Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

ئەم خێڵە سیاسیە ، چــــــــــــــى دەكەن…!!؟؟؟

Be First!
by September 20, 2008 گشتی

 ئەم خێڵە سیاسیە ، چــــــــــــــى دەكەن…!!؟؟؟
محمد سابیر كریم

     ئەوەى ئێستا لەكوردستاندا روودەداتن، واقیعێكە زۆر تراژیدى و مەرگەساتبارە،بەڵكو بگرە،ئەگەر بەپێودانگ و لۆژیكى نیشتمانى نەتەوەییانە، هەڵیبسەنگێنین و دادوەرى بكەین، ئەوا بەحەق دەبێت وەك تراژیدترین و كارەساتترین  فۆرم و ئۆلگوى بزاڤێكى بناسێنین كە لەخانە و ریزى بزاڤە نیشتمانى و نەتەوەییەكاندا دانراوە و وەئەژمارهاتووە.. .لە گۆتراوەى پێشومدا دەنێوى((سەرى گا هەر دۆڵە و، سەرى میرى كوردیش هەر دۆڕاندنى…))،راستەوخۆ و رێكوڕەوان ئاخاوتنم لەو هەلومەرج و رەوشەى ئەوێستاى ئەمبەشەى كوردستان كردووە، هەلومەرج و رەوشێك، كەبەهەر پێودانگ و پێوانەیەك كە هێندى گەردیلەیەك راستى و بابەتیبوونى تیابێتن، جێگاى سەرسوڕمان و سەیروسەمەرەیەكى گەورە و بێوێنەیە، بەڵكو بگرە، جێگەى گاڵتەجارى و تێڕوانینى منداڵبازاڕیانە و دۆشدامانێكى قووڵە.. .لەوێوە كە خاوەنبڕیارانى بزاڤێكى خاوەن هەزاران شەهید و دونیایەك رۆژڕەشى و كاولكارى، زۆر بەئاسانى و بێهیچ ئاوڕدانەوەیەك بۆئەو مێژووە پڕ و لێوانلێوە لە قوربانى و ماڵوێرانى خەڵكەكەى، یان عەرەبگوتەنى بەكوشتچوونى(( خیرە ابنا ْ امتها))، بەئاشكرا و بەنوێژنیوەڕۆ، خەریكى ژێردەستكردنەوە و خاكداگیركردنەوەى گرنگترین و ستراتیژترین، بەش و پێكهاتەى نیشتمان و نەتەوەكەیانن ..!!!.
    بەڵىَ، ئەو رەوش و واقیعەى سەرەوە، كەرۆژانە زۆرێك لەرۆژنامەكانى هەرێم و ماڵپەڕەكانى ئینتەرنێت لە ناوەوە ودەرەوەى كوردستان، بەتایتڵى گەورە و لەلاپەڕەى یەكەمیان هەواڵى كارەساتبارانەى وەك((بەڵێنێكى تاڵەبانى قەرەتەپەى بەچۆڵكردن دا))((سوپاى عێراق هەڵیكوتایە سەر بارەگاكانى یەكێتى و پارتى لە قەرەتەپە))((سوپاى عێراق دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوناوچانەى تا 2003لەژێر كۆنترۆڵى بەعسدا بوون)) ((فیرقەیەكى سەربازى عێراقى لە كەركوك جێگیر دەكرێت))و((هێشتا سریەیەكى سوپاى عێراقى لە خانەقینە)) و…..،دەربڕین و گوزارەى ئاشكراى لێدەكرێتن، كەچى نە ئەوەى پێیدەگوترێت سەركردایەتى سیاسى كوردى و، نە خودى ئەوەش كە بە كۆمەڵگەى كوردى نێوزەددەكرێتن، جگەلە هەندێك گلەیى و هەڕەشەى شەرمن و پێشكات جێبەجێنەكراوانەى ئەم یان ئەو بەرپرسى سەربازى و (سیاسى..!!)ئەو سەركردایەتیە و، پرتەوبۆڵەى زووبەهەڵمبووى خودى خەڵكە كوردەكەش، ئیدى چیدى نابیسترێت و چیدى بەرچاوناكەوێت و، چیدى هەستپێناكرێت ــــ لەیرەدا ئاماژە بەو جموجۆلأ وئاكتیڤە نەزۆك و تەواو بێئاكامانەى وەفدى وتووێژكارى دەستەڵاتى كوردى ناكەم دەگەلأ مالیكى و مالیكیەكاندا ـــــ ، بەڵكو بگرە هەندێك بەرپرسى باڵاى دوو پارتە سەرەكیەكەش بەئاشكرا لەكۆڕوكۆبوونەوەى جیاجیادا و، لەلێدوان و نووسینى ئەم رۆژنامە و ئەو كەناڵى(tv)یاندا، خەریكى پاساو هێنانەوەى زۆر بێواتا و بێبناغە و مەسخەرەئامێزانەن…!!!.
   بەكورتى ئەوەى كەئێستا بۆماوەى چەند هەوتوویەكە لە گرنگترین ناوچەى ئەمبەشەى كوردستان((ناوچە كوردیەكانى پارێزگاى دیالا)) و شارى ((كەركوك)) رودەدات و، دیارە سبەینێش سەرەدەگاتە سەر شارى ((موسلأ))ناوچەكانى دەوروبەرى و دواتریش ناوچەگەلێك لەقووڵایى خودى هەولێرى پایتەخت وشارەكانى دهۆك و سلێمانیش، دەبنە ئارمانج و پرزۆڵەى ئەو پرۆسە داگیركارییە نوێیەى حكومەتى(مالیكى)و مالیكیەتگەراییەكانى ئەوەى پێیدەگوترێت((عێراقى فیدرالأ))، بەڵىَ ئەوە بمانهەوێت و نەمانهەوێت دەركەوتەبوونى ئاشكراى جەوهەرى ئارمانج وستراتیژ و،جەوهەرى تێڕوانین وباوەڕ و پرەنسیپى هەر دەستەڵات و دەزگایەكى حكومیە كەلە عێراقدا بوونى هەبێت و بێتەسەرتەختى دەستەڵاتكردن، جا ئەوە ئیتر عێراقێكى پاشایەتى بَیت ـــــ وەك دەستەڵاتى پاشایەتى فەیسەڵیەكانى نیوەى یەكەمى سەدەى رابردوو ــــ، یانئەوەى عێراقێكى كۆمارى ــ دیكتاتۆرى و دیموكراتى ــــ،یانوەكو عێراقى فیدراڵى دیموكراتى و چتگەلى لەوجۆرە،كەلە راستیدا و بۆكوردان، هیچ جیاوازییەكى ئەوتۆ دەنێوانیاندا نیە مەگەر تەنىَ جیاوازى لەشێوازى بندەستكردنى خەڵكى كورد و داگیركردنى خاكەكەیدا… .
    ئێستا ئەوەى كە روودەدات،بەزانینى ئەوەى كەهێشتا سەرەتاى كردەبوونى ستراتیژ و سیاسەتە گەوهەرییەكانى فۆرمە جۆراجۆرەكانى دەستەڵاتى عێراقى پاش (9/نیسانى 2003)،بۆ كەسانى زیرەك و ژێهاتوو و بیرتیژ زۆر زووتر و زۆر پێشكاتى خۆى پەییان پێدەبرد و زۆرباش لەكڕۆك و نێوەڕۆكى تێگەیشتبوون، لەكاتێكدا بۆ ئەو ئیلێتە دەستەڵاتدارەى كەلەپاناتیى ئەمبەشەى كوردستاندا بەرپرسى یەكەم و كۆتایى هەموو پرۆسە و ژیانى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى و…كۆمەڵگەن، هێشتا هەر دەركەوتە و زانراو نیە و، گەر واشبێت ئەوا لەواقیعدا نەبۆتە پرسێكى بنەڕەتى و گەوهەرى تێگەیشتن و بیركردنەوە و باوەڕداریان . بەڵىَ، ئەوە ئیتر جەمسەرى بەرامبەرى كوردان لەعێراقە فیدراڵى و دیموكراسیەكەى سەركردایەتى سیاسى كورددا،كە حكومەتەكەى ((مالیكى))لەئێستادا نوێنەر و بەرجەستەكەرێكى دینامیكى و ئاكیتیڤێتى، بێپێچوپەنا و رێكورەوان دەربڕین ئاشكرا لە كڕۆكى سیاسەت و هێڵى ستراتیژى دەستەڵاتكردنى خۆى دەكات لەبەرامبەر كوردان و سەركردایەتیەكەیاندا، ئێستادەزگا دەستەڵاتدارەكەى ئەو عێراقە بەناو فیدراڵیەى كەتەنىَ كوردانى زەینكوێر و كاڵفام دڵیانپێیخۆشە و ئاخاوتنى لێوەدەكەن ..!!بەئاشكرا و راستەوخۆ و بێئەوەى هیچ ئەژمار و سەنگێك بۆ ئەو پۆستە باڵایانەى دەوڵەت وحكومەتەكەى بكاتن،كەوتۆتە پیادەكردن و پراكتیكردنى هەمان سیاسەت و ستراتیژێك كەخاڵى گەوهەرى ناكۆكى و ململانێى خوێناوى نێوان دەوڵەتى عێراق و خەڵكى كورد بووە، واتەسیاسەتى بەعەرەبكردنى خاكى كوردان، لەڕێگەى بەكارهێنانى سوپاى عێراقى و هێزگەلێك فەرمى و نافەرمى ترەوە… .
    بەوەستان لەسەر ڤىَ راستیێد سەرەوە، لۆژیك و راستیەكى بابەتى هەیە كە پێویستە هەركوردێك وەك وشەكانى(مەسیح و ئنجیل) بۆهەر مەسیحیەكى باوەڕدار و،(محمد و ئیسلام)بۆهەر موسڵمانێكى راستینە،لەمێشك و هەبوونیاندا رەگداكوتێت و زیندووبێتن، راستى ئەوەى كە هەبوونى هەر پێكهاتە و فۆرمێكى سوپایى و پۆلیسیانەى هەر حكومەت و فۆرمێكى دەستەڵاتى دەوڵەتى عێراق لە هەر بستێكىخاكىكورداندا، ئەوە رێك بەواتاىهەبونىشێوەیەك لەشێوەكانىداگیركردن و بندەستەكردنى خاكى كوردان دێتن،جائەوە چ راستەوخۆبێتن یان داگیركارییەكى ناراستەوخۆ بێتن… .ئەم راستیە گەوهەرى و بابەتیە، ئەگەر زانراو بوون و باوەڕداربوونى بۆهەرتاكێكى كوردى، چتێكى پێویست و زیندەگیانەبێتن، ئەوا بۆ خاوەنبڕیارانى بزاڤى كوردى و بەرپرسانى ئەم بزاڤە، دەبێت كڕۆكى بیركردنەوە و باوەڕداریى سیاسیان بێت و، عەرەبگوتەنى دەبێت وەك(( همهم الاول و الاخیر))لەلایان بێتە پێكهاتن و كاركردنەوە… . لەیرەدا باشدەزانم كە خۆرەكانى سەرجەستەى بزاڤى كوردى،واتە ئەو توێژە بەرفراوانە لە كادیر و ئەندامى دوو پارتى دەستەڵاتدار، كە پۆست و پلەوپایەى حكومى و حیزبى ئەوتۆ و زۆرباشیان پێدراوەتىَ، دەستبەجىَ و وەك نەریتى بەردەوامیان لەبەرامبەر بیركردنەوە و ئاخاوتن رەخنەئامێزانەى (مە)دا، دەكەونە چڕینى قسەگەلێك كەبەڕاستى تەنها گوێلێگرتنیشیان كارەساتى گەورەیە، نەكئەوەى كەلەلایەن خەڵكى ئاساییەوە، بێتەجێباوەڕ و دانپیانان بەراستیبوونیاندا، قسەگەلێك وەك ((شڵەژاندنى بارودۆخى عێراق  شتێكە لەبەرژەوەندى كوردا نیە))و((ئێمە ناتوانین دیدى خۆمان بەسەر بەغدادا بسەپێنین))و(( حكومەتى فیدراڵى بۆى هەیە و مافى خۆیەتى كە سوپاى خۆى لەهەر بستێكى وڵاتدا جێگیربكاتن))و((….)). بەهەرحالأ ئەمە ئاخاوتن و پرسێكى دییە لەبوارێكى دییدا كارى لەسەردەكەم.. .
    لەیرەدا، دەگەینە ئاخاوتن لە كڕۆك و گەوهەرى ئەو پنتەى كەپرزۆڵەى سەرەكى ئەم گوتارەیە، واتەئەوەى ئایا خاوەنبڕیار و سەركردایەتى سیاسى بزاڤێك ــــ كە بەلۆژیك بزاڤێكى رزگارى نیشتمانى نەتەوەییە ـــــ، چ تێگەیشتن و تێڕوانینێكیان بۆ دەوڵەتێك هەیە، كە لەواقیعدا دەزگاى سەرەكى جەمسەرى ململانێى نێوان ئەوان و نەتەوەى سەردەستە و، كاتێك تەواوى فۆرم و ئۆلگووە جۆراوجۆرەكانى دەستەڵات لەم دەوڵەتەدا ــــــ پاشایەتى و كۆمارى و دیكتاتۆرى و فیدراڵى ـــ دیموكراتى ـــــ، هەر بە لۆژیكى داگیركەر و سەركوتگەرایى هەڵوێست و رەفتار دەگەلأ خەڵكى نەتەوەكەى واندا بكاتن ؟؟؟ .
    عێراق ئەو پێكهاتە سیاسیە دەوڵەتیەیە كە لەلایەن كۆلۆنیالیزمى بەریتانیەوە لەسەرەتاى دەهەى دوهەمى(1900)كاندا،هاتە چێكردن و بونیادنانەوە، یەكهەمین كێشە و پرسێكى بەڕوشاخاوى ئەم پێكهاتە سیاسیە هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە، لەواقیعدا بریتى بووە لە پرسى كوردان،ئەوە با ئاخاوتن لەو راستیەش نەكەین كەبەلاى خودى ئەو دەوڵەتە كۆلۆنیالیزمە ئاماژەبۆكراوەوە، پرسى كورد لەم دەوڵەتەدا، یەكێك بووە،لە ئارمانج و پرزۆڵە ستراتیژیە دوورمەوداكانیان ــــ لەوێوە كەهەمیشە وەك كاغەزێكى سیاسى ــــ ئابوورى دەكاریبهێنن بۆ وەدیهێنانى ئامانجە بنەڕەتیەكانى خۆیان لەهەرێمەكەدا ــــ … . بەمشێوەیە دەگەینەئەوەى بڵێین، كەكێشەى كوردان لەم دەوڵەتەدا، هەمیشە لە دید و تێگەیشتن و باوەڕى هەر تاكێكى عێراقیەوە ــــ ئەوانەى كە ئینتیماى عێراقیەت، ئینتیماى سەرەكى و دینامیكى هەست و باوەڕداریى نیشتمانییانە ــــ بەگشتى و، دید و تێگەیشتن و كڕۆكى باوەڕدارى سیاسى هەر هێز و پارت و كەسایەتیەكى سیاسى و سیاسى مەزهەبى عەرەبى عێراقەوە، بەردەوام سەرچاوە و كانگاى هەڕەشە و مەترسى جیدى و پلە یەكەمى ئەم دەوڵەتەیە… . لەبەرئەوە و بەوەستان لەسەر ئەو راستیە لۆژیكى و جەوهەریە،هەمیشە و بەردەوام، لەلاى هەموو ئەو توێژ و گروپ و پارت و ـــ هەروەها هەموو تاكێكى عێراقیشەوە ــــ، كورد تەنها لەیەك حاڵەتدا پێكهاتە و جەمسەرێكى وەرگیراو ـــــ مقبول ـــ و دوور لەمەترسیە، ئەویش حاڵەتى تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدانى تەواو و بێمەرجیەتى بە ناوەندى دەستەڵات لەبەغداى پایتەختى عێراقدا… . بگرە رەگداكوتان و مكۆمبوونى هەست و باوەڕدارى نەتەوەیى (( شۆڤینیزمیانە)) لەلاى تەواوى ئەو تاك و توێژ و گروپە عێراقیە ئاماژەبۆكراوانە، هێندە بەهێز و كۆنكرێتیە، كەتەنانەت هەبوون و خۆگرتنى كوردى بەو حاڵەتى تەسلیمگەرایى و خۆبەدەستەوەئامێزیەشەوە، هەر جێگەى مەترسى و گومان و دوودڵیە، بەكورتى كوردیەكەى خۆمان، ئەوان((ئەو تاك و توێژ و گروپانەى عەرەبى عێراق))، تەنانەت گەر كوردان بچنە سەر یەك ملیۆن ((قورئان)) سوێندبخۆن بۆیان و بەڵكوبگرە گەر تەواوى كوردان بەرگى ژێرەوەى خۆشیان داكەنن بۆیان و بڵێن بابە ئیتر وازمان لىَبهێنن ئێمە سەرمان ـــــ       ـــــ كردووە و هیچ چتێكتان بەرامبەر ناكەین ..، ئەوا ((ئەوان)) هێشتاهەر بەسنابن و تابێت زیاتر تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدان زیاتریان لە كوردان دەوێتن،تا ئاستى توانەوەى تەواو لەبۆتەى واندا … .
   لەراستیدا، ئەوە گەوهەرى خوێندنەوە و تێگەیشتنى ((ئەوانە ـــ جەمسەرى عەرەبى )) لە پەیوەندى و لە هەڵوێستوەرگتنیان، لەبەرامبەر پرسى كوردى لەعێراقدا، یانوەكو بەگۆتەیەكىدى بڵێم، ئەوە گەوهەرى لێكدانەوە و باوەڕداریى هەرتاكێكى عەرەبى عێراقیە ــــ تەنانەت توركمان و كلدۆئاشووریى عێراقیش ــــ لەبەرامبەر پرسى كوردیدا، تێڕوانین و باوەڕدارى ((ئەوانە)) لەبەرامبەر ئەم پرسەدا، دواجار و لەدوا بازنە و خولگەیدا،لەوچوارچێوە وئاقارەدا خۆدەگرێت كە پرسى كوردى لەبنەڕەت و لە واقیعدا، بوونى ململانێیەكى سەخت و ترسناكە، بەشێوەیەك گەر زوو دەست و زەبرى كوشندەى خۆیانى لێنەوەشێنن و ئاڕاستەنەكەن، ئەوا لەدەستیان دەردەچێت و تواناى كۆنتڕۆڵكردن و ژێرباركردنیان نامێنیت … .ئەوەش كە راستى و درووستى حاشاهەڵنەگرى ئەم لێكدانەوە و بیربەندییەمان دەردەخات و دەسەلمێنێت، واقیعى رەفتار و بیركردنەوە و مومارەسەى سەركردایەتى بزاڤى كوردى و بەتایبەتیش هۆردووك خاوەنبڕیارەكەیەتى لەلایەك و، رەفتار و بیركردنەوەى خودى تاكى كوردیشە،ژلایەكىدى، لەبەرامبەر تەواوى پێكهاتەكانى جەمسەرى بەرامبەرى ململانێیەكەداــــ دەوڵەتى عێراق و پێكهاتە سیاسى و مەزهەبى و ئیتنیكیەكانى ـــــ،لەماوەى دواى (1991)بەگشتى و، دواى روخانى رژێمى بەعس بەتایبەتى لە(9/نیسان/2003)دا.. .واتە ئەوهەموو نەرمى و نیانىو،ئەو هەموو دڵسافى و خۆشباوەڕى و خۆكردن بەقوربانى بەرامبەر و، ئەوهەموو كاركردن بەرۆحى سازشكارى و سۆز و دڵنەڕەنجاندنى بەرامبەر و، سەرەنجام ئەو هەموو بەدەوروخولهاتنى بەرامبەر ـــــ هێز و پارت و كەسایەتیە سیاسیەكانى جەمسەرى بەرامبەر لەعەرەبى عێراق و توركمان و كلدۆئاشوورى، لە رەوتى شیعە و پاشماوەى بەعسیەكان و لە سونەى شۆڤێنیزمى عەرەبى و توركمان و هتد… ــــ، بەڵىَ هەموو ئەو واقیعیاتانە كەوەك رۆژى رووناك لەلایەن پێكهاتە بەرپرسەكانى جەمسەرى كوردیەوە و خودى تاكى كوردیشەوە، كارى پێكراوە و پەیڕەوى تەواو و تۆكمەئامێزانەیان لێكراوە، ئەوە هەمووى باشترین و جوانتریین بەڵگە و دەلالەتێكى راستودرووستى ئەو خوێندنەوە و هزربەندییەمانن … .
    سەرەنجام، لەدواى هەموو ئەو واقیعیاتە تراژیدى و مەرگەساتبارانەى كەروویانداوە و روودەدەن، ئێستاشى دەگەڵدابێتن، ئەو ئێستایەى كە بمانهەوێت و نەمانهەوێت تۆزوگەردەكانى شكست و دۆڕاندنى ململانێیەكەمانى تەواو تەواو لێوەدەركەوتووە، ئیتر كاتى ئەوە نەهاتووە كەبپرسین ئایا ئەمە چ سیاسەتێكە بەرپرسانى كوردی لەمبەشەدا پەیڕەویڵدەكەن وپیادەى دەكەن..!؟؟، ئایا ئەوە چ تێكۆشانێكە خەڵكى كورد بەرجەستە و كردەنى دەكەن ..!؟؟، ئەوە چ بزاڤێكە ئەو خەڵكە بەرهەمیانهێناوە و درێژەى پێدەدەن و هەموو مێژووەكەى بریتیە لە سوڕانەوەى سەرمەدییانە، بریتیە لەمۆڵخواردن كۆنكرێتیانە و چەقبەستبوون لەبازنەى شكست دواى شكست و نسكۆ لەدواى نسكۆ…!!!! . 
   
   1/9/2008
 

Previous
Next

Leave a Reply