Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ئاسۆى دۆڕانێكیتر لەپشت وێكهاتنەوەى بازنەى ئازادى دا

Be First!
by January 4, 2008 گشتی

  ئیرۆن عومەر…….

     بۆ ئازادى تەنها یەك مانا هەیە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤەكان هەست بكەن كە ئازادن، ئەو گوزارشتە چەند تەفسیرو شیكردنەوەى جیاجیا هەڵدەگرىَ هێندە جێگاى بایەخ نییە بەقەد ئەوەى ئێمە لە ڕوانگەى بینینى سنوورى ئازادییەكانى خۆمان لێى دەڕوانین، چى لەبارەى ئازادى گوتراوەو نوسراوە بەقەد ئەوەى خۆمان لە قسەكردن لەبارەى بێدادىو نەبوونى ئازادى لە ژیانى خۆمان هەڵیدەهێنجین لە تێگەیشتنى واقیعىو ڕاستییەكانى سەرگۆڕەپانەكە نزیكمان ناكاتەوە، چارەنوسى ئازادى كۆمەڵو نیشتمان بەستراوە بە چارەنوسى ئازادى هەریەكىَ لە ئێمەوە، چارەنوسى دۆڕانو لەدەست چونى خەونەكانى نەتەوەش بەستراوە بە تێگەیشتنى دەسەڵاتدارانى وڵات لە باسوخواسى ئازادى لەسەر زمانى هەریەكى لە ئێمە.
      سەركردەكانى كورد كە كلیلى كردنەوە یان داخستنى دەرگان بەسەر ئازادییە فەردىو گشتییەكانیان بەدەستەوەیە هێزى یەكەمو بەرپرسى یەكەمن لەوەى دواى چاوەڕوانییەكى زۆرى پێشهاتە سیاسییەكانو هەوڵێكى زۆرى خۆیانو هاریكارى تەواوى گەلەكەیان، نیشتمان لە چیدا فۆرمالیزە دەكرێتەوە، لە ڕزگاربوونو كوردیبوونەوەیدا  یان لە مانەوەى لە ئیختیارو چاوەڕوانى بڕیارى ئەوانەیتردا!، مەگەر دەكرێت بەبىَ بوونى ئازادى مرۆڤەكان لە ڕووى ژیانى كۆمەڵایەتییەوە نیشتمانێكى ئازاد بەدیبێت لەڕووى سیاسییەوە، لانى كەم بۆ ئێمەى كورد هەرگیز نا كە هێشتا خاوەن سنورێكى سیاسى دانپێدانراو نین، چونكە ماناكانى ئازادى نیشتمان بەرلەوەى لەوێنەكێشانى سنوورە سیاسییەكان بۆیان بگەڕێین لەناو نمایشەكانى ئازادى خەڵك بەرجەستە دەبن، نیشتمانێكى ئازاد چ مانایەكى هەیە ئەگەر مرۆڤەكانى ناو ئەو نیشتمانە لەبنچینەدا ئازاد نەبن.
       ئەمڕۆ ئەوڕوپاو خۆرئاوا هێزى یەكەمن لەڕێكخستنەوەى هاوكێشە سیاسیەكان لە جیهاندا، چاوى خۆرئاوا جۆرێك لە كورد دەڕوانى كە تا چەند تواناى پەسندكردنى دەركەوتەكانى ژیانى هاوچەرخو ڕوخسارەكانى ژیانى خۆرئاواییان هەیە، خۆرئاوا ئامادەگییەكى تەواوى هەیە لەناومانداو لە سەدان كەنالەوە چاودێریمان دەكات، داخستنى گۆڤارێكو سزادانى ڕۆژنامەنوسێك بەهەر بیانوویەك بێت كە ناكرێت لە چاوى چاودێران بەدووربێت پێشكەش كردنى وێنەیەكى ناشیرینى ئەزموونى كوردییە بە خۆرئاوا لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەى دەبێت پەسندكردنى یاسایەك بەناوى ڕێكخستنى كارى ڕۆژنامەنووسى كە لەسەربڕینى ئازادى ڕۆژنامەنوسى بەولاوە شتێكیتر نییە چ وێنەیەكمان لىَ بداتە ئەو لایەنە چاودێریكەرانە،  سەرۆكایەتى كورد بەتایبەتى سەرۆكى هەرێم ئەگەر ئەو یاسایە بەو شێوازە پەسند بكات كە لەپەرلەمان پەسند كرا دەبێت ئەوەى لە بیر نەچێت كە مێژوودەنوسێت لەسەردەمى دەسەڵاتى ئەو سەرۆكە یاسایەكى دژ بە ئازادى ڕۆژنامەگەرى لەكوردستاندا پەسند كراوە.
     نابێت لە ساتەوەختى ئێستادا سەركردایەتى كورد چارەنوسى ئازادى ڕادەربڕینو ئازادى ڕۆژنامەگەرى كە پەیوەندییان بە ئاییندەى چارەنوسى كوردەوە هەیە بداتە دەست شێخو مەلاو سەرۆك هۆزەكانى ناو پەرلەمان، ئەوانەى بە ئازادى دەربڕینو ڕەخنەگرتن ڕانەهاتوون، خەڵكى كوردستان بۆ ئەوە دەنگى بە حیزبەكانیان نەدا تا پیاوە عەشایەرو نەریتخوازو ئایینىو سیاسییە نابەرچاوڕوونەكان بنێرنە ناوپەرلەمانو ئەمانیش ئەمڕۆ چەقۆ لە ملى ئازادى ڕۆژنامەنوسیمان بخشێنن، بۆ ئەوە دەنگیان پێدان تا كەسە ڕۆشنبیرو یاساناسو تێگەیشتوانى گۆڕانى هەڵومەرجى دونیا بنێرنە ناو ئەو پەرلەمانەو خەڵك لە سێبەرى بڕیارو یاساكانیان ئومێد بە ئاییندەیەكى باشتر پەیدا بكات، كەسانێك لەوێنەى ئەو چەند پەرلەمانتارە ئازاو هەستیارانەى شایستەى هەڵگرتنى ناوى پەرلەمانتارینو دەنگیان بە پەسندكردنى یاساى قەدەغەكردنى ئازادى ڕۆژنامەنوسى نەدا.
      كۆتوبەندكردنى ئازادى دەربڕین بە بیانووى لەبەرچاوگرتنى ئاسایشى نەتەوەیىو دابونەریتى گشتى بەبىَ شیكردنەوەو پێناسەكردنى ئەوچەمكانە چ مانایەكى هەیە جگە لە مەرامو خواستى ئەوانەى خۆیان پاسەوانو پارێزەرى هەرەتوندڕەوى نەریتە كۆنو بەسەرچووەكانى نێو كۆمەڵگاى داخراو و ترادسیۆنالن، كە هەرگیز ناكرێت باوەڕمان وابێت ئەو نەریتپارێزانە لە چالاكترینو هۆشیارترین توێژى كۆمەڵگاى كوردى كە نوسەرانو ڕۆژنامەنوسانن پتر بەتەنگ ئاسایشى نەتەوەیى كوردییەوە بن، كە پێناسەیەك بۆ ئاسایشى نەتەوەیى لەكوردستاندا هێشتا لەگۆڕێدانییە چۆن بڕوا بێنین بەوەى كە ئاسایشى نەتەوەیى لەكوردستان تێكهەڵكێشى ئاسایشى بەرژەوەندیەكانى پارتە دەسەڵاتدارەكان ناكرێتو بە بچوكترین ڕەخنەگرتن لە سیاسەتو ڕەفتارەكانى حیزبە دەسەڵاتدارەكان یان هەڵسوكەوتو گوتارى سەركردەكانیان ڕۆژنامەنوس بەرەوڕووى قورسترین سزاى سەپێنراو نابێتەوە، دابو نەریتى گشتى كە لەچوارچێوەى دەستورێكى نیشتمانى پێناسەیەكى بۆ نەكراوە ئەگەر بۆ دواجار لە نێو یاساكە جێگیر بوو نوسەرێك یان ڕۆژنامەنوسێك نادۆزینەوە بتوانێت لەسەر ئیشكالیەتى ناودەقە ئایینیەكانو نەریتە دژە مەدەنییەكانى ناو ئایینەكانو نەریتەكانى خێلو هۆزى خاوەن هەزاران پیاوى دەمارگیرو شێخ و مەلاى دژ بە مەدەنیەتو نامولتەزیم بە ڕەوتى پێشكەوتنو ڕیشسپىو نورانییەكانو ڕێزلێنراوەكانو لەوەش واوەتر دواكەوتوویىو كۆنەپارێزى هەندىَ لەپێكهاتەكانى ناو خەڵكى كوردستان لەهەمووشى هەستیارتر ناسیۆنالیزمى كوێرانەى كوردى قسە بكاتو نەكەوێتە بەر ڕەحمەتى سزاى قورسى ئەو یاسایە.
    سەرۆكایەتى هەرێمو هەردوو دەسەڵاتى یاسادانانو جێبەجىَكردن لە هەرێمى كوردستان لەكاتى ئێستادا بەرپرسیارن لەوەى كۆمەڵگاى نێودەولەتى بەتایبەتى ئەوانەى قورساییان هەیە لە ناوچەكەمانداو كاریگەرییان هەیە لەسەر گۆڕانكارییەكانى داهاتوو چۆن دەڕواننە ئاڕاستەى سیاسەتو خواستەكانى كورد لە ناوچەكەدا، بەرپەرسیارن لەوەى كە ئەوان ڕووى گەشى كرانەوەو هەوڵى بەمەدەنیبوونو پاراستنى مافەكانى مرۆڤ و پەرەپێدانى كلتورى دیموكراسى لەكوردستاندا ببیننو بەوهۆیەوە لە پشتگیریمان دودڵنەبن، یان تەسكبوونەوەى سنوورەكانى ئازادىو پارێزگاریكردن لە نەریتو بەربەست خستنە بەردەم گۆڕانو گوێڕاكێشانى ڕۆژنامەنووسان ڕەچاو بكەنو ببێتە هۆى ئەوەى ڕومان لىَ وەرگێڕن، جێگیربوونى ئەوپڕۆژە یاسایەى بەناو ڕێكخستنى كارى ڕۆژنامەنووسى وێڕاى ئەوەى بێزمانكردنى ڕۆژنامەنووسانو كوشتنى حەزى داهێنانە لە بوارى ڕۆژنامەگەرىو دابڕاندنو تەریككردنیەتى لە كارنامەو وەزیفەى كارى ڕۆژنامەنووسى لەهەموو دونیا، بێزمانكردنى هەموو ئەو كەسو ڕێكخراو و هێزە نێودەولەتیانەشە كە تاكو ئێستا سەبارەت بە مافەكانمان لەگەڵمان هاودەنگ بوون، هەروەها دەبێتە یەكێك لە سەلمێنراوەكانى سەرنەكەوتنى كورد لە ئەزموونى دیموكراسیدا. 
 eron_umer@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply