Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

بەر لەژیان ساحیرێكى دەلیل ….ئارام پەشێو

Be First!
by February 13, 2009 ئەدەب

 بەر لەژیان ساحیرێكى دەلیل .. ژنێكى ماڵانگەڕ .. رێبوارێك .. نەهاتن مردن لێرە بنێژێت

 لەكاسەى تەمەنى مەحاڵیمدا ..
 هەمیشە خەیاڵى تۆ ڕامووسانێك دەمهەژێنێت !
 زۆر دەترسم سەوڵى كەشتیى شێنەییم نەتگاتىَ ..
 دەترسم سەرابێكى نامۆ لەغەریبیى تۆدا بمخنكێنىَ
 ئەى پەریزادە .. لەشەرحى دارسێوێكدا ..
 پایز هەڵەى خاڵەكانى هێلكە ترووكانى ئەم وەرزەى
 كردە مووژدەى ئەم سەفەرەم !
 لەخەیاڵى مانگرتنى گەڵادا ..
 ئیدى باران عەورەتى دەكاتە میوانى ئەبەدیم و
 پێشكەشى لێوەكانمى دەكات .!
 هەر بۆیە رووخسەتم لەژین خواست و
 تاوێك بەبێدەنگى بوومە میوانى ئەودیوى زیندەگى !
 ئەو بێدەنگییەمان چ ئاشووبێكى بىَ گزنگ بوو ؟
 كە وەك هەتاوێكى نەزۆك هات و
 زامى ئەستێرەكانى ئێرەى قوڵتر هەڵكەند ..!
 لەكەڤاڵى بىَ مروەتیى خۆردا ..
 مانگ هەمیشە هەڵەداوان دەستى تاریكى دەگرىَ و
 ئەستێرەش جاڕى مانگرتن ..
 كچى فەسڵى باران ..
 لەقەدپاڵى ئەو ووتە نەگریسانەى شەرارەى جەنگیان لێدەتكاو
 جەستەى چەرخەكانى عیشقیان دەكردە برینێكى ئەبەدى !
 تۆش .. چیدى لەژیان مەبوورە
 چوون .. لەقەفەسى كاهینێكى بىَ ماڵ و مەعبەددا
 هەموو شتێك هاناى وەبەر ڕووتبوونەوە دەبرد!
 وەك رووخسارى ئەو تەمانەى دەیانووت :
 ئێمەیان هەموو بێگوناه ڕووتكردەوە
 تۆ لەئادەمییەكى ئێستا ناچى
 لەخەیاڵى خاڵیبوونەوەو
 ڕیزكردنى ڕستەكانى شیعرێكم دەچى خۆى وونكردبىَ
 چوون .. لەم وەرزى كۆچباریى شەرمەدا
 شەربەتى حەرفە تەزیوەكانى
 عومرى باڵندەیەك باڵانگێزم نەبووەوە
 كەچى من وادەزانم تۆ هەر ئێستا پڕتاو
 رووەو كونجە وێرانەكەى عیشق سەرێك دەكێشیت ..!
 سا ئەى ئەو دڵەى ساڵەهایە چاوەڕوانتم ..
 لەجوملە پڕ حەزەرەكانى جێهێشتندا
 هەمیشە تۆیەك بەبارتەقاى دووریى خۆت
 دڵى شووشەم دەشكێنى ..
 ئیدى مەرگ كەمێك لەولاى ئەم دەرگایەوە
 چاوەڕوانم دەبێَت و ماتڵى هیچ
 بەر لەژیانمان ساحیرێكى دەلیل .. ژنێكى ماڵانگەڕ .. رێبوارێك
 پێیان نەووتین ئێرە زۆر لەجەهەننەم دەچێت ..
 چوون .. بەر لەمردنمان باخچەیەك نەبوو
 بۆتاوێك ڕاكشان لەنێو گوڵدانەكانى
 بۆیە ئێستاش هەر فێرى زمانى عیشق و گوڵ نەبووین
 من لەدڵى ڕەشى بەفرو هى سپى تۆشدا .. یەك نیگا دەبینم!
 گەرچى دڵۆپێك لەعەترى وونبوون و
 دەریایەك لمى "موحیببەت"م بەسەرداكرا ..
 یەكەم .. تەڕى كردم
 دووەمیش هێدى هێدى خاڵیى كردمەوە لەخۆم !
 لەنێو قەدەرى جێهَێشتنى من و تۆدا وانووسراوە :
 "لەترپەى دڵى ڕامووساومان بۆگێڕانەوەى "با" بۆ ئەم مەملەكەتە
 بۆ كەنارەكانى جێهێشتن و ئۆقرەو
 لەدامێنى هەداى سەوڵى ئەم كەشتییە پڕبارەم
 بڕیارمدا بەشێنەیى لەنگەر بگرم"
 بۆ ئەوەى منیش نە جێتبهێڵم و
 نەجێهشتنیش بكەمە مووژدانەى ئەم سەفەرەم .
 
 ئارام پەشێو
 كەركوك
 زستانى 2000
 

Previous
Next

Leave a Reply