Skip to Content

Thursday, October 22nd, 2020

داخوازیکردن لەنێوان هاوسەرگیریی و مامەڵەیەکی بازرگانیدا

Be First!


مەبەستم لەم نووسراوە هەموو ئافرەتێکە و هیچ ئافرەتێکیش نییە.

ڕۆژانە لە مێدیای بینراو و بیستراو و نووسراودا چەندەها بابەت لەسەر قەیرەیی و کەمیی هاوسەرگیریی لە هەرێمدا تاووتوێ دەکرێن. مانشێتە گەورەکانیش باس لەم کێشەیە دەکەن و هەر یەکە بە پێی بۆچوون و تێڕوانینی خۆی شی دەکاتەوە و هەوڵیش دەدرێت بۆ ڕێگەچارەیەک.
من لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم تەنها لایەکی کێشەکە بخەمە بەردەم خوێنەران.
گەر ئاوڕێک بدەینەوە لەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر کوردستاندا هاتوون لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، دەبینین کۆمەڵگا لە زۆر لایەنەوە هەنگاوی زۆری ناوە: پارەیەکی بێشوومار ڕژاوەتە ناوچەکەوە، بێکاری هەرچەندە دەتوانرێت کەمتر بکرێتەوە، بەڵام ژمارەی کاربەدەستان زۆرن و لەمانیش ڕەگەزی مێینە بەشێکی چالاکن لەم ڕێژەیەدا بە شێوەیەک زۆربەی ئافرەتان و بەتایبەتی لە نەوە نوێکە کار دەکەن. ئازادی و سنووری جوڵەی تاک بەرفراوانتر بووە و هەلی پەیوەندییەکانیش بەهۆی شۆڕشە نوێکەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە زۆرتر و ئاسانتر بووە. خۆ ئەگەر چاوێکیش بخشێنین بەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، سەرنجی ئەوە دەدەین کە ڕووکەش و بەرگی کۆمەڵگاکەش ئاوێنەی ئەو بارە هێور و تێرەی ناوچەکە نمایش دەکات. بە شێوەیەک کاڵایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بە تایبەتی لە نەوە تازەکەدا بەدی دەکەین.
کەواتە هۆکاری کەمیی ڕادەی هاوسەرگیریی دەبێت چی بێت؟
خاڵی سفر لە پرۆسەی هاوسەرگییەکەیاندا ئەو کاتە نییە، کە کیژۆڵەیەک و کوڕێک بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن جا ئەو بڕیارە لە بنەمای  پەیوەدنییەکی خۆشەویستییەوە بێت یاخود بە ناساندنیان بە یەکتر لە لایەن کەسانێکەوە بێت یاخود بە هاندانی باوکودایکی هەردوولاوە بێت، بەڵکو خاڵی سفر لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کاتێک ماڵی کوڕە بە شێوەیەکی فەرمی دەچنە پێشەوە بۆ داخوازیکردنی کیژۆڵەکە. هەر لەو کاتەشەوە کێشەکان دەست پێ دەکەن لەبری شادی و بەختەوەری بۆ دڵی کوڕ و کچەکە.
زۆرینەی خێزانەکانی ئەم کۆمەڵگایە لەم قۆناغەدا دەکەونە مامەڵەیەکی بازرگانییانە سەبارەت بەوەی دەیانەوێت و چۆن هەنگاوەکانی هاوسەرگیرییەکە بەرەو پێشەوە بەرن. گەر لە شارە گەورەکاندا کەمێک ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان لاواز بووبێت، بەڵام گفتوگۆ و ڕێککەوتن و لێدوانێکی دورودرێژ دەکرێت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
–    ئایا شەکراو چۆن بێت، لە کوێ بکرێت: لە هۆڵی تایبەت یان لە ماڵەوە؟
–    ئایا ئاهەنگی مارەکردن و نیشانە بکرێت یان نا، ئەگەر بکرێت لە ماڵەوە یان لە هۆڵ؟
–    ئایا ئاهەنگی کۆتایی لە کوێ و بوکێ چۆنی دەوێت؟
–    ئایا بڕی ئەو ئاڵتونەی کە کیژۆڵەکە داوای دەکات چەندە و ئایا ئەو بڕە بە دڵی دایکی کچەیە یان نا؟
–    ماڵ بنیاتنان: ئایا ئافرەتەکە ماڵی جیای دەوێت یان ئامادەیی تێدایە لەگەڵ ماڵی باوکی کوڕەکەدا بژی؟ ئەگەر ماڵی جیای بوێت ئایا ماڵەکە دەبێت چۆن بێت؟ داوای چی دەکات؟
سەرنجی خوێنەر بۆ دوو خاڵی گرنگ ڕادەکێشم، کە یەکەمیان بریتییە لەو خەسڵەتە هاوبەشەی، کە لە سەرتاپای هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەدا بەدی دەکەین، کە ئەویش خەسڵەتێکی ماددییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەستنەوەی ڕۆح و دڵ و ئایندەی دوو کەسەوە نییە. خەسڵەتی دووهەمیش بریتییە لەو هەموو قورساییەی، کە کوڕێکی لاو لە سەرەتای تەمەنیدا بەرەو ڕووی دەبێتەوە، ئەگەر بێتو دایکوباوکی یان کەسانی دیکە هاریکاری نەبن.
لەم پرۆسەیەدا، کە پێی دەوترێت (هاوسەرگیریی) بەرامبەر هەموو ئەم داواکارییانەی کچەکە و خێزانەکەی ئایا چی پێشکەش بە کوڕەکە دەکرێت؟ یاخود بە شێوەیەکی دیکە: بەرامبەر هەموو ئەم داواکارییە ماددییانە کوڕەکە چی وەردەگرێت؟ هاوسەرگیرییەک؟ کیژۆڵەیەک؟ خۆ ئەگەر باس لە هاوسەرگیرییەک بکەین ئەوا تەنها پێشگری (هاو) بەسە بۆ ئەوەی کە هەردوولا ئەوەیان لا ئاشکرا بێت، کە پێکهێنانی خێزان لە لایەن هەردوولاوە بە هاوبەشی دەبێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو پێشگرەی (هاو)ە لەم بارەدا کاری پێ ناکرێت.
ئەی ئەگەر لە توانای کوڕەکەدا نەبوو بەشێک لەم داواکارییانە جێبەجێ بکات؟ ئەگەرێکی زۆر هەیە کە سەرتاپای پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبێت. کەواتە بە جێبەجێکردنی سەرتاپا داواکارییە ماددییەکان دەستکەوتی کوڕەکە لەم پرۆسەیەدا بریتییە لەو ئافرەتەی، کە خوازیاری هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات. واتە لە پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەدا کچەکە تەنها داواکەرە و کوڕەکەش ئەو کەسەیە کە تەنها داوای لێ دەکرێت.
خۆ ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە تەماشای سەرتاپای پرۆسەکە بکەین دەبینین ئەم شێوازە مامەڵەیە زیاتر خەسڵەتێکی بازرگانی پێوە دیارە و نە خودی کچ خۆی و نە خێزانەکان هەتا ئێستاش لە بەندوکۆتی دابونەریتە کۆنەکە دەرنەچوون و لە گۆڕینەوە و موڵکایەتی وەرگرتن و پێدانی ئافرەتەکان ڕزگاریان نەبووە. هەرچەندە بە ڕووکەش ئافرەتی کۆمەڵگاکەمان شان لە شانی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەدەن و بەڵکو بایەخیان بە ڕووکەشیان لە ئافرەتێکی ڕۆژئاوایی بێگومان زۆرترە و  لەوانەشە نمایشی پێشکەوتن و بەرزیی تێگەشتن و ڕۆشنبیریی بکەن، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر باسی هاوسەرگیری دەگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی پێشوو و بە هەمان پرۆسەدا خۆی و کوڕی داواکەر تێدەپەڕێنێت، لەگەڵ داواکاردنی هەندێک شتی مۆدێرینی کۆمەڵگاکەمان وەک ئاهەنگە بەهابەرزەکانی هۆڵەکانی شارەکان. واتە تێڕوانینمان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی ئێستاش هەر لە قاڵبە کۆنەکەدا ماوەتەوە و بەڵکو بەهۆی ئەو کێبڕکێ ماددییەی کە کۆمەڵگای کوردی داگیرکردووە دەتوانم بڵێم، کە پێدانی خەسڵەتێکی ماددی بە پرۆسەی هاوسەرگیری لە هەندێک ناوچەدا خراپتر بووە.
ئەم برنجە ئاو زۆر دەکێشێت، چونکە دیاردە دژبەیەکەکانی ئەم کۆمەڵگایە سەبارەت بەوەی بە ڕووکەش نمایشی دەکەین و ئەوەی لە ڕاستیدا لە ناخماندایە هێندە زۆرن، کە کۆتاییان نایەت، بەڵام ئاواتەخوازم ئافرەت بەر لەوەی هەنگاو بەرەو هاوسەرگیری بنێت بواری چەند پرسیارێک بە خۆی بدات: ئایا پرۆسەی هاوسەرگیری زۆرانبازییەکە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا و کوڕەکە دەبێت “پیاوەتی” خۆی لە میانی جێبەجێکردنی داواکارییە ماددییەکاندا بسەلمێنێت؟ ئایا منی ئافرەت چ مانایەک دەبەخشم لەناو هەموو ئەم مامەڵە ماددییانەدا؟ کاڵایەک؟ ئایا چ شتێک بەها دەدات بە خودی منی ئافرەت و پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکە؟ ئایا داواکارییەکان ئاوێنەی دڵنیاکردن و جێگیرکردنی پەیوەندییەکەیە؟
بێگومان بە، کە بە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە تۆی ئافرەت پێناسەی خۆت لە ژیان و پرۆسەی هاوسەرگیریدا دەدۆزیتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply