Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

ئه‌م ده‌نگه‌، ده‌نگێکه‌ به‌ ڕه‌نگی هه‌ڵه‌بجه

Be First!
by March 14, 2008 ئەدەب

پشکۆنه‌جمه‌دین…….

من پۆله‌زامێکی زیوینم
تریفه‌ی مانگێکی ساردوسڕ له‌ خۆیی پێچام و
پێکه‌وه‌ مه‌داری مه‌رگمان جێ هێشت و هه‌ڵفڕین.
فرسه‌خێ ڕێگامان بڕیبوو،
با هات و جڵه‌وی ئه‌سپه‌که‌ی لێگرتین،
خۆر هات و چاوی خۆی پێ به‌خشین،
شه‌پۆله‌ سه‌وزه‌کان له ‌کۆڵیان کردین و
سترانی ژیانیان بۆ چڕین.
زه‌ریاکان، دواوێستگه‌ی سه‌فه‌ری ئێمه‌ بوون،
له‌وساوه‌ بێهووده‌ دێین.. ده‌چین
به‌ستێنێ ده‌ستێکی نانێته‌ نێو ده‌ستی هیوامان،
ئه‌وینێک پشکۆیه‌ک ناخاته‌ نێو کوانووی ئه‌وینمان،
وا ئێمه‌ سنووری مه‌رگمان به‌زاند و
که‌ژاوه‌ی ئه‌م گه‌شته‌ش نه‌گه‌یشته‌ دوورگه‌ی ژین!

ئه‌م ده‌نگه‌ چریکه‌ی گۆپیته‌ی چڵێکه‌
ئه‌مێستا قه‌دی خۆی جێهێشتووه‌ و له‌ نێوان
زه‌وین و ئاسماندا چه‌ترێکی په‌مه‌یی هه‌ڵداوه‌!
ئه‌م تیشکه‌ چریسکه‌ی چلچرای ڕۆحێکی ماندووه‌
ئێستاکه‌ له‌ به‌ندی جه‌سته‌ی خۆی ڕه‌هایه‌ و
له‌ سۆمای زه‌مه‌ندا ده‌سووتێ و ته‌نیایه‌!

ئه‌م ده‌نگه‌ زایه‌ڵه‌ی زه‌نگێکی له‌ژه‌هرگیراوی مه‌رگێکه‌،
له‌ دووندی "باڵانبۆ" سه‌رنه‌که‌وت،
ترۆپکی "شنروێ"ی ماچ نه‌کرد،
ده‌ستێکی نه‌خسته‌ سه‌رشانی "سوورێن" و
نه‌یتوانی پێنج هه‌زار وه‌نه‌وشه‌ به‌ دیاری
بۆ باخچه‌ی خوا ببات!

ئه‌م ده‌نگه‌ ڕه‌نگینه‌ به‌ ڕه‌نگێ
نه‌ ئه‌وسا که‌سێک و نه‌ ئێستاش هیچکه‌سێک
نه‌یتوانی و ناتوانێ وه‌کو خۆی بیبینێ!
ڕه‌نگینه‌  به‌ ڕه‌نگێ:
خوێن نییه‌
خوم نییه‌
نه‌ زه‌رده‌ی خۆراوا،
نه‌ تارای تریفه‌ و نه‌ به‌رگی به‌یانه‌..
ڕه‌نگێکه‌:
نه‌ سه‌وزیی ته‌مگرتووی "باخی میر"،
نه‌ بازره‌ی تاڤگه‌که‌ی "ئه‌حماوا"،
نه‌ چاوی گڕگرتووی "سیروان"ه‌.
ئه‌م ڕه‌نگه‌:
نه‌ خوێنی په‌نجه‌که‌ی شکاوی "تایه‌ربه‌گ"،
نه‌ تاپۆی به‌ئاسته‌م بینراوی "خاکوخۆڵ"،
نه‌ شێوه‌ی سیحراویی گه‌شته‌که‌ی "گۆران"ه‌.

ئه‌م ده‌نگه‌، ڕه‌نگینه‌ به‌ ڕه‌نگی
هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌!

ئێمه‌: شاهێدی هه‌ڵه‌بجه‌ بووین،
قوربانییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووین،
مشتووی شمشێری جه‌للاده‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووین!

ئێمه‌..
که‌ په‌یڤێکمان بۆ گوتن نه‌بێ،
چاوێکمان بۆ تێڕامان و
هزرێکمان بۆ هزرین نه‌بێ،
دڵێکمان بۆ خۆشه‌ویستیی و
میحرابێکمان بۆ سوژده‌ی ئه‌شق نه‌بێ،
ئه‌قڵێکمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌قڵ و
جورئه‌تێکمان بۆ دواندنی مێژوو نه‌بێ،
باڵای وجودمان هه‌ر ده‌بێ
مه‌زرای مه‌زاری هه‌ڵه‌بجه‌ بێ!
***
ئه‌ی خودای من!
له‌ژیر ڕه‌هێڵه‌ی ژه‌هراویی جه‌للاداندا
له‌به‌ر خه‌نجه‌ری خوێناویی سه‌ری خۆمدا
بۆچ به‌ ته‌نیا ‌به‌جێت هێشتم!
ئای چه‌ند ته‌نیام!

1999


Previous
Next

Leave a Reply