Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

بەنازیر بۆتۆ مەلیکە سابای جیهانی ئیسلامی

Be First!

هەمووکاتێک جیهانی ئیسلامی بەوە تاوانبار دەکرێت، کە ژنان دەچەوسێننەوەو مافی ژنان نادەن. لە ڕاستیشدا  لە جیهانی ئیسلامیدا ، ئەو دەرفەتەی کە بۆ پیاوان ڕەخساوە هیچ کاتێک بۆ ژنان نەرەخساوە. هەندێک بوار هەیە ، وای لێهاتووە کە لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوەو تاکوتەرا ژنێک دەبینین. بۆ نموونە لە بواری سیاسەت و ئابووریدا. زۆر بەدەگمەن ژنێکی سیاسی گەورە دەبینین.
ئالەوکاتەی کە وڵاتی پاکستان بە وڵاتێکی ئیسلامی و توندڕەو دواکەوتوو دادەنرێت. وڵاتێک کە ئیسلام چۆتە ناو هەموو قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵگای پاکستانییەوە. کۆمەڵگایەک کە هێشتا شەریعەتی ئیسلامی و عەشائیری حکومی دەکات. ئالەوکاتەی کە ژنانی پاکستان ، لە خراپترین باری ژیاندا دەژین. ڕۆژانە مافەکانیان لەلایەن پیاوانەوە پێشێل دەکرێت.
کەچی لەناو ئەم دارستانی پیاوانەدا، گووڵێکی بۆنخۆش، ژنێکی قارەمان ، سیاسیەکی بەناوبانگ، شۆشرگێڕێکی گەورە، سەر هەڵدەدات. دیارە ئەویش خاتوو بەنازیر بۆتۆیە.
 ئەم کەسایەتییە یەکێکە لەو کەسایەتییە جیهانییانەی ، کە جێگای تێرامان و سەرنجم بوو. ئەم ژنە لەناو دەوڵەتێکی دواکەتوودا سەریهەڵدا. لەهەمووشی گرینگتر ئەوەبوو، ئەم ژنە خاوەنی دەنگێک بوو، کە زۆر بۆ ئەم وڵاتە شازبوو.
” تەنها دیموکراسی دەتوانێت  ڕزگارمان بکات ، هەربۆیە ئێمە ئامادەین ژیانمانی لە پێناودا بەخت بکەین 1″
 دەنگێک کەداوای پلورالیزم و دیموکراسی و مافی ژنان و کەمەنەتەوەو ئاینییەکانی دەکرد. لەکاتێکدا پیاوانی پاکستان غیرەتی ئەوەیان نەبوودژی عەسکەرییەکان، دژی ئیسلامییە توندڕەوەکان بوەستنەوە، کەچی ئەم ژنە قارەمانە ، بەدەنگی بەرز دژایەتی ئیسلامی و حوکمی عەسکەرتاری دەکرد. ئایا ژنێک هێندە ئازابێت ، کە دەست بۆ شتە بفەکان بەرێت ، شایستە ئەوەنییە هەموو جیهان ڕێزی لێبگرێت؟!. بەدڵنیاییەوە بەڵێ. هەربۆیە بەنازیربۆتۆ لەلایەن جیهانی و  رۆژئاوا بەتایبەتی ، جێگای رێز و شانازی بوو. لەهەموو کۆڕ و مەحافیلە نێودەوڵەتییەکاندا ، پیاوانی رۆژئاوا بەوپەڕی حەماسەتەوە گوێیان بۆ دەنگی ناسکی ئەم ژنە جوان و قارەمانە دەگرت.
بەنازیر بۆتۆ لە 21 ی ژوانی 1953  لە دایک بووە و لە 27 دیدسەمبەر2007 تیرۆر کراوە. 2. بەنازیر بۆتۆ کچی سیاستەمداری گەورەی پاکستانی ذوالفقار عەلی بۆتۆ بووە. باوکی  دامەزرێنەری پارتی گەلی پاکستانی بوو. ساڵی  1977 لەلایەن سووپا سالاری پاکستانی موحەمەد زیا الحق ، کودەتای بەسەردا دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە. پاشان لە 4 ئەپریلی 1979 لە سێدارە دەدرێت. ذو الفقار عەلی بۆتۆ بە باوکی ئەتۆمی پاکستانی دادەنرێت، ئەو یەکەمین سیاسەت و پلانی بۆ چەکی ئەتۆمی پاکستان داڕشتووە. کەچی  پاشتر لەلایەن سووپای پاکستانییەوە لە سێدارە دەدرێت3!.
بەنازیر بۆتۆ لە هەردوو زانکۆی ناوداری جیهان ، ئۆکسفۆری بەریتانی و هارڤاردی ئەمریکی   خوێندویەتی . ساڵی 1971 بەهۆی جەنگی پاکستان و هیندستان، واز لە خوێندن دەهێنێت و لەگەڵ باوکیدا دەچێت بۆ نیۆرک ، وەکو شاندی پاکستانی بۆ ئەوەی ووتوێژ لەگەڵ هیندستان بکەن. ئەوکاتە شەری پاکستانی ڕۆژهەڵات” بەنگلادیش” سەریهەڵدا. پاش ئەم شەڕە  پاکستان دەسەڵاتی بەسەر پاکستانی رۆژهەڵات نەماو، وڵاتی بەنگلادیش  سەربەخۆیی خۆی دەستکەوت. دیارە ئەویش بە پشتگیری وڵاتی هیدنستان.
لێ پاشان بەنازیر بۆتۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئۆکسفۆرد و خوێندن تەواو دەکات. پاش ئەوەی ساڵی 1978 جەنەڕال موحەمد زیا الحق کودەتا بەسەر باوکیدا دەکات و پاشان لەسێدارەی دەدات، هەموو بنەماڵەکەشی لەماڵەکەی خۆیان زیندانی دەکات. لێ پاشان لەهەموو جیهاندا هەڵمەتێکی گەورە دەکرێت ، بۆئەوەی بنەماڵەی بۆتۆ ئازادبکرێن.
ساڵی 1984 دەبێتە سەرۆکی پارتی گەلی پاکستانی. جێگای گووتنە سەرەتا پارتی گەلی پاکستانی ،خۆیان بە پارتێکی چەپ دادەنا و زیاتر بە بیری ماویزیم موعجیب بوون. لێ پاشان بە حکومی بوونی کولتورێکی ئیسلامی توندڕەو ، هەروەها بە حکومی ئەوەی پاکستان خۆی بە دۆستی ئەمریکا دادەناو ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکی لەم وڵاتەدا دەبینی ، ناچار خۆیان کردە پارتێکی لیبڕاڵی. لەهەمانکاتیشدا ئەم پارتە زیاتر خۆی لە ناوچەکانی بنجابدا دەبینیەوە. لێ بەنازیر بۆتۆ توانی بیکاتە پارتی هەموو پاکستانییەکان.

عەسکەر کێشە گەورەکەی پاکستان /
یەکێک لە کێشە هەر گەورەکانی وڵاتی پاکستان ، بوونی دەزگایەکی گەورەی سەربازییە لەم وڵاتەدا. ئەم دەزگایە هەر لەگەڵ دروستبوونی پاکستانەوە، ڕۆڵی بەسەر هەموو دەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگای پاکستانیدا هەیە. لەلایەکی تریشەوە ئەم دەزگایە لەلایەن ئەمریکا و عەرەبستانی سعودیەوە پشتگیری دەکرێت. ئەم دەزگایە گەورەترین ترسە بۆ سەر ژیان دیموکراسی و پێکەوە ژیان و ئاشتی و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە.  هەر کاتێک دەزگای سەربازی زانیبێت کە هەوڵیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ، یەکسەر تانکی هێناوەتە سەر شەقام و کودەتای بەسەر حکومەتی دیموکراسی کردووەو ژیانی پەرلەمانی و دیموکراسی لەناوبردووە.
جێگای گووتنە گەورەترین قووربانی ئەم دەزگایەش ، پارتی گەلی پاکستان بووە. یەکەمجار سەرۆکەکی ( باوکی بەنازیر بۆتۆ) لەسێدارە دا، پاشان بەنازیر بۆتۆش لە حوکم لابرا و ئاوارەی دەرەوەی وڵات کرا.
دەزگای سەربازی پاکستان ، هەمووکاتێک هاوپەیمانێکی سیاسی هەبوو، کەئەویش پارتی رابیطەی ئیسلامی بوو. لێ پاش ئەوەی ئەم پارتەش بە سەرۆکایەتی نەواز شەریف وویستی ڕۆڵی سووپا کەم بکاتەوە، ئەوەبوو کودەتای بەسەر ئەمیشدا کردوو، ساڵی 1998 جەنەڕاڵ پەروێز موشەرەف کودەتای بەسەر نەواز شەریف داکردو خستییە زیندانەوە. لێ وەکو ذو الفقاری باوکی بەنازیر لە سێدارە نەدرا ، بەڵکە پاش ماوەیەک لە زیندان دەریانکردوو چوو بۆ عەرەبستانی سعودی.

رابیطەی ئیسلامی نەیارێکی سەرسەخت
گەورەترین نەیاری پارتی گەلی پاکستانی و بەنازیر بۆتۆ ، پارتی رابیطەی ئیسلامیی بووکە نەواز شەریف ڕابەری دەکرد. ئەم پارتە هەمووکاتێک ئامادەبووە لەدژی بەنازیر بۆتۆ و پارتی گەلی پاکستانی ، دەستیخۆی تێکەڵی عەسکەر بکات ، بۆ ئەوەی کۆتایی بەوان بهێنێت. لەهەمانکاتیشدا بە ناشرینترین شێوە، هەڵمەتییان دژی بەنازیر بۆتۆ و خێزانەکەیی و پارتەکەی دەکرد. رابطەی ئیسلامی وەکو نۆکەرێکی سعودی ، هەمووکاتێک ئامادەبووە خزمەتی سیاسەتەکانی عەرەبستانی سعودی بکات . هەر لە رێگای ئەم پارتەشەوە ، بیری ئیسلامی توندڕەوی و وەهابییەت بەناوی پاکستاندا بڵاوبووەیەوە.

پیاوێکی لاواز لە پشت ژنێکی بەهێزەوە
ناپۆلیۆن دەڵێت :

” لە پشت هەر پیاوێکی بەهێزەوە ، ژنێکی بەهێز هەیە”.
لێ ئەم قسەیە ژنان ناگرێتەوە. کاتێک سەیری ژیانی بەنازیر بۆتۆ دەکەیت ، دەبینێت پیاوێکی لاواز ، کەهەمیشە کێشەی بۆ ژنەکەی ناوەتەوە هەبووە.  ئاسیف عەلی زەردای لە خانەوادەیەکی ناوداری کراتشی لە 26 یونی 1956 لەدایک بووە. باوکی یەکێکە لە دامەزێنەرانی یەکەمین قووتابخانە لە کراتشی. ساڵی 1987 لەگەڵ بەنازیر بۆتۆ ژیانی خێزانی پێکەوە دەنێن . هەمووکاتێک زەردای بەکەسێکی ساختەچی، گەندەڵ، پیاوکوژ تۆمەتبار دەکرێت.
لەگەندەڵیدا یەکەمە. هەر بۆیە پاکستانییەکان بە میستەر ( 10%) ی ناودەبەن. چونکە هەر کۆمپانییەک کارێکی بکەوتایەتە حکومەت ، دەبوایە ڕێژی 10% بداتە زەردای4. لە ساڵی 1990 پاش ئەوەی بەنازیر بۆتۆ لەسەرۆک وەزیرانی نەما، پۆلیسی پاکستانی زەردای گرت. لەوکاتەدا تۆمەتی گەندەلی و بەرتیلی خرایە پاڵ. بەپێی قسەکانی ئۆپۆزسیۆنی پاکستانی، زەردای و بەنازیری خێزانی، زیاتر لە 1،2  ملیارد دۆلاریان دزیوە. ساڵی 1993 کاتێک بەنازیر بۆتۆ دەبێتە سەرۆک وەزیران، زەردای ئازاد دەکرێت. لێ پاش ئەوەی ساڵی 1996  بەنازیر بۆتۆ حکومەتەکەی دەرووخێت و نەواز شەریف دێتە سەرکار، جارێکی تر زەردای دەگیرێتەوە. ئەمجارە جگە لە تۆمەتی گەندەڵی، تۆمەتی کوشتنی براکەی بەنازیر بۆتۆ ، مورتەزا دەخرێتە پاڵی.
جێگای گووتنە براکەی بەنازیریش وەکو مێردەکەی سەرئێشەی گەورەی بۆ دەنایەوەو ئەویش هەمووکاتێک خۆی بە سەرۆکی پارتی گەل دادەنا و خۆی بە شایستە تر لە خوشکەکەی دەزانی، بۆ ئەوەی جێگای باوکی بگرێتەوە.
ساڵی 2002 کاتێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان کرا، دەبوایە ئەندام پەرلەمان خاوەنی بروانامەی جامعی بێت. زەردای شەهادەیەکی ساختەی جامعی بۆ خۆی دروستکرد. پاشتر دەرکەوت کە شەهادەکەی ساختەیە.
کاتێک بەنازیر بۆتۆ شەهیدکرا. لەناوپارتەکەش کەس ڕازی نەبوو، ئەم پیاوە ببێتە جێگری بەنازیر. وەکو  چارەسەرێکی کاتی، ئەم کرا بە سەرۆکی پارتەکە هەتا کوڕە گەورەکەی بەنازیر خوێندن تەواو دەکات و جێگای دایکی بگرێتەوە.
جێگای گووتنە لەدەرەوەی پاکستانیش زەردای خۆشەویست نییە، بۆ نموونە بەپێی بەڵگەنامەکانی سایتی ویکیلیکس ، مەلیکی عەرەبستانی سعودی زەردای بە سەری هەموو خراپەکارییەک وەسف کردوو5.
لەبەر ئەوە من دەڵێم :
” لە جیهانی ئیسلامیدا، لەپشت هەر ژنێکی بەهێزەوە، پیاوێکی لاواز هەیە”

یەکەمین ژن لە جیهانی ئیسلامیدا دەبێتە سەرۆک /

ساڵی 1988 بۆ یەکەمینجار لە مێژووی جیهانی ئیسلامیدا ، ژنێک توانی ببێتە سەرۆکی وڵاتێکی ئیسلامی. پاکستان گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە. لەهەمانکاتیشدا  ئەم وڵاتە بە دایکی ئیسلامی توندڕەوی و تیرۆری ئیسلامی دادەنرێت.
لێ بەنازیر بۆتۆ توانی لەناو ئەم جەنگەڵەدا ، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بۆ یەکەمینجاریش لە مێژووی پاکستان و جیهانی ئیسلامیدا، ژنێک ببێتە سەرۆکی حکومەتێکی دیموکراسی. ڕاستە باوکی و بنەماڵەکەی رۆڵی سەرەکیان لە سەرکەوتنی ئەم ژنە هەبوو، لێ نابێت زیرەکی و ئازایەتی و قارەمانی ئەم ژنەش ژبیر بکەین.
بەنازیر بۆتۆ وەکو گوڵێکی بۆنخۆش  وابوو لە ناو جەنگەڵێکی دڕکاویدا. دەنگێکی ناسک توانی لەناو کۆمەڵێک دەنگی گڕو ناشریندا دەربکەوێت.  ئەم ژنە بوو بەهاندەرێکی گەورە بۆ هەموو ژنانی جیهانی ئیسلامی ، کەچیتر تەسلیمی واقعی ناخۆش و چەوساوەی خۆیان نەبن. ئەم ژنە توانی ببێتە مامۆستایەک بۆ هەموو ژنانی گێتی ئیسلامی . لەبەر ئەم هۆیەش جیهان و رۆژئاوا بەتایبەتی زۆر ڕێز لەم ژنە دەگرن.

ئایا بەنازیر بۆتۆ کورد بووە؟!

لەماوەی پێشوودا قسەیەکی زۆرکرا ، لەبارەی ئەوەی کە ئەم ژنە کورد بووە. کاتێک لە سایتی ویکیپێدیا و چەند سایتێکی ئەڵمانی  سەیری ژیاننامەی بەنازیر بۆتم کرد ، نووسراوە کە دایکی بەنازیر (  نەسرەت ئەسفەهانی)  کوردی ئێرانە6. خۆشی لەیەکێک چاوپێکەوتنەکانیدا دانی بەمەدا نابوو. بەڵام سەیر لەوەیە ، سایتی ویکیپێدیا بەشە عەرەبی وفارسیەکەی ناڵێن کوردە ، بەڵکە دەنووسن کە خەڵكی ئێرانە.
لێ پاش بە دواچوونی خۆم ، بۆم دەرکەوت کە دایکی کچی یەکێک لە بارزگانە کوردەکانی ئێرانەو، پاشان لە کراتشی شووی بە ذوالفقار بۆتۆ کردووە. لێ ئەم ژنە هیچ شتێکی وای بۆ کورد و کێشەکەی نەکردووە.

دەمەوێت ببمە مەلیکە سابای جیهانی ئیسلامی /

لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ رۆژنامەی ” الشروق” میسری ، بەنازیر بۆتۆ دەڵێت :
“دەمەوێت ببمە مەلیکە سابای جیهانی ئیسلامی 7”
بەنازیر بۆتۆ خەونێکی زۆری هەبوو، کە ببێتە رابەرێکی مەزنی گێتی ئیسلامی . لەهەمانکاتیشدا دەیویست ژنانی وڵاتەکەیی و گێتی ئیسلامی ئازاد بکات . لێ بەداخەوە ئەم خەونەی نەهاتە دی.

کێ لە پشت کووشتنی بەنازیر بۆتۆوەیە  /

دیارە بەنازیر بۆتۆ پاش ڕێکەوتنێک لەگەڵ سەرۆکی پاکستانی پەروێز موشەرەف ، ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە بۆ پاکستان. لێ ئەم ژنە زۆر  دوژمنی هەبوون . لە پێش هەمووشیانەوە دەزگای سەربازی و ، باڵە ئیسلامییە توندرەوەکان . ئەویش لەهەموو شوێنێکدا دژی  هەردووکیان دەوەستایەوە. هەروەک گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانی دەڵێت:
ئەم ژنە ئازایەتییەکی گەورەی هەبوو کاتێک دژایەتی عەسکەرو ئیسلامییەکانی دەکرد، لەحالەتێکدا پیاوان ئەم ئازاییەتییەیان تێدانەبوو8″.
دیارە خۆشی باش دەیزانی کە دوژمنەکانی هەروا بەئاسانی وازی لێ ناهێنن.
لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری ” پاریس ماچ” ی فەرەنسی گووتی :
من دەزانم کێ بەتەمای کوشتنی منە9″

banazirBotu2_200592759.jpg
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگەمایندە تسایتوونگی ئەڵمانی ، ئەو کەسانەی کە بەنازیر بۆتۆیان تیرۆرکردووە، خەڵکانی پسپۆر و پیاوکوژو  لێزان بوون10.
خاڵێکی تر کەلە کوشتنەکەیدا جێگای تێڕامانە، ئەویش ڕێکخراوی قاعیدەو بن لادنە. بۆتۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی بی بی سی ئینگلیزی . لە رۆژی  02.11.2007  دەڵێت :
“ئوسامە بن لادن لە لایەن ئەمریکاوە  ساڵی 2007 کوژراوە11”
پاش مانگێک لەم چاوپێکەوتنەی خۆشی شەهید دەکرێت. ئەم قسەیەی بۆتۆ قسەو باسێکی زۆری لە جیهاندا دروستکرد. راستە بۆتۆ  زۆر دژایەتی قاعیدەی دەکرد، هەروەها ڕاستیشە کە قاعیدە دانی بە کوشتنی  بۆتۆ ناوە. لێ کوشتنەکەی هەتاوەکو ئەمرۆش جێگای لێکۆڵینەوەو بەدواچوونە، چونکە زۆر خاڵی شاراوەو نهێنی لە دۆسیەی کوشتنەکەیدا هەیە.

لەکۆتاییدا دەبێت ئەوەبڵێم ، کە بەنازیربۆتۆ یەکێکە لە کەسایەتییە مەزنەکانی جیهان بە گشتی و جیهانی ئیسلامیش بەتایبەتی. ئەم ژنە توانی لەناو پیاوستانی گێتی ئیسلامیدا، وێنەی ژنێکی قارەمان پێشکەش بە جیهان بکات. هەربۆیە پێویستە ئێمەی کوردیش زیاتر گرینگی و بایەخی بە ژیان و خەباتی ئەم ژنە قارەمانە بددەین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

——————————————–

سەرچاوەکان :

1.    Benazir bhutto. Geliebt.bewundert.verhasst.www.Spiegelonline.de.27.12.2007
2.    Benazir bhutto.www.Wikipedia.orge,Deuts
3.    هەمان سەرچاوە.
4.    جمیل مطر.المأساة الباکستانیة.سیرة عائلة و قدر أمة. جریدة الشروق.12 اغسطس .2010.
5.    ئەردەڵان عەبدوڵڵا. سایتی ویکیلیکس چییە. گۆڤاری واتە ژمارە 5
6.    Nasrat esfahani. .www.Wikipedia.orge,Deuts
7.    سایتی عرب تایمز.  بنازیر بوتو
8.    Benazir bhutto. Geliebt.bewundert.verhasst.www.Spiegelonline.de.27.12.2007
9.    www. Tages spiegel.de19.10.2007
10.    .wer  toetete Benazir bhutte.www.Faz.net.30.12.2007
11.    کەناڵی بی بی سی. 02.11.2007

Previous
Next

Leave a Reply