Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

ئاینی کریستیان له‌ سێ نمایشدا…گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

Be First!
by January 8, 2008 گشتی

له‌سه‌روووه‌ختی یادکردنه‌وه‌ی جه‌ژنی له‌ دایک بوونی پێغه‌مبه‌ر عیسا دا[کریسمس] که‌‌ له‌ئێوره‌ی 24.12 ده‌ستپیده‌کات تاکۆتایی 26.12، له‌و چه‌ندرۆژه‌داو ڕۆژانی پێشتریش که‌ناڵه‌ تێڤێکانی وڵاتانی ئه‌ورپا جۆره‌ها به‌رنامه‌و فلیمی دۆکۆمانتی و سینه‌مایی بۆ ئه‌و یاده‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
 له‌ نێو ئه‌و فلیمانه‌ی که‌ ئه‌مساڵ پێشکه‌شکران 3 فلیم زۆر سه‌رنجی راکێشام که‌ له‌ 3 که‌ناڵی جیاواز پێشکه‌شکران. هه‌ر فلیمێک له‌و فلیمانه‌ که‌ سینه‌مایی بوون و هاوکات  تڕاده‌یه‌ک به‌رهه‌می کۆنیش بوون ،به‌ جۆرێکی جیاوازگوزارشتی له‌ ئاینی کریستیان ده‌کرد،ئه‌وه‌ش په‌یوندیداربوو به‌و زه‌مه‌نه‌ی ئاینه‌که‌ی تێدا ده‌ژیاو هاوکات به‌ باروودۆخه ‌سیاسیه‌ی  که‌ کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌رئاینه‌که‌ هه‌بووه‌.

QUVA  DIS DOMINA?  دیس دۆمینا؟] [کوڤا 1. فلیمی یه‌که‌م به‌ناوی
 واته‌ به‌لاتینی  بۆ کوێ ده‌چیت گه‌وره‌م؟ له‌ ڕۆمانی  نووسه‌ری پۆڵۆنی {سییه‌ن  کیاویک } وه‌رگیراوه‌،ده‌توانم بێژم له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ فلیمێکی سه‌رکه‌وتووبوو، ته‌کنیکێکی سینه‌مایی زۆر به‌رزی تێدا به‌کار هینرابوو.
ئه‌م فلیمه‌ باس له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاینی کریستیان ده‌کات به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی عیسا له‌ خاج ده‌دریت و خوێندکاره‌کانی به‌ جیهاندا بڵاو ده‌بنه‌وه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی عیسا که‌ پێش له‌خاچدانی فه‌رمانی پێدابوون.
یه‌کێک له‌وانه‌ که‌ پێته‌ری ناوبووه‌ کاتی خۆی ماسیگربووه‌و پاشان بووه‌ته‌ یه‌کێک له‌ یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ر ده‌گاته‌ ڕۆما. له‌وده‌مه‌دا  ئیمپراتۆریرتی ڕۆم ئاینێکی فه‌رمی نه‌بووه‌ ، به‌ڵکه‌ وه‌ک یۆنانیه‌کان چه‌ندین خودایان هه‌بووه‌ . بۆنمونه‌ خودای جوانی،خودای شه‌ڕ خودای ڕۆشنایی یا ڕۆژ یا ئاگر یا خودای ده‌ریا وتاد‌. لێ له‌ یه‌روژالم  ولاتی له‌دایک بوونی عیسا ئاینی جوو ئاینی فه‌رمی بووه‌.  پێته‌ر  که‌ده‌گاته‌ ڕۆم ده‌ست به‌کاری نهێنی واته‌ خه‌باتی ژێر زه‌مینی ده‌کات ،له‌ئاکامدا ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌وادار بۆ خۆی په‌یدا ده‌کات، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا ده‌نگووباسیان له‌ هه‌موو ڕۆمادا بڵاوده‌بێته‌وه‌. ده‌سه‌لاتدارانی ڕۆم ده‌که‌ونه‌ خۆیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌م ئاینه‌ نوێیه‌.
له‌ ئاکامدا به‌هۆی دڕنده‌یی سه‌ربازانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی ڕۆم و بێ ئه‌زموونی پێته‌رو لایه‌نگرانی له‌کاری نهێنیدا ئاشکرا ده‌بن.
سه‌ره‌تا به‌ شێوازێکی هێمنانه‌ له‌ته‌کیاندا هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن ،داواله‌ پێته‌ر ده‌که‌ن خۆیی و هه‌ودارانی واز له‌ ئاینه‌که‌ بهێن له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ن که‌ لێیان بوورن و لاقه‌یان نه‌که‌ن. لێ نه‌ پێته‌رو نه‌ ئه‌وانی دیکه‌ ئاماده‌نین ئه‌وداوایه‌ قه‌بوڵ بکه‌ن.
ئه‌وجا شیوازی تووندووتیژی دێته‌ ئاراوه‌. ‌ ئه‌وده‌مه‌ باوبووه‌ له‌ ستادیۆنه‌کاندا بۆ رابواردن و کات به‌سه‌ر بردن  زۆرانبازیی کۆیله‌ی تێدائه‌نجام ده‌درا ،چ به‌رانبه‌ر به‌یه‌کتر یا چ دژ به‌ ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌کان وه‌ک شێرو پڵنگ و تاد، زۆربه‌ی جار قه‌یسه‌رو خاوخێزنی و ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌یشی ئاماده‌ی ئه‌‌م جۆره‌ گه‌مه‌ نائینسانیه‌ ده‌بوون و له‌ کۆتایشدا بڕیاری کۆتایی ئه‌و گه‌مانه‌ له‌‌ده‌ستی قه‌یسه‌ردا بووه‌، ئه‌ویش به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ یا خوارکردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ی قه‌ڵه‌وی که‌ هه‌ریه‌که‌یان هێمایه‌کی هه‌بووه‌.
سه‌ره‌تا چه‌ند که‌سێکیان له‌ ستادیۆنێکدا ڕاده‌گرن و پاشان بڕێک له‌و ئاژه‌ڵه‌ دڕندانه‌یان تێبه‌رده‌ده‌ن ،له‌ ماوه‌یه‌کی کوورتدا هه‌موویان قه‌له‌پاجه‌ده‌که‌ن .له‌ولاشه‌وه‌ پێته‌ریان له‌ هه‌مان شوێن به‌ زنجیرکراوی داناوه‌و ناجاریانکردووه‌ که‌ ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نه‌ قیزه‌وه‌نه‌ بکات بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ کاری تێبکات و  له‌ ئاکامدا واز بهێنێت . ده‌سته‌ ده‌سته‌ ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌که‌نه‌ خۆراکی ئاژه‌له‌کان ،تا له‌ کۆتایدا نۆره‌ی ژن و مندالان دیت له‌‌ هه‌موو ته‌مه‌نێکدا. به‌ر له‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌ کانیان تێبه‌رده‌ن مه‌شهه‌دێکی زۆر خه‌مناک و ترسناک دێته‌ ئاراوه‌،دانیشتوانی ستادیۆنه‌که‌ هه‌مووبێده‌نگن هه‌ندیکیان به‌زه‌یی له‌ سیمایاندا به‌دی ده‌کرێت.ژن و زاڕۆکه‌کان چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌و کوونانه‌ی ئاژه‌ڵه‌کانی لێ دێنه‌ده‌ره‌وه‌ و چاوه‌ڕیی چاره‌نووسی خۆیان ده‌که‌ن،زوومی کامێراکه‌ش ده‌چێته‌سه‌ر پێته‌ر تا دواهه‌ڵوێستی خۆی نیشانبدات،هاوکات ناوبه‌ناو قه‌یسه‌ریش نیشاندادات که‌ به‌ سیمایه‌کی گرژه‌وه‌ چاوه‌ڕیی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ که‌ بزانێت پێته‌ر چ بڕیارێک ده‌دات.
له‌ کۆتایدا هیچ بڕیارێکی دڵخۆشکه‌ر له‌ پێته‌ر ده‌رناچێت، بۆیه‌ قه‌یسه‌ر به‌ ده‌ستی ئاماژه‌ده‌دات که‌ ئاژه‌له‌کان به‌رده‌نه‌ ناو ستادیۆنه‌که‌وه‌.ئه‌وجا هاوارو قیژه‌ی منداڵو ئافره‌ت تێکه‌ڵ به‌ نه‌ره‌ی ئاژه‌له‌کان ده‌بیت. له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا هه‌موویان ده‌بنه‌ خۆراکی ئاژه‌ڵه‌کان.
بۆ ماوه‌یه‌کی دیکه‌ هه‌وڵه‌کانیان له‌گه‌ڵ پێته‌ردا به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام کورد واته‌نی هیچی لی هه‌ڵناکرێنن ،ئیدی پاش نائومێدی بڕیاری له‌ خاچدانی ئه‌و وهاوه‌ڵه‌نزیکه‌کانی ده‌ده‌ن.
هه‌موویان له‌ پارکێکدا له‌خاج ده‌ده‌ن ،له‌کاتی له‌ خاچداندا پێته‌ر داویه‌کی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ به‌ قاچ هه‌ڵیواسن واته‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی عیساوه‌ ،ئه‌مه‌ش بۆ ڕیزلێنانێک له‌ عیسا.داواکه‌ی به‌جێده‌هێنن و هه‌موویان له‌ خاج ده‌ده‌ن و پاشانێش به‌رله‌ مردنیان له‌ خواره‌و ئاگریان تیبه‌رده‌ده‌ن.

ئه‌م فلیمه‌ باس له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی باوه‌ردارانی ئاینی کریستیان ده‌کات له‌سه‌رتای په‌یدا بونیدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌. لێ ده‌رکه‌وت ئه‌و ئاینه‌ به‌ له‌خاچدانی عیساو پێته‌رو هه‌زاره‌ها باوه‌ڕداران کۆتایی نه‌هات ،به‌ڵکه‌ پاشان هه‌موو ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆم ئیمانی به‌و ئاینه‌ هێناو بووه‌ ئاینی فه‌رمی ئیمپراتۆریه‌که و ئه‌وانه‌ی دواییش‌، ئیدی هێدی هێدی به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو بوویه‌وه‌ که‌ ئێستا له‌ ملیاران باوه‌ڕدار تێپه‌ڕده‌کات.
 سه‌یر له‌وه‌دایه‌وه‌ هه‌رچۆن له‌ژێر ناوی پاراستنی هه‌یبه‌تی خواکان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمادا ئه‌و گشت تاوانه‌ به‌رامه‌ر به‌ کریستیانه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان ئه‌نجامدرا ،هه‌ربه‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش له‌ژێر ناوی پاراستنی ئاینی کریستیان وپاراستنی ده‌سه‌لاتی پاپاکانی ڕۆم  دنیایاک  فه‌زاعه‌ت و تاوانیان ئه‌نجامداو دۆزه‌خیکیان بۆ هاووڵاتی خۆیان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ درووستکردکرد، به‌تایبه‌تی له‌ ئیسپانیا له‌ سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا له‌سه‌رووه‌ختی {محاکمی ته‌فتیشدا} ،که‌ له‌ ئه‌نجاندا سه‌ده‌ها ڕۆشنبیرو زاناو که‌سانی به‌رهه‌ڵستیان سوتاند. ‌ یا ناچاریان ده‌کردن واز له‌ بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانیان بهێنن، که‌ له‌ڕۆژی ئه‌مڕۆی سیاسه‌تدا پێی ده‌ڵێن{پاکانه}‌

2 . [میسیۆن]   
 ناوی فلیمی دووه‌مه‌ به‌لاتینی یانی ئه‌رک ،ئه‌م فلیمه‌ له‌ نواندنی
ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریکی{ ڕۆبه‌رت ده‌ نیرۆیه‌}.ڕووداوه‌کانی ئه‌م فلیمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌م ، شوێنی ڕووداوه‌که‌ش باشووری ئه‌مریکایه‌ . ده‌مێک ئیسپانیا به‌سه‌رۆکایه‌تی کریستۆفه‌ر کۆلۆمبس کیشوه‌ری ئه‌مه‌ریکای له کۆتایی‌سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌مدا دۆزیه‌وه‌ ‌ ئیدی زۆربه‌ی ئه‌و کیشوه‌ره‌ بووه‌ کۆلۆنییه‌کی ئیسپانیا، له‌ پاشیشدا پورتگال به‌دوایدا هاتو چه‌ند ده‌ڤه‌رێکی بۆ خۆی داگیرکرد.
فلیمه‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ بۆئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و کیشوره‌ له‌ بنیادنانی شاروسه‌ربازخانه‌و هێڵی ئاسنین و بنکه‌ی بازرگانی و زۆر شتی دیکه‌ پێویستان به‌هێزی کار هه‌یه‌ .جا ‌به‌هۆی دوورده‌ستی هێزی کاری وڵاته‌کانیان واته‌ ئیسپانیاو پورتوگال په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی کیشوه‌ره‌که‌ که‌ هنده‌سووره‌کانن.
دیاره‌ ئیستیعماریش هه‌رگیز میهره‌بان نه‌بووه‌ له‌ته‌ک  دانیشتوانی کۆلۆنیه‌کانیدا تا هه‌قی کاری خۆیان پێبدات ،به‌ڵکو به‌ سووغره‌ کاریان به‌و خه‌ڵکانه‌ کردووه‌ ،یا ڕوونتر بێژم به‌ شێوه‌ی کۆیله‌ کاریانپێکردوون.‌
ڕۆبه‌رت ڕۆڵی ئه‌فسه‌رێکی ئیسپانی وازی ده‌کات ئه‌رکی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌چێت له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی ئه‌و هندیانه‌ی لێیه‌ کۆتووبه‌ندیان ده‌کات و ده‌یانهێنێت بۆ ئیسپانیه‌کان یا پورتوگالیه‌کان. خۆهه‌ریه‌کێکیش له‌ده‌ستی رایکردبێت یه‌کسه‌ر کووشتوویه‌تی،که‌سێکی زۆر دڵڕه‌ق و بی به‌زه‌یی بووه‌ له‌ گه‌ڵیاندا.
 هه‌ر سه‌فه‌رێکی بۆ په‌یداکردن و هێنانی کۆیله‌ چه‌ندین هه‌فته‌ی پێچوه‌،له‌و کاتانه‌شدا ژنه‌ گه‌نجه‌ جوانه‌که‌ی له‌ته‌ک برا بچوکه‌که‌یدا له‌ ماڵه‌وه‌ جێده‌هێڵێت.
ژنه‌که‌ی له‌ته‌ک براکه‌یدا ڕیک ده‌که‌وێت له‌ کاتی غیابی ئه‌مدا ئه‌وان نغرۆی ئه‌وین ده‌بن.
جاریک ڕۆبه‌رت زووتر دێته‌وه‌ له‌و کاته‌ی به‌نیازبوو بمێنێته‌وه‌ . ده‌مێک ده‌چێته‌ه‌ ماڵه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌که‌ ئاشکرا ده‌بێت، ئیدی ڕۆبه‌رت ده‌یه‌وێت براکه‌ی خۆی بکوژێت پاشان په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌،به‌ڵام له‌ ڕوی ده‌روونیه‌وه‌ تێکده‌چیت وواز له‌ کاره‌که‌ی دێنێت.
له‌و ده‌مه‌دا پیاوانی ئاینی ڕۆڵی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌  هه‌بووه‌ ،هه‌ر له‌ پاش نیشته‌جێ بوونی سه‌ربازه‌کانی ئیسپانیا، ئیدی ئه‌وانیش هاتن و چه‌ندین که‌نیسه‌یان بۆ خۆیان درووستکرد و که‌وتنه‌ کارکردن و  وانه‌ گووتنه‌وه‌ له‌نیو سه‌ربازه‌کاندا. ئه‌م پیاوه‌ ئاینیانه‌ چاوپۆشیان له‌ مه‌سه‌له‌ی کۆیله‌کردنی دانیشتوان ده‌کردو له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پادشای ئیسپانیا چ سه‌ربازیی وچ مه‌ده‌نی ڕێکه‌وتبوون  ،چونکه‌ کارکردن به‌ کۆیله‌ به‌ژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشی تێدا بوو.
قه‌شه‌یه‌کی گه‌نج به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمایشه‌کانی سه‌ره‌وی خۆی کارده‌کات.به‌ ته‌نیا ده‌چێته‌ نێو هندیه‌کان و ئاینی کریستیان له‌ نێویاندا بڵاو ده‌کاته‌وه‌،زیاتریش مه‌به‌ست له‌و کاره‌ رزگارکردنیان بووه‌ کۆیلایه‌تی.
ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربازیی و میری هه‌روه‌ها قه‌شه‌گه‌وره‌کانیش ئه‌م کاره‌یان پێخۆش نه‌بوو ،به‌ڵام نه‌یشیان ده‌توانی ڕێگه‌ی لێبگرن.
قه‌شه‌ لاوه‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی ڕۆبه‌رت خۆی لێنزیک ده‌کاته‌وه‌،ڕۆبه‌رتیش ئه‌م هه‌وڵه‌ی پێخۆشده‌بیت و له‌ ته‌نیایی و خه‌مۆکی ڕزگاری ده‌بێت.له‌ کۆتایدا قه‌ناعه‌ت به‌ ڕۆبه‌رت ده‌کات که‌ له‌ ته‌کیدا بچێت بۆ جه‌نگه‌ڵه‌کان بۆ یارمه‌تی دانی هندیه‌کان و هێنانیان بۆ نێو ئاینی کریستیان.
ڕۆبه‌رت له‌ دوژمنێکه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاوکارو براده‌ری  ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ تادوێنیێ به‌ کۆیله‌ی ده‌کردن لێی ده‌کوشتن.
ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی ئیمانداران زیاد ده‌کات به‌مه‌ش کاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزی کار ده‌بێت چونکه‌ به‌ پێی یاسا که‌سێکی کریستیان نابێت بکرێته‌ کۆیله‌.ئه‌م دۆخه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسپانی و پورتوگالی له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌ بێزارده‌کات، بۆیه‌ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێک بێت ئه‌و ده‌رگایه‌ی به‌رووی هندیه‌کاندا کراوه‌ته‌وه‌ دایبخه‌ن.ته‌نها ڕیگه‌ش ڕێگه‌ی سه‌ربازیه‌ واته‌ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی،قه‌شه‌لاوه‌که‌و ڕۆبه‌رت به‌م پلانه‌ ده‌زانن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خۆیان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێک ئاماده‌ده‌که‌ن.
 ئیسپانیه‌کان به‌ سوپایه‌کی مه‌زنه‌وه‌ هێرشێکی به‌رفراوان بۆ جه‌نگه‌ڵه‌کان ده‌که‌ن، سه‌ره‌تا ئیمانداره‌کان وه‌ک هه‌نگاوێکی ئاشتیانه‌ به‌ خاچی مه‌زنی له‌ داردرووستکراوو نزاو پارانه‌وه‌وه‌ به‌ره‌و ڕوویان ده‌چن، به‌و نیازه‌ی ڕێز بۆ ئاینه‌که‌ دانێنن و واز له‌ پلانه‌که‌یان بهێنن، لێ ئه‌مه‌ هیچ سوودی نابیت. ده‌یانخه‌نه‌ به‌رده‌م دوو ڕێگه‌ یا واز هێنان له‌ ئاینه‌که‌و ملکه‌چکردن بۆ کۆیلایه‌تی ،یا شه‌ڕ و کووشتن.دیاره‌ قه‌شه‌ی لاوو ڕۆبه‌رت ڕێگه‌ی دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرن و نایانه‌وێت به‌ هیچ جۆرێک پشت و په‌نای ئه‌و هه‌ژارانه‌ به‌رده‌ن که‌ پێشتر گفتیان پێداون له‌ته‌کیاندا بمێننه‌وه‌ .
شه‌ڕ ده‌ست پێده‌کات هندیه‌ هه‌ژاره‌کان به‌ سه‌رکردایه‌تی ڕۆبه‌رت شه‌ڕیکی پاڵه‌وانانه‌ ده‌که‌ن که‌ شه‌ڕی مانونه‌مانه‌،لێ به‌هۆی به‌هێزی هێرشبه‌ران له‌ ڕووی که‌ره‌سته‌ی جه‌نگ و ژماره‌ی سه‌ربازانه‌وه‌ پار سه‌نگی چه‌نگ به‌لای  هێرشبه‌راندا ده‌که‌وێت، هه‌ر که‌نیسه‌ی له‌ قووڕدروستکراوه‌ به‌کاریکه‌ری تۆپی هێرشبه‌ران به‌ هه‌واداده‌چێ،هه‌ر هندیه‌ له‌م لاو لا ده‌که‌ویت، هه‌رمنداڵه‌و له‌ پاڵ دایکیدا خه‌ڵتانی خوێن ده‌بیت.
له‌ کۆتاییدا ڕۆبه‌رت و قه‌شه‌لاوه‌که‌ش پاش شه‌ڕیکی مه‌ردانه‌ و کووشتنی ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌رباز ئه‌وانیش گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

ئه‌م فلیمه‌ دووبۆچوونی دژبه‌یه‌کی که‌نیسه‌ نیشاندادات.له‌لایه‌ک پیاوانی باڵای که‌نیسه‌ ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیان به‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌ گرێدراوه‌، که‌ ئه‌مانه‌ش زۆرینه‌ن و هێزی بڕیارده‌رن ،به‌لاینه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ژماره‌ی کریستیان زیاد بکات یانا،به‌ڵکو ئه‌وان پتر بیر له‌ لایه‌نه‌ ئابووریه‌که‌ ده‌که‌نه‌وه‌ نه‌ک ئینسانی یا ئاینی.که‌واته‌ ئاینه‌که‌یان کرده‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت هه‌ر چۆن مه‌بده‌ئو حیزب و‌ هه‌ڵوێستی جوان ده‌کرێنه‌ قووربانی به‌رژه‌وه‌ندی، به‌تایبه‌تی لای ئێمه‌ی کورد،هه‌رواش ده‌شێت ئاینیش بکرێته‌ قووربانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌.
بۆچوونی دووه‌م  قه‌شه‌لاوه‌که‌یه‌ که‌ هیچ ده‌سه‌لاتێکی نیه‌و که‌سێکی پاک و دڵسۆزه‌ ئینسان دۆسته،ته‌نها ویژدانی پاڵنه‌ری هه‌ڵوێسته‌کانیه‌تی و دژ به‌ خواست و سیاسه‌تی سه‌ره‌وه‌ی خۆی کارده‌کات،لێ به‌هۆی ته‌نیایی و نه‌بوونی هاوسۆزیوهه‌ودار له‌نێو پیاوانی ئاینیدا شه‌ره‌که‌ی دۆڕاند، به‌ڵام بیرووباوه‌ره‌ ئاینیه‌که‌ی نه‌دۆڕان، به‌وه‌ی ئێستا هه‌رچی دانیشتوانه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی ئه‌و کیشوره‌ هه‌یه‌ ،واته‌ هندیه‌ سووره‌کان ده‌توانم بێژم پتر له‌ سه‌دا نه‌وه‌دیان هه‌ڵگری ئه‌و ئاینه‌ن. به‌ڵام له‌ ڕووی مافه‌وه‌ بێمافترین که‌سن و له‌ ڕووی داهاتیشه‌وه‌و هه‌ژارترین مرۆڤی کیشوه‌ره‌که‌ن.تائێستا چه‌ندین شۆڕشیان به‌رپاکردوه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌، له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ تێکۆشانداو به‌رهه‌میان دیاره‌، بێگومان ڕۆژێک دادێت به‌مافه‌کانی خۆیان بگه‌ن و وه‌ک ئینسان بژین.

3. خۆشه‌ویسته‌که‌م یه‌روژالم
ناوی فلیمی سێیه‌مه‌، ئه‌م فلیمه‌ دانمارکیه‌و له‌ ده‌‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری به‌توانای دانمارکی{ بیلله‌ ئۆگووست}ه‌ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌  تائێستا چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی وه‌ک ئۆسکارو کان وه‌رگرتووه‌،به‌یه‌کێک له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ به‌تواناکانی جیهان ناسراوه‌.
 واده‌رده‌که‌وێت ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م فلیمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی {18}،شوێن ڕووداوه‌که‌ش  گوندێک له‌گونده‌کانی وڵاتێکی ئه‌سکه‌نده‌ناڤیایه‌.
دانیشتوانی ئه‌م گونده‌ ژیانێکی ئاسووده‌ده‌ژین ،هیچ کێشه‌یه‌کیان نیه‌.وێرای ئه‌نجامدانی کاری ڕۆژانه‌یان ڕۆژانی یه‌کشه‌مه‌ش بۆ خواپه‌رستی ده‌چنه‌ کڵێسای گونده‌که‌یان که‌ قه‌شه‌یه‌کی به‌ته‌مه‌نی میانڕه‌و ده‌یبات به‌ڕیوه‌ که‌ جێی ره‌زامه‌ندی گوندنشینه‌کانه.
له‌پڕ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتبێته‌ خوره‌وه‌ قه‌شه‌یه‌کی گه‌نجتر له‌و په‌یدا ده‌بیت.ئه‌و ڕۆژه‌ی دێته‌ گونده‌که‌وه‌ ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌یه‌و هه‌موو له‌ که‌نیسه‌دان و ئه‌ویش خۆی ده‌کات به‌که‌نیسه‌دا.
واخۆی ده‌ناسێنێت که‌ نێرراوه‌ بۆ یارمه‌تیدانی قه‌شه‌ به‌ته‌مه‌نه‌که‌،وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌کان هێنده‌ زۆربن ئه‌و نه‌توانێت فریایان بکه‌ویت ،یاخود ئه‌و نه‌توانێت به‌پیی پێویست ئامۆژگاری ئاینیان بکات.
تابڵێی ئه‌م قه‌شه‌ نوێه‌ قسه‌زان وسه‌رنجڕاکێشه‌و خیتابه‌کانی کاریگه‌رن،هه‌ربۆیه‌ش پاش به‌ینێک به‌م سیاسه‌ته‌ی قه‌شه‌ پیرکه‌ که‌لا ده‌خات.
هه‌ر چۆن له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا مه‌لاو خه‌تیبه‌ توونڕه‌وه‌ ئیسلامه‌کان هانی که‌سانی ساده‌و بێسه‌واد ده‌ده‌ن که‌ شوێنی جیهادی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌فغانستان و ئێراقه‌ وجیهادی ڕاسته‌قینه‌ش بۆ گه‌شتن به‌به‌هه‌شت خۆته‌قاندنه‌وه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵکی سڤیلدا، هه‌رواش ئه‌و قه‌شه‌ نوێه‌ به‌ خیتابه‌ ئاگرینه‌کانی زۆربه‌ی گوندنشینه‌کانی قه‌ناعه‌ت پێکرد که‌ شوێنی عیباده‌تی ڕاسته‌قینه‌ یه‌روژالمه‌ نه‌ک ئێره‌ ئه‌و شوینه‌ی ئاینی کریستیانی تیا په‌یدابوو.
هه‌ربۆیه‌ش له‌ خیتابه‌ ئاینیه‌کانیدا زوو زوو ده‌ڵیت {خۆشه‌ویستم یه‌روژالم} ئه‌وانه‌ی بڕیاری سه‌فه‌ریاندا بۆ گه‌شتن به‌ به‌هه‌شتی یه‌روژالم هه‌رچی شتیانه‌ له‌ خانوو ناوماڵ زه‌وی و زار دیفرۆشن به‌وانه‌ی که‌ ناچن یا به‌ گوندیانی درواسێ،ته‌نها هه‌ندێ شتی پێویستی ڕۆژانه‌ له‌ته‌ک خۆیاندا ده‌به‌ن وه‌ک جلو به‌رگ و ئه‌و پاره‌ی که‌ هه‌یانه‌ .
چیرۆکێکی خۆشه‌ویستی له‌ گونده‌که‌داهه‌یه‌، پاڵه‌وانه‌کانی کچوکووڕێکن کچه‌که‌ بڕیاری ڕۆشتن  ده‌دات به‌ڵام کوڕه‌که‌ نه‌ک هه‌ر نایه‌وێت بڕوات به‌ڵکو گاڵته‌ی به‌و شتانه‌ش دێت و ده‌زانێت ئه‌مه‌ ته‌ڵه‌یه‌ ،پێشتریش هه‌رگیزهاتووچۆی که‌نیسه‌ی نه‌ده‌کرد به‌ڵکو زیاتر به‌خوێندنه‌وه‌وه‌  خۆی خه‌ریک ده‌کرد،واته‌ که‌سێکی ڕووناکبیربوو.
زۆر هه‌وڵه‌دات قه‌ناعه‌ت به‌کچه‌که‌ بکات نه‌ڕوات به‌ڵام بێهوده‌ده‌بیت، به‌تایبه‌تی که‌ دایک و باوکی کچه‌که‌ له‌نێو کۆچبه‌راندان.
به‌ که‌شتی پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک ده‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست،له‌خۆشیا خه‌ریکن باڵده‌گرن.به‌ڵام ئه‌م خۆشیه‌یان زۆر ناخایه‌نێت که‌ تووشی شۆک ده‌بن و مه‌ینه‌تیه‌کانیان ده‌ست پێده‌کات.
سه‌ره‌تا هه‌رچی پاره‌و شتی به‌نرخه‌ لێیان ده‌سه‌نن به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی لێره‌ که‌س پێویستی به‌ پاره‌ نیه‌و هه‌موو شت بلاشه‌.
هه‌موویان ده‌که‌ن به‌سی به‌سه‌وه‌ منداڵ به‌جیا ژن به‌جیاو پیاویش به‌جیا.  هه‌ر به‌شه‌یان وه‌ک سه‌ربازگه‌ له‌ قاوشێک ده‌نێن به‌رپرسی ئه‌م سه‌ربازگه‌ ئاینیه‌ ئافره‌تێکی ته‌مه‌ن مامناوه‌ندی زۆر تووڕه‌و بێبه‌زه‌ییه‌ که‌ وه‌ک وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی خاوه‌ن دسپلین هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات.
 پاش به‌ینێک بۆیان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و مه‌به‌سته‌ی که‌ له‌ پێناویدا هه‌زاره‌ها کیلۆمه‌تریان بڕیوه‌وژینیان بۆ تێکداوه‌ ئه‌وه‌ نه‌بوو ،که‌مترین شت که‌مماره‌سه‌یان ده‌کرد خواپه‌رستی بوو،زۆربه‌ی کاتیان وه‌ک کۆیله‌ به‌ کشتوکاڵ و خانوودرووستکردن و کاری تره‌وه‌ ده‌برده‌سه‌ر.
هه‌فته‌ی جارێک بۆیان هه‌بوو منداله‌کانیان ببینن، ژن و مێردیش زۆر که‌م یه‌کتریان ده‌بینی.
 به‌هۆی ژینگه‌ی پیس و خواردنی خراپ و نه‌بوونی خزمه‌تی ته‌ندرووستی پاش  به‌ینێک چه‌ندین نه‌خۆشی له‌ نێوانیاندا بلاو بویه‌وه‌ ،کاریگه‌ری خراپی به‌پله‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر منداڵان هه‌بوو که‌ به‌هۆیه‌وه‌ زۆرێک له‌و منداڵانه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا .له‌نێوانیاندا منداڵی ژن و مێردێک که‌ زۆر به‌ حه‌ماسبوون بۆ گه‌شتن به‌و شوێنه‌ .مردنی منداڵه‌که‌یان زۆر کاریگه‌ری ده‌روونی  له‌سه‌ریان ده‌بیت ،به‌ڵام چاریشیان نیه‌و ده‌بێ قه‌بوڵی ئه‌و دۆخه‌ دژواره‌ بکه‌ن. پیاوه‌که‌ به‌رده‌وام دڵی هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌داته‌وه‌ تا دان به‌خۆیدا بگریت به‌ڵکو بارودۆخ باشتربێت و بتوانن ده‌ربازبن، لێ به‌هۆی ئه‌و دسپلینه‌ پۆلیسیه‌ی که‌ هه‌یه‌ بواری ده‌ربازبوونیش زۆر که‌م ده‌بێت‌.
ئاستی بیزاری و تووڕه‌یی  ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ ده‌گاته‌ ترۆپک ده‌مێک وه‌ک هه‌مووجار ده‌چن بۆ سه‌رگۆڕی منداڵه‌که‌یان   ده‌بینن گۆره‌کان نه‌ماون وکرێکاران خه‌ریکی بیناسازین تێیدا. پاشان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاینی گۆڕستانه‌که‌یان فرۆشتوه‌.ده‌یانه‌وی تۆڵه‌ی منداڵه‌که‌یان له‌ ئافره‌ته‌ دڵڕه‌قه‌که‌ بکه‌نه‌وه‌  به‌ڵام ده‌مێک بیر له‌ ئاکامه‌که‌ی ده‌که‌نه‌وه‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌
له‌ملاشه‌وه‌ له‌ گونده‌که‌ کوڕه‌ دڵداره‌که‌ پاش چاوه‌ڕوانیه‌کی بێهوده‌ ده‌چێته‌ ژیانی هاوسه‌رگیریه‌وه‌ ،به‌ڵام دڵی هه‌ر لای خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌تی بۆیه‌پاش ماوه‌یه‌ک  هاوسه‌ره‌که‌ی جێده‌هێڵیت  و سه‌فه‌ری لای خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات.
کوڕه‌که‌ له‌وی خۆسه‌ویسته‌که‌ی خۆی له‌ بارێکی زۆر خراپدا ده‌بینێت،بۆیه‌ هه‌وڵه‌دات به‌هه‌رجۆرێک بێت  ڕزگاری بکات. له‌کۆتایدا هه‌وڵه‌که‌ی سه‌رده‌گریت و پێکه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌وه‌ گونده‌که‌یان، پاشان کوره‌که‌ به‌یه‌کجاری له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی جیاده‌بێته‌وه‌و خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کاته‌ هاوسه‌ری خۆی.
خۆلاسه‌ی ئه‌م فلیمه‌ ئه‌وه‌مان پیده‌ڵێت که‌ ده‌کرێ ئاین بکرێته‌ هۆکارێک یا ئامرزێک بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی دیکه‌. وه‌ک زۆرێک له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانی خۆمان و ده‌ڤه‌ره‌که‌ په‌یره‌وی ده‌که‌ن .لێره‌دا ئاین کرایه‌ هۆیه‌ک بۆ له‌خشته‌بردنی که‌سانی ساویلکه‌ی ئیماندار بۆ گه‌شتن به‌ مه‌به‌ستێکی دیکه‌.
فلیمه‌که‌ وانیشانده‌دات که‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی که‌نیسه‌ سیاسه‌تێکی به‌رده‌وامه‌ بۆ به‌کۆیله‌کردن و جه‌وساندنه‌وه‌ی ئیمانداران به‌ مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی سامان و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی سه‌رانی ئه‌و ئاینه‌ ،ئه‌ویش به‌وه‌ی ئه‌و قه‌شه‌ی ئه‌و گوندیانه‌ی خله‌تان کاری یه‌که‌م جاری نه‌بووه‌و دواکاریشی نابیت.

مه‌به‌ستم له‌ نووسین له باره‌ی ئه‌م سێ فلیمه‌وه‌ دووخاڵه‌.
یه‌که‌م‌  نیشانی بده‌م که‌ وه‌ک چۆن حیزب و ئایدۆلۆژیا زۆرجار ده‌کرێنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی چ له‌لایه‌ن سه‌رانی حیزبیه‌وه‌ یا چ له‌لایه‌ن تاکی حیزبیه‌وه‌ ،یا هه‌دێ جار حیزب ده‌کرێنه‌ به‌رده‌باز بۆگه‌شتن به‌ ئامانجی دوور له‌ حیزب و ئایدۆلۆژیا ،هه‌رواش ئاین له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ناوه‌نده‌ بالاکانی ده‌سه‌ڵاته‌ ئاینیه‌کاندا به‌کار ده‌هێنریت.یاخود به‌لاکه‌ی تردا بۆ مانه‌وی ده‌سه‌لاته‌ تۆتالیتاره‌کان ئاین ده‌کرێته‌ ئامانج و لێده‌درێت .
خالی ده‌ه‌م ئه‌وه‌یه‌ ‌ له‌ که‌لتووری ڕۆژئاوادا که‌ ناوجه‌رگه‌ی ئاینی کریستیانه‌و هاوکات ئاینی زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌یه‌تی،ده‌بینین چه‌ندین کاری دراماو زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی و فلیمی سینه‌مای له‌سه‌رمێژووی ئاینی کریستیان به‌رهه‌م هێنراوه‌.له‌ نێو ئه‌م کارانه‌دا هه‌ندیکیان سه‌باره‌ت به‌ ڕووی سه‌لبی ئاینی کریستیانه  وه‌ک ئه‌م دوو فلیمه‌ی دووایی،  شه‌رمیش له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ره‌ ڕه‌شانه‌ ناکه‌ن‌‌ و نایشارنه‌وه‌ ،چونکه‌ لایان وایه‌ده‌مێک باس له‌ مێژوی ئاینێک ده‌کریت ده‌بیت له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانیه‌وه‌و به‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ باسبکرێت نه‌ک ته‌نا لایه‌نی ئیجابی.
به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ له‌ نیو جیهانی ئیسلامدا له‌ دووتوێی هه‌رچی نوسین و زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی و فلیمی سینه‌مایدا هه‌یه‌ ته‌نها باس له‌ یه‌ک لایه‌ن ده‌کریت،وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ هیچ کاری ناره‌وا به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ ڕووی نه‌دابیت.خۆ گه‌ر نه‌ڵێم ئه‌و کارانه‌ له‌ نمونه‌ی ئه‌و دوو فلیمه‌ زیاترن ئه‌وه‌ بێگومان که‌مترنین.
هیوادارم له‌ ئاینده‌دا سینه‌ماکارانی عه‌ره‌ب هێنده‌ جه‌سووربن هه‌ندێک له‌ لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌کانی ئیسلام بکه‌نه‌ کاری ته‌له‌فزیۆنی و سینه‌مایی ،به‌تایبه‌تی ململانێی خوێناوی له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا .که‌ له‌ دوای کۆچی په‌ێغه‌مبه‌ره‌روه‌ ده‌ستی پێکرد و به‌رده‌وام بووتا کۆتای خه‌ڵافه‌تی عوسمانی که‌ دوا ده‌سه‌لاتی فه‌رمی ئیسلام بوو.
halabja@ofir.dk

 

Previous
Next

Leave a Reply