Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

به‌ر له‌ وشكبوونت، دوا نمه‌م ده‌بارێنم….. عه‌لی سدیق

Comments

 

په‌له‌ مه‌كه‌ ئه‌ی رووبارم…
به‌م بریاره‌ كوێرانه‌یه‌
به‌شێك مه‌به‌ له‌و ئازاره‌ی
دوای هێور بوونه‌وه‌ی نیوه‌ شه‌و
شێتانه‌ ده‌كه‌وێته‌ گیانم…!
بۆ كوێم ده‌به‌ی..؟
په‌له‌ مه‌كه‌…
ده‌مهه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ نوێژه‌ پشویه‌ك ده‌م و
گه‌رمی ئه‌م خاكه‌ سوتاوه‌ به‌ناخۆم رۆچێ
به‌ر له‌ گه‌یشتنم به‌سه‌ر تاته‌شۆر،
زامه‌ كۆنه‌كانی سه‌رده‌می مناڵیم سارێژكه‌م و
بۆ هه‌میشه‌ ئاسوده‌بم..
*****
په‌له‌ مه‌كه‌…
ئارام به‌وه‌ ئه‌ی ونتر له‌ پاساریه‌كانی ئه‌م وشكه‌سالییه‌..؟
به‌م نزیكانه‌ به‌سه‌ر باڵی هه‌ورێكه‌وه‌  ده‌گه‌ومه‌ لات
دلۆپێك ئاوی موحیبه‌ت له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هێنم
له‌به‌ری مانگ سڕابێته‌وه‌،
به‌سه‌ر لێوت ئه‌یتكێنم
گه‌روی وشكت ته‌ركه‌یته‌وه‌!
نوقلێك له‌ ته‌رزه‌و
پاروێك له‌ به‌فر و
هیوایه‌ك له‌ ئه‌ستێره‌ رژاوه‌كان
دائه‌رێژم به‌ رۆحت
ناخی سڕبووت
مه‌ست كه‌یته‌وه‌…!
تۆش….
ئاره‌زووی پیاسه‌ ده‌كه‌ی؟
مه‌ستانه‌ بالبده‌ له‌ كه‌نار و
شێتانه‌ باوه‌ش به‌ ماسیه‌كان بكه‌
*****
من
باران و هه‌ڵم و به‌فرم خۆشده‌وێ
چۆنكه‌ بۆنی تۆیان لێدێ
ره‌نگی تۆیان گرتووه‌
بێگه‌ردن وه‌ك تۆ….
وه‌ك تۆ هه‌لده‌قولێن و
وه‌ك تۆش داده‌مركێن
دوای ساردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌كه‌وتن به‌ به‌رزایه‌كانی ئه‌ستێره‌و
كه‌وتن به‌ دیواره‌كانی په‌شیمانیدا
له‌ قوڵپه‌ی گریان ده‌ده‌ن و
هه‌رچی چێژی جوانی هه‌یه‌
به‌سه‌ر دڵدا گوڵاو پرژێنی ده‌كه‌ن…
*****

تۆ..
چه‌شنی هه‌ڵم،
ره‌نگت نییه‌، نیشانم ده‌ی
چه‌شنی ئاو،
تامت نییه‌ سارێژم كه‌ی
له‌ به‌فر ئه‌چیت…؟
سپی سپی!
له‌بێ گه‌ردیدا هه‌ڵده‌كه‌ی
له‌ تاواندا ده‌توێیته‌وه‌!
ئه‌ی یار…
تۆ به‌و بێده‌نگیه‌ ئه‌توێ له‌م تۆزه‌دا خۆت بزركه‌ی؟
ده‌ته‌وێ دوای زیندووبوونه‌وه‌ بباریت و
له‌به‌هارێكی دیكه‌دا سه‌وز بیته‌وه‌
ئیتر ژیان چ مه‌نفایه‌كه‌ دوای مردن..؟
بوون چ زیندانێكه‌ دوای زیندووبوونه‌وه‌…؟

*****
من…
زۆر زۆر، بارانم خۆشده‌وێ!
ره‌نگی وه‌ك ره‌نگی خودایه‌ كه‌ نه‌مدیوه‌و خۆشم ده‌وێ
بۆنی له‌ بۆنی ئه‌و ده‌چێت،
به‌ بێ هه‌ستێ.. رۆح پێی ئارام ده‌گرێ
ئه‌ی بێگه‌ردترین دڵۆپه‌
ئه‌ی میهره‌بانتر له‌ بارین..
له‌پاكیتدا به‌فر… بێگه‌رد بێگه‌رد
له‌ ناسكیتدا باران… ترپه‌ ترپه‌
له‌جوانیتدا ژیان… هێدی هێدی
هێدی هێدی له‌بێگه‌ردی كز ده‌بین و
له‌دووری یه‌كدا ده‌سوتێین…
له‌ سوتاندا رۆحی ده‌ریا…
دوای بیستنی كۆپڵه‌ شیعرێ
له‌ چاوه‌روانی له‌ق له‌قه‌كان،
دوای بیستنی ئاوازی دارجگه‌ره‌یه‌ك
كه‌ شمشال ژه‌نه‌كان
له‌ئاهه‌ سارده‌كانی شه‌ودا فوی پیاده‌كه‌ن
جگه‌ره‌یه‌ك بۆ غوربه‌ت به‌ “با”ئه‌كا،
هه‌ڵم، بالی له‌یه‌ك ده‌نێ و
به‌ئاسماندا سه‌ما ئه‌كا…
ئه‌ستێره‌كانیش دێنه‌ده‌ر
هه‌نێ ده‌گرین، هه‌نێ به‌ده‌م هه‌ڵپه‌رینا
ئێواره‌ بارانێكی ئارام دروست ئه‌كا
نمه‌ نمه‌ دلۆپه‌كان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی
ئه‌و دولبه‌ره‌ دێنێته‌ خوار
كه‌ عه‌یامێكه‌ ده‌ستم به‌سینه‌ی نه‌بردووه‌و
سالانێكه‌ گازم له‌سه‌ری كوڵمانی نه‌گرتووه‌…

*****

خۆشه‌ویستم
ره‌وا نییه‌ به‌م ئێواره‌یه‌…؟
سه‌فه‌ره‌كانمان بده‌ینه‌ ده‌ستی قه‌ده‌رو
ئاهه‌كانمان بكه‌ین به‌ “با”،
كه‌ عیشق له‌م جه‌نگلستانه‌
بۆنی باروتی لێدێ و
ره‌نگی خۆله‌مێشی گرتووه‌
ئه‌ی یار..
ده‌تۆش وڵامی ئه‌و نامانه‌م بده‌وه‌
له‌هه‌موو وه‌رزه‌كانا ده‌رژێن
له‌سه‌فه‌ری ئه‌ستێره‌كان ده‌ڕژێن
له‌بارینی عیشقی خودا به‌سه‌ری بستێك خاك، ئه‌رژێن!
وشه‌كانم به‌سه‌ر ئاهه‌كانت ده‌رژێن
ده‌تۆش وه‌لامم ده‌ره‌وه‌
دواجار ژیان مه‌نفایه‌كه‌ له‌ به‌دگومانی و
لێره‌…
نه‌ ئاو سه‌رچاوه‌كه‌ی عیشقی یه‌زدانیه‌و…
نه‌ “با”كان له‌ به‌هشت و
نه‌ زیندو بوونه‌وه‌ له‌ شێتی و
نه‌ رووناكی له‌ بێ گه‌ردی،
لێره‌، وشكه‌ سالییه‌…
وشكه‌سالی…
وشكبوونی عیشق،
وشكبوونی جوانی،
وشك بوونی هیوا…
خه‌نده‌ له‌ جاندوویه‌كی به‌ر به‌ری ده‌چێت
سۆزانیانه‌ ئه‌چێته‌ سه‌ر لێوی بزه‌یه‌كی تاریك و
ئاشقانه‌ ده‌مرێت..!
له‌م نیشتمانه‌ عیشق وێله‌ به‌دوای شێتی و
جوانی وێله‌ به‌دوای پیره‌ی و
ژیان وێله‌ به‌دوای كه‌ناره‌كان و
هیوا به‌دوای قافله‌كانی مردن….
ئه‌و قافلانه‌ی له‌نیوه‌ شه‌ودا نوقمی غوربه‌ت ده‌بن و
رۆژه‌كانیش به‌دیار چاوه‌روانین بۆ دوا ئاهه‌نگی نیشتمان..
تا دوا ماڵئاوایی له‌و قه‌نته‌ره‌یه‌ بكه‌ن
كه‌ دوا نیگای ده‌داته‌ سێبه‌ری ئه‌و ده‌رگایه‌ی
چه‌ندین ساله‌ چاوه‌رێی بیستنی ترپه‌ی پێی
هیوای گه‌نجه‌ تا بلێ
دایكه‌ ئه‌وه‌ منم…
منم هیوای كوڕتان…
ببورن شه‌و دره‌نگه‌، به‌لام ئێستا ئازادیان كردم..!

*****

په‌له‌مه‌كه‌ ئه‌زیزم…
به‌م نزیكانه‌ به‌سه‌ری هه‌ورێكه‌وه‌ له‌سه‌رت ده‌نیشمه‌وه‌و ده‌تبه‌م….
ده‌تبه‌م به‌ره‌و ئه‌و لادێیه‌ی لێیه‌وه‌ بووین
بۆ سه‌ر ئه‌و شاخانه‌ی تیای هه‌لبه‌زین و دابه‌زین،
لێی گه‌وره‌بووین…
ئه‌تبه‌م به‌ره‌و ئه‌و خاكه‌ به‌رزانه‌ی هه‌ور لێیان نێزیكه‌…
ئه‌تبه‌م و ساده‌ ده‌ژین…
لادێیانه‌ دوور له‌ جه‌نجالی زه‌مه‌ن
به‌كاتژمێرێكی كۆنه‌وه‌ گوزه‌ر ده‌كه‌ین،
كه‌ به‌خێر هاتنی رۆژمان بۆ بكا و
كاتی نان خواردنمان پێ بلێ…
دوابانگی شه‌و…
هه‌رچی چرا هه‌یه‌ فوی پیاده‌كه‌ین
دوور له‌ ته‌كنه‌لۆژیاو مۆدێرنه‌ ده‌ژین
نه‌فره‌ت له‌جیهانی نوێ ده‌كه‌ین

*****

من رابردووی خۆم له‌ده‌ریادا ده‌توێنمه‌وه‌
ده‌مهه‌وێ ببێ به‌ هه‌ڵم..؟
هه‌ڵم ببێ به‌ منێك پر پڕ له‌ خه‌یاڵ
پڕ پڕ له‌ خه‌ون
پڕ پڕ له‌ به‌دگومانی
تاچیتر ئاوی ئه‌و ده‌ریاچانه‌ ماچ نه‌كات
كه‌ له‌دامێنی سۆزانیه‌كان پیسترن
چیتر له‌و رووبارانه‌ خۆی نوقم نه‌كات
كه‌ زه‌مه‌نێكه‌ مرواریه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌…
*****

ئه‌ی نیشتمان…
نامه‌ خاكیه‌كانت بۆ ئاسمان
پڕاو پڕن له‌ به‌رائه‌ت
شێت شێتن له‌ عیشق
سور سور له‌ جوانی
دل شكاون، به‌ گله‌ییه‌وه‌ دێن
گله‌یی جادوكه‌ره‌كانی پشت سێبه‌رئه‌م باخچه‌یه‌
كاتێك دراوسێكانیان
هه‌ژارانه‌ برسی و
كۆچه‌ریانه‌ تێنوو
له‌فێنكایی دارێكت ئه‌خه‌ن..
تا له‌گیانت
بۆ چركه‌یه‌ك پشوبه‌ن و …
دوو باره‌ سیگارێك له‌ خه‌مه‌ خۆشه‌كانی ژیان به‌ باكه‌ن…
تۆ…
ئه‌یانكه‌ی به‌ په‌ندی زه‌مان
ئه‌وكات ئاسمان…
میهره‌بانتر بۆ نه‌وه‌ی تۆ
ده‌دات له‌ قولپه‌ی گریان و
تێر تێر ده‌گری….
به‌فرمێسكێ
زامی دلمان سارێژ ده‌كا
نامه‌كه‌ ده‌كاته‌ تك تك…
ده‌یهۆنته‌وه‌ بۆ هه‌زاران نمه‌
بۆ ماله‌كان ره‌وان ده‌كا…
كاتێ گوڵم ده‌سته‌كانی روو له‌ ئاسمان
قژه‌كانی ده‌كاته‌وه‌و چاو به‌نوقان
وشه‌كانم هێدی هێدی
بێ شه‌رمانه‌ شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ناسكیت
له‌برزترین لوتكه‌دا…ئه‌تكێن
ساتێك ئاره‌زووه‌كان پڕ پڕ ده‌بێن له‌ جوانی
ئه‌رژێن…
ئه‌رژێن له‌گه‌ل میهره‌بانی
ئه‌رژێن و نمه‌ نمه‌ له‌ ناختدا ئه‌ڕوێن
ئه‌رژێن و له‌رۆحتدا جێگیرده‌بن و
ناگه‌ڕێنه‌وه‌،
بۆهه‌میشه‌ش ده‌مینێن و ده‌ژیێن..!

” بیرمچوو، وشكه‌ سالی گوله‌كان وشك ده‌بن و گه‌ڵاكان زه‌رد و  تۆش كزتر له‌هه‌مووان، غه‌می ئه‌م غوباره‌ ئازار به‌چه‌سته‌ت ده‌گه‌یه‌نێ… پێشكه‌شه‌ به‌و گوڵه‌ی، له‌وشكیدا، ئازاتر له‌م خاكه‌ به‌رگه‌ی داڕمان ده‌گرێت”

 

Previous
Next

Leave a Reply