بڕیاڕ …ڕزگار لوتفی
… ته‌نیا و چاوه‌ڕوان و سه‌رلێشێواو، له سه‌ر چوارپایهیێکی گوڵمیخکراودا، چه‌شنی ڕه‌گه‌ی دار گوێزێک، که نیوه‌ی له‌شی له ژێر خاکڕا ده‌رکه‌وتووه، له‌وپەڕی ڕووبه‌رێکی چیمه‌ندا و ڕوو به ده‌رگه‌ی جام ڕه‌شی ئۆتۆماتیکی ساڵۆنی فڕۆکهخانهکە، چوارمیلکهم داوه. ده‌ڵێی؛ تاقه دارێکی چه‌ماوه‌ی به ساڵاچووم، هه‌زاران ساڵه ته‌مه‌نم. بێ جووڵه و بێ سرته، سهرپۆپ و پهلهکانیشم نوشتاونه‌ته‌وه وچهناگهیان به ئه‌ژنۆکانمه‌وه نووساندووه، تا ئێستاش بڕیاری سه‌فه‌رێکم نه‌داوه، نه‌ک توانای سه‌فه‌رم نه‌بووبێ، بوومه، دڵم ساغ نه‌بووه‌ته‌وه. دڵهراوکێمه و شوێنه‌که‌م بۆ ده‌ستیشان نه‌کراوه، وابڕیاره ئه‌مڕۆ، دوابڕیار بده‌م. هاتووم خۆم یه‌کلایی بکه‌مه‌وه. زۆرجار که‌وتوومه‌ته به‌ر ته‌وس و توانجی هاوه‌ڵه‌کانم. زۆربه‌یان، چه‌ندین جار چوونه‌ته سه‌فه‌ر و گه‌ڕاونه‌ته‌وه و که منیان دووبارە لێره بینیوەتەوە، پێش ئه‌وه‌ی زمانیان بگه‌ڕێ، له دوورڕا و به تهوسەوه، زهردهخهنهییهکیان هەناردە کردووم. یه‌کیان ئه‌وه‌تانێ، ماندوویی سه‌فه‌ری پێوە دیارە، تۆزاوی و سهروبهرگ شێواو، ده‌ست و پێ سپی، ده‌ڵێی؛ به گه‌چی قوتابخانه، له سه‌ر ته‌خته ڕه‌شه‌که، سه‌ر له نوێ نیگارکێشیت کردووه‌ته‌وه. گومانم نییه جانتاکه‌ی پڕه له دیاری و شتومه‌ک. قورس دیاره و به زه‌حمه‌ت وه‌دووی خۆیدا ڕایده‌کێشێ:
– سه‌فه‌ر سڵامه‌ت، کاکه چیا!
– ئه‌وه هه‌ر لێره‌ی بابان خراو!
– ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌دم له یاد بردووه‌ته‌وه و نابینی له جیا سه‌فه‌ر، دڵم به‌م سمێڵانه خۆش کردووه؟!
– پیاوی چابه کوڕە! به‌وه ده‌ڵێی سـمێڵ، یان ده‌سکه که‌وه‌ر! ها.. بیانگره، ئه‌م کتێبانه‌یان به دیاری بۆ ناردووی؛ هه‌زار توێکانی بۆرخێس، سه‌د ساڵ ته‌نیایی مارکیز، … فۆئێنتێس و یوپاز و خووسێ مارتی و… پێم گوتبوون؛ هاوه‌ڵێکم هه‌یه، هه‌میشه ته‌نیا و چاوه‌ڕوان و سه‌رلێشواو، له ڕووبه‌ڕووی ساڵونی فرۆکه‌خانه‌دا و له سه‌ر چوارپاییهکی گوڵمیخکراودا، ته‌مای سه‌فه‌ری هه‌یه و تا هه‌نووکه‌ش دڵی ساغ نه‌بووه‌ته‌وه بەرەو کوێ بڕوا. ئه‌وانیش به تێکڕایی گوتیان: ئه‌مانه خه‌ریته‌ی سه‌فه‌رن، بیان به بۆهاوهڵهکهت، به‌شکم ڕووه و داڵانی زه‌مه‌ن و به سواری کیسه‌ڵێکی باڵدار بهاژووێ!
له دیارییهکانیڕا، لێت ڕوونه؛ ڤیزای سه‌فه‌ره‌که‌ی ئاراسته‌ی به‌ره و کام مه‌مله‌که‌ته بووه. پاش هەواڵپرسینێکی کەم و کورت، لێت دوور که‌وته‌وه و بوو به تارمایێهک و به ته‌وژمێکی لێڵدا ڕۆچووهوە گه‌رووی زه‌مه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌ستت کرد بۆن و به‌رامه‌ی پیپی ته‌نیاییه‌که‌ی جێ‌ما. له بۆنی؛ ته‌قینه‌وه‌ی هه‌وه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی هه‌ساره‌که‌مان ده‌چێ. نێزیک له بێ و بۆنی باڕووتی چرکه‌ی چه‌خماخه‌ی تفه‌نگی ڕاوچیێ، له کاتی ههوازهنیدا، له‌وانه‌یه به‌م زووانەش نه‌ڕه‌وێته‌وه. بۆن به به‌رگ و لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌کانیانه‌وه ده‌که‌ی، قامکت له سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان، به کاوه‌خۆ ده‌بزوێنی و چه‌شنی سهگورگێ؛ لمۆزی لێ ده‌خشێنی. خۆیه‌تی، بۆنی جگه‌ره به‌ڵگه قاوه‌ییه‌کانی کووبا. ئهستوورهکهیان ده‌نێیته به‌ر سووکه هێزێکی ددانه‌کانت و به تامه‌زرۆییه‌وه دایدهگیرسێنی و ڕووماڵی شهپکهکهت ده‌نێیته پاشه سه‌رت و لاق ده‌خه‌یته سه‌ر لاقت. له سه‌د ساڵ ته‌نیاییدا، نووقم ده‌بی. گیرسانهوهت نییه و ده‌ڕۆی به‌ره و ناخی هه‌زاران ساڵی ته‌نیاییش. ئه‌سڵه‌ن ده‌بێ به ده‌زگیرانت و پێکەوە ده‌چنه سه‌ر ڕووپەڕێکی سههۆڵبەستووی به‌ربه‌رین و وهجووته ده‌که‌ونه سه‌ما. له گه‌رووی گوڵه وه‌نه‌وشه‌ی گڕامێکهوه؛ ژەنینێ دێتە گوێ. ده‌ڵێی؛ له ئه‌زه‌له‌وه ساحێب ده‌زگیرانی. ده‌ڵێی؛ پێکه‌وه، هه‌زاران ساڵه مه‌شقی سه‌ما ده‌که‌ن، چه‌شنی توانەوەی گۆشتی دوو مۆمی هەڵایساو، له نێو یه‌کدا ده‌توێنه‌وه… دواتر، به شه‌قام و کۆڵانه‌کانی ته‌نیاییدا ده‌که‌ویته شوێن پێی؛ گابریل گارسیا مارکیز. لاپه‌ڕه به لاپه‌ڕه و لۆ به لۆ. دهنیشێیته نێو گالیسکه‌ی خه‌یاڵ و به په‌یژه‌ی دووکه‌ڵی بۆنداری تهنباکووی جگه‌ره به‌ڵگه‌که‌دا هه‌ڵده‌زنێی…
– “فڕۆکه‌ی جۆری تۆپۆلۆف، کاتژمێر 12ی پێش نیوه‌ڕۆ، به کاتی ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، له شاری مۆسکۆڕا، تا پێنج خووله‌کی دیکه دێته نیشتن!”
به ده‌م بانگهوازهکهڕا، له گالیسکهکهوە به‌ر ده‌بمه‌وه و ده‌که‌ومه‌وه سه‌ر چوارپایه گوڵمیخکراوهکه. ژاوه‌ژاو و هه‌راهه‌رای سه‌فه‌ره. جارناجارێ و به بێ کۆکه و به‌ده‌م باوه و به ده‌نگێکی زیکهداری ژنانه‌وه، چه‌شنی بێچووه مه‌یموونێک که له پشته ملمه‌وه ئامبازی سه‌ر و کوێلاکم بێ و به مسته کۆڵه به‌ربێته کاسه‌سه‌رم، سه‌رله‌نوێ دهمهێنێتهوه سه‌ر جێی یه‌که‌م و ده‌مخاته‌وه بیری سه‌فه‌ر. تاکوو ئێستاش نه‌متوانیوه بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره، شوێنه‌که‌م ده‌ستنیشان بکه‌م، ئه‌وه‌ش وام لێده‌کا به ده‌نگه زیکهدارهکهی ئه‌م ژنه که‌ڵه‌باب سیفه‌ته، ته‌واوی مووی له‌شم، قنج و قرژ ببنه‌وه. دووباره ڤیززهی نیگام دێ. ده‌ڕوا و له سه‌ر جانتای کۆڵی کیژەڕێبوارێ ئۆقره ده‌گرێت. به موبایله‌که‌ی و به‌ده‌م ڕێوه؛ نوقمی چێته. له سه‌ر شاشه‌که‌ی هاتووه:
“داواکارییه‌ک بۆ سه‌رجه‌م ڕدێن دار و بێ ڕدێنهکانی دونیا؛ سه‌رجه‌می پێتهختهکانم تێکهوهداوه، له مێترۆکاندا ههڵممیزتووه، بوومه‌ته کهڕهناژهنی سه‌کۆی پاپۆڕه‌کان، خهونووچکهم پێ نه‌ماوه بۆ فڕۆکه‌یه‌کی دی، به هه‌ڵۆیی له کلیمانجاروودا بێ نێچییر ماومه‌ته‌وه، قه‌بره کۆنه به ساڵاچووهکانیشم گۆڕهوشارداوه، مه‌خابن مام به‌خته‌وه‌رم بزر کردووه، نه‌مدۆزیوه‌ته‌وه. تکایه؛ هه‌ر ڕدێن دارێ، له هه‌ر شوێنێکی ئاسماندا و هه‌ربێ ڕدێنێکیش، له هه‌ر شوێنێکی زه‌ویدا، وه‌به‌ر چاوتان که‌وت، به‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه، ئیمهیلێکم بۆ هه‌نارده بکه‌ن.
به سپاسه‌وه؛ برازا وێڵەکەی مام به‌خته‌وه‌ر…”
ئانتوان چیخۆف نییه! نازانم، ڕه‌نگه ئه‌ویش بێ. ئه‌وه‌تانێ، نه‌مگوت:
– “چاوه‌ڕوانی، مرۆڤ تووشی ده‌سته‌وه‌ستانی و شپڕێوی ده‌کا. وزەی دیده‌کانی ده‌با و به لهوهڕیش سه‌ر وڕێنه و باو و بالۆره‌ی ده‌خا.”
به چاویلکه بهنداره گردهکانیڕا، به ڕیش و سـمێڵه درشته ماش و برینجیهکانی و کاتژمێرە گیرفانییهکهیڕا، گومانم نامێنێ. جانتاکه‌ی به ده‌ستی ڕاستی هه‌ڵگرتووه. ڕوو له منه و بزه‌یه‌کی ته‌وساوی، سیمای له قه‌رینه ترازاندووه. هه‌نگاوه‌کانی ڕهنجدهرانهن و ده‌ڵێی گوڵمیخن به عه‌رزدا ده‌کوترێن. پاپیۆنه ڕه‌شه‌که‌ی له قایمیان، ڕه‌گی لاملی ماساندووە. فریای خۆ کۆکردنه‌وه ناکه‌وم. به هێما ده‌ڵێ:
– “ئهمانهتیم پێیه”
و دوا دانانی، ڕاده‌بوورێ و ده‌می منیش ده‌بێته ته‌ڵه‌ی ته‌قیو.
”ئهوعاشقی مه‌رگه.. بووریس ئاکوونین، ڕۆحه زیندووکان.. دیمێتری بایکۆڤ، 2017.. ئوولگا ئوسلاونیکوا، مێترۆی2033.. دیمێتری گلۆخۆفسکی و کڵاوی ترسی ڤیکتۆر پۆلوین”ه ئهمانهتیهکهی. له پارچهکاغهزێکدا، له سه‌رووی کتێبه‌کانه‌وه نووسراوه؛ ئه‌مانه خه‌ریته‌ی سه‌فه‌رن، بیان به بۆهاوهڵهکهت، به‌شکم ڕووه و داڵانی زه‌مه‌ن و به سواری کیسه‌ڵێکی باڵدار بهاژووێ.
لێت دوور که‌وته‌وه و بوو به تارمایێهک و به ته‌وژمێکی لێڵدا ڕۆچووهوە گه‌رووی زه‌مه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌ستت کرد؛ بۆن و به‌رامه‌ی پیپی ته‌نیاییه‌که‌ی جێ‌ما. له بۆنی ته‌قینه‌وه‌ی هه‌وه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی هه‌ساره‌که‌مان ده‌چێ. نێزیک له بێ و بۆنی باڕووتی چرکه‌ی چه‌خماخه‌ی تفه‌نگی ڕاوچییهێ، له کاتی ههوازهنیدا. له‌وانه‌یه به‌م زووانه‌ش نه‌ڕه‌وێته‌وه.
ده‌ڕوانیته خه‌ریته‌کان؛ ڕێگاوبانه‌کان، تابلۆی سهردووکانهکان، ئێتیکێتی مروورهکان، ڕێنوێنی سه‌ر شه‌قامه‌کان، کۆڵانه‌کان، ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی داری قه‌نه‌فه‌کان؛ تووسکای ڕووسه. هه‌ویری کاغه‌زی کتێبه‌کان؛ سه‌رڤی ڕووسه… چاویلکه‌که‌ت ده‌که‌یته چاوت. ده‌بیته زهرگهتهییهک و به وشه‌کانه‌وه ئه‌ده‌یت. پیته‌کانیش به‌ده‌ر ناکه‌یت. ماندوو نابی. هه‌دا ناده‌ی. له وشهیهیێ ده‌گه‌ڕێیت؛ که‌وییه و خۆماڵییه. له شوێنگهیێ ده‌گه‌ڕێی؛ له دڵ و ڕۆحتدایه. له سه‌ر پانتایی نه‌خشه‌ی ڕووسیهڕا بۆ شارێکی بچووک ده‌گه‌ڕێی؛ پێشینیان و مێژوو وانان، ناویان ناوه؛
“هه‌ڵه‌بجه…!”