Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

ئایا شاربوون لاى حكومەتى هەرێمى كوردستان چییە؟

Be First!
by July 30, 2008 گشتی

  
 
 كاتێك لە وڵاتى ئێمە شار بە بڕیارێكى ئیدارى حكومەت دروست دەبێت، بەڵام ئایا ئەو شارانە هیچ مواسفاتێكى شاریان تێدا هەیە؟ ئایا شاربوون تەنها بە بڕیارێكى ئیدارى دروست دەبێت؟  ئایا شاربوون لەروانگەى دەسەڵاتى ئیدارى كوردیەوە چییە؟ ئایا ئێمە كەلتوورى باڵاى شارمان هەیە تا هەموو كەلتوورە وردەكانى خێڵ و عەشیرەت و خێزان لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە؟ ئەوە لەكاتێكدا مەبەستمان ئەوە نییە بێژین كەلتورى گوند كەلتورێكى مەترسیدارە، بەڵام لە كۆمەڵگەى گوندنشینى ئێمەدا كەلتورى عەشیرەت و خێڵ وجودى هەیە و پراكتیزە دەكرێت، بۆیە ئەم كەلتوورە، كەلتوورێكى داخراوە، واتە هیچ نەفەسێكى بۆ كۆى ئازادییەكان نەهێشتۆتەوە، كەچى ئەمە بەپێچەوانەوە لەناو شاردا كەلتوورى شار هەیە. كەلتوورى شار دەبێت كراوەترو ئازادانەتر بێت لەرووى كۆمەڵایەتیەوە، هەرچەندە بەداخەوە ئێستا شارى ئێمە جیاوازییەكى ئەوتۆى لەگەڵ گوندا نەماوە. ئەى هۆكارى داخرانى  شارى كوردى چییە؟ بۆچى شارى كوردى لەرووى كۆمەڵایەتییەوە داخراوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن كە پێویستە حكومەتى هەرێمى كوردستان ئاوڕیان لێبداتەوە، چونكە كاتێك مرۆڤ بۆیەك چركە ئاوڕ لە شارى كوردى بداتەوە، دەبینێت هیچ لەم پرسیارانە  بەراستى لە شاربوونى ئێمەدا كاریان لەسەر نەكراوە. گرفتەكە لێرەدایە كە حكومەتى هەرێم دواى ئەوەى بڕیارى ئیدارى بۆ دروستبوونى شارێكى كوردى دەدات، كەچى دواى چەندین ساڵ هێشتا ئەو شارە كە بڕیارى شاربوونى بۆ دراوە، هەر بەگوندبوونى خۆى ماوەتەوە. لەراستیدا شار هەر ئەوە نییە كە كۆمەڵێك بیناى باڵابەزى حكومى بكەیت بەئاسماندا، بەڵكو شاربوون كەلتوورسازى بۆ دەكرێت، شاربوون لە رووى كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەوە لەگوند كراوەترە. شار لە رووى پڕۆژەوە چەندین جیاوازى گەورەى هەیە، لە شاردا پێویستت بە خاوێنى رێگەوبان هەیە، لەشاردا پێویستت بەكۆمەڵێك پڕۆژەى گەشتیارى وەك پارك و سەوزایى هەیە. لەشاردا پێویستت بەچەندین شوێنى پەروەردەیى و كەلتورى هەیە كە ئەمانە یان وجودیان نییە لەشارى كوردیدا، یانیش زۆر كەمن كە بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن. بۆنمونە تا ئێستا لە زۆر گەڕەكى شارى كوردیدا باخچەى ساوایانت نییە یان لەبەر كەمى قوتابخانە بە ناچارى (40 ـ 50) قوتابى لەیەك ژووردا كۆدەكەنەوە كە ئەمەش هەم لەرووى دەروونى و هەمیش لەرووى پەروەردەییەوە زیانى گەورە گەورەیان هەیە. ئەوە لەكاتێكدا ئەمانە سەرەتاییترین قۆناغى شاربوونن. ئەوەى جێگەى نیگەرانییە لەشارى كوردى ئەو قەرەباڵغیەیە كە رووبەڕووى شارى بچوكى كوردى بۆتەوە، ئەوەى كە تا ئێستا حكومەت پڕۆژەیەكى ستراتیژى ئەوتۆى لە ئاستیدا نییە تا تۆزێك لەم جەنجاڵییە كەم بكاتەوە. یەكێكى تر لەو مەترسیانەى رووبەڕووى شاربوونى كورد لەئێستاو داهاتویەكى نزیكدا دەبێتەوە،  دیزاینى شارە بەتایبەت چۆنیەتى دروستكردنى بینا. لەراستیدا من نازانم ئەم دیزاینى بیانا دروستكردنەى ئێستامان لە كوێوە رووى تێكردووین، بەڵام ئەوە دەزانم كە مەترسی گەورە دروست دەكات، چونكە ئەم شێوە لەدروستكردنى بینا لە كوردستاندا بە هیچ شێوەیەك مەجالى دارو درەخت و سەوزى بە گشتى نەهێشتۆتەوە كە ئەمەش هەم لە رووى تەندروستى و پەروەردەی  و كەلتوریەوە جێگەى نیگەرانیە ، بۆیە پێویستە كاتێك كۆمپانیایەك رادەسپێردریت فڵانە بینات بۆ دروست بكات، دەبێت دنیابینییەكى بیناسازییانەى خۆشت هەبێت و بیخەیتە بەردەستى و بەو پێیەى تۆ مەبەستتە ئاوا دروستى بكات، بیناسازى چینى و ژاپۆنى و زۆرى تریش یەك پێكهاتەن، تەنانەت كاتێك بینا نوێیەكانیش دروست دەكەن ئەو هارمۆنیەتە ناشێوێنن، چونكە شێواندنى نەزم و سیستمى پێكهاتەیى بیناسازى شارەكان، هەموو شێواندنەكانى تریش بەدواى خۆیدا دەهێنێت. بۆیە دەبێت حكومەتى هەرێم لە دروستكردنى شێوەى بینا و دواتریش شار بەشێوەیەكی گەورەتر رەچاوى  تەندروستى و پەروەردەیى و كەلتووریى  و جوانیش بكات.
 تیًبینى
 لەژمارەى 479 رۆژنامەى كوردستان راپۆرت بڵاو بۆتەوە
 هەروەها ئەم بابەتەیەك دێرێكى هاورێم یوسف عیزەدینى تێدایە
 

Previous
Next

Leave a Reply