
بێدەنگى بەفر… عومەر جەلال
زەوى بە ئەندازەى دایكێك بۆ منداڵەكەى
باوەش بۆ ئاسمان دەكاتەوە
لە چاوەڕوانى بارینى بەفردا
رەنگى زەرد دەبێت
بەفر گەڕانەوەیە بۆ منداڵى
بۆ ئەو ساتانەى بە تۆپەڵ وێنەى خۆمان دەنەخشان
دەتەزین لەناو پەرچووى قەشەنگى دا
ئاسوودە بووین تا دەركەونتى رۆژ
دەتواینەوە لەتەك نازى تۆپەڵە بەفردا
رامان لەبەفر رامان بوو لە بەرگى سپى سرووشت
ئەوانەى خۆیان دەشاردەوە و لەماڵ نەدەهاتنە دەر
دژى ئەفسانەى بەفربوون
ئەوانە رەنگى سروشتیان خۆش نەدەویست
سەماى بەفر لە ساتى بارینیدا
چوون گوێگرتن لە مۆزیك وایە
رووتبوونەوە لەبەردەم بەفردا
شوناسی عاشقە نەمرەكانە
بۆنى یار لە بەفر دێت
بەفر سیماى یار نیشان دەدات
داپۆشینى شار بە بەفر
داپۆشینى جەنگە بە ماچ
كڕێوەى بەفر بەئەندازەى كڕێوەى ژیان
ئاوێنەى لە ناخدا هەڵگرتووە
بەفر دیارى ساڵى نوێیە بۆ زەوى
بەفر تەژییە لە یادەوەرى عەشقى نێوان رۆژ و مانگ
تەژییە لەسوتاندنى ئەستێرەكان لە دووى یەكدى
بەفر راڤەكردنى ژیانە بە دەنگى ئاو
سەماى ئێوارەیە بە رۆحى ئاگر
لە دڵى هەر كلوە بەفرێكدا
نیشتمانێك هەیە وەك (با) بێ شوناس
لە هاوارى هەر تۆپەڵە بەفرێكدا
دەنگێك هەیە وەك ئازادى بێدەنگ
رازاندنەوەى باخچەكان بەبەرگى سپى
هێمایە بۆ پەرستنى بەفر
ئاوێتەبوونى بەفر لەتەك دەریا
ماچى رەهایە بەزمانى ئاسمان
بەفر هەمیشە بەدووى بەرزى دا دەگەڕێت
لوتكەكان دەكاتە ماڵى خۆى
عەشق دەبەخشێتە رۆژ و كپ كپ دەتوێتەوە
تەماشا كردنى سەماى بەفر
تەماشاكردنى گەمەكانى منداڵیە لە ئێوارەیەكى درەنگدا
نووستن لەناو بەفردا
جەنگە لەتەك ژیانێكى بێهودەدا
باوەش كردنەوە بۆ بەفر
باوەشكردنە بە رۆحێكى نهێنى كەمەرگ نایناسێت
omerjelal@yahoo.com