Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

بیری ( ماکس ) دەکەم … فەتاح حەسەن

Be First!
by May 29, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

 

لەنزیك ماڵەوە لە پاس دابەزی، ئاگادارییەکی وێستگەی پاسەکە سەرنجی راکێشا:-

بیری ( ماکس ) دەکەم

لە دوێنیوە لە ماڵ هاتۆتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوە، هەرکەس دۆزییەوە ( سێ سەد کرۆن ) خەڵاتی دەکەم لەگەڵ سوپاسدا بیهێنێت بۆ ئەم ناونیشانە:

ناو ،،،،،،،

ناونیشان …..،

           …….

تەلەفون ……..

لەژێر نوسینەکەدا کچێك وێنەی خۆیو سەگەکەی دانابوو، بەشیوەیەک باوەشی پیاداکردبوو، هەرکەس بیبینیایە هەستی دەکرد، کە چەندی خۆشدەوێت.

کوڕە بەبینینی وێنەی کچەکە، زۆر چوو بە دڵیدا، ناوی کچەکەو ناونیشانو ژمارە تەلەفونەکەی لە مۆبایلەکەیدا هەڵگرت.

هەر ئەو رۆژە بوو بە خولیای چی بکات و چۆن ( ماکس ) ، بدۆزێتەوە.

بە گەیشتنەوەی بە ماڵەوە، چوە سەر کۆمپیوتەرەکەیو لە ( گوگل ) دا نووسی

دەمەوێت سەگێك بکڕم، چەندەها وێنەی سەگ و چەندین شوێنی سەگ فرۆشتن

هاتە سەر مۆنیتەری کۆمپیوتەرەکەی، سەگێکی بینی زۆر لە ( ماکس ) دەچوو.

بۆ سبەینێ چوو سەگەکەی کڕی و بە تەلەفون پەیوەندی کرد بە کچەکەوە.

کچەکە لە خۆشیدا نەیدەزانی چۆن وەڵامی تەلەفونەکە بداتەوە

باشە  بۆ، نا، هەرئێستا وەرن.

لە دەرگای ماڵی کچەکەی دا، کە کردییەوە، پاش ماوەیەك رامان و سەرنجدان  

بە گومانێکەوە، سەگەکەی لێوەرگرت و سێ سەد کرۆنەکەی بە سوپاسەوە دا بە کوڕەکە،

خواحافیزی لێکردو لە دەرگاکە ئاودیو بوو.

لە شوقەکەیدا، دەهات و دەچوو، سەگەکەش لە حەپە نەدەکەوت، هەرچۆنێك بوو ئەو شەوەی بەڕێکرد، بۆ بەیانی لەسەر ئیشەکەی زۆر بیری لە کوڕەکە و سەگەکە دەکردەوە،

چەندەها پرسیار و گومانی لا دروست بوو. کە گەڕایەوە ماڵەوە، یەك دوو جار تەلەفونی لە کوڕەکەوە بۆ کرا، وەڵامی نەدایەوە، بۆ رۆژی دواتر لەسەر ئیشەکەی تەلەفونێکی بۆ کوڕە کرد، دوای چاکو چۆنی، کوڕەکە وتی بۆت دەکرێت، رۆژی شەمە، لە قاوەخانەی سەرسوچەکە، قاوەیەك پێکەوە بخۆینەوە ؟ 

کچەکە رەزامەندی دەربڕی، پاش سێ قاوەخواردنەوەی تر، کچەکە شەمەیەك کوڕەکەی داوەتکرد، بۆ ماڵەکەی خۆی، لەسەر مێزی نانخواردن، کوڕە راستی بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕایەوە، پاشان کچەکە وتی :-

ئەرێ بە راست، پێتنەوتم ناوی خۆت چییە ( عادەتەن لە ئەوروپا مرۆڤ بە ناوی باپیری، کەدەبێتە ناوی خێزانیی دەنسرێتەوە ).

کوڕەکە، سەری داخست و بەشەرمێکەوە وتی ( ماکس ) لەوکاتەدا سەگەکە حەپەیەکی لێوەهات.

 کچەش قاقایەکی بۆکردو، وتی کەواتە ئێستا دوو ( ماکس ) ، لەم هۆڵەدان.

 

 

………….

 

 

نەورەس

 

کردوومە بە پیشە، ئەو رۆژانەی خۆرەتاو بێت، جلی وەرزش لەبەردەکەم و دەچمە مەتبەخەکەم، چی سەمون و نان و هەویرەمەنیی زیادەیە دەیکەمە عەلاگەیەک و روودەکەمە دەریاچەیەك کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە.

دوای ئەوەی خواردن دەدەم بە باڵندە و گیانەوەرە ئاوییەکانی دەریاچەکە، دەست دەکەم

بە وەرزش، دەستمکرد بە عەلاگەکەمدا پارچەیەك کێك هات بەدەستمەوە، خستمە سەر زەوییەکە، سێ چوار نەورەس لەدەورم بە جیکە جیك کۆبونەوە.

لەناکاو دەستێك خرایە سەر شانم، کە ئاوڕم دایەوە، ژنێکی بەتەمەنی دانیمارکی بوو

– کارێکی باش ناکەیت

+ بۆ ..!

 – ئێستاوەرزی زاوزێ یە، ئەو کێکە چەورە کاریگەری دەبێت لەسەر زاوزێیکەیان. دانەوییەوەو هەندێکی خستە زبڵدانەکەی تەنیشتمانەوە، منیش بەدوایدا هەرچی مابووەوە، خستمە هەمان زبڵدانەوە و دەستمکرد بە وەرزشەکەی خۆم.

 

…………..

تێبینی :-  بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانیت

            بابەتێك لەم سایتەدا بخوێنیتەوە بە ناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).

فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگای دانیمارکییە.

 

                                                                         فەتاح حەسەن 

                                                                       دانیمارك/ ڤالبی     

 

Previous
Next

Leave a Reply