Skip to Content

Sunday, September 27th, 2020

به‌ ده‌قبونی ڕوداوه‌کان

Be First!
by May 14, 2008 گشتی

  زمکان عه‌زیز….
 
 ڕوداو یه‌که‌مین هێمای ئه‌ندێشه‌کانه‌ و له‌ چینه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵدا کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ ، ڕه‌نگدانه‌وه‌شی هه‌ر له‌و توێژانه‌وه‌ هێمایه‌کی تایبه‌تی وه‌رگرتووه‌ و له‌ شێوه نائاساییه‌که‌یه‌وه‌ گۆڕاوه‌ته‌ سه‌ر ده‌قێکی ئاسایی تا به‌تێڕوانینێکی مرۆییانه‌ داهاتوش بخوێنرێته‌وه‌ ، ڕوداو و گۆڕینی له‌ هێماکانی ناوه‌وه‌ی تاکه‌وه‌ تا وێنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و به‌ ده‌قبونیان ده‌سه‌ڵاتیکه‌ ته‌نها له‌ خوێندنه‌وه‌ی ‌هۆشی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌بێت ، هه‌میشه‌ که‌س له‌ به‌رده‌وامییه‌کی نائاساییدایه‌ بۆ ده‌قگرتنه‌وه‌ی خۆی له‌ تێکه‌وتنی ڕوداوه‌کاندا و دونیا خۆی ڕوداوێکی سه‌یره‌ بۆ به‌کاره‌کته‌رکردنی خه‌ڵک له‌ به‌رده‌م کاره‌ساته‌کاندا له‌وه‌ش سه‌یرتر تێڕوانینی مرۆڤ خۆیه‌تی بۆ فیگۆره‌ ناسروشتییه‌کان له‌ نێوان ئاسته‌ تێکشکاوه‌کانی ڕوداو و خوێندنه‌وه‌یان یان به‌ ده‌قکردنیان ، تاک ده‌توانێ په‌ی به‌‌ ئاسته‌ جیاوازه‌کانی ڕوداو به‌رێت و بیکاته‌ هێمای سه‌ره‌کی ده‌ق ، له‌و ڕوانگه‌شه‌وه‌ جوڵانه‌وه‌ی هه‌ر شتێ بۆخۆی ڕوداوێکی له‌ سه‌ر سنوره‌ و چه‌ند ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ بکشێت شته‌کان له‌ جێی خۆیان ئه‌ترازێن و ڕوداوه‌که‌ دێته‌ ناو تاوتوێکردنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌م وێنانه‌ چۆن له‌ ئاستی خوده‌وه‌ ده‌گیرێ و ده‌کرێته‌وه‌ به‌ فیلمێ بۆ کاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر هاوکێشه‌ی تێڕوانینی تاکی توێژه‌کان ، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه‌ زۆر له‌مه‌ش زیاتر ده‌قییاوه‌ته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ ڕوداو بووه‌ته‌ هێما بۆ به‌ هاوکێشه‌بونی جوڵه‌  وێنه‌ییه‌‌کانی ڕوداو و ده‌قاوی کردنی ده‌ق ، ئیتر بۆ ئه‌م به‌ ده‌قبوونه‌ش کۆمه‌ڵ تێوه‌گلاوه‌ و مێژووش له‌ هه‌ر قۆناغێکدا ڕوداوی کردۆته‌ وێنه‌ باڵاکانی ناوه‌وه‌ی تاک بۆ خوێندنه‌وه‌ی خۆی .      کۆنستانتین میشوا له‌ ڕۆمانی ( کاتژمێری بیست و پێنجه‌م ) ڕوداوه‌کانی وا به‌رجه‌سته‌ کرد که‌ وێنه‌ی ڕوداوێکی کۆنی گۆڕی بۆ ده‌قێکی نوێ ، له‌ کاتیکدا شه‌ڕی جیهانی دووه‌م بۆخۆی کاره‌ساته‌کانی دونیای ده‌قاوی کرد بوو ، له‌هه‌ر جێ و ڕێیه‌کدا وێنه‌یه‌کی تێکشکاو و شێواوی له‌ سروشتی کۆمه‌ڵ پێکهێنا بوو ، میشوا ویستی دیله‌ ڕۆمانییکان لای نازییه‌کان به‌ ڕوداوێک بۆ ده‌ق به‌رجه‌سته‌ بکات ، به‌تایبه‌تی له‌و کاته‌ی له‌لایه‌ن سوپای سوره‌وه‌ دیله‌کان ئازاد کران و سه‌رله‌نوێ که‌وتنه‌ سه‌خترین و نوێترین وێنه‌ی ڕوداوێکی تره‌وه‌ که‌ میشوای له‌ هاوکێشه‌که‌ شێواند و سۆراخی شێوه‌یه‌کی تری کرد بۆ به‌ ده‌قکردنی ڕوداوه‌که‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ ( کاتژمێری بیست و پێنجه‌م ) وه‌  نه‌بوایه‌ وێنه‌ی ڕوداوی دووه‌م له‌ تێڕوانینی توێژاکانه‌وه‌ وون ده‌بوو و ده‌بونه‌ وێنه‌یه‌کی ڕووتی ئه‌شکه‌نجه‌ی ناو ڕوداوه‌که‌ و سوپای سوریش ده‌بویه‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ ، هه‌روه‌ک میشوا خۆی ده‌رده‌سه‌رییه‌کانی ڕوداوی دووه‌می زیاتر خسته‌ ڕوو .                                                                          
 له‌ ڕۆمانی ( دوو ئافره‌ت ) که‌ی مۆرافیادا به‌ هه‌مان شێوه‌ گۆشه‌یه‌کی تری شه‌ڕی جیهانی دووه‌م به‌ ده‌ق ده‌کات و ڕوو به‌ ڕووبونه‌وه‌ی گرفتی ئه‌و دوو ژنه‌ له‌ناو ڕووداوه‌کانی شه‌ڕدا شێواوترین وێنه‌ بون ، ده‌قکردنه‌که‌ لای مۆرافیا شه‌ڕی مرۆڤ و ئه‌خلاقه‌ شه‌ڕێکه‌ له‌ شێوه‌ی ڕوداودا  له‌وه‌ش سه‌یرتر هه‌مان شه‌ڕ ده‌کاته‌وه‌ به‌ ڕوداوی شه‌ڕی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆی ، ئیتر ئه‌و دوو ژنه‌ دوو وێنه‌ی تێکشکاوی شه‌ڕو دونیا بوون که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ ده‌قێکی شه‌ڕی جیهانی .                               ‌  ئه‌گه‌ر‌ ده‌قی ڕوداوه‌کانی ناو ڕۆمانی ( یاده‌وه‌ریه‌کانی ناو ماڵه‌ مردووه‌کان) بخوێنینه‌وه‌ که‌ شاکارێکی دستۆفسکییه‌ ده‌زانین له‌ به‌ندکراوه‌کانی سیبریاوه‌ ده‌قی گرتووه‌و ته‌نانه‌ت خۆشی که‌سایه‌تیه‌کی ناو وێنه‌کان و ڕووداوه‌که‌یه‌ ، دستۆفسکی به‌ شێوه‌یه‌ک کاره‌که‌ی هاوتا ده‌کات له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا تا خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م وێنه‌ی ڕوداوه‌کاندا توشی جۆرێ له‌ نامۆبوون ده‌کات و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کاته‌ی به‌ندیخانه‌که‌ که‌ ڕۆمانه‌که‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ به‌ کوڵ ده‌گری به‌ مه‌رجێ پێشتر ڕوداوه‌کانی به‌ شێوه‌ ئاساییه‌که‌ی ده‌بینی که‌ لای بویه‌ وێنه‌یه‌کی نائاسایی و ده‌قی گرت ئیتر به‌یه‌کجاری هه‌ستی خرۆشا .                              
 بیکاسۆ جێرنیکای ده‌قاوی کردو له‌ تابلۆیه‌کیدا له‌ ناو جیهاندا ئه‌و شاره‌ی هه‌ڵواسی بۆ هه‌مومان که‌ ده‌یبینین و ده‌یخوێنینه‌وه‌ . ئه‌مه‌یه‌ شته‌کان له‌ تا  و پۆیه‌که‌وه‌ بۆ پۆ و تایه‌کی تر له‌ وێنه‌یه‌کی شێواوه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌کی شێواوتر ڕووداوه‌کان هاوکێش ده‌کرێنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ تێڕوانینه‌ جیهانیه‌که‌یدا به‌ ده‌ق ده‌کرێن ، زۆر له‌و ده‌قانه‌ی میشواو مۆرافیاو دستۆفسکی و بیکاسۆوهه‌رچی وه‌ک ئه‌وانن لای ئێمه‌ ڕوویانداوه‌ و به‌رده‌وام ڕووئه‌ده‌ن که‌ له‌ شکانێکه‌وه‌ بۆ شکانێکی تر به‌ ده‌قمان ده‌که‌ن ، هه‌ڵه‌بجه‌ش جێرنکایه‌کی تربوو ئه‌نفال و سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی کورد وێنه‌یه‌کی ده‌قاوین و له‌ تان و پۆی ڕووداوه‌ جیهانیه‌که‌یدا به‌رز ئاستن که‌چی ئێمه‌ هه‌ر ده‌نوسین و ده‌یڵێین له‌ سنوری خۆمان ناترازێین ، ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌وان خاوه‌نی ڕووداو و وێنه‌ تێکشکاوه‌کانین و خۆشمان له‌ت و په‌تین و خۆمان پێکۆناکرێته‌وه‌ ، کێن ئه‌وانه‌ی ده‌ستی ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌په‌رتبوونه‌یان هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌رج نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا ئه‌م وێنانه‌ نه‌خوێنێته‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ کاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کورد له‌ ئاستی به‌ده‌قبوونی ڕووداوه‌کاندا هیچی نه‌کردووه‌ و تا ئێستا جیهان ته‌نها له‌ میدیاکانه‌وه‌ ده‌مانبینن و زۆر خێراش له‌ به‌رچاویان وون ده‌بین چیتر وه‌ک جیهانێکی نوسراو نامانخوێننه‌وه‌ و به‌ڵکو ڕوداوه‌کان هه‌ر وه‌ک خۆیان وێنه‌یه‌کی ڕووتن . ‌                                                        
 
                                            ئه‌ڵمانیا       
 

Previous
Next

Leave a Reply