كرۆكه‌دایل ئاغا
ڕێبوار ڕه‌شید…..
ئاغا، پیاوه كورته‌بنه‌یه‌كی چاویلكه‌دار، مووه‌كانی سه‌ر و سمێڵی هێنده وه‌ستایانه بۆیاخ كردبوو كه له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیدا له كوڕه جاحێڵێكی ده‌كرد، به‌ڵام له سه‌روسیمایدا نه‌ده‌كرا به‌خیلی پێ‌بردنی خۆی به كوڕه جاحێڵانی گوند بشارێته‌وه. ده‌یزانی ئه‌وی ئه‌وان له جێژوانێ به بزه‌یه‌كی لالێو ده‌ستیان ده‌كه‌وت، ئه‌م ده‌با ده كه‌سی به داركاریكردن و به ده‌ركردن و به ڕاونان بدایه، و هێشتاش هه‌ر به زۆرێ ده‌ستی ده‌كه‌وت و نه‌ده‌كه‌وت، هه‌میشه له مێشكی خۆیدا ئه‌و چرپه‌یه ناڕه‌حه‌تی ده‌كرد كه پێی ده‌گوت "خۆ له گۆشتی مرداره‌وه‌بوو هه‌ڵده‌سوویت". ئێستا له‌به‌ر ده‌ركه‌ی ماڵی خۆیدا وه‌ك كه‌ڵه‌بابی شه‌پان خواردوو وێستابوو، هێنده ماندوو بوو فووت لێ بكردایه به لادا ده‌كه‌وت. دوێ شه‌وێ نوقورچی له خۆی ده‌گرت تا خه‌وی لێ نه‌كه‌وێت. ده‌ترسا گه‌ر خه‌وی لێ بكه‌وێت هه‌تا به‌یانی خه‌ون به ته‌یاره و به فڕین و به كه‌وتنه‌خواره‌وه ببینێت.
سه‌فه‌ری ئه‌مه‌ریكا دوور بوو. كه پێیان گوتبوو قوربان ئاوا ده سه‌عاتێك ڕێگا ده‌بێت، زاهیدی ژنی هه‌ڵی دابوویه و پێی گوتبوو "جا پیاوه‌كه بۆ ده‌ڕۆیت، خۆ به ده سه‌عات ده جار ده‌چیت بۆ شار و ده‌شگه‌ڕێیته‌وه. مه‌گه‌ر شار خۆشه یان ئه‌مه‌ریكایه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و مولحیدانه ده‌ڵێن عه‌رز ده‌خولێته‌وه، ڕاوه‌ستا هه‌تا ئه‌مه‌ریكا ده‌گاته لای ماڵی خۆمان. خودا شاهیده ئه‌گه‌ر وانه‌بوو بچۆ سه‌ر ته‌له‌ڤیزیۆنێ و به درۆیان بخه‌وه".
ئاغا دوێ شه‌وێ، له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ر كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی ده‌گۆڕی و خوداخودای بوو فیلمێكی وای به‌رچاو بكه‌وێت كه خه‌وی لێ بزڕێنێت و دابنیشێ لێی بڕووانێت. له پڕێكدا فیلم ده‌ستی پێكرد. ئاغا ئینگلیزی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام زه‌ینی ڕوون بوو و زوو حاڵی بوو كه ناوی فیلمه‌كه "كرۆكه‌دایل داندیی" ـ ـه. ئاغا نه‌یده‌زانی پاڵ هۆگان كێیه و نه‌شیده‌زانی ئه‌و خانمه‌ی چاوی تێبڕیووه لیندا كۆسلۆڤسكی ـ ـه كه هیچ شوێنێكی له زاهیدی هاوسه‌ری ئه‌م نه‌ده‌كرد. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌كوڕووزایه‌وه و ده‌یگوت "زاهیده‌یان بۆیه داومێ تۆڵه‌م لێبستێننه‌وه" و هه‌ندێك جار له تووڕه‌ییدا به زاهیده‌ی ده‌گوت "ماڵی بابت له خوێندا گرتوویانم" و ئه‌وجا له‌به‌رده‌می خۆیه‌وه به سه‌عات شیعری به‌سه‌ر چاره‌ڕه‌شیی خۆیدا هه‌ڵده‌دا.
زاهیده زا – هیده چونكه كردوویه حه‌رام له خۆی
له خۆراكی خۆش و له باده و له‌ززه‌تی جنس
كه‌نگێ ساحێبی دیوه‌خانم؟ وه‌ڵا وانییه، بڕووا به چاو مه‌كه‌ن
پیاوانم به‌ددیده و نادیده و خۆیشم نابینا و به‌دبینام ئه‌وڕۆ
ده‌ڵێن ئاغا نه وه به‌پێكه‌نین دێت و نه مه‌یلی له ڕاوه
دڵ به چی خۆش بێت كه شكاوه ده‌ستكی كوشتار و لاقی تاژییم؟
مانگێكی پێچوو تا ئاغا له سه‌فه‌ری ئه‌مه‌ریكایه گه‌ڕایه‌وه. به قه‌ولی خۆی دوو خاڵی پێكابوو، هه‌م لای عه‌شیره‌ت و ئه‌هلی نه‌یار و ڕه‌قیب نیشانی ده‌دا كه شتی گرینگتری له به‌ر ڕێدایه و هه‌میش هه‌ندێك له‌و سه‌نعاتی سیاسه‌ت و شه‌ڕه فێر ده‌بوو كه ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا تیایدا باوكیانه.
زاهیدخانم كه خوداخودای بوو ئاغای به ساڵانیش نه‌دیبایه به ناچاری وه‌پیریه‌وه چوو بۆ ئه‌وه‌ی پێش پیاوه‌كانیان بگاته سه‌ر بوخچه و بنه‌ی ئاغا. پشتی ماشێنی كرده‌وه هیچی نه‌دی. له جیاتی بوخچه یه‌ك ته‌لیسی گه‌وره كه به ئاسته‌م له دواوه‌ی ماشێن‌دا جێی ده‌بووه‌وه دانرابوو. پیاوانی ئاغا، به كورت و درێژ و قه‌ڵه‌و و لاوازیانه‌وه، تێی ورووكابوون و به هه‌ر بارێكدا ده‌یانسووڕاند ئاغا هاواری لێده‌كردن و تێی ده‌خوڕین "های داوه‌شێن، ئاوا به‌و باره‌یدا بای بده‌ن خراپی ده‌كه‌ن".
یه‌كێكیان هه‌ڵیدایه و گوتی "جا قوربان، قسه‌ی ده‌متان به شه‌كر بێت، به چ بارێكدا بیلا مه‌عنێ بایده‌ین؟ خۆ تۆ وه‌ك جاران زه‌وقت له باری چه‌پ نییه و به لای ڕاستدا حه‌ز ده‌كه‌یت، ئه‌مما له هه‌موو شوێنێك له ڕووت نایه باسی بكه‌یت و به باری ناوه‌ڕاستیشدا، هێنده گه‌وره‌یه قوربان به هیچ شوێنێكدا ناچێت".
ئاغا ده‌ستی كرد به لاساییكردنه‌وه‌ی كابرای نۆكه‌ری و گوتی "من به چی ئه‌و ته‌لیسه گه‌وره‌یه بجوڵێنم. كوره که‌ره‌گیان، ته‌لیس به نیرۆ ده‌جوڵێت، كوا، كامه نیرۆی ئێوه‌یه ته‌لیسی پێ بجوڵێنم. ئاخر دوو كۆنه پیاوی قه‌دیمیم له‌گه‌ڵدا نه‌بێ كه ده‌زانن چۆنی تێهاون و بیهێنن و بیبه‌ن، من به چی بیكه‌م؟ من هه‌ر پیاوم كۆكرده‌وه و ئێوه به گورگانخواردنتان دان، ده‌زانم ته‌لیس به چی ده‌جوڵێت، ئه‌مما له كوێم بوو". ئاغا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوت و له‌به‌رئه‌وه‌ی كاری سه‌رئاو تاوی بۆ هێنابوو ڕای كرد وه‌دوای كاری خۆی بكه‌وێت.
زاهیده‌خانم له ته‌ماشای ماشێنی مۆنیكادا ده‌تگوت له هه‌وێ ده‌ڕووانێت چونكه ده‌یزانی خه‌ڵكی گه‌رمێنێ ئه‌و ماشێنیه‌یان به ناوی كچه ئیسپانیه‌كی جوانی ناو زنجیره فیلمێكه‌وه ناوناوه "مۆنیكا". هه‌وێ هه‌وێ نه‌بوو، زاهیده‌ی ده‌گه‌یانده شه‌رای مه‌رگ. دیاره قه‌ده‌رێك بوو له بنه‌وه پیشی ده‌خوارده‌وه، چونكه له پڕ هه‌رچی تووڕه‌ییه له كونی لووتیه‌وه هاته‌ده‌ر و نه‌ڕاندی به‌سه‌ر پیاوه‌كاندا و گوتی: "ده‌ستی شكاوم بۆ ئه‌و خزمه باشانه‌ی جاران، ئه‌وی ماوه هه‌ر پوله‌خزمه. ئا ده‌ی ناپیاوانه ده‌ستی بده‌نێ، وه‌ڵا داركاریی و نانبڕاوتان ده‌كه‌م".
هێشتا وشه‌ی داركاریی و نانبڕاوكردن له ده‌می خانم به ئاسماندا شه‌پۆلی ده‌دا و مابوو بگاته لایان، ئه‌وان باڵ و لاقیان سێ مه‌تر درێژ بوو. به هه‌ناسه‌یه‌ك ته‌لیسیان ده‌رهێنا و ته‌لیس وه‌ك له ناو هه‌ڵمه‌تی فریشته‌دا بێ هه‌ر به ئاسمانه‌وه گه‌یشته ناوه‌ڕاستی دیوه‌خانێ. زاهیده‌خانم كه خوناوی شانازیی به نه‌ڕه‌ی ده‌نگی خۆی پشتملی نه‌رم ده‌كرد ڕووی تێكردن و گوتی "له ده‌متتان بێته ده‌ر بار و بنه‌ی ئاغا بووه به‌م ته‌لیسه ئه‌وا به زاری خۆتان گه‌ردنتان به په‌تدا ده‌كه‌م. له بیرتان نه‌چێت ئه‌مه دیموكراتیه‌تی سه‌نتراڵه. قسه‌ی دیوه‌خانێ وه‌ك تڕی دیوه‌خانێیه، نابێت ببرێته ده‌ر".
سامی سێبه‌ر و تاریكیی دیوه‌خان هێنده‌ی دیكه پیاوانی ئاغای گرمۆڵه كردبوو. هه‌موو ده‌ست له‌سه‌ر سینگ، وه‌ك نوێژیان دابه‌ستبێت، له ڕووی زاهیده‌خانم سه‌ریان نه‌وی كردبوو. ئاغا خۆی كرد به ژووردا و به ده‌م هه‌نگاونانه‌وه خه‌ریكی توندكردنه‌وه‌ی دووخوێن و چرچ و لۆچی پانتۆڵه كوردیه‌كه‌ی بوو. له شوێنی خۆی دانیشت و فه‌رمووی له كه‌سی دیكه نه‌كرد.
زاهیده‌خانم كه سه‌ری له‌و ته‌لیسه گه‌وره‌یه سوڕمابوو گوتی "پیاوه‌كه، جندۆكه و ده‌ستی شه‌ڕ ئه‌و بوخچه و بنه‌ی لێكردوویت به‌م ده‌عبایه، یان ئه‌مه سه‌نعات و هونه‌ری ئه‌و خاریجه‌یه؟".
ئاغا سه‌یرێكی هه‌موویانی كرد و گوتی:
– زایفه، خودا شاهیده هه‌رچی عیلمی ئه‌و دونیایه‌یه له‌و ته‌لیسه‌دا كۆمكردووه‌ته‌وه. ئێستا ئه‌م وڵاته، سه‌ر تا خوار، بێ عیلم و مه‌عریفه‌تی ئه‌م بێ ته‌لیسه‌ی منن. جا سه‌یر بكه، دوو ڕۆژی دیكه ئه‌و عاله‌مه وه‌ك مێرووله‌ی پایزێ له به‌ر ده‌روازه‌ی ئه‌م گوندوگایه‌دا ڕێچكه ده‌به‌ستن و ده‌ستی تۆ ماچ ده‌كه‌ن كه من مشتێك له‌م عیلم و مه‌عریفه‌ته‌ی ئه‌م ته‌لیسه‌یان بده‌مێ.
– جا پیاوه‌كه ئه‌گه‌ر وایه با له قاسه‌ی هاوێین. به خودا حه‌قه ئه‌ویش بخه‌ینه پانتۆڵی كوردیه‌وه و به دووخوێن ئه‌م سه‌روسه‌ری ببه‌ستین. خۆ ئه‌مه له شه‌ره‌فیش موهیمتره.
– ئه‌دی، زاهیده، وه‌ڵاهی هه‌ندێك جار كه‌لامت ڕووت سپی ده‌كاته‌وه. ئا ده‌ی كوڕینه فه‌رمان بده‌ن شه‌ڕواڵێك دروست بكه‌ن عه‌یب نه‌بێت له هه‌ردوو سه‌ره‌وه دووخێنی هه‌بێت.
– پیاوه‌كه قسه‌ی من گوێی لێ ناگیرێت ده‌نا قسه‌ی فریشتانه. ئه‌ی ئامۆزا به‌دفه‌ڕ ئه‌و ته‌لیسه‌ی ده‌ست ناكه‌وێت؟ ئه‌ی نیوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ش ناكه‌ن؟ به خودا نیوه‌یشی به‌و ده‌ده‌ن. ئه‌وه نییه سه‌ری ناڵه‌شكێنێی لێگرتووین. ئێستا لای خۆمان پیاوه‌كه به كوردستانی گه‌رمێنێ ده‌ڵێن كوردستانی فیفتی به فیفتی و عه‌یب نه‌بێ ئه‌وانه‌ی ئێمه‌یش مه‌ستی ئه‌و فیفتی فیفتیه‌ن، خۆ خزمایه‌تی نه‌ماوه پیاوه‌كه، هه‌ر ئاوه‌ڕ بده‌یته‌وه ماڵت له‌گه‌ڵدا به‌ش ده‌كه‌ن!
– نا، نا، نا. خه‌مێ مه‌خۆ و وازیش له قسه‌ی دژ به خزموخوێم بێنه. زاهیده دوێنێ له خه‌ونمدا باوكی ڕه‌حمه‌تیم دی. له جێی ئا ئه‌و ته‌لیسه وێستابوو. دیاربوو ئه‌م شتانه‌ی هه‌موو بیستبووه‌وه. ڕووی تێ‌كردم و گوتی "كوڕم نه‌كه‌ی له‌وه زیاتر موشكیله بۆ خۆت دروست بكه‌یت. ئامۆزا و پورزا و چی و چی هه‌ر یه‌كه‌ی شتێكیشت لێ به‌رن ئاخریه‌كه‌ی هه‌ر موڵكی خۆمانه. پیاوی عه‌شیره‌ت هه‌مووی هی تۆ بێت، یان نیواونیو له‌گه‌ڵ ئامۆزادا به‌شیان بكه‌یت چ فه‌رقێكی نییه. ئه‌وی لای ئه‌وانیش ده‌كه‌وێت هه‌ر موڵكی خۆمان ده‌مێنێته‌وه. كوڕم، ئه‌مانه هه‌موو عه‌بدی خودان و مه‌ڕی ئێمه‌ن، خه‌وخۆشێك بۆ تۆ و خه‌وخۆشێك بۆ ئامۆزا، ده‌نگخۆشێك بۆ تۆ و یه‌كێك بۆ ئه‌و و ئیتر ئاوا. له هه‌موو خه‌وخۆش و ده‌نگخۆش و مێخۆش و ڕووخۆش و شیكپۆش و باده‌نۆشێك دووانمان هه‌یه، یه‌كێك بۆ تۆ و ئه‌وی دیكه‌یان بۆ ئه‌و، كوڕم". زاهیده، ئه‌وجا بابم لێم نێزیكبووه‌وه و سه‌یرێكی ئه‌م كڵفه‌ت و نۆكه‌ر و ڕه‌شوڕووتانه‌ی كرد و پێی گوتم "عه‌بدی خودا، هه‌ر ئه‌مانه سه‌نعاته‌كه‌ت لێ نه‌دزن خه‌ته‌ر نییه، ئامۆزا و پورزا با سه‌نعاته‌كه‌ش ببه‌ن، هه‌روه‌ك خۆمان فوو به هه‌مان شمشاڵدا ده‌كه‌ن، كوڕم. نه‌كه‌یت ئه‌م ڕه‌شوڕووتانه فێری به‌رنامه و نازانم چی بكه‌یت. كوڕی خۆم، كه‌رێك كه‌ری باشه له دوورڕا هه‌ر بارێك ببینێت به هی خۆی بزانێت و ڕا بكات شان بداته ژێری. بیرت نه‌چێت كوڕم، سیسته‌می ئینتیسابی له‌سه‌ر شانی ئه‌و كه‌ره باشانه دروست ده‌كرێت."
– یه‌عنی پیاوه‌كه ئیتر منیش قسه‌یان پێ نه‌ڵێم؟
– ژنه‌كه قسه به هه‌رچیه‌كیان ده‌ڵێی بڵێ، به‌ڵام با مه‌لای مزگه‌وتێ گوێی لێت نه‌بێت ده‌نا وا ده‌زانێ كفر ده‌كه‌یت، هه‌موو ئه‌م ناوانه له قورئان و حه‌دیسێشدا هه‌ن و ئومه‌تیشمان شافیعین، به‌ڵام نه‌كه‌ی ئێسكی خزمان بشكێنیت، زایفه. خوێنی من و تۆش تێكه‌ڵ بووه و ئێستا تۆیش خزمیت.
– ده‌ی كه‌وایه به قوربانی خزمی خۆم بم، واز له حه‌ڵاڵی خۆت بێنه، بزانم ئه‌و شه‌و له‌گه‌ڵ خزماندا چی ده‌كه‌یت؟
ئاغا ئه‌و قسه‌یه‌ی پێ خۆش بوو. كه‌مێك پێكه‌نی و ڕووی له پیاوه‌كانی كرد و گوتی "به سه‌ر حه‌وت به‌حرێدا فڕیوم. عه‌زره‌تی معه‌مه‌دێ به هه‌وای بوراقێ وه‌سه‌ركه‌وت و ئه‌منیش به بوراقێكی مۆدێرن، به ئه‌سپی باڵدار، ئه‌مما ئاسن، نه‌ك نه‌رمه‌لیقه، كه هه‌ر خودێ خۆی دروستی كردوه وه‌ئاسمانێ كه‌وتم. ئێستا سنگی من له سنگی شێخێ زیاتری تێدا نه‌بێت كه‌متری تێدا نییه. وه‌ڵا فزه‌ی ناڕه‌زاییتان لێ ببیستم واتان لێ ده‌که‌م با به ده‌واری شڕی نه‌کردبێت".
ئاغاژن گوتی "قوربان، قسه‌ت شه‌كرن، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڕه‌شه تووندانه له باسی دیوه‌خانێ ته‌رك بكه. بۆم باس بكه بزانم ئه‌م مه‌عریفه‌یه چییه؟".
ئاغا گوتی "ژنه‌كه، له دونیای غه‌رب و له ئه‌مه‌ریكایه دونیا خراپ بووه. هه‌موو شتێك بووه به سه‌نعه‌ت. هه‌موو شتێك ده‌بێت ناو و ڕه‌قه‌م و زانیاری خۆی له‌سه‌ر بێت و هه‌ویه‌تی خۆی هه‌بێت. سیاسه‌تیشیان وا لێكردوه، ئه‌ویشیان كردوه به سه‌نعه‌ت. هه‌موو حیزبێك ناو و ڕه‌قه‌م و شتی خۆی هه‌یه و له به‌ر ده‌ركی ئه‌و جۆرج بۆشه‌ی كڵاوكڵاوێنه‌ی بكه‌یت كه‌س ده‌ست ناخاته كارت".
– ئه‌ی ده‌ستم بۆ ئاغام شكێ، كاریان زه‌حمه‌ت كردوی، ده‌ی چ ده‌كه‌ی؟
– ئافره‌ت، نایكه‌م، كردومه. جارێ پێش هه‌ر شتێك ناوی خۆم گۆڕیوه بۆ "كرۆكادایل ئاغا"، له‌مه‌ولا من كرۆكادایل ئاغام…
ئه‌هلی دیوه‌خانێ هه‌موو به یه‌ك ده‌نگ هاواریان كرد: بژی كرۆكه‌دایل ئاغا! بژی كرۆكه‌دایل ئاغا!
– كرۆكۆكۆكایل مایل چییه، ئه‌وه یه‌عنی چی پیاوه‌كه؟.
– قسه‌م مه‌بڕه ژن، كرۆكه‌دایل ئاغا، به ئینگلیزیی ئاغایه‌كه تیمساحان به كلك ده‌گرێت و هه‌ر به حه‌واوه سیاسه‌تیان پێ ده‌كات.
– ئێ، ئیشه‌ڵا ده‌ستت له‌سه‌ر من و سیاسه‌ت و تیمساحان لانه‌چێت، ئاغام، چی دیكه؟
– من وه‌ك خاریجیان ناكه‌م ئافره‌ت. من له‌سه‌ر كوته كاخه‌زێك كه سێگۆشه‌یه نووسیومه "ئایدیۆلۆژی"، له‌سه‌ر كوته‌كاخه‌زێكی دیكه كه چوارگۆشه‌یه نووسیومه "چه‌پ"، له‌سه‌ر دانه‌یه‌كی دیكه نووسیومه "ڕاست"، یه‌كێكی دیكه كه بازنه‌یه نووسیومه "عه‌داله‌ت"، دانه‌یه‌كی دیكه‌م كردوه به "شۆڕشگێڕ"، و یه‌كێكی دیكه به "سازه‌نده" و به "فه‌راكسیۆن" و "مه‌ركسیۆن" و به‌و شێوه‌یه هاتووم هه‌رچی عیلمی سیاسه‌ت و دیپلۆماسی و تاكتیكه كۆمكردووه‌ته‌وه. له‌م ته‌لیسه‌دا هه‌موویم له‌گه‌ڵ بووكه‌باغه، شوكلات، نوقڵ، ڕاحه‌ته‌لحقوم، ویسكی، ئاوجۆ، پانتۆڵ و هه‌رچی شتی دیكه‌یه تێكه‌ڵ كردووه، به‌ڵام وه‌ك که‌شتی نوحێ به جووت نا، چونكه من دژ به جووت و له‌گه‌ڵ تاكدام، بیلامه‌عنا. هه‌ر كه‌سێك بێت بۆ لام گوێی لێ ده‌گرم بزانم چی پێ خۆشه. ئه‌وجا ده‌ست ده‌كه‌م به كۆنه‌ته‌لیسدا و عه‌یب نه‌بێت بای ده‌ده‌م و بای ده‌ده‌م و بای ده‌ده‌م تا ئه‌و شته‌م وه‌گیر ده‌كه‌وێت كه كابرا پێی خۆشه و ده‌ریده‌هێنم و پێشكه‌شی ده‌كه‌م. عیلمی ئه‌و دونیایه له ژێر ده‌ستی مندا له ناو ئه‌و ته‌لیسه‌دایه.
– ئاغام ته‌لیسه‌كه عه‌یب نه‌بێت هه‌ر زۆر ڕه‌قه.
– ئه‌رێ خانمی ئاغا، ئه‌دی من ته‌لیسی نه‌رمه‌لیقه‌م بۆ چییه؟ من ته‌لیسی توند و تۆڵ و قایم و مه‌حكه‌مم ده‌وێت!
ئاغا كه‌مێك پاڵی دایه‌وه و دیاربوو له قسه‌ی خۆی ڕازی بوو، ئه‌وجا وه‌ك شتێكی هاتبێته‌وه بیر توره‌كه‌یه‌كی له بنباخه‌ڵی ده‌رهێنا و ده‌ستی كرده‌وه به قسه:
– جا ئه‌مه ئه‌و باسه خانمی خانمان و خانمی دیوه‌خانی ئاغا، ئه‌ی شه‌وچه‌ره‌ی دیوه‌خانم، له‌م توره‌كه بچووكه‌شدا ناوی هه‌رچی كڵفه‌ت و نۆكه‌ر و پیاو و خزمه‌تچی و دۆست و خزمم له‌سه‌ر كوته كاخه‌زی بچووك نووسیوه و هه‌ر كارێك هه‌بێت ده‌ست له توركه‌ی ده‌هاوێم و ناوی بۆره‌خزمێک، كه له من نێزیك و له خودای ته‌عالی دووربێت، ده‌رده‌هێنم و كاره‌كه‌ی پێ ده‌سپێرم.
– جا پیاوه‌كه چۆن كاری وا ده‌كه‌یت؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ناوی ناخزمێك به ده‌ستته‌وه هات، خۆ قوڕمان وه‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌وه له بیریشم نه‌چێت، پێموایه ئه‌و شیعره فڵقوهوڕه و ده‌ڵێت "شه‌و چرای دیوه‌خانم، نه‌ك شه‌وچه‌ره‌ی دیوه‌خانم"، ئاغام.
– كچێ تۆ بۆ هێنده دوور له ئه‌قڵیت؟ كه‌نگێ له ئاغای خۆت تێ ده‌گه‌یت؟ ناوی ناخزمانم له‌سه‌ر كوته‌كاخه‌ز نووسیوه، ئه‌مما ناوی خزمانم له‌سه‌ر پلاستیكی ساف و لووس به هه‌ڵكۆڵین نووسیوه. ده‌ستم له توركه‌یدا به سنگی په‌نجه له ناوه‌كانی ده‌خشێنم و ده‌زانم كامیان كام حه‌رامزاده‌یه، ئافره‌ت! له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ش كه ئاوا ده‌مت ده‌ڵێی پشكۆی ته‌ندووره، ئه‌وا فڵقوهوڕی پێ ناڵێن، "فۆل كه‌لۆر" ـ ـی پێ ده‌ڵێن، و من "شه‌وچه‌ره" به دروستتر ده‌زانم ئافره‌ت، نه‌ك "شه‌و چرا". عه‌یبو شوره‌یی، "شه‌و چرا" چییه، حه‌یای كوردیشیان بردووه، حه‌تا ژنی دیوه‌خانێیش ده‌بێت بزانێت خۆراكی كێیه. ها ها ها ها (ئاغا وا پێ ده‌كه‌نی وه‌ك بارانی به‌هارێ ئاوولیكی له زار به‌رده‌بووه‌وه و ڕووی پیاوانی چوار ده‌وری خۆی ده‌تفی).
– ئه‌ی له ده‌وری ده‌ست و تفه‌نگی ئاغا بگه‌ڕێم و به سه‌ده‌قه‌ی میرئاغات بم. وه‌ڵا كه‌س له‌به‌ر گورزی ته‌لیستدا خۆی ناگرێت، من نه‌بێت.
له پڕ له ده‌رگای دیوه‌خان دراو و نۆكه‌ره‌بۆر خۆی كرد به ژووردا. یه‌كێك له پیاوانی ده‌ست وه‌سه‌رسینگ خه‌ریكبوو به شه‌پ وه‌ده‌ری بنێت نۆكه‌ره‌بۆریش هاواری لێهه‌ستا و گوتی "قوربان، سورفلێكی ئه‌جنه‌بی ده‌یهه‌وێت مه‌قابه‌له‌ی ئاغام بكات. من به كوردیه‌كه‌ی خۆمان تێمگه‌یاند كه ئاغامان ماندووی سه‌فه‌ری ئه‌و حه‌وت به‌حره‌یه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سه‌ری باده‌دات و ده‌ڵێت "نۆ، نۆ" و ئینجا ده‌ڵێت "ئاگا، ئاگا". قوربان، "نۆ" یه‌عنی نای خۆمان و "ئاگا" ـ ـش مه‌به‌ستی له تۆیه قوربان. ئه‌گه‌ر پێتان خۆشه له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه ناوی ئاغام به غه‌ڵه‌ت ده‌ڵێت با له پێشدا دوو شه‌قی تێهه‌ڵبده‌ین.
– نا، نا بۆنی خه‌ته‌ریی ده‌كه‌م، یه‌ك شه‌پ له میوانی وا هه‌ڵده‌ن، هه‌زار شه‌پمان تێ هه‌ڵ ده‌ده‌نه‌وه.
– ئه‌دی چی بكه‌ین قوربان؟
– لێیبپرسن له كوێنده‌رێوه هاتووه.
نۆكه‌ره‌بۆر هاواری له‌و حه‌شاماته‌ی ده‌ره‌وه كرد "ئه‌رێ له كوێنده‌رێوه هاتووه؟". حه‌شامات له ده‌ره‌وه هه‌موو پێكه‌وه به یه‌كده‌نگ وه‌ڵامیان دایه‌وه: "قوربان، له ئومه‌تی موته‌حیده‌وه هاتووه".
ئاغا كه ئه‌مه‌ی بیست له خۆی كه‌وته شكه‌وه. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یپرسی باشه نوێنه‌ری ئیو ئێنێ له‌م گوندوگایه چی ده‌كات؟ خانوو و ناو و ڕه‌قه‌ممان هه‌موو له یه‌ك ده‌چێت، تۆ بڵێی به غه‌ڵه‌ت ڕووی لێره نه‌كردبێت؟ به‌رله‌وه‌ی ئاغا شتێك بڵێ خانم پرسیاری لێ‌كردن: "ئه‌رێ جه‌وانه، چوارشانه‌یه، سوروسپیه، مه‌چه‌ك و بازوو تونده؟".
– ئه‌رێ خانمه‌كه‌م، وه‌ڵا هه‌ر به‌و میكائیل و ئیسرافیله ده‌چێت كه له قورئانێدا باس ده‌كرێن.
ئاغا تووڕه بوو: "ئافره‌ت له قسه بكه‌وه. كه‌لامت ده‌ڵێی نه‌فخی شه‌یتانه. نۆكه‌ره‌بۆر پێی بڵێ له كام به‌شی ئومه‌تی موته‌عیده‌وه هاتووه؟".
– قوربان ده‌ڵێت له به‌شی هومان ڕایته‌س هاتووه، لای خۆمان له ته‌له‌ڤیزوێنێدا پێی ده‌ڵێن "مافی مرۆڤ"، قوربان به كوردی عوسمانلی پێی ده‌ڵێن "حه‌قی به‌شه‌ر". ئه‌وه قوڕمساخه به خۆی و به جیهازیه‌وه ده‌یه‌وێت بێته دیوه‌خانێ. قوربان بیلامه‌عنا پێشی به كه‌س ناگیرێت، ته‌كانی ته‌كان نییه. عه‌یب نه‌بێت ئاغام، ئه‌م قوڕمساخه زۆر كه‌ته‌یه به ده پیاوان قوونمان خستووه‌ته به‌ر ده‌می و ئه‌و هه‌ر وه‌پێش خۆیمان ده‌خات.
ئاغاژن هاواری لێهه‌ستا:
– ئا ده‌ی به قوربانتان بم، خودا نوری خۆی گه‌یانده دیوه‌خانێ. ئه‌وه بۆ له‌م كاولبووه‌ی ئێمه‌دا قه‌دری میوانان ناگیرێت؟ ئا ده‌ی ئه‌و ئیسرافیله‌ی وه‌ژوورێ خه‌ن و منیش له ته‌لیسێ هاون، به‌شكم ئاغا شتێكی باش به‌و میوانه ماندووه‌ی ئومه‌تی موته‌عیده بدات. به قوربانی فریشته‌ی قورئانێش بم كه ده‌ڵێن له‌وان ده‌چێت.
١/١/٢٠٠٨