Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ئایندەى دەسەڵاتى كوردى!!

Be First!
by May 20, 2008 گشتی

   رێبوار ڕه‌زا چوجانی….
 
 هەموو شۆڕشێك بە موژدەى فیردەوسى دەست پێدەكات و، لە حوكمێكى ستەمكارى دۆزەخیدا كۆتایى دێت!!!، ئەمە گوزارشتێكە كە دەشێت بە شاگوزارشتەكان دابنرێت، لە بارەى شۆڕش و راپەڕینەكانەوە، هیچ شۆڕشێك نابێتە جێبەجێكەرى دروشمەكانى، نامەوێت لەم لایەنە بدوێم چونكە لە كات و شوێنى تردا بە وردى باسى ئەم لایەنەم كردوە، بەڵام ئەوەى كە دەمەوێت لە بارەوە سەرنجى خۆم بڵێم، ئەوەیە كە ئاماژەكانى دەسەڵاتى كوردى بەداخەوە پێمان دەڵێت، ئەم دەسەڵاتە ئایندەیەكى ترسناكى هەیە، چونكە لە هەموو لایەنەكانەوە ئەم دەسەڵاتە هەوڵى داخران دەدات، هەوڵى تاساندنى دەنگە ئازادەكان دەدات، هەوڵى لە ناوبردنى شەفافیەت دەدات، هەوڵى بێمانا كردنى ژیان و هەلومەرجەكانى ژیان دەدات، لەم ماوە بە ناو ئازادییەى كە لە كوردستاندا هەیە، دەسەڵاتى كوردى توانیویەتى سود لە بێدەنگى خەڵكى كوردستان وەربگرێت، بەمەش پەرەى بە هەموو ئەو ناشیرینیانە داوە، كە دەبنە كۆڵەگەى هەموو حوكمێكى ستەمكاریانە.
 دەسەڵاتى كوردى هیچ كاتێك نەیویستوە كەڵك لە دنیاى مۆدێرن وەربگرێت و خۆى لەگەڵ سیستەمە حوكمڕانیە سەردەمیەكاندا یەكانگیر بكات، دەسەڵاتى كوردى ئەوەى توانیبێتى كارى لەسەر بكات، پێكهێنانى دەستە و تاقمە وەڵامدەرەوەكانە، كە دەستەو یەخە ئامادەن، بۆ ئەوەى هەرچى زوە وەڵامى ئەو راپۆرتانە بدەنەوە، كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە بارەى كوردستان و رەوشى مافى مرۆڤ لە كوردستاندا ئامادە و بڵاوى دەكەنەوە، مەترسى ئەم دەسەڵاتە لەوەدایە، كە لە جیاتى داننان بەو هەموو پێشێلكاریانەى كە لەو راپۆرتانەدا ئاماژەیان پێدەكرێت، دواتریش بەدواداچونى ئەو پێشێلكاریانە و كاركردن بۆ نەمانیان، بەڵام هەرزو دەكەونە پەلاماردانى ئامادەكارانى ئەو راپۆرتانە و بە دەستى دوژمنانى كورد و نەیارى كوردیان دەشوبهێنن، ئەم جۆرە كارانەش بە دورن لە هەموو مەنتقێك و یەكێكن لە سیفاتەكانى دەسەڵاتە ستەمكارییەكان.
 لە یەكێك لەو راپۆرتانەدا ئاماژە بەوە دراوە، كە لە كوردستاندا ڕێگا بە دروستبونى پۆزسیۆنى سیاسى نادرێت، لە كوردستاندا چ هێزێك دەتوانێت هەڵگرى شیعارى ئۆپۆزسیۆنى بێت، لە كاتێكدا حیزبەكانى ناو دەسەڵات، لە هەموو لایەكەوە مۆنۆپۆڵى هەموو كایەكانى ژیانیان كردوە، لە كوىَ ڕێگە بە دروستبونى ئۆپۆزسیۆن دەدرێت، كە لە رابردودا بینیمان چۆن پەلامارى ئەو هێزانە درا، كە بانگەشەى ئۆزسیۆنیان دەكرد، دو نمونەى زیندوش كە هەر كاتێك ویستمان لە بارەیانەوە بدوێین، كۆمۆنیستەكان لە سلێمانى و یەكگرتوى ئیسلامى لە دهۆك، لەم سەردەمەشدا تاساندنى تەواوى هێزە بێهەزەكانى ترى ناو پەرلەمان، كە هەمیشە گوێڕایەڵى ئەو دو حیزبە باڵادەستەن، دواتر دروستكردنى لەشكرێك موچە خۆرى بێبەرهەم، كە ئەمەش تەنیا لە سیفاتى دەسەڵاتە ستەمكارییەكان دەوەشێتەوە، چونكە بە موچەخۆر كردنى خەڵك بەبىَ كار، دەبێتە هۆكارى دروستكردنى بێدەنگى و گرانتر كردنى پارسەنگى ستەمكارى، هەمو ئاماژەكان بۆ دەسەڵاتى كوردى، ئەوە دەسەلمێنن كە ئەم دەسەڵاتە جگە لە ستەمكارێك، نابێتە دەسەڵاتێك كە جێگەى ئومێدى خەڵك بێت، دەسەڵاتێك هیچ كاتێك ئۆپۆزسیۆنى قبوڵ نەبێت، دەبێت چ چاوەڕوانییەك لەو دەسەڵاتە بكرێت، دواتر بە تەنیا ئەو دو حیزبەى كە لە ناو دەسەڵاتدان، تواناى بەرهەڵستى یەكیان هەیە، بەڵام ئەوەى بێئومێدى دروست دەكات لە بەرانبەر گۆڕانى سیستەمى حوكمڕانى لە كوردستاندا، ئەوەیە كە ئەم دو حیزبەش هیچیان هیچیان قبوڵ نیە و هیچیشیان ئۆزسیۆنى بە یەكێك لە ئامانجەكانى خۆیان نازانن، ئەم دو حیزبە وا باوەشیان كردوە بە كورسیەكانى دەسەڵاتدا، كە هەرگیز نایانەوێت لێیدوربكەونەوە، ئەمەش وا دەكات كە یەك رەنگى ئەم دو هێزە سیاسیە و بەرپەرچدانەوەى ئەو راپۆرتانەى كە لەبارەى پێشێلكارییەكانى ئەم دەسەڵاتە لە بەرانبەر مافەكانى مرۆڤدا كراوە، دەبنە ئاماژەیەكى رون بۆ داهاتوى دەسەڵاتى كوردى و داخرانى زیاترى ئەم دەسەڵاتە، بۆ زیاتر كردنى پێشێلكارییەكان و لە ناو بردنى هەناسەى ئازادانەى خەڵك، تا هەرچى ئومێدى ئازادى و مەیسەر كردنى ژیانى سەردەمیانە هەیە لە بار ببردرێت و تۆوى ترس لە جێگەیان بڕوێنرێت.
 
rohani1983@gmail.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply