ره‌كان كارۆخه‌كانی ئێمه ده‌كوژن، بۆیه ئه‌و مێژووه ده‌بێت له جوله‌ی متبوو ڕزگار بكه‌ین، به‌واتای گۆڕانێك بخوڵقێنین، كه ئه‌گه‌ر بۆ خه‌نجه‌ر چووه سه‌ر ، ده‌بێ ئه‌مجاره بێده‌نگی نه‌نوێنین، فڕێدانی برزۆ بۆ ناو ڕووبار سه‌ره‌تای گۆڕانه له‌مێژوودا، گۆڕانێك ئیدی ساویلكه‌یی ئێمه نیشان نه‌دات، به‌ڵكو هۆشیاریمان له‌به‌رامبه‌ر ده‌وروبه‌ر ده‌ربخات.
پرسیار له‌و ڕه‌هه‌نده فكریه‌ی خولیای گۆڕانی هه‌یه، پرسیار له‌مه‌رگی سواره.. پرسیار له‌مێژوو.. پرسیار له درووست كردن و ڕووخاندنی قه‌ڵای دمدم.. كه ڕووخانی ژیاره، ئه‌وه‌ش پرسیاری زه‌مه‌نی ئێستای نووسینه، نووسین له‌ڕێگه‌ی پرسیاره‌وه ده‌یه‌وێ سه‌رله‌نوێ چه‌مك و واتای نوێ به‌مێژوو ببه‌خشێته‌وه، ئاو جارێكی‌تر ده‌لاله‌تی شۆڕش وبه‌رده‌وامی ده‌به‌خشێته مێژوو، ئه‌وه‌ش داكۆكی كردنه له‌مێژووی ئاو، كه سالار له‌هه‌ریه‌ك له‌ئه‌زموونه‌كانیدا له‌چه‌مكێكی به‌ختیاری بۆ ململانێكانی ژیان ده‌بات.
له‌ده‌قی (له‌ژێر تارای سوورمه‌چندا) ئاوێنه ده‌بێته ئه‌و موفه‌رده‌یه‌ی كه له‌كاتی هێنانی بووك جه‌رده له‌كاروانه‌كه‌ی داوه‌و ئاوێنه‌ی بووكیش دزراوه، ئه‌و ئاوێنه‌یه كه له‌لای بووك و له‌ناو كۆتێكستی زمان مانایه‌كی مه‌جازی وه‌رگرتووه، ئه‌ویش ڕوانین و خه‌ونی فه‌رده بۆ ژیان، بۆیه بووك به‌هه‌موو ئاوێنه‌كانی تر ڕازی نابێت و ئاوێنه‌كه‌ی خۆی ده‌وێته‌وه، چونكه ئاوێنه‌كانی تر به‌لایه‌وه "لێڵ وتاریك وته‌ماویین وڕووخساری خۆم بۆ نابینرێ تارماییم دێته به‌رچاو" ئه‌وه له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ دزینی ئاوێنه‌كه هه‌موو ئاوێنه‌كانی شار تاریك ده‌بن، كه‌وابێت ئه‌و خه‌ونه‌ی فه‌رد له‌ئاره‌زوویه‌كی تاكخوازیه‌وه به‌ره‌و چه‌مكێكی ئیرۆسیه‌تی گشتی هه‌نگاو ده‌نێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بووك بڕیاری ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر ئاوێنه‌كه‌ی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه "ئه‌وا تارای بووكێنیه‌كه‌م فڕێ ده‌ده‌م" چه‌مكی ئیرۆسیه‌تی گشتی لێره‌دا به‌ته‌نیا ده‌لاله‌تی چه‌مكێكی ئیرۆتیكی نیه، هێنده‌ی مانایه‌كی فراوانتری هه‌یه ئه‌ویش چه‌مكی ژیاندۆستیه، به‌بێ ده‌ركردنی نیازه ڕه‌شه‌كان ژیاندۆستی توانای گه‌شه‌سه‌ندن و به‌رده‌وامی نیه، ئه‌وه‌ش نایه‌ڵێت ئاوێنه ته‌ڵخبووه‌كان ڕۆشن ببنه‌وه، ئه‌و بونیاته‌ش له‌ناو ده‌قه‌كانی ئه‌حمه‌د سالار زۆر خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌لاله‌تی ناپاكی و خیانه‌ت ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه، نایه‌ڵن ئاسووده‌یی ڕوومان تێ بكات، چونكه سالار ده‌یه‌وێ ئه‌و حه‌قیقه‌ته بكاته خاوه‌ن چه‌مكێكی ڕه‌ها كه مرۆڤه ناپاكه‌كان له‌قۆناغی ڕزگاری ئێمه‌دا كۆتاییان نه‌هاتووه وبه‌رده‌وام له‌ناو شۆڕشه‌كانماندان، مێژووی ئێمه پڕیه‌تی له‌كه‌سانی زۆڵ وناپاك وخاكفرۆش، بۆیه تا بوونی ئه‌وانه هه‌بێت ئاوێنه‌ی ماڵه‌كانمان هه‌ر به ژه‌نگ و ته‌ڵخاوی ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام ئاخۆ تاچه‌ند ئه‌و بونیاده دێته نێو سرووتی ئاهه‌نگ وبه‌شداری له‌و گه‌مه‌یه ده‌كات؟ ئایا ده‌سه‌ڵات ڕوویه‌كی ته‌واوكه‌ریه‌تی؟ ئاخۆ پاشا ده‌بێت به هێمایه‌ك بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته؟ تا له‌دوا ده‌قی ئه‌و قۆناغه (گه‌مه‌ی شار وپاشای گه‌مه) دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌و قۆناغه بداته‌وه؟
ئاو جارێكی‌تر ده‌بێته هێما، ئه‌مجاره‌یان ده‌بێ به ده‌لاله‌تی به‌ختیاری، نه‌بوونی ئاو پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌قه‌یه، خاوه‌ن شكۆ ده‌بێ به به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به نه‌بوونی ئاو، هه‌ڵبه‌ت ئاو لێره‌دا له‌مانای ڕووكه‌شدا مه‌به‌ست له‌خۆشگوزه‌رانیه، وه‌ك چۆن له‌مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی هاتنه‌دی خه‌ونی دوای شكسته، ئه‌و ساته خه‌ونه‌ی نالی نه‌یده‌ویست دان به شكست بێنێت و ده‌یویست به‌ره‌نگاری ئه‌و شكسته بێته‌وه.
خه‌ونی هه‌مووان ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵگایه به ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئاشكرا كردنی شوناسی ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتی زه‌برو زه‌نگی پاشا، ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوو، چاره‌سه‌ركردنی مێژووه له خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه‌دا، چونكه هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ی ویستوویانه جارێكی‌تر سه‌ركه‌وتنی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر وجه‌ژنی نه‌ورۆز بنووسنه‌وه، نه‌یانتوانیووه مانا له‌ده‌لاله‌تی مێژوویی ده‌ربكه‌ن، له‌كاتێكدا سالار به‌و ده‌قه‌ی دێت جارێكی‌تر زوحاك له‌شێوه‌ی پاشایه‌ك ده‌رده‌خاته‌وه، كه له‌بڕی مێشكخوادن ئه‌مجاره گوێچكه ده‌خوات، بێئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته فكریه‌كانی مێژوو بدۆڕێنێت، مه‌به‌ست له ئاگره كه له‌لای كاوه‌ی ئاسنگه‌ر ده‌بێ به هێما بۆ سه‌ركه‌وتن، له‌ئێستای ده‌قیشدا گوڵخونچه وا له بازیان ده‌كات له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی مژده‌یان به ئاگر پێبده‌ن، ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سرووتی زه‌رده‌شتیه‌ت، سه‌ره‌تای چه‌مكی خۆیبوونی ئێمه‌یه كه سالار به‌و ده‌قه قۆناغێكی مێژوویی ئێمه ده‌نووسێته‌وه.
به‌و نووسینه قۆناغی دووه‌م له‌ئه‌زموونی سالار كۆتایی دێت، به‌ڵام پڕۆژه‌كه ته‌واو نه‌بووه، ئه‌مجاره ده‌رگا له هه‌وڵێكی تر ده‌كاته‌وه، هه‌وڵێك ده‌توانین ناوی بنێین (ئاگایی نووسه‌ر له‌ناو پڕۆسه‌ی نووسین) ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ده‌قی (ئه‌وانه‌ی توونی بابا چوون) ئه‌مجاره ئاگایی ئه‌حمه‌د سالار له‌ناو نووسین له‌ته‌ك كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و دوو قۆناغه به‌شداری ده‌كات، به‌ڵام ده‌رده‌چێت له‌قۆناغی مانه‌وه‌و گۆڕان، ده‌چێته ئاستێكی تره‌وه كه جیاوازیی جه‌وهه‌ریی هه‌یه له‌ڕه‌فتاركردن له‌ته‌ك ڕابردوو، ئه‌ویش به‌شداری كردنی بیركردنه‌وه‌یه له‌ناو نووسین، سالار ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌قه‌وه كه‌سێتی (ئه‌و) ی نووسه‌ر بكات به سێنته‌ری پێكگه‌یشتنی زه‌مه‌ن له‌نێوان (زه‌مه‌نی ڕووداوی ئه‌فسانه‌یی) و (زه‌مه‌نی هه‌نووكه‌یی نووسین).
بۆ ناونانی به (ئه‌وانه‌ی توونی بابا چوون) مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تر نییه بۆ ئه‌فسانه، به‌ڵكو خاڵی پێكگه‌یشتنی ئێمه‌یه به ڕابردوو، به‌وه‌ی چۆن له‌نێوان ئه‌و دوو زه‌مه‌نه كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیی درووست ده‌كه‌یت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بێت چۆنیه‌تی ته‌وزیف كردنی یاده‌وه‌ریی نووسه‌ره له‌ناو ڕابردوو، ئه‌وه‌یان پێویستی به‌قووڵ بوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، پێویسته له یاده‌وه‌ری ڕووكه‌ش ده‌ربچێت، چونكه خوێندنه‌وه‌ی ڕابردوو ده‌بێت له‌ودیو ڕووداوه‌وه سه‌یری شته‌كان بكات، ده‌بێ ده‌سبه‌رداری ڕووه بینراوه‌كان بێت وبه‌قووڵی له‌نه‌بینراوه‌كان ووردبێته‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه كه‌شف نه‌كراوانه‌ی نێو ڕابردوو كه‌شف بكات، بۆیه ده‌بێ زمانی یاده‌وه‌ری بارگاوی بكه‌ینه‌وه به‌ده‌لاله‌تی فه‌لسه‌فیه‌وه، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌هه‌وڵی نووسینی جیاواز هه‌یه له‌و شێوه‌یه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌نجام به‌دووری نازانین مامۆستا سالار به‌ره‌و ئه‌زموونێكی ئه‌لته‌رناتیڤ له‌شانۆكه‌ی به‌رێت، ئه‌زموونێك ئیش نه‌كاته‌وه له‌ناو زه‌مه‌نی ڕابردوو، به‌ڵكو ئه‌زموونێك بێت خه‌می خه‌ونی مرۆڤی كوردیی گرتبێته خۆی، كه وه‌ك ده‌بینین خه‌ونی مرۆڤی كوردیی خه‌ونی سالاره، بۆیه ئه‌و ئه‌زموونه ده‌شێ له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ڕۆیشت ناوی بنێین (شانۆی سالار دژی شانۆی سالار) ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه كۆمه‌ڵه بونیادێكی مێژوویی له‌شانۆكه‌یدا كه‌شف كردووه‌و بیه‌وێت به‌ره‌و بونیاده شاراوه‌و نه‌ناسراوه‌كان كار بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌یان كارێكی سه‌خته، به‌ڵام بۆ شانۆكاری عاشق هیچ شتێك نیه ناوی سه‌ختی له‌خۆی گرتبێت.