Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

خۆ فڕێدان … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Be First!

 

 

 

 

 لەلێواری تاریکییەوە وەختێ خونچەی مردن بەسەر داری ژیان دێتە بارین

بەهاوڕێتی حەوشەیەک لە بیرکردنەوە و 

هۆدەیەک لە پێکەنین و 

دەلاقەیەک لە تێڕامان 

بەسەر جادەی عەشقەوە دێم

تا لەقەراغ زەمەنەوە بە یو تێرنێک ئەچمەوە لای بەرینایی هەڵدانەوەی کتێبەکان

ئەلبێشکێکی ڕەش وسپی بۆ پشووی سەفەر ئەنێرمە مەملەکەتی منداڵەکان

فتیلەیەک بۆ چرای هەناسەکان و 

لیفکەیەکیش لەجودایی ئەدەمە دەست ناترەکانی غەریبی

لەسڕڕە درێژەکانی دەرهێنانی خەم هەر بەدرۆ شقارتەکەم فڕێ دەدەمە سەر زەوی تا لەهەڵگرتنەوەیدا

تەماشای ڕانی  کچە تەنوورە لەپێکەی بەردەمم بکەم

بەدانیشتنەوە لەسەر بلۆکێکی چیمەنتۆ وێنە ئەگرم

بەمەرجێ ماسوولکەکانی شان و باڵی تەنیاییم دەربچێت و 

لەپشتەوەش خەیاڵ واژووی لەسەر بکات

تاڵەڕێحانەیێ بۆنسز ئەنێمە بنا گوێم و 

سەر لووتی شیعرم ئەکووتم

قاپقاپ دەکەمە پێی گریان

دوو دوو و سێ سێ وەرزەکان ئەبەم بۆ شانۆ و ئەو کۆنسێرتە قاچ ڕووتانەی

زەوقی فەنام پێی هەڵئەسێ

دارلاستیکێک لە چوپی ژمارە و پێوان لەمل ئەکەم

نیتاقێکی لێکدانەوە لەپشت ئەکەم و

لەناو بازاڕی سەفەردا شووتی شیعرە هەتیوەکان بەشەرتی چەقۆ ئەفرۆشم

بەدار گەزەکانی ستایش و سەرزەنشت هەڵئەگەڕێم

چەند پێڵاوێکی لاستیک و 

دوو کۆنە مەنجەڵی فافۆن

ئەدەم بەنەفەرێ کەبابی غەریبی

بەپاسکیلێکی سێ تایە ئەچم بۆ گەشتی ئەفسانە و حیکایەتە تۆمارنەکراوەکانی ناو مێژوو

بەگژ ئەژدیهای لاستیک و 

ماری دوو سەرەی فیشکەفیشکەری ناو کتێبی علوم دا دەچمەوە 

 هەتا ناوی عەسکەریم دێ و جارێکیتر فیرار دەکەم

خۆم ئەکەمەوە بەشاری تەزویرکردنەوەی ناسنامە و نووسینی نامیلکەی دەستنووس

بێئەوەی کەس پێمبزانێ ئۆپەرێتە شیعرییەکانم 

لەسەر سەکۆ و شوێنی دامەی پیرەپیاوەکان دەردەهێنم

شەویش ئەچم پاڵ دەدەمە دار تێلە گڵۆپ شکاوەکان

خۆم لەماشێن و شەقام و مرۆڤەکان ئەبوێرم و 

سواری پشتی گەڵابەیەک لەبێئاگایی ئەبم و ئەچم

تا لەخێراییەکی فرە خێرا خۆم فڕێ دەدەمە خوارێ و 

ئەوسا دەمرم…

د..ە..م..ر..م..

م…ر…م…

 

 

                            ئەیلولی 2011

                                کەنەدا

 

Previous
Next

Leave a Reply