Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

ئەرز و حاڵ بەردەوامە … شیعر نەوزاد بەندی

Be First!

 

 

 

بۆ / بەڕێز کارێزی وەستا شەریف

بابەت / کەل و پەلی مناڵی 

داواکارم لە بەڕێزتان ڕەزامەندی نیشان بدەن بە ناردنەوەی هەر یاری و کەرەستەیەکی مناڵیم ئەگەر لە نێوان 

سنەوبەرەکانی تۆدا بەجێمابن وەکو : هەڵمات و گلۆر و تایەی سەرەسۆدە و عەرەبانەی تەل و مزراح و

هەڵماقۆ و هەلوک و کلکی مەساسەی مینۆ و تول ومیچ و چیلکەی عەمبەروەرێتو وێنەی جۆلیانۆجیماو دوخانولبەنادیق وقۆچەقانی و کتێبی ئەلف و بێی 

نوێی مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار ..

لەگەڵ ڕێز و سوپاسدا ..

ئیتر هەر سەوز بن ..


(ئەرز و حاڵی هەشتەم )

بۆ / سینەماکانی دڵشاد و ڕەشید و سیروان

بابەت / دڵە خورپەی مناڵیی

 

داواکارم لە بەڕێزتان بفەرمون بە گەڕاندنەوەی هەر خەون و دڵەخورپە و خۆشیەکی

مناڵی کە لە کاتی بینینی فیلمەکانی ترنتی و ماشستی و حوبولئەعما و بروسلی و

زورودا ، هەستمان پێدەکردن ..

هاوکاریتان جێگای پێزانینە

ئیتر خۆشیتان ..

 


( ئەرز و حاڵی نۆیەم )

بۆ / بەڕێز پارێزگار 

بابەت / بیست و چوار خانووی گەڕەکی عەقاری

داواکارم لە بەڕێزتان بفەرموون بە تەملیککردنی بیست و چوارخانووی

گەڕەکی عەقاری ناسراو بە خانووە عەسکەریەکان ، کە لە ڕاستیدا بیست و پێنج خانوون و

دانەیەکیان بە بڕیاری تایبەت لەسەر کۆمپانیای( نۆکان) تەملیککراوە و .. لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا

سەردانی هەموو وەزیرە بەڕێزەکانمان کردووە و

گەلێک بڕیارمان هێناوەتەوە ،

بە بێ ئەوەی هیچیان کاریان پێبکرێت ..

شتێکمان بۆ بکە ، ڕەحمەت لە باوکت ..

لەگەڵ هیوای تەمەن درێژی بۆ شەخسی خۆتان و ماڵ و مناڵەکانت

ئیتر بەردەوام بن ..


( ئەرز و حاڵی دەهەم )

بۆ /سەندیکای فرمێسک

بابەت / رونکردنەوە 

داواکارین لە بەڕێزتان ڕوونی بکەنەوە ، ئێوە و کلینێکس ، کامتان دەسەڵاتن و کامتان ئۆپۆزیسیۆن ؟؟ 

هەروەها داواکارین بفەرموون بە دیاریکردنی

ڕۆژی کشانەوەی دوا سەربازتان

لە چاوی مناڵە هەژارەکان و

دایکە جل ڕەشەکانی ئەم نیشتمانە …

ئیتر بەسە ..

 

( ئەرز و حاڵی یانزەهەم )

 

بۆ / ملیاردێرەکانی وڵاتەکەم

بابەت / پرسیار

 

هەرچەندە نە من موحتاجی وەڵامی ئێوەم و .. نە ئێوەیش مەجبوری پرسیاری منن ،

بەڵام ئەمەوێ بپرسم :

بۆچی پێش دابینکردنی حیسەی نەوتی پارێزگا و هەرێمەکان ،

ئێوە دەوڵەمەند نەبوون ؟!

ئیتر بۆ پێشەوە ..

 

( ئەرز و حاڵی کۆتایی )

بۆ / مێشولەی ئەنۆفیلس

بابەت / داوای لێبوردن

دوای ئەوەی بۆمان دەرکەوت ، لە ناچاریدا ، خانمەکانتان خوێنمان ئەمژن ،

تاکو گەراکانی پێدروست بکەن ، چونکە ئەو پرۆتینەی گەراکانی ئێوە پێک دەهێنێت ،

بریتیە لە گلۆبیۆلینی خوێنی مرۆڤ ..

داوای لێبوردنتان لێدەکەین کە بە هەزار و یەک دەرمان ،

قەڵاچۆمان کردن ..

ئامادەیشین بۆ هەموو قەرەبویەک ..

هەروەها دروستکردنی پارکێکی تایبەت بە ئەنۆفیلس و 

مۆڵێکی تایبەت بە خانمەکانتان و

دایەنگایەک بۆ جگەرگۆشەکانتان ..

هیوادارین ئەو عوزرخواییەمان ،

قبوڵ بفەرموون …

ئیتر تەواو ..

 

Previous
Next

Leave a Reply