Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

تۆ لەوسەرى ژیانەوە هەڵدەوەریت

Be First!
by August 11, 2008 ئەدەب

 تۆ لەوسەرى ژیانەوە هەڵدەوەریت
 رێبوار رەزا چوچانى
 
 تۆ لەوسەرى بەستەڵەكەكانى ژیانەوە
 نیگا بەرەو پەڵە هەورێكى نادیار دەكەیت.
 تۆ لە رەنگى سەرابێكى دور و
 لە هەناسەى گۆرانییەكەى خنكاو دەچیت
 كە لەناو گەرووى سەربازێكى كوژراودا
 گۆرانى دەڵێت بۆ ژیان.
 تۆ لە رۆحى وشەیەك و
 لە خەندەى سەر لێوى گەڵاى درەختێكى كڵۆڵ دەچیت لە رووتەنى چیایەكدا.
 كە باى مەرگێك دەیوەرێنێت.
 
 *  *  *
 
 لەو ساتەدا هەڵدەوریت
 كە ژیان خەندەیەك دەگرێت بەرەو مەرگێكى وێڵ و ون.
 كە رۆحى تینوى هەڵاڵە
 بە دواى رۆحى سێبەرێكى بێ زمان و
 بە دواى یەكەم شەقەى باڵى ئاوابوون و
 بە دواى شوێن پێى بەجێماوى
 ئەم رێبوارە بێڕێگایە دەگەڕێت و
 خۆى دەداتە دەست قەدەر و
 ئیتر ژیان دەیسپێرێت بە تەنیایى و هەڵدەوەرێت……..
 
 *  *  *
 
 لەو ساتەدا هەڵدەوەریت
 كە چرۆى سەوزى درەختێك
 بە گیتارى رەشەبایەك
 ئاوازى تەنیایى دەچڕێت…
 كە رۆحى وێڵى گەڵایەك
 لە بەرانبەر مەرگى هەتاو
 یەخەى زەردهەڵگەڕاوى خۆى دادەدڕێت و هەڵدەوەرێت..
 
 *  *  * 
 
 ئیتر ژیان…
 پڕت دەكات لە تەنیایى
 تەنیایى رۆحت دەخوات و هەڵدەوەریت.
 ئیتر ژیان…
 پڕت دەكات لە نامۆیى
 نامۆیى دەتكاتە پەیكەرێك و هەڵدەوەریت.
 ئیتر ژیان…
 خۆزگەكانت لێدەستێنێ و ژمارەیەكت دەداتىَ!
 ئیتر ژیان…
 گومانەكانت دەبات و سنەوبەرێكت دەداتىَ!
 ئیتر ژیان…
 مناڵییەكانت دەبات و حەیزەرانێكت دەداتىَ!
 ئیتر ژیان…
 خەونەكانت دەبات و خۆڵەمێشى جگەرەیەكت دەداتىَ!
 
 *  *  *
 
 لەو ساتەدا هەڵدەوەریت
 كە دەتبینم لە ناو رۆحى سنەوبەرێك.
 وێڵى بە دواى چرۆى سەوزدا و نایدۆزییەوە.
 لە ناو دەمى كانییەكى ئەو بنارە.
 قومێك ئاوت دەست ناكەوێت
 لێوەكانتى پێ تەڕپۆشكەیت.
 كەچى هەزاران روبار لە بەرپێتا شەپۆڵ دەدەن.
 
 *  *  *
 
 لەو ساتەدا هەڵدەوەریت
 كە لە ناو سنگى ئاسماندا
 وێڵى بە دواى بۆشاییدا.
 چنگێك هەورت دەستناكەوێت
 بیكەیتە پەیكەرى رازێك.
 ئەستێرەیەك نادۆزییەوە
 بیكەیتە چراى سەر رێگات.
 ئۆقرەیەكت دەست ناكەوێت
 لە تەنیشتی ئارام بگری و هەڵدەوەریت!
 
 *  *  *
 
 لەو ساتەدا هەڵدەوەریت
 كە بە رووتى لە كەنارى جەستەى مندا
 پەتپەتێن بە زوڵفت دەكەیت.
 ئیتر ئاهێك دەستت دەگرىَ و
 دەتبات بەرەو رووى هەڵوەرین.
 ئیتر خەمێك دەستت دەگرىَ و لێتناگەڕىَ
 تا دەتخاتە ناو زوڵمەتێك.
 تۆ لەوێدا…
 رۆحى وەریوت دەبینى
 باسى قومارخانەكانى ژیان دەكات.
 تۆ لەوێدا…
 رۆحى وەریوت دەبینى
 باسى دەڵاڵخانەكانى عیشق و
 كۆتابوونى مرۆڤ دەكات.
 
 *  *  *
 
 تۆ لەوێدا هەڵدەوەریت
 لەو باخچەدا هەڵدەوەریت
 كە گوڵ لە شەقەى باڵ دەدات.
 پەپولەش بەدیار وەرینى باڵەكانى
 سەماى وەرین سەراپاى جەستەى جۆش دەدات.
 لەو باخچەدا
 رێبوارێكى ماندووى وەریو.
 بە دیار وەرینى رۆحتەوە
 پرسەى وەرینێك دەگێڕێت.
 تا ئەو كاتەى رۆحى ئەویش هەڵدەوەرێت.
 
 *  *  *
 
 وەرین لە ناو رۆحى تۆدا
 گەمەى چارەنوسێك دەكات.
 كە بە دیار نوێژى رییاوە
 بەرماڵێك لە رۆح دەچنێت و
 دەیدات بە خواوەندى وەهم.
 
 *  *  *
 
 وەرین لە ناو رۆحى تۆدا
 نیگارى وەرزێك دەكێشێت.
 كە خەزان رۆحى ئەوینە و
 عیشق خوداى تێكشكانە.
 مرۆڤ كۆیلەى هەوەسێكە و
 غەرقى ناو ئاخ هەڵكێشانە.
 
 *  *  *
 
 وەرین لە ناو رۆحى تۆدا
 ئاخێكى ونبووى دواى رەنگە.
 وەرزێكى پڕ تەرمى گەڵا و
 پرسە گێڕێكى بێدەنگە.
 وەرین لە ناو رۆحى تۆدا
 خودایەكە لە عەرشى وەهم………
 
 
 هەولێر …..  6 -7- 2008
 
 
 
                                          rohani1983@gmail.com                      
 
 

Previous
Next

Leave a Reply