
هه‌لبژاردنی کوردستان: هه‌نگاو به‌ره‌و دیموکراسی….
هه‌لبژاردنی کوردستان: هه‌نگاو به‌ره‌و دیموکراسی به بوون و ئاستی به‌هێزیی ده‌نگه مۆدێرنه ره‌خنه‌گره‌کانه‌وه به‌نده
شاخه‌وان شۆڕش
20ی ژوڵای 2009له ماوه‌ی ڕابردوودا له جیاتی ملدان بۆ چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه به‌مجۆره دروستکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێکردن، کانونی و دادوه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی مۆدێرنانه له شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی که له وڵاتانی دیموکراسی پیاده ده‌کرێن، سه‌رکرده‌کانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌کو دوو میرنشین هاتن نیوه‌به‌نیوه ڕێککه‌وتن، له میانه‌یدا کۆمه‌لگه‌یان زیاتر خسته ژێرچنگی خۆیان، میتۆد و ڕێگه‌ی سه‌پاندنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان په‌ره‌پێدا و به‌هێزکرد، به میتۆدی به‌عسیانه، مافیایی و فیودالی مرۆڤه‌کانیان کهنترۆلکرد، کۆمه‌ڵگه و داهات و سامانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان خسته ژێر چنگی خۆیان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان به‌کاریان هێنان.
بۆیه ئایینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ پرۆسه رامیاریهکهی کوردستان له‌ریگه‌ی گۆڕان له‌م سیسته‌مه دیسپۆتی و مافاییهی که هه‌یه بۆ ده‌ستپێکردنی به‌کرده‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کان بۆ سیسته‌مێکی مۆدێرن، کراوه و دیموکراسیانه دێته‌دی. له باری ئێستادا ئه‌گه‌ر دروستکردنی ئه‌م فاکته‌رانه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراسی گرنگن زۆر بهتینوگوڕیش نه‌یه‌نه کایه‌وه بۆ ده‌ستپێکردنی یا زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانی گه‌یشتن به دیموکراسی و ستاتی کانون پێویست و گرنگن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی کوردستان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته لاواز نه‌کات، ئه‌وه واپێده‌چێ تاماوه‌یه‌کی دیکه درێژه به‌م جۆره به‌رێوه‌بردنه داسه‌پێنه‌ر و مافیاییه ده‌درێت که له رابردوودا پیشاندراوه.
گۆڕان به‌ره‌و سیسته‌می دیموکراسیانه ئه‌وه ده‌خوازێ، نوێنه‌رانی ده‌نگه جیاوازه‌کان، پارت و رێکخراوه جیاوازه‌کان به بیروباوه‌ر و هه‌لوێستی جیاوازه‌وه بێنه ناو پارله‌مان، وه‌کو نوێنه‌ری چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه بوونیان هه‌بێت و دهنگوڕهنگیان له بڕیاره گرنگه‌کاندا هه‌بێت، به‌مجۆره بتوانن به‌ر به بڕیار و هه‌نگاوی نادیموکراسیانه، دژه مافی مرۆڤ و دژ به سه‌روه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵکی کوردستان بگرن. ئه‌گه‌ر هێزێکی له‌م جۆره بێته‌کایه‌وه ده‌کرێ هه‌نگاوه سه‌ره‌تایی و بنچینه‌ییه‌کان بۆ چاکردنه‌وه‌ی تێکدان، نابووتکردن، پێشێلکاری، به‌لارێدابردن، پاوانکردن و قۆرغکردنهکان له هه‌موو ئاست و بواره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ست پێبکه‌ن.
زیندووکردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن به‌شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی پێویستی به بوونی رێکخراو و پارتی رامیاری مۆدێرن و وریا هه‌یه که ده‌نگیان له پارله‌ماندا هه‌بێت، که کاریگه‌ریان له پێکهێنانی پارله‌مانی چاڵاک و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت. به‌گوتنێکی دیکه ئه‌م پارله‌مانه چاڵاکه کاتێک دێته‌دی که ده‌نگه جیاوازه‌کانی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تی ده‌نگه جیاوازه مۆدێرنه ره‌خنه‌گره‌کان به چه‌پ و ڕاسته‌وه له پارله‌ماندا بوونیان هه‌بێت. گرنگه ده‌نگه چه‌پ و لیبراله ئازادیخوازه‌کان له پارله‌ماندا چاڵاکانه هه‌بن، چونکه به‌بێ بوونی ئه‌م ده‌نگانه و بیروهزری ئازادیخوازانه‌یان، ئه‌م لایه‌نانه زاڵ ده‌بن که کۆنه‌پارێزن و دژ به کرانه‌وه و ئازادین. له‌بیرمان نه‌چێت ئێمه گوتن له‌سه‌ر سیسته‌می دیموکراسی ده‌که‌ین، بۆیه دوان له‌سه‌ر ئه‌م فاکته‌رانه ده‌که‌ین که ده‌توانن ئه‌م سیسته‌مه بهێننه‌دی.
داهاتووی رۆشن ئه‌وه ده‌خوازێ که پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن زیندووبکرێته‌وه و بخرێته‌وه‌سه‌ر ڕێچکه ئاساییه‌کانی خۆی به‌مه‌به‌ستی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی نوێی مۆدێرن و دیموکراسیانه‌دا. کوردستان پێویستی به‌وه هه‌یه ئه‌م توانایه‌ی که له هێزوتواناکانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه له فۆرومێکی نیشتیمانی کۆبکرێنه‌وه، بۆ دروستکردن و پێکه‌وه‌نانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن و کراوه سودیان لێوه‌رگیرێت و به‌کاربهێنرێن. به‌مجۆره ده‌ست به‌کاری پێکهێنان و په‌ره‌پێدانی ئه‌م میکانیزم و دامه‌زراوانه بکرێت که بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه و ئازاد پێویستن.
دیموکراتیزه‌کردن و چوون به‌ره و سیسته‌مێکی ئازاد و کراوه بنه‌ما له‌سه‌ر بوونی ده‌ستورێکی مۆدێرن ده‌گرێت، ئه‌م ده‌ستوره‌ی که ئایین ده‌کاته بابهتکێکی که‌سی، ئاین و بیروباوه‌ری ئاسمانی له پرۆسه‌ی رامیاری و کانوندانان دوور ده‌خاته‌وه. ئه‌م ده‌ستوره‌ی که بنچینه له‌سه‌ر پره‌نسیپه دیموکراسیه‌کان و مافه گه‌ردوونیه‌کانی مرۆڤ ده‌گرێت. به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستورێکی له‌مشێوه‌یه له ئه‌نجامی بوونی پارله‌مانی هوشیار و چاڵاک ئه‌گه‌ری بوونی هه‌یه، به بوونی چاڵاکانه‌ی نوێنه‌رانی ده‌نگه جیاوازه ره‌خنه‌گره مۆدێرنه‌کان ئه‌گه‌ری بوونی هه‌یه. بۆیه به‌پێچه‌وانه‌وه به‌هێزیی لایه‌ن و ده‌نگه کۆنه‌پارێز و ئایینیه‌کان دژی هه‌نگاوه ازادیخوازهکان ده‌وه‌ستن و پێشگری سه‌رسه‌ختی بوونی ده‌ستورێکی مۆدێرن بێگومان ده‌بن.
بوونی ده‌نگی مۆدێرن و کاریگه‌ریان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌روه‌ها بوونی به‌کرده‌وه‌یان له شوێنه گرنگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، واده‌کات ئه‌گه‌ری بوونی دابه‌شکردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی ده‌سه‌لاته‌کانی کانوندانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری هه‌بێت، هه‌وڵ ده‌دات یه‌کسانی رامیاری، یه‌کسانی بواری ژیان و کار، ئازادی که‌سه‌کان، ئازادی و یه‌کسانی بیروباوه‌ر، سیسته‌می فره‌پارت، بوونی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگه‌ر، په‌رله‌مانتاریزم، پێشبڕکێی ئازدانه، به‌شداری ئازادانه‌ی که‌س و رێکخراوه‌کان له هه‌ڵبژاردندا، هه‌ڵبژاردن و ئالوگۆری دیموکراسیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بهێنرێنه‌دی له‌م کۆمه‌ڵگانه‌ی که بۆ سیسته‌می دیموکراسی به‌ڕێگه‌وه‌ن هتد.
ئێ‌لیتی رامیاری ده‌سه‌ڵاتداری به‌رزه‌فر و خۆبه‌زلزان واز له هه‌لسوکه‌وتی ئاغایانه و دیسپۆتیانه‌ی خۆی ناهێنی، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ورووی چاودێریی دیموکراسیانه و کانونیانه‌ی پارله‌مانی چالاک نه‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی هوشیاره‌وه چاودێری نه‌خرێته‌سه‌ر. کۆمه‌ڵگه‌ی هوشیار کاتێک ئه‌گه‌ری بوون و گه‌شه‌کردنی هه‌یه، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی ههلبژێردراویان چاڵاک بن و هه‌ست بهبهرپرسیاریی بکه‌ن، له ورد و درشتی مافه‌کانیان و ئهرکوکارهکانی ده‌زگاکانی کانوندانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری ئاگاداریان بکه‌نه‌وه و روونکردنه‌وه‌یان پێبده‌ن، وه هێز و ده‌نگه‌کانی ئه‌وان له میانه‌ی دامه‌زراوی دیموکراسیانه و کراوه‌دا بکه‌نه هێزی کاریگه‌ری هه‌وڵه‌کانیان، له پێناوی ژیانێکی و باشتر‌و ئازادانه‌تر بۆ که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه کار بکه‌ن. کۆمه‌ڵگه له‌باری ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ی خوار و سهرووهدا ئه‌م توانایه په‌یدا ده‌کات که وا‌بکات بچێته ئاستی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌رپرسیار و هوشیار، به‌مجۆره ده‌نگی بگاته نوێنه‌رانی و دیموکراسیانه پرۆتستۆی پیشێلکاری و نهروایهتیهکان ئه‌گه‌ر هاتنه‌پێش نهتراسانه بکات.
بوونی ده‌نگی ره‌خنه‌گرانه‌ی مۆدێرن واده‌کات هه‌نگاو بۆ دیموکراتیزه‌کردن بنرێت، ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌کات له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رنامه‌ی دیاریکراو به ئه‌رکه‌کانی خۆی هه‌لسێت. واده‌کات ده‌سه‌ڵات به ناچاری وابه‌سته‌ی به‌ڵێنه‌کانی بێت و هه‌وڵی جێبه‌جێکردنیان بدات، له‌پێناوی باشترکردنی لایه‌نه ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاریه‌کان و مسۆگه‌ری ژیانێکی باشتر بۆ خه‌ڵک کار بکات.
کۆمه‌ڵگه‌ی هوشیار بوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌به‌ر له چوارچێوه‌ی کۆنتراکتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌بینێت، که له میانه‌یدا ئه‌رک و مافه‌کان و به‌رپرسیارییه‌کان له نێوان ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراو و کۆمه‌ڵگه‌دا دیار ده‌کرێن، ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ریه‌تی به ئه‌رکه‌کانی خۆی هه‌ڵسێت و به‌ڵێنه‌کانی به‌دیبهێنێت. ده‌سه‌ڵات نابێ بێگه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌زگا و ئۆرگانه دیموکراسیه‌کان، له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراو و پرۆسه دیموکراسیه‌کاندا هه‌نگاو بنێت و به پێی ئاره‌زووی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌رکی خۆی به‌جێنه‌گه‌یاند و کۆمه‌ڵگه په‌سندی کاره‌کانی رابردووی نه‌کرد، ئه‌وا له جاری داهاتوو پشتگیری نادرێتێ و به‌مجۆره ده‌سه‌ڵات ده‌درێته ده‌سته‌یه‌کی دیکه که بتوانێ باشتر به ئه‌رکه‌کان هه‌لسێت. له ئه‌گه‌ری به‌زاندنی سنوره‌کاندا، بۆنمونه گه‌نده‌ڵی بێ‌سنور، خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات، راکێشانی هێزی ده‌ره‌کی، ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌ده‌ست ده‌دات، کۆمه‌ڵگه له‌مباره‌دا مافی تورههلانی ده‌سه‌ڵاتی به ڕێگه‌ی راپه‌رین هه‌یه، چونکه سه‌روه‌ری لای کۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ک ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆک.
بوونی ده‌نگه ره‌خنه‌گره مۆدێرنه‌کان ئه‌گه‌ری هێنانه‌دی کانون و بڕیاری ئازادیخوازانه و مرۆڤدۆستانه به‌هێز ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونی پێگه‌ی مرۆڤی ئازاد له کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد‌دا زیاد ده‌بێت. به‌شێوه‌یه‌ک که وا‌بکات مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه ئازاد بن و مسۆگه‌ری ئازادیان له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا بکرێت. مرۆڤه‌کان له وابه‌سته‌ییان به پارت و ده‌سه‌ڵات ئازاد بکرێن، ژیان و گوزه‌رانیان ئازادانه په‌یوه‌ندی به توانا و به‌هره‌کانیانه‌وه هه‌بێت.
بوونی چالاکانه‌ی ده‌نگی مۆدێرن هێزێکی کاریگه‌ری هێنانه‌دی ستاتی داد و مسۆگه‌ری دڵنیایی داده. پشتگیری له دادگای سه‌ربه‌خۆ و فه‌رمانره‌وایی کانون به کرده‌وه ده‌کات. ئه‌م بواره ده‌ره‌خسێنی که واده‌کات دادگاکان و دامه‌زراوه کانونیه‌کان بتوانن سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نانه پیاده‌ی پرۆسه‌ی کانونیانهیان له‌سایه‌ی کانونی سه‌رده‌میانه و مۆدێرنانه‌دا بکه‌ن. بوونی دڵنیایی داد ده‌توانێ پێش به ڕێكکه‌وتنی خێڵه‌کیانه و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ره دواکه‌توو و کۆنه‌پارێزه‌کاندا بگرێت. به‌مجۆره سه‌روه‌ری بۆ کانون مسۆگه‌ر بکات.
بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ره‌خنه له لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیشیۆن، له‌گه‌ڵ بوونی فاکته‌ری لاواز و پهپولیستی له‌ناو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆندا، ئه‌م باره دیسپۆتی و مافیایانهیهی که به‌سه‌ر باشوری کوردستاندا زاڵه، گۆڕان له سیسته‌می رامیاری ده‌کاته ئه‌رکێکی هه‌نوکه‌یی بێئهملاوئهولای کۆمه‌ڵگه.
ره‌نگه ئه‌و ده‌نگانه‌ی که ئێستا وه‌کو ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵات خۆیان پیشان ده‌ده‌ن و به‌ڵێنی سیسته‌می مۆدێرنانه‌ی کراوه ده‌ده‌ن، ئه‌م هێزه نه‌بن که له ئاستی ده‌نگی ره‌خنه‌گرانه‌ی مۆدێرن دان، به‌ڵام پشتگیری ئه‌م ده‌نگانه و به‌هێزبوونیان ده‌کرێ له‌لایه‌ک پێگه‌ی ده‌نگه ره‌خنه‌گره مۆدێرنه‌کان به‌کرده‌وه له کۆمه‌ڵگه‌دا دروستکات و به‌هێزیان بکات، له‌لایه‌کیتر هه‌نگاوی گرنگ بێت بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئاراسته رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک که کۆمه‌لگه به‌ره‌و ئازادی و دیموکراسی ببه‌ن.