Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

به‌رله‌ هه‌ڵوه‌رینی گوڵی کراسه‌که‌ی دایکم

Comment
by January 10, 2008 ئەدەب

   عبدوڵا علی……

      1

پێنج پایزه‌
ده‌ستم ده‌ستی نه‌گوشیووی
لێوی سوتاوی حه‌سره‌تم
نه‌ ماچی ڕووخساری کردووی
نه‌ باوه‌شم
باڵای سرکی له‌ باوه‌ش گرتووی،
کۆترێک بوی بێ واز بێ واز گه‌رو سوتاو
ته‌ڕایی  ئه‌م دنیا به‌ده‌،بۆ یه‌ک جاریش
تینوێتی نه‌شکاندووی……
ڕوناکی ڕۆژ، تینی ده‌ستی
بۆ چڕکه‌یه‌ک
گه‌رمی به‌دڵت نه‌داوه‌وله‌شه‌وانی کڕێوه‌دا
به‌میهری خۆی داینه‌پۆشیووی،
(ده‌ی هه‌وره‌که‌،داکه‌و داکه‌)
چی ژه‌هری ناو هه‌گبه‌ت هه‌یه‌
به‌سه‌ر منی خۆشی نه‌دیوهه‌ڵیڕێژه‌‌
چی ته‌ڕایی دڵت هه‌یه
به‌سه‌رتابوتی باڵاما
له‌ ناوگۆڕی پڕغوبارما
پۆل به‌پۆله‌ وده‌سه‌ته‌ ده‌سته‌ بیان نێژه‌،
‌‌له‌وڕۆژه‌وه‌ مانگی ئه‌وینم  ڕه‌نجاوه‌
نه‌ شه‌وشه‌وه‌و نه‌ ڕۆژ ڕۆژه
خۆم ته‌رمی خۆم ڕاده‌کێشم،چ به‌دبه‌ختم!
که‌چی دڵم لای ئه‌ویشه‌.
             2
وا سێ ساڵ تێپه‌ڕیوه‌و
نه‌هاتومه‌ سه‌ر مه‌زارت،
ژیان مه‌ودای پێ نه‌داوم
له‌ به‌ینی کێلی باڵاتا تێربگریم و
تێبفکرم له ئازارت،
ئه‌ی ئاسمانی پڕڕه‌شه‌باو
ئه‌ی زه‌مینی پڕ بڵێسه‌،
له‌گه‌ڵ خۆتا بم به‌و بمبه‌و
له‌ سه‌یوانا ڕامبکێشه‌،
ئه‌وه‌نده‌ غه‌ریبی ده‌که‌م
واکوێر ده‌بن هه‌ردوو چاوم
بووم به‌مه‌له‌وانی خه‌م و
له‌ده‌ریای فرمێسکی خۆما ئه‌وق ده‌بم و
ئه‌وا ده‌خنکێم له‌تاوت.

                3
سوجده‌یه‌ک هه‌میشه‌ پایزان
به‌رله‌وه‌ی گوڵی کراسه‌که‌ی دایکم هه‌ڵوه‌رێ
به‌رله‌وه‌ی گه‌ڵا بێنازه‌کان
خۆیان له‌ئاگر ماره‌که‌ن
گوێ له‌هه‌ناسه‌کانی یه‌قین ده‌گرم
دڵی ئه‌لبومه‌کان توێ توێ هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌
به‌ده‌م برینه‌وه‌ تاسه‌یه‌ک زه‌ردم ده‌کات،وه‌ک که‌ل
کاتێ خزینی هه‌تاو به‌ ترۆپکیا زاڵه‌ ده‌کا،
ده‌فه‌که‌ی ده‌ستت گریان ده‌‌یگرێ و‌
خه‌یامی ئاشقی مێ ومه‌ی
پێکه‌که‌ی چۆڕبڕده‌کات،
سفره‌که‌م سیمای تۆو
په‌رداخه‌که‌م سیمای تۆو
ڕوخساری تیڤیه‌که‌م وێنه‌ی تۆو
ماڵه‌که‌م پڕده‌بێ له‌تۆ،
ماڵم لێ ده‌بێ به‌زیندان
ژوری نوستنه‌که‌م به‌ زنجیر
کاغه‌زو قه‌ڵه‌مه‌که‌م به‌سوتان
دڵیشم شه‌وه‌زه‌نگ به‌ گڕی هه‌ڵقرچان.
ئه‌م زیندانه‌ به‌جێدێڵم ئه‌ی خودا!
به‌یانییه‌ک له‌ تۆ قه‌رز ده‌که‌م
ئه‌ی خودای ڕه‌نگ پایزیی
ئه‌ی خودای بێ ئاگا له‌ نێڵه‌ نێڵی دڵی من
به‌یانییه‌کی په‌رت په‌رت وه‌ک قژم
وه‌ک دوکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌م و
له‌ ماڵه‌وه‌ دێمه‌ده‌ر،
ده‌رگاکان کراوه‌و په‌نجه‌ره‌کان له‌ سه‌رپشت
بۆ ڕه‌شه‌با به‌جێ دێڵم
ڕوخساری ئینجانه‌کانم ماچ ده‌که‌م و
به‌ناسکترین گڕپه‌نجه‌یه‌کم پێ ده‌که‌م،
مه‌راق سه‌رم پێ هه‌ڵده‌گرێت
شه‌قامه‌کان بۆنی تۆو
توله‌ ڕێکان بۆنی تۆو
داره‌کان بۆنی تۆی لێوه‌دێ،
ڕوخساری زه‌ردو کزۆڵت
نیشتۆته‌ سه‌رڕومه‌تی گه‌ڵاوپێم ده‌ڵێ
بۆهه‌رکوێ چیت له‌ گه‌ڵتام و
بۆهه‌رکوێ چم له‌ گه‌ڵمای.
ده‌ تۆیش بم گوشه‌ ئه‌ی شه‌وه‌ی شه‌وی هار
له‌درێژترین هه‌ناسه‌م ته‌نافێ چێکه‌
وه‌ک سێداره‌ی بێمیهریه‌که‌ی یار،
له‌زیندانی فه‌نا بونا
ئاوێته‌م که‌ له‌گه‌ڵ برین
چه‌نده‌ شیرین وحه‌یران ده‌بووم‌
چۆن پێكه‌‌وه‌ پێده‌که‌نین
هه‌ربه‌یه‌کیشه‌وه‌ بمرین.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply