Skip to Content

Thursday, October 29th, 2020

بوونیاریی و ئازادیی له‌ هاملێت- ه‌وه‌ بۆ هایدیگه‌ر

Be First!
by February 3, 2012 فەلسەفە

(1)
بین یان نەبین ئەوەیە پرسیارەکە؟

ئەوە ڕامانی هاملێت- ه لە لەحزەیەکی بوونیاریی سەختدا: ئەوەندە سەخت، ئەوەندە ئاڵۆز، ئەوەندە بەگرێ و گومان کە هاملێت ناچار دەبێ بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە. بوون، ژیان، مردنی تێدایە. خۆکوشتن هەڵبژاردنی مردنە بە خواستی خۆت؟ بەڵام ئایا ئەو خواستە لە کوێوە دێ؟ ئەو خواستە چۆن دەگاتە ئەو ئاستەی مرۆڤ بیەوێ بە خواستی خۆی بە دەستی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ؟ باشە لەو دیوی ژیانەوە چی هەیە؟ بۆ کوێ هەڵدێ؟ ئەم پرسە پرسێکی پرسێکی بوونیاری وجودی یە، پرسێکی جەوهەریی فەلسەفەیە.
بەلای ئەلبرت کامۆوە کە یەکێکە لە رێبەر و ئەدیبەکانی بیری بوونیاری، خۆکوشتن تاقە کێشەی سەختی ڕاستەقینەی فەلسەفییە.
هاملێت لە رێگای تارمای باوکییەوە ئەو راستییەی بۆ ئاشکرا دەبێ کە مامی کلۆدیۆس باوکی بە خیانەت کوشتووە و دایکیشی مارە کردۆتەوە.
هاملێت: بە پێی دابونەریتی باو دەبێ پیاو بێ، دەبێ تۆڵەی مەرگی باوکی بکاتەوە و مامی بکوژێ، ئەو (ئازادییی) ئەوەی هەیە ئەوە هەڵبژێرێ بیکوژێ یان نەیکوژێ. ئازادییی- بە مانا بوونیارییه‌که‌ی تەنیا لە ئەزموونی کردن و نەکردندا خۆی دەردەبڕێ. ئازادیی لە ئازادیی بیرکردنەوەوه‌ بۆ ئازادیی لێکدانەوەو کردن دا خۆی دەنوێنێ. دیارە(نەکردن) یش جۆرێکە لە کردن، کردن بە مانا نەکارەکەی، نێگەتیڤەکەی.
گرنگی هاملێت تەنیا لەوەدا نییە که‌ دەریدەبڕێ، لەوەشدایە کە چۆن دەریدەبڕێ واتە لەو تەکنیکە بەرز و بەهێزەدایە کە شکسپیر بۆ دەربڕینی بیرەکانی هاملێت بەکاری هێناوە. هاملێت بیری (ببین یا نەبین) لە سۆلۆلیکویی دا واته‌ له‌ حاڵه‌تی (قسە بۆ خۆکردن)، خۆدوواندندا دەردەبرێ. ئەمە سێیەم خۆدوواندنه‌ لە دراماکەدا مەبەستی ئەم خۆدوواندنەش ئەوەیە کە هاملێت وەك کەسێکی تەنیای دابڕاو، واق ورماو، رامیار، بیرمەند، شیکەرەوە و رەوشتیار نیشان بدا. کەسێك کە لە رەوشی ئەبستراکتی بوونی مرۆڤانەیدایە، رەوشێك کە لە مرۆڤە چالاکە بەکارە ئاسایی و سروشتییەکانی دەوروبەرەکەی جیادەکاتەوە. لێرەدا ناکۆکی نێوان خواستی کار و توانستی ئەنجامدانی کار دەردەکەوێ. لەسەرەتاوە هاملێت ئەو میتافۆرە دەردەبڕێ کە ئایا:
چەك دژی دەریای کێشە و ئاستەنگەکان هەڵبگرێ و بە بەرهەڵستی کردنیان کۆتاییان پێ بێنێ؟
ئەو هەستەی هاملێت دەریدەبڕێ کە ئەو لە ئاستی ئەو ئەرکەدا نییە ،کە ژیان خستوتیەتە ئەستۆی. کە هەوڵدانی تاکرەوانەی بۆ ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی جیهانەکەی وەك (خۆکوشتن) وایە. لەمەوە دەچێتە سەر لێکدانەوەیەکی فەلسەفی هێمن و سارد و بیرۆکەیەکی باوی سەردەمی رینایسانس شی دەکاتەوە: داخۆ ئەم ژیانە پڕ لە هەرا و دەردی سەریه‌مان شایانی ژینە یان باشتر وایە، بە خۆکوشتن خۆمانی لێ دەرباز بکەین؟ ئەمە دەیباتە سەر بیرۆکەیەکی بوونیاری تر.. بیرکردنەوە ئاکامی خۆی هەیە. ئینسانیی بوونمان بەهەر دیوێکدا نرخی خۆی هەیە:
ویژدان دەمانکا بە ترسنۆک. مردنیش وەسف کراوە بە:
ئەو وڵاتە نەدۆزراوەی هیچ کەس
لە هەرێمەکانی نەگەڕاوەتەوە.

لایەنێکی دی خۆدواندنەکەی هاملێت ئەوەیە کە وەك (ئەلێکس نویل) دەڵێ: هەمووی لە عەقڵەوە دێ نەك لە سۆزەوە. دیارە (عەقڵی ئۆتۆنۆمیدار) خۆبەریوەبەر- یش یەکێکە لە بنەما فەلسەفییە عەقڵییە (کانت) ییەکانی فەلسەفەی بوونیاری لیبرالی. عەقڵ هۆشیاری بەردەواممان دەربارەی (بوونیاریی) خۆمان دەداتێ ئەو هۆشیارییەش بەردەوام، بە ئاگابین یان بێ ئاگا، بەرەو ڕووی ئەو پرسە بنکارییەمان دەکاتەوە: بینین یا نەبین- ئەوەیە پرسیارەکە!
لە روانگەی بوونیارییەوە نەکاریی و پەککەوتەیی هاملێت لەوەی بەبێ دوو دڵی و بێنەوبەرە خواستەکەی بە ئەنجام بگەیەنێ و مامی بکوژێ، ڕواڵەتێکی جەوهەری ڕەوشی بوونی مرۆڤە. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە لە هەموو بوونەوەرانی دی جیادەکاتەوە، شوێنێکی تایبەتیمان لە گەردووندا دەداتێ و بۆمان دەلوێنێ و خۆمان و جیهانەکەمان بەو شێوە درووست کەینەوە کە دەمانەوێ یان بۆمان دەلوێ. ئەو تایبەتمەندییە جەوهەرییەش ئەو (ئازادیی) یەیە کە هەمانە ئازادیی هەڵبژاردن و کاردکردن، ئازادیی خواست و ئەنجامدان. بەڵام ئەم ئازادیی یە لە هەمان کاتدا گەورەترین و قورسترین بارە لەسەر شانمان: چونکە (ئازادیی) کارکردنمان ئەوەشمان دەخاتە سەر شان کە بەرپرسیار بین لەوەی دەیکەین و نایکەین، لە ئەنجامی کارەکانمان من دەتوانم بڕیار بدەم کارێ بکەم یان نەیکەم ئەمە بە تەواوەتی بەدەست خۆمە بەڵام کە ئەو کارەم کرد ئیدی لەدەستم دەردەچێ، ئەوەی کە کرا هەڵناوەشێندرێتەوە. من ناتوانم لۆمەی کەسێکی دیکە بکەم بۆ کارێ کە خۆم بڕیارم داوە و ئەنجامم داوە. ئەمە لەحزەی هەڵبژاردنە لە زۆر لەحزەی تایبەتی ژیانماندا ئاسان نییە، ئەو ئازادیی یە رەها نییە، رەوشێکی سایکۆلۆجی دژوارە لەلایەکەوە ئەو هێز و خواست و توانستەی هەستی پێ دەکەین کە ئێمە دەتوانین کۆنترۆلی کاروبار و چارەنووسی خۆمان بکەین جۆش و خرۆشێکی خۆشمان دەداتێ هەست بە ڕاستەقینەیی بوون و ئازادبوونی خۆمان دەکەین، هەست بەوە دەکەین کە لەم جیهانەدا دەتوانین کار بکەین، رێرۆی ڕووداوەکان بگۆڕین و بەو شێوە بژین کە دەمانەوێ. لە لایەکی ترەوە ئەو ئازادیی کارکردنە ترس و قەلەقێکی بەردەواممان لا دروست دەکا چونکە ئەوەی دەیکەین ئەنجامی دەدەین ناکرێ هەڵیبوەشێنینەوە. بۆیە ئازادیی من لە هەڵبژاردن و کارکردندا هەمیشە رەوشێکی ترازان و بنله‌قیی لەگەڵە ئەو بەر پرسیارێتیەی لە کارەکانمانەوە دروست دەبێ رەنگە قورستر بێ لەو ئاسانییە ڕواڵەتەی دەتوانین ئازادیییەکەمانی پێ بخەینە کار. ئەم کێشە بوونیاریە بە کێشەی (زانین و نەزانین) ی پاشە رۆژەوە بەستراوە، بەوەی چ روودەدا و دەشێ چ رووبدا. دووخواستی، دوو-بیریی، دایلێمای هاملێت ئەوەیە کە لە کاتێکدا هەست دەکا دەبێ کارێکی گەورەی ترسناك بۆ ئامانجێکی پێویست لە ڕوانگەی نەریتەوە ئەنجام دا، ئەو نازانێ داخۆ بەم کارەیه‌ی ئەو ئەنجامه‌ دێنێتە دی کە خۆی دەیەوێ. داخۆ لەجیاتی ئەوەی ئازار و تۆڵە بە مامی بگەیەنێ دەینێرێ بۆ (بەهەشت) ئەگەر ژیانێکی دیکە هەبێ. بەهەرحاڵ ئەو ناتوانێ بەرپرسیارێتی ئەم کارە قبوڵ بکا، ناشتوانێ نەیکا و لەگەڵ ئەو زانینە کوشندەیە بژی کە مامی و مێردی دایکی، زڕه‌بابی، بکوژی باوکی خۆشەویستی خۆیەتی. لەم لەحزە تەنگاوییەدا خۆکوشتنی وەك دەربازگەیەك بۆ خۆی پێشکەش دەکات.
لەوەتی مێژوو هەیە گەلان بە ناوی ئازاد بوون و بۆ ئازادییی جەنگاون، یۆنانییەکان و لەوانەوە کەلتووری رۆژاوایی، ئایدۆلۆجیەتی جیاکەرەوەی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندوە کە رۆژاوا مەڵبەندی لەدایك بوونی بیری ئازادیی و کۆمەڵگای ئازادە: ئازادیی بیر، وتار، کردەوە و هه‌لبژاردنی حکومه‌تی خۆیان. گەلانی (ئاسیایی) لە سیستمی ئیستیبدادیی ستەمگه‌ریی ئازادییکوژ بەولاوە هیچ ئەزمونێکی ئازادیی یان نییە. که‌ ته‌نانه‌ت ئازادیی وه‌ک پرسێکی فه‌لسه‌فیی و ئایدیاییش باس ناکرێ و گفتوگۆی گشتی کراوه‌ی له‌ سه‌ر ناکرێ. ئازادیی لە ڕۆژاوا بە تایبەتی و لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا بەهادارترین بەهای مرۆڤە، کۆکەرەوە و چڕکەرەوەی هەموو ئەو تایبەتمەندی و ئایدیالانەن کە باش و بەرز پیرۆزن لای مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
بەڵام بوونیارەکان بۆچوونێکی نوێیان بۆ پرسی ئازادیی پێشکەش کرد کە بۆیان لواندین رەوشی ئازادیی وه‌ک چه‌مک لە سەرەتاکانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە بخوێنینەوەو کە بتوانین وەك بە کورتی کردمان دووبارە رەوشی بوونیاری بنلەقی هاملێت لێك بدەینەوە، ئەوان باوەڕیان وایە کە ئێمەی توخمی مرۆڤ دوودڵییەکی قووڵمان دەربارەی ئازادیی و خواستی ئازادیی خۆمان هەیە.
گەرچی تەنیا جان- پۆل سارتەر ئەوەی قبووڵ کرد کە وەك فەیلەسوفێکی بوونیاری ناوزەد بکرێ، بوونیاری وەك رەوشێکی بیرکردنەوە و لێکدانەوە شوێنی شیاوی خۆی لە بواری فەلسەفەدا گرتووە. ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و نووسەرانەی بە (بوونیار) ناویان دەبەین لە ڕوانگەیەکی ڕووناکبیری یەکتاکدا هاوبەشن. ئەم ڕوانگە عەقڵییە، رووناکبیرییە راڤەکارییە کە بۆمان دەلوێنن بە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا شۆربینەوە، نموونەی بیری و وجودی لە کارە فەلسەفییەکان و ئەدەبییەکاندا کۆبکەینەوە. بوونیاریی: رامانێکی سەخت و قووڵە لە کێشە ئالۆزەکانی بوون و ژیانمان وەك مرۆڤ، لە مانای بوونمان لەسەر زەوی و ژیان ومردن و چارەنووسمان. بوونیاریی مانای ڕاستەقینەی فەلسەفە بە واتا سۆکراتییەکەی بە زیندوویی بەکاری دەهێلێتەوە: فەلسەفە شێوەی ژیانە، سەرنجدانی ژیانە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە دەژین و ئەو ژیانەی تێیداین شایانی ژیانە چونکە ژیانێکی سەرنجدراو و هۆشیارانەیە.
بە پێناسەیەکی بەرفراوان دەتوانین بڵێین ئەوەی هاوبەشە لە نێوان فەیلەسوفە بوونیارەکاندا بایەخدانیانە بە پرسی ئازادیی مرۆڤیی. هەموویان گرنگی دەدەن بە جیهان وەك دەوروبەری بوون و ژیانی مرۆڤ کە وەك بابەتێکی تاکوێنەی بوون جیاکراوەتەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ لەبەر ئەو توانستەی کە بۆ هەڵبژاردنی رێبازی کار و چالاکی و چارەنووسی خۆی هەیەتی. ئەم ئازادیی هەڵبژاردنە چییە و دەبێ چۆن وەسف بکرێ؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کە بایەخی نێوەندییان بۆ بوونیارەکان هەیە. بەڵام زۆر فەیلەسوف هەن کە گرنگیان بە پرس و خواستی ئازادیی و ئازادیی مرۆڤ داوە و بوونیار نەبوون بۆیە دەبێ ئەوە زیاد بکەین کە بۆ بوونیارەکان کێشەی ئازادییی بە مانایەك کێشەیەکی پراکتیكی یە، مەبەستی سەرەکی ئەوان لە پێش هەموو شتێکدا ئەوەیە کە نیشانی خەڵکی بدەن کە ئەوان ئازادن، کە چاویان بۆ شتێك بکەنەوە کە هەمیشە ڕاست بووە، بەڵام لەبەر هەر هۆیەك بێ هەموو کاتێ دەرکی پێ نەکراوە ئەویش ئەوەیە:
کە مرۆڤ ئازادە نەك هەر ئەوە هەڵبژێرێ کە دەیکا، بەڵکو کە چ بە نرخ بگرێ و چۆن بژی.
خوێنەرانی فەلسەفی بوونیاری داوایان لێ دەکرێ نەك تەنیا لەسروشتی ئازادیی مرۆڤ رابمێنن بەڵکو ئەو ئازادیییە ئەزموونیش بکەن و پراکتیکی بکەن.
چەمکی میتافیزیکی ئازادیی وه‌ک بوونیارییه‌کان لێکی ده‌ده‌نه‌وه‌، جەخت لەسەر ئازادیی هەڵبژاردن وەك (خواست) و (کردەوە) ده‌کا. ئایا مرۆڤ ئەو ئازادیی یەی هەیە؟ چۆن دەردەکەوێ یان دەردەبردرێ، چۆن کار دەکا و کاری تێدەکا؟ ئازادیی میتافیزیکی مرۆڤ یەکەمجار لە لایەن ئەرستۆوە باسکراوە و شیکراوەتەوە. ئەرستۆ باوەڕی وایە کە جوڵان و هەڵسوکەوت و رەفتار و کردەوەی مرۆڤ لە شتی بێگیان و زیندەوەرانی دیکە لەوەدا جیایە کە میکانیکی یان بە تەنیا غەریزەیی نییە. شتەکان تەنیا لە مرۆڤ ڕوو نادەن و ئەو کاردانەوەیان بەرامبەر ناکات بەڵکو مرۆڤ دەتوانێ وا بکا شتەکان ڕوو بدەن، مرۆڤ ده‌توانێ ڕووداو دروست بکا، دەستپێشخەری بکا و پرۆسەیەکی هۆکاری خۆی بخاتە کار لەجیاتی ئەوەی تەنیا یارییەك بێ بەدەست پرۆسەکانی سروشت و قەدەرو مێژووه‌وه‌. که‌سێک کاتێ تۆپێك لە نیشانەیەك دەگرێ تۆپەکە لە هەوادا دەڕوا، تۆپەکە ئازاد نییە؛ ئەو بە حوکمی هێزی هاویشتنەکە و بە یاسای فیزیکی ئەوەندە بڕ دەکا کە دەیکا، ئه‌وسا ده‌که‌وێ و جووڵه‌ی لێده‌بڕێ. بەڵام مرۆڤەکە خۆی ئەو پرۆسەیە دەخاتە کار، تۆپەکە بەرەو ئەو نیشانەیە دەهاوێ کە دەیەوێ و گەر هەنگاوتی خواستەکەی خۆی دێنێتەدی، گەر نەیهەنگاوت (ئەزموونێکی) کەسیی تایبەت بەخۆی وەك مرۆڤ وەردەگرێ و بە پرۆسەی هەڵەکردن و لێوەفێربوون زیاتر فێردەبێ و خواستەکەی پلەیەکی باڵاتر وەردەگرێ. ئەو توانستە بۆ دەستپێشخەری و دەستپێکردنی پرۆسەکان بۆ وەڵامدانەوەی خواست و ئارەزووەکانی خۆی ئەوەیە کە (ئازادیی) مرۆڤ پێكدێنێ. ئەم ئازادییەیه‌ کە بە زاراوەی بوونیارەکان (رەوشی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا) جیادەکاتەوە، مرۆڤ رەوشێکی تایبەتی( لە دنیادا بوون) ی هەیە، کە خواستی ئازادە ئەم بیرۆکەیە کە لە بنچینەدا نەك تەنیا بیرۆکە بەڵکو سیستمێکی بیریی فەلسەفی تەواوە کە زەردەشت لە گاتاکاندا دایمەزراندووە و ئایینەکەی لەسەر بنیات ناوە: مرۆڤ ئازادیی و ئیختیاری هه‌یه‌ له‌ بیر، وتار وکرداردا و ئازادیی ویژدان و هه‌لبژارده‌ی چاکه‌و خراپه‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌مان کاتدا به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر خه‌لک و ژیان و زینده‌وه‌رو سروشت و ده‌وروبه‌ر. ، به‌لام بوونیاره‌کان ئه‌مانه‌ له‌ پراکتیکدا ڵیکده‌ده‌نه‌و ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن ئه‌م خواسته‌ له‌و کێشه‌ بوونیارییانه‌ی دوور ناخاته‌وه‌ که‌ له‌ نموونه‌ی هاملێتدا دیمان و که‌م یان زۆر لای هه‌موو که‌س هه‌یه‌.

(2)
هایدیگه‌ر و بوونیاریی

پرسی ئازادییی بونیاریی لەڕۆژاوادا یەکەمجار وەك بنەمایەکی فەلسەفی لە لایەن (هایدیگەر) ه وە Heidegger سیستماتیکی کراوە. بنەمای فەلسەفی ناساندنی (مرۆڤ) و ڕاستییه‌که‌ی هەموو (بوویەك) و (بوونەوەرێك) لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانی و ڕۆژاواییدا ئەوەیە کە هەموو شتێك (جەوهەر) یان (سروشتی) خۆی هەیە کە ئەمە جەوهەر و سروشتە تایبەتمەندییە بوونیاریەکانی واته‌ ره‌وشی بوونی ئەو شتە یان بووە دیاری دەکا. سروشتی یان جەوهەری (بەرد) چیە؟ ئەوەیە ماددەیەکی رەقە، دەشکێ، کە بەری دەیتەوە دەکەوێ و دەسەڵاتی بەسەر شێواز و ئاستی ڕاددەی بەربوونەوەکەیدا نییە،به‌ سه‌ریا برۆ ده‌نگی لێنایه‌، واتە بێ گیان و بێ خواستە و ئەمە سروشتی بەردە. هەموو شتەکان لە دنیادا لە گەردێك و چڵەگیایەکدا تا مرۆڤ و دیاردە مەزنەکانی گەردوون هەموو جەوهەر و سروشتی خۆیان هەیە.
لای فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکیش جەوهەری مرۆڤیش ئەوەیە کە عەقڵی هەیە، کە هۆشیاری دەربارەی بوونی خۆی و ئایدیای چاك و خراپە و پاشەڕۆژ و مردن و نەمریی هەیە. ئایدیای(عەقڵ) بە تایبەتی بە شێوازە ئاخاوتنکارییە جیاوازەکانی وه‌ک: هوشیاریی، خود، بێئاگایی، بیرکردنەوە، ویژدان، سروشتی مرۆڤ، خواستی ئازاد، هتد شوێنێکی نێوەندی بڕیاردەر و بەردەوامی لە بیری فەلسەفی و زانستی رۆژاوادا گرتووە. ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێ دووانەیی (دوالیزمی) ئاشت نەکراوە: ناکۆکی لە نێوان هۆش و لەش یان (عەقڵ و جەستەدا) ، ناکۆکی بیر و کردار، ناکۆکی لە نێوان دنیای ناوەوەی مرۆڤ (خود، دنیای بیر) و دنیای دەرەوەیدا، ناکۆکی له‌ نێوان مرۆڤ و وابوون (واقع) دا، ناکۆکی لە نێوان بوونی ماددی و بوونی میتافیزیکدا، لە نێوان خواستی ئازاد و خواستی هه‌لومه‌رجبه‌ندا. هەوڵی زۆر جار بێهودە و نەزۆکی فەیلەسوفەکان بۆ ئاشتکردنەوە یان چارەسەری ئەم کۆدژانە بابەتەکانی پرۆسەی مێژووی فەلسەفەی رۆژاوایی پێکدێنێ.
بوونیارەکان بە پێشرەوی هایدیگەر هەوڵ دەدەن لەم دوالیزمە رزگاریان بێ بەوەی کە ئه‌و ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ مرۆڤ (سروشت) یان جەوهەر ێکی بڕیاردراوی هەیە کە وامان لێدەکا بەو جۆرە بین کە هەین یا دەبین. لێره‌دا من ته‌نیا سه‌رنجی بیره‌کانی هایدیگه‌ر له‌ کتێبه‌ ه‌بناوبانگه‌که‌یدا (بوون و کات) ده‌ده‌م. دیاره‌ زمان و بیری هایدیگه‌ر به‌ گشتی و له‌م کطێبه‌دا به‌ تایبه‌تی ئااسن نییه‌و ئالۆزه‌، به‌لام هه‌وڵ ده‌د ا به‌پێی توانا بۆ خوێنه‌ری کوردی ئاسان بکه‌م.
مارتن هایدیگەر (١٩٧٦- ١٨٨٩) لە کتێبە فەلسەفییە بەناوبانگەکەیدا (بوون و کات) sein und zeit رەخنە لە فینۆمینۆلۆجی (دیاردەیاریی) دەگرێ کە لە کاتێکدا هەوڵەکانی بۆ جەخت کردنە سەر (هوشیاریی) وەك نێوەندی لێکدانەوەی فەلسەفی جیهان لەجێی خۆیدایە، فینۆمینۆلوجیستەکان وەك هاسیرلHusserl هێشتا چه‌مکەکانی بیری میتافیزیکییان وەك ناکۆکی نێوان (خود) و (بابەت) یان (کردەوە) و (ناوەڕۆك) بەکار دێنا کە ئەمانە ئەو بابەتانە نین کە لە (هوشیاری) مرۆڤدا دەدۆزرێنەوە بەڵکو ئەو کۆزانانه‌ (کۆنسێپتانه‌ن) کە لە فەلسەفەی کۆنەوە ماونەوە. هەروەها (هاسیرل) ئەو دووانه‌یی یه‌ی (دیسکارت) ی قبوڵ کردبوو کە دوو جیهانی هاوتەریبی (هوشیاری) و (واقیع) هەن، هایدیگەر باوەڕی وابوو کە فینومیلۆجی دەبێ لە ئایدیای یان رەوشی بوون خۆیەوە دەست پێبکات، کە ئەم رەوشە بەر لەو دابڕانەی نێوان هوشیاری و وابوون (واقیع) دا هەیە، ئەو ئەزموونە بوونیارەی کە وامان لێدەکا ئەو کۆدژانە بدۆزینەوە خۆی لە خۆیدا دەبێ سەرنجی بدرێ و بزانرێ، بۆ ئەمەش دەبێ پشت لە زاراوە فەلسەفییەکانی (دیسکارت) و فەلسەفەی یۆنانی پێش سۆکرات بکەین و لە سفرەوە لە سەرەتاوە زاراوەسازی نوێی بوون بکەینه‌وه‌.
پرۆژەکەی هایدیگەر گوازتنەوەیه‌ لە بیرەوە بۆ بوون، یان لە بیرکردنەوە لە بیرەکانه‌وه‌ بۆ بیرکردنەوە بە بیرەکان، بیرکردنەوە بۆ سەلماندن یان رەتکردنەوەی بیرەکان بۆ ئەوەی بیر لە بوون جیا بکەینەوە، یان ڕاستر رێ بدەین (بوون) وەك هەیە خۆی لە بیری خۆیدا خۆی دەربڕێ، چۆن ئەمە دەکرێ؟ هەموو بیرێ بە زمان و وشە دەردەبڕێ، ئەوه‌ خۆی لە خۆیدا میتافیزیکی کردنی بوونە لە بیردا بەڵام بۆ دەرچوون لەم دایلێمایه‌، هایدیگەر زاراوەی نوێ بەکاردێنێ کە هەوڵ دەدا رەوشی بوون لە زەمینەی (شوێنیی- کاتیی) ژیانی مرۆڤ خۆیدا دابمەزرێنێ نەك جیایکاتەوە.
گرنگترین زاراوەسازیی نوێی هایدیگەر زاراوە (کۆزانی) (داساین) Dasein ئەمە لە دوو وشەی ئەڵمانی : (دا) (بەمانای لەوێ) و Sein بە مانای بوون پێك هاتووە، کەواتە داساین مانای (لەوێ بوونە) یان ( له‌ دنیادا بوونه‌). ئەمە دامێنی شوێنیی هوشیاری مرۆڤ لەو شوێنەی تێیدایە (ئەوێ، دنیا) دەردەبڕێ. بەم زاراوەیە هایدیگەر جەخت لەسەر ئەوە دەکا کە ئێمەی مرۆڤ نەك هوشیاریمان لە بوونی خۆمان هەیە بەڵکو هوشیاریمان دەربارەی ئەوە هەیە کە لێرەین، لە شوێنێکی تایبەتی دیاریکراو، لەمەش زیاتر ئەوە دەردەخا کە ئەم هوشیارییەی بوون، بوونی مرۆڤ لە هی ئەوانی تر جیادەکاتەوە بۆیە تەنیا وشەی (بوون) کە دەشێ بۆ هەموو شتێ بەکاربێ ناتوانی رەوشی تایبەتی بوونی مرۆڤ کە جیایە لە بوونی مێش، مێروولە، بەرد، دار، دیوار، هتد جیابکاتەوە دەساین: یارمەتی ئەوە دەدا ئێمە وەك بوونێکی هوشیار دەربارەی بوونی خۆمان جیابکاتەوە، بەڵام ئەم جیابوونەوەیە لە چ دایە؟
لەوەدایە مرۆڤ نەك تەنیا ئەو (جەوهەر) و (سروشتە) ی نییە کە فەیلەسوفەکان بۆ ناسینی شتەکان و بوونەوەرەکان دیاریان کردبوو، بەڵکو ئەو (بوونی خۆشی وەك پرسێك یان پرسیارێك بۆ خۆی) وەردەگرێ واتە:
1- مرۆڤەکان وەك بەرد و دار و دیوار نەك تەنیا هەن، بەڵکو هوشیاریان دەربارەی هەبوونی خۆیان هەیە، جیا لەو شتانەی کە تەنیا هەن، ئێمە ئەو توانستەمان هه‌یه‌ کە سەرنجی ئەوە بدەین و بزانین کە (هەین) و (چۆن هەین) گەرچی ئەمە لە فەلسەفە و بیری کۆنەباودا (ترادیشن) بە خۆ- هوشیاریSelf-Consciousness ناوبراوە، هایدیگەر ئەمە بەکار ناهێنێ بۆ ئەوەی خۆی له‌ دوولایه‌نی (دوالیزمی) هۆش و لەش و خود و جیهان دوورخاتەوە. – پرسی (بوون) دەبێ لە مرۆڤەوە دەست پێ بکا چونکە تەنیا مرۆڤە کە پرسیاری (بوون) دەکا لەبەر ئەوە بیرێکی سەرەتایی دەربارەی (هەبوون) هەیە و بە پێداویستی بایەخیش بە بوون بە گشتی واتە بە (ئەوانی تر) دەدا.
2- – ئەم هوشیاریە دەربارەی بوون و چۆنێتی بوونمان بیری ئازادیی بنچینەی ئێمە وەك مرۆڤ ده‌دا بەدەستەوە. ده‌ساین (لەوێ- بوو) ئەو بووەیە کە رەوشی بوونی بە کراوەیی دەمێنێتەوە لە هیچ جۆرە پرینسیکی پێشین و بنچینەیی و باوەڕێکدا داخراو نییە. وەك (بەرد) و زیندەوەرانی دی ئێمە جەوهەر و سروشتێکی تایبەتی و دیاریکراو و سنووردارمان نییە، بەڵکو ئێمە ئازادیین کە خۆمان سروشت و جەوهەری بوونی خۆمان دیاری بکەین.
3- – لە لایەکی دیکەوە ئێمە دیلی مێژوومان نین ڕابردوو ئێستا و پاشەرۆژی ئێمە وەك تاکی ئازاد دیاری ناکا: ئێمە ئەو هەڵبژاردە و ئیختیارەمان هەیە چ بکەین چۆن بکەین: بۆ نموونە گەر تۆ ترسی مەلەکردن یان بە چیادا هەڵگەڕانت هەبێ تۆ دەتوانی بڕیار بدەی کە دەبێ بچیتە ناو ئاوەوە فێری مەلەبی یان بە چیادا هەڵگەڕێی یان جگەرە خواردن و خواردنەوە کە بوونە عادەت لات، تەرك بکەی یان هەڵوێستی خۆت بەرامبەر هاوسەرەکەت و هاورێیانت بگۆڕی. تۆ دەتوانی ئەمانە بکەی چونکە خواستت هەیە، چونکە ناتەوێ ژیانت دیلی ترسەکانی ڕابردوو بێ یان لە شێوە و شێوازێکی تایبەتی نەگۆڕدا چەق ببەستێ. جگە لەوەی کە ئێمە دەزانین خۆمان چۆنین و لە چ دەترسێین و دەسڵەمینەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکەین، ئەو توانستەشمان هەیە کە سروشتی خۆمان لە رێگای خواستی ئازادەوە دروست بکەین دیارە ئەو توانستە خۆی ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ وەك جۆر جیادەکاتەوە بەڵام بەلای بوونیارییەوە ئەم توانستە وەك سروشتێکی دیار بکەر و بڕیاردەر نییە.
4- – ئەوەی ئێمە دیاری دەکا تەنیا شتێك نییە کە پێی دەوترێ هوشیاری بوون بەڵکو راستی بوونی مرۆڤانەمانە ئێمە نەك تەنیا هوشیاریمان دەربارەی چۆنێتی بوونمان هەیە بەڵکو (باك) یشمان دەربارەی چۆنێتی بوونمان هەیە، ئێمە (بێ باك) نین لەوەی چۆن دەژین و چ دەکەین ئێمە وەك ئەو شۆستە چیمەنتۆیە نین کە باکمان نەبێ کێ و چمان بەسەردا دەڕوا، ئێمە ئەو بەردەخشتە نین کە دەکرێ بکرێین بە شۆستە، بە دیوار، بە پەرژین بە زیندان. (باك) و (باکداریی) رەگەزێکی هەمیشەیی بوونیاریمانە، لێرەدا بۆ روونکردنەوەی ئەمە باشترە بگەڕێینەوە بۆ هاملێت، ئەو (بێباك) نییە لەو ئەرکەی کەوتۆتە ئەستۆی و لە ئەنجامەکانی ئەو (باکبوونەی) وای لێدەکا بە قووڵی و فەلسەفییانە بیری لێ بکاتەوە. ئاخری ئەوە دەمێنێتەوە سەر هاملێت وەك تاکێکی ئازاد، هوشیار، باک- دار چۆن رەفتار دەکا و چ بریتییەك هەڵدەبژێرێ، تەنیا ئەو کاتەی کە ئێمە باکمان بە شتەکان هەیە و بایەخ بە پرسەکان دەدەین و خەم لە کێشەکان دەخۆین، ئەوسا ئێمە دەکەوینە پرسیارکردن دەربارەیان و وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە لە شێوەی (واگۆی- زانین) دەربارەی پرسیارەکان Knowledge.Claim بەدەست دێنین.
5- بیر و کۆزانەکانمان دەشێ وەك ئامراز و پێکار وابن و یارمەتیمان بدەن لە جیهانەکەی دەوروبەرمان بگه‌ین و لەگەڵیا هەڵکەین بەڵام مرۆڤ تەنیا بە بیر و وشە ناژیا و کار ناکا و هەڵناکا! ئامرازی لە وشە سەرەتایی تر بەڵام کاریگەرترمان هەن: دارتاشێ لە رێگای چەکوش و مشارەکەیەوە پێوەندی خۆی بە دنیاوە دامەزراندووە و راگرتووە. جیهانی شتەکان بۆ هایدیگەر جیهانی ئامرازەکانە. رەوشی بوون ئەوەیە کە بۆ شتێ هەبێ، زەمین بۆ جووتیار ئەو خاکەیە کە دەیکێڵێ بۆ جیۆلۆجیناس شتێکی ترە! هەروەها بۆ ئەفسەرێکی ستراتیجی سەربازیی شتێکی ترە. ئەو مانایەی کە زەوی بۆ هەریەکێکیان وەری دەگرێ پێوەندی بەو بایەخ و باکەوە هەیە کە (ئەو) وەك مرۆڤ پێکدێنێ. لەو (بزاڤە بەرەوپێشچووەیدا) بۆ بەدیهێنانی پێگەشەکانی خۆی وەك (هەبوو- لە- دنیادا) کە باکی بە (ئەوی دیکەیە) مرۆڤ کۆبەندێکی مانادار یان شیاوی تێگەیشتنی بابەتەکان دادەمەزرێنێ کە لەیەك کاتدا ئەنجامی (بزاڤە بەرەوپێشچووەکەی) ئەو پانتایی یەیە کە تێیدا بابەتە تایبەتییەکانی بەدی دێن یان دەناسرێن. ئەو باك و بایەخە مرۆڤی جیاواز، بەڵام پێکبەند پێك دێنێ. بۆیە کە دەبینی مرۆڤ شتەکان وەك ئامراز سەیر دەکا بۆ بەدیهێنانی پێگەشەکانی خۆی نابێ ئەمە ڕوانگەی جیاوازی شتەکان بەدەر بکات بۆ نموونە کە دەلیین (گوێزان) ئەمە تەنیا لە روانگەی پراکتیکی بوونیەوە وەك ئامرازێك بۆ (ریش تاشین) مانا نابەخشێ. لای زانایەك رەنگە وەك بابەتی لێکۆلینەوەیەکی بابەتی دەربارەی پێکهاتەی فیزیکی گوێزانەکە سەیر بکرێ. بۆ کەسێکی دی رەنگە روانگە و مانایەکی دی هەبێ.
6- ئەوەی لە ئاکامدا بە باك و بایەخدانی من دروست دەبێ کۆبەندی یان کۆبەندەکانی مانادارن کە جیهانەکەی من پێك دێنن نەك (لەوێ بوونی) جیا و زبری (ئەوی دی). هەروەها تاك تەنیا بە (هەبوونی- لە- دنیادا) و بە پێوەندی (بوونی) بە کەسانی دیکەوە، خۆی وەك خودی تاك دەدۆزێتەوە، هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی (لەگەڵ- بوون)، سەرباری بایەخدانی من بە شتەکان وەك ئامراز، رەوشی بوونم وەك مرۆڤ پێکدێنێ. ئەم هاوپێوەندییە یان نێوپێوەندییە کۆمەڵایەتییەیە کە خۆی لە رێبازە چەسپاوەکانی بیرکردنەوە (ئەو بیردەکاتەوە) و هەست کردن (ئەو هەست دەکا) نیشان دەدا. بوون لە دنیادا بریتیە لە (بوون- لەگەڵ) Mitsein و ڕوانگە تایبەتەکان (کەسییەکان) تەنیا لەسەر بنچینەی ئەو جیهانە هاوبەشە و ئەندامێتی (ئەوی مرۆڤ) بە باك یان بایەخدان دروست ده‌بێ کە خاسێتی بنچینەی مرۆڤ پێکدێنن. وەك ئەندامی (ئەوی مرۆڤ) جیهانی (من) پێشنیازی جیهانی (ئەوی مرۆڤ) دەکا، مرۆڤ ئەو بووەیە کە پاڵنراوە بۆ بەدیهێنانی پێگەشەکانی بکەوێتە کار نەك وەك (خود) ێکی دابڕانخواز، بەڵکو بوویەك کە بە پێداوێستی تێکەڵە لەگەڵ (دنیای شتەکان) و (دنیای کەسەکان) دا.
7- – لەمەوە مرۆڤ قەت ناتوانێ بەتەواوی لەو فۆرمە ناکەسییە بێناوەی هەبوون دەربازبێ کە لە ئەندامبوونی لە (ئەوی مرۆڤ) دا ریشەی هەیە. لە هەمان کاتدا مرۆڤ وەك پێگەشەی بوون بەسەریا نەسەپێندراوە تەنیا بەیەك شێوە یان رێگا خۆی بەدیبێنێ یان هەبێ. دوو رێگەی لەبەردەم کراونەوە: دەتوانێ لە ئەندامێتی (ئەوی مرۆڤ) دا خۆی غەرق دەکا تا ئەو ئاستەی لە هۆشیاری- ره‌وه‌ یان گه‌له‌دا نوقم دەبێ Crowd-Consciousness و بەم جۆرە، جۆرە دڵنیایی یەك لەسەر حیسابی بەرپرسیارێتی کەسیی و خۆ ئاراستەکردنی توند و تۆڵ بەدەست بێنێ. ئەمە ژیانێکی (ناڕاستەقینە) یە، یان دەتوانێ بەلای کەمەوە لە ئاستێکی سنووردار دا بەرپرسیارێتی کەسیی بۆ چارەنووسی خۆی وەربگرێ، بە ئازادییی پێگەشەکان و ئەگەرەکانی خۆی هەڵبژێرێ، لە سەرووی هەموویانەوە چارەنووسی بەرەو مردنی: ئەمەیان (هەبوونی ڕاستەقینە) یە.
8- بەڵام چۆن ئەم دوو ڕێگایە لەبەردەم مرۆڤدا کراونەوە؟ بۆ ئەوەی لەمە بگەین دەبێ ئەوە بزانین کە مرۆڤ (فڕێدراوەتە) ناو جیهانەوە. مرۆڤ بوویەکە کە (فڕێدراوەتە) جیهانەوە ژیانی کۆتاییدارە و فەرامۆشکراوە. ئەو خۆی بەدوای بەدیهێنانی پێگەشەکانی خۆیدا عەوداڵە و بەم کارەشی ئەو تەفسیری دنیا وەك فۆرمی پرۆژە تایبەتییەکانی خۆی دەکا و دوا پێگەشە و ئەگەری پێشکەوتنی کەخۆی و هەموو ئەگەر و بەرحاڵەکانی دیکە لەناو دەبا مردنە، مرۆڤ ئەو بووەیە کە لە بزاڤیدا بەرەو داهاتوو له‌ خۆی تێپه‌ڕ ده‌کا (لە خۆی بەرزتر دەبێتەوە) وەك بوویەك کە فڕێدراوەتە جیهانەوە و چارەنووسەکەی مەرگە.
9- هۆشیاری نادیاری رەوش و حاڵەتی جەوهەری مرۆڤ (ترسە) بەڵام ئەو دەتوانێ لە هەوڵیدا ئەو ترسەی کە هاوڕێی هوشیاری نادیاریەتی کە دەربارەی مانای بوونی لە جیهاندا هەیەتی بە خۆنقومکردن لە (ئەوی مرۆڤ) دا، له‌ قه‌ره‌بالغیدا، فرامۆش بکا، یان دەتوانێ بەرهەڵستی ئەو خۆشڕاکێشییەی (اغراء) خۆی بکا و بە ئازادیی رەوشی خۆی وەك بوون- لە- دنیادا بناسێ و قبوڵ بکات، کە ئەمە بکا مانای وایە ژیان یان (هەبوونی راستەقینە) هەڵدەبژێرێ بەو مەرجەی لە هەمان کاتدا ئەو پابەندبێ به‌ بەدیهێنانی ئەو بەرحاڵ و ئەگەرانەوە کە لێرە و هەنووکە بۆ ئەو کراونەوە و تەنیا ئەو دەتوانێ بەدییان بهێنێ چونکە (هەبوونی ڕاستەقینە) مانای کشانەوە لە هەموو جۆرە خۆبەستنەوەیەك (ئیلتیزامێك) لەناو جیهاندا نییە. (هەبوونی راستەقینە) ی پاك و پەتی بونی نییە چونکە مرۆڤ هەمیشە (له‌وێ، له‌ دنیادا) یه‌و ئەندامی (ئەوی مرۆڤ) دەمێنێتەوە. بەڵام تارادەیەك (هەبوونی ڕاستەقینە) ئه‌گه‌رێکه‌ که‌ مرۆڤ ده‌توانێ به‌ده‌ستی بێنێ.
بۆ هایدیگەر بنسازی جەوهەری مرۆڤ: (باك) ه (باك بوون، باك پێهاتن) Sorge
ئەم باکەش سێ لەحزە یان رەگەزی هەیە: 1- باکی مرۆڤ بەوەی دەبێ بەچی: هەبوون مانای (بوونە- لەبەردەم- خۆت) یان خۆ- رەپێشکردنbeing-in-front-of-oneself or self projection مادام مرۆڤ هەبوونە دەبێ بڵێین کە ئایندەگه‌ریی تایبەتکاری مرۆڤە یان ڕاستتر خۆرەپێشکردن زەمینەسازی ئایندە یە، باکبوونی بەوەی ئەو دەبێ ببێ بە چی یەکەم لەحزەی (باك) ه.
2- مرۆڤ خۆی وەك (فڕێدراو) لە جیهاندا دەدۆزێتەوە باکی مرۆڤ لەخۆی وەك فڕێدراو- بۆ ناو- جیهان (کە ئەمە لەحزەی دووەمی باك پێکدێنێ) زەمینە سازی ڕابردووە.
3- مرۆڤ بە لەگەڵ- بوونی (شتەکان لە جیهاندا) و تێوەگلانی لە بایەخدانی تایبەتی (خۆخەریك کردنی) لە جیهاندا زەمینەسازی (ئێستا) پێکدێنێ بەم جۆرە باك سێ لەحزەی زەمەنی هەن: لەحزەی سەرەتایی: ئایندەێتی یە. مادام (باك) بنسازی بنچینەیی مرۆڤە (وەك خۆرەپێش کردن) self-projection لە جیهاندا کە خۆی تێیدا فڕێدراو و خەریکبوو ده‌بینێته‌وه‌، ئەوەی بەدوادا دێ کە مرۆڤ لە بنسازیەکەیدا کاتبەندەtemporal بوونی من هەڵاتنە لە هیچەوە بۆ هیچ کاتێ من فرێدراوی خۆم بۆناو جیهان و پێوەندیم بە جیهانەوە قبووڵ دەکەم. من کاتێ بۆ ئایندە خۆم دەکوتم ڕابردوو و ئێستا دروست دەکەم.
4. جا ئەگەر کێشەی گشتی بوون لە رێگای شیکاری بوونی مرۆڤەوە بەدی بێ و ئەو بوونەش بە شێوەیەکی جەوهەری وەك شتێکی کاتبەند خۆی دەربخا ئایا ئەمە مانای ئەوە نیە کە (کات) ئاسۆی لێکدانەوەی (هەبوون) پێشکەش دەکا؟ ئەم پرسیارە لە بەرگی یەکەمی (بوون و کات) دا وەڵام نەدراوەتەوە.
5- هایدیگەر ئەوە رەت دەکاتەوە کە کۆبەندە شیکارییەکەی ئەو ئەوە بگەیەنێ کە خودا نیە، ئەو لەوتارێکی دا بە ناوی کورتەیەك دەربارەی مرۆڤیاریHumanisms ئەوە دەردەخا کە شیکردنەوەی بوونی مرۆڤ نە بوونی خودا دەسەلمێنێ نە نکولی لێ دەکا ئەمەش مانای (بێباکی) لەم پرسە نییه‌، بەڵام کێشەی هەبوونی خودا لە ئاستی ئەو بیرکردنەوەیەدا کە شیکردنەوەی بوونی مرۆڤی پێدەکرێ ناتوانرێ بخرێتە بەر باس، بەڵکو لە ئاستی (پیرۆز) دا دەشێ ئەمە بکرێ بەڵام مرۆڤی مۆدێرن ئەوەندە سەرقاڵی جیهانە کە ناتوانێ بگاتە ئاستی (پیرۆز) و ئایدیای خودا وەك بیری کۆنەباو بۆی چووە لە هوشیاری مرۆڤ دوورکەوتۆتەوە بەڵام مردنی خودا بە لێکدانەوە مەسیحیەکەی وەك نیچه‌ ڕایگەیاندووە ئەوە ناگەیەنێ کە خودا نییه‌. هایدیگەر دەڵێ فەلسەفەکەی ئەو چاوەڕوانییە بۆ خودا، بۆ دەرکەوتنێکی تازەی (پیرۆز) و کێشەی جیهانیش خۆی لەمەدا دەبینێتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply