Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

خه‌ڵک فریودان ئیتر به‌سه‌!…. عوسمان_ م

Be First!
by February 22, 2008 گشتی

ئاراسته‌ی هوشیاری و خۆناسی و دۆست و دۆژمن ناسیی میله‌تی کورد رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و زیاتر‌ گه‌شه‌ کردن و روو له‌ خێراتر چونه‌. خوێنده‌نه‌وه‌ی مێژوی راسته‌قینه‌ی که‌ساێه‌تیه‌کان و حیزبه‌ ناسیونالیست-ئیسلامیسته‌کانی کورد له‌ لاێه‌ک، وه‌ له‌ لاێه‌کیتره‌وه‌ ته‌جره‌به‌ی 18 ساڵ حاکمیه‌تی ئه‌م حیزبانه‌ به‌ کردوه‌ له‌ کوردستانی عێراق که‌ نزیک به‌ یه‌ک سه‌ده‌ێه‌ کورد خه‌ونی پێوه‌ ده‌دی و سه‌ر و‌ ماڵی خۆی له‌م پێناوه‌دا به‌خشی، وه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و بێ ئاسۆیی زیاتر هیچی به‌ده‌ست نه‌هێنا، هۆکاره‌کانی ئه‌م ره‌وته‌ نوێ و روو له‌ گه‌شه‌ێه‌ن‌.
ته‌جره‌به‌ی له‌مێژینه‌ و به‌ تایبه‌ت 18 ساڵ حاکمیه‌تی ناسیونالیست-ئیسلامیستی کورد له‌ باشوری کوردستان، که‌ بێره‌حمانه‌تر و زاڵمانه‌تر و هه‌لپه‌ره‌ستانه‌تر له داگیرکه‌رانی کوردستان معامه‌له‌ێان له‌گه‌ڵ میله‌تی خۆێان کرد، ده‌رسی زۆر گرانماێه‌ی خسته‌ به‌رده‌ست جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی کوردستان. له‌ لاێه‌ک ده‌رسی تێگه‌یشتن له‌ بێ ناوه‌رۆک بونی درۆشمه‌کانی ئه‌م حاکم و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستای کوردستان له‌ کاتی خه‌باتدا، ده‌رسی ئه‌وه‌یکه‌ تنیا کوردایه‌تی و خه‌بات بۆ نیشتمان هه‌مو شتێک نییه‌، ده‌رسی زیندان و شکه‌نجه‌، گه‌نده‌ڵی و تاڵان کردنی سامانی میله‌ت به‌ ناوی میله‌ت و کورداێه‌تی. وه‌ له‌ لاێه‌کیتروه‌، ده‌رسی خۆ ناسی و دوست و دۆژمن ناسی! ده‌رسی هۆکاره‌کانی شکست و فه‌شه‌ل هێنانه‌کانی خه‌باتی خوێناوی و بێ ئاکام، ده‌رسی هه‌وڵدان بۆ خۆ رێکخستنێکی نوێی هوشیارانه‌، ده‌رسی تێک شکاندنی بۆت و بۆتخانه‌کانی دینی و که‌س په‌ره‌ستی! وه‌ هه‌روه‌ها  ده‌رسی چۆن بنیاد نانی بزوتنه‌وه‌ێه‌کی پۆخت و کارامه‌ بۆ پێک هێنانی کۆمه‌ڵگاێه‌کی عادل و ئازاد له‌ کوردستان.
زه‌روره‌تی ئاوا بزوتنه‌وه‌ێکی هه‌ستیارانه‌ و هۆشیارانه‌ تێکرای ئازادیخوازان و نوسه‌رانی دڵسۆز و پێشکه‌وتنخواز، ئه‌دیبان و یه‌کسانیخوازان، تێکوشه‌رانی به‌وه‌فای درین و به‌ گه‌شتی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی کوردی ناچار کردوه‌ که‌ بێنه‌ مه‌یدان و ئه‌رکی خۆێان بۆ داهاتوێه‌کی گه‌ش و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ شه‌فاف و دڵنیا به‌ جێ بێنن. به‌ هه‌مان شیوه‌ بۆ دیسان به‌لارێدا بردن و تێکدانی ئه‌م ره‌وته‌ نوێه‌ی میله‌تی کورد و نا ئو‌مید کردنی تێکۆشرانی، دۆژمنان و هه‌لپه‌ره‌ستانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش به‌ هه‌مو  شیوازێک که‌وتونه‌ خۆ. هه‌روه‌ها که‌سانێکی ساده‌ و ساکار که‌ له‌ پاکی و دلسۆزی خۆیانه‌وه‌ سه‌یری رواڵه‌تی مه‌سه‌له‌کان ده‌که‌ن، هه‌ر که‌سێک بلێ کوردم و هه‌مومان کوردین و خراپه‌کانیش به‌ره‌به‌ره‌ چاک ده‌بن، ده‌توانن له‌ هه‌لپه‌ره‌ستان و دۆژمنان زیانبارتر بن، هه‌ر وه‌ک بون.
لێره‌و له‌وێ، له‌ بابه‌ته‌کانی سایته‌ ئێنتێرنه‌تیه‌کان، پاڵتالک و رادیو و رۆژنامه‌کان ئه‌م جۆره‌ هه‌ست و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌بینرێ. کاتێک به‌رپرسانه‌ و بێ لاێه‌ن کارنامه‌ی که‌ساێه‌تی و حیزب و ره‌وته‌ ده‌خیله‌کان و بریار به‌ده‌ستانی بزوتنه‌وه‌ شکست خواردوه‌کانی میله‌تی کورد ده‌که‌ین، ئاکامه‌ زیانباره‌کانی ئه‌م جۆره‌ هه‌ست و هه‌لوێستانه‌ به‌ رونی ده‌بینین. به‌ درێژایی مێژوی خه‌باتمان بۆ یه‌ک جاریش رێبه‌ران و سه‌رانمان نه‌خسته‌ ژێر پرسیار و لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌ر دۆژمنانی ده‌ره‌کیمان تاوانبار کرد، وه‌ له‌ هه‌ڵه‌  و خه‌ێانه‌تی که‌سان و سه‌ران چاوپۆشیمان کرد. سه‌ران و رێبه‌رانیش له‌م هه‌سته‌ بێ ماناو ساویلکانه‌ێه‌مان ئه‌وپه‌ری که‌لکیان وه‌رگرت که‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌.
سه‌ران و رێبه‌رانی ناسیونالیست- ئیسلامیستی کورد هه‌میشه‌ خه‌باتی ئه‌م میله‌ته‌ێان بۆ قازانج و به‌شه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆێان به‌کار هێناوه‌، هه‌میشه‌ میله‌ت له‌ دوای هه‌ر شکستێک ده‌ستی داێه‌وه‌ خه‌بات و رێبه‌ران درۆێان له‌گه‌ڵ کرد. ئاکامه‌که‌شی ئه‌وه‌ێه‌ که‌ میله‌تێک که‌ رێبه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی درۆزن و ده‌غه‌ڵکار و هه‌لپه‌ره‌ست بن، دیاره‌ خه‌ڵکه‌که‌شی توشی ئه‌م ویروسه‌ ده‌بێ و له‌ ئاکامدا هه‌م میڵه‌ت و هه‌م کولتوره‌که‌شی گه‌نده‌ڵ و بێ که‌ڵک ده‌بێ له‌ نیهاێه‌تدا  ده‌توێته‌وه‌.
که‌سانێک که‌ راستیه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌کانی وه‌ک گه‌نده‌ڵی، حه‌یف و مه‌یل کردنی سامانای میله‌ت، به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی خورافه‌ و کۆنه‌په‌ره‌ستی به‌ ناوی باوه‌ری خه‌ڵک، خزمه‌ت و نۆکه‌ریی سه‌ران به‌ ده‌وڵه‌تانی فاشی و شوڤینی ناوچه‌که‌ و زلهێزه‌کان که‌ تائێستا کوردیان وه‌ک ئامراز به‌کار هێناوه‌ پاساو ده‌که‌ن و ملجه‌ملجی بۆ ده‌که‌ن، هۆکاری سه‌رکیی بێده‌نگ بونی خه‌ڵکه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سرانی هه‌لپه‌ره‌ست.
که‌سانێک که‌ راستیه‌کان و ئاکامی زیانبار و تێکده‌رانه‌ی نه‌ریته‌ خورافی و که‌س په‌ره‌ستیه‌کان به‌ باشی ده‌ناسن و لێی ئاگان، به‌ڵام له‌ باس و هێنانه‌ گۆریان یان خۆ ده‌پارێزن و یان به‌ هه‌زار مه‌لجه‌ملج و مسه‌مس کردن پاساوی ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن راستیه‌کان له‌ ناو ته‌م و مژ و درۆ و ئه‌ملاو ئه‌ولا پێکردندا دایپۆشن، ئه‌م که‌سانه‌ له‌ دۆژمنان و خودی خه‌ێانه‌تکاران نه‌ک هه‌ر زیانبارترن، به‌ڵکوو تاوانبارترن.
که‌سانێک که‌ ده‌ێانه‌وه‌ به‌ ناوی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌ و هه‌رچیه‌ک نه‌بێ کوردین، له‌بری روخاندن ره‌خنه‌ بگرین، له‌بری توندوتیژی داوای ریفورم بکه‌ین، ته‌نیا ده‌توانن خۆێان و خاڵکانێکی ساویلکه‌ فریو بده‌ن. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ وه‌ک میراو هه‌مێشه‌ ئاو به‌ ئاشی هه‌ڵپه‌ره‌ستان و دۆژمنانی ره‌نگاه‌ره‌نگدا ده‌که‌ن و ده‌ستی تاوانباران بۆ به‌رده‌وام بونیان له‌ هه‌لپه‌ره‌ستی و تالانی میله‌تی کورد به‌ ناوی کورده‌وه‌ زیاتر ئاواڵه‌ ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر دڵسۆزی و کورد خۆشویستن و نیشتمان په‌روه‌ری نییه‌، به‌ڵکو گێلی و چه‌واشه‌ کردنی میله‌ته‌.
له‌بری ئه‌م شیوازه‌ زیانباره‌ ده‌بێ ئیتر به‌س بکه‌ین و به‌ هه‌مو توانامانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌لپه‌ره‌ستانی ناخۆ راپه‌رین. هه‌مو راستیه‌کان باس بکه‌ین و ریزه‌کانی ناو میله‌ت له‌ هه‌مو پۆخڵه‌واتیه‌کان و ریاکاران و هه‌لپه‌ره‌ستانی ناسراو پاک بکه‌ینه‌وه‌، تا بتوانین به‌رانبه‌ر دۆژمنانی ده‌ره‌کی راواستین و به‌ ئامانج بگه‌ین.
ئێستا سه‌رده‌می په‌نا بردن بۆ‌ عه‌قڵ و شعوره‌ و خۆناسی و خۆ رێکخستنه‌، سه‌رده‌می ده‌ست به‌ردار بونی خورافات و گۆمان و فریو خوارده‌نه‌، سه‌رده‌می یاخی بون له‌ خوداکانی زه‌وی و ئاسمان و باوه‌ر به‌ خۆ بونه‌! سه‌رده‌می له‌قاودانی ته‌واوی ئه‌و ته‌وه‌ر و هۆکارانه‌ێه‌ که‌ به‌ بنبه‌ستی گه‌ێاندوین و شه‌رمه‌نده‌ و شه‌رمه‌زاری کردوین.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌ جێگای خۆێه‌تی که‌ ئاێا به‌راستی ئه‌و هه‌مو  زیان و زه‌ره‌رو کات له‌ده‌ست دانه‌، ئه‌و هه‌مو قه‌ی ناکا کوردین و گۆشتی یه‌ک بخۆین ئێسکی یه‌کتر ناشکێنین، ئه‌و هه‌مو چاۆپۆشی کردنانه‌ له‌ خه‌ێانه‌تکاران، ئه‌و هه‌مو  خوێن و قۆربانیه‌، ئه‌و هه‌مو فرمێسک و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ که‌ له‌ ئاکامی داپۆشین و چاۆپوشی کردنی خۆماندا، وه‌ به‌ تایبه‌ت که‌سانێک که‌ لافی دڵسۆزی بۆ میله‌ت لێ ده‌ده‌ن و خۆێان به‌ روناکبیر و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و ئه‌ندێشه‌ ده‌زانن به‌س نییه‌؟ ئاێا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ بۆ یه‌کجار خۆمان محاکمه‌ بکه‌ین و میکانیزمی خباتمان بگۆرین با له‌م بازنه‌ داخراوه‌دا که‌ ده‌ێان ساڵه‌ ده‌مانسورێننه‌وه‌ تێیدا رزگارمان بێت؟ ئاێا باس کردنی دزی و گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵپه‌ره‌ستیه‌کانی به‌ناو سه‌رانی تاوانبار خه‌ێانه‌ته‌ به‌ میله‌ت یان خزمه‌ته‌؟ ئه‌گه‌ر خزمه‌ته‌ بۆ تا ئیستا ئاکامی نه‌بوه‌؟ ئه‌گه‌ر خه‌ێانه‌ت بۆچی ئیتر بێده‌نگ بین و درێژه‌ به‌م خه‌ێانه‌ته‌ بده‌ین؟
میله‌تانی پێشکه‌وتو و سه‌رکه‌وتوی دنیا به‌ پێچه‌وانه‌ی میله‌تی کورد له‌ پێشدا ریزه‌کانی ناو میله‌تی خۆێان پاک کرده‌وه‌، ناوه‌نده‌کانی خۆرافه‌ و مه‌زهه‌ب و کۆنه‌په‌ره‌ستییان‌ هه‌ڵته‌کاند، مه‌زه‌هه‌بیان کرده‌وه‌ ناو کێلانه‌که‌ی و ئه‌وه‌تا ژه‌نگی هێناوه‌ و له‌ رزین داێه‌، هه‌ڵپه‌ره‌ستان و ریاکارانی خۆێان ته‌فروتونا کرد و توانیان به‌رانبه‌ر به‌ دۆژمنای ده‌ره‌کی به‌ ئاسانی و بێ خه‌م له‌ ناوخۆ راوه‌ستن و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. ئوروپا و ئوسترالیا، ئه‌مریکای لاتین و هه‌تادوایی نمه‌نه‌کانی ئه‌م راستیه‌ن. رێبه‌رانی راسته‌قینه‌ی میله‌تانی سه‌رکه‌وتو خۆێان کرد به‌ قۆربانی میله‌ت، به‌ڵام رێبه‌رانی ئێمه‌ میله‌تیان کردوه‌ته‌ قۆربانی خۆێان.
ئاێا ره‌واێه که‌‌ له‌ لاێه‌ک خۆمان پێ زانا و دانا و پێشکه‌وتن خواز بێت به‌ڵام له‌ لاێه‌کیتره‌وه‌ راستیه‌کان باس نه‌که‌ین و قامک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر تاوانه‌کان و تاوانباران؟ ئاێا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ که‌ واز بێنین له‌ خۆڵ کردنه‌ چاوی خه‌ڵک و  ئیتر ده‌ست به‌رداری تاقی کردنه‌وه‌ی که‌سان و ئایینه‌کان و سیاسه‌ته‌ تاقی کراوه‌کان بین؟ ئاێا هێشتا ماومانه‌ ئیسلامیه‌کان و حیزبه‌ ناسیۆنالیسته‌کان هه‌م له‌ شه‌ری ناوخۆ و هه‌م شان به‌ شانی داگیرکه‌ران منداڵه‌کانمان بکۆژن و وڵاتمان بکه‌نه‌ مه‌یدانی تارتارێنی داگیرکه‌ران؟ باراستی ئه‌وانه‌ جیاوازییان هه‌ێه‌؟ ئاێا ئیمتحانی خۆێان نه‌داوه‌؟ کارنامه‌ و ده‌ستیان به‌ خوێنی رۆڵه‌کانمان سور نییه‌؟ فایلی سیخوری و خه‌ێانه‌تیان که‌ خۆیان بڵاویان نه‌کردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌کتر به‌س نییه‌؟ ئاێا بۆ  دژاێه‌تی کردنی ده‌سلاتی گه‌نده‌ڵ و سه‌وداچیی خوێن و فرمێسکی میله‌ت، ئیسلامیه‌کان بکه‌ینه‌ به‌دیل و کۆر و کۆنفرانسیان بۆ بگرین؟ خه‌ڵکیان بۆ چه‌واشه‌ بکه‌ین؟ کارنامه‌ی تیرۆریستی و خوێناوییان له‌ ژێر ناوی وشه‌ی سوکی دێموکراسی و مافی مرۆڤدا بشارینه‌وه‌؟ کارنامه‌ی 1400 ساڵی تیرۆر و داگیرکاری، خه‌ته‌نه‌ و به‌رده‌باران، ژن کوژی و دژی زانستیان که‌ نمونه‌کانیان له‌ ئێران، ئه‌ندونزی، مالزی، ئه‌فغانستان، فیلیپین، پاکستان، ولاتانی عه‌ره‌بی و هه‌تادوایی، به‌س نییه‌؟
مێژوی داخدار و مه‌ینه‌تبارمان پره‌ له‌ شاهێد و به‌ڵگه‌. پره‌ له‌ ناوی ئه‌و هه‌مو کورده‌ هونه‌رمه‌ند و شاعێر و نوسری پێشکه‌وتنخواز که‌ به‌ پیلانی تیروریستی و شکه‌نجه‌ و خه‌ێانه‌تی ئه‌م ئیسلامی و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ کۆژراون و ده‌ربه‌ده‌ر کراون، یان به‌ گرت دراون و له‌ زیندانه‌کانی داگیرکه‌راندا له‌ ژێر شکه‌نجه‌دا گیانیان به‌خت کردوه‌ به‌س نییه‌؟ ئاێا شۆرشگێری ئاواێه‌ که‌ ده‌بی خه‌ڵکمان له‌ چاوانه‌ی ئه‌میان ده‌ر بێنین و بیخه‌ینه‌ بیری ئه‌ویان؟
نه‌، ئیتر به‌سه‌ و کاتی بریاردانه‌! کاتی راپه‌رین و ولانانی هه‌مو تێبینی و شک و گومانه‌کانه‌! کاتی یاخی بون له‌ به‌ناو یاسا ده‌ستکرده‌کانی خاینان و خوداکانه‌. کاتی به‌ گژداچونی رێشه‌کانی خورافات و هۆکاره‌کانی شکسته‌کانمانه‌! کاتی هه‌ڵکێشانی رێشه‌دارترین له‌مپه‌ره‌کانی رێگای ئازادی و رزگاریمانه‌.
21/02/2008

 

Previous
Next

Leave a Reply