Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ده‌ستدرێژیه‌‌کانی سوپای تورکیا

Be First!
by December 20, 2007 گشتی

ده‌ستدرێژیه‌‌کانی سوپای تورکیا
و
بێهه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان… !

          دارا مه‌حمود ——- 

هێرشی سوپای تورکیا بۆسه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌کانی باشوری کوردستان و باره‌گاکانی پ ک ک، له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ شتێکی زێده‌ نوێ نییه و له‌ ماوه‌ی پتر له‌دوو ده‌هه‌دا چه‌ندان جار هێرش و په‌لاماردانی له‌مجۆره‌ بۆسه‌ر باشووری کوردستان و باره‌گاکانی پارتی ناوبراو ئه‌نجامدرا‌ون‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوێیه‌ بریتییه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌که‌ی.  که‌له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی ناوخۆۆ هه‌رێمی و جیهانی گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه.
هه‌ربۆیه‌ شڕۆڤه‌کردنی ئه‌م هێرش و په‌لاماره‌ نوێێه‌ که‌متر به‌لای زیانه‌ گیانی و مادییه‌‌کانی دوو لایه‌نی شه‌ڕکه‌ردا ده‌چن. چونکه‌ که‌وتنه‌وه‌ی زیانی گیانی له‌دوولایه‌ن که‌چه‌کدارن. پێشوه‌خت چاوه‌ڕوانکراوه‌.  به‌ڵکو زۆربه‌ی لێکدانه‌وه‌و شڕۆڤه‌کان به‌دوای دیتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی چه‌ند پرسی گرنگ وه‌ک: مه‌به‌ستی هێڕش له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، ئاکامه‌ سیاسییه‌کانی هێرشه‌که‌، لایه‌ناکانی به‌شدارو دژ… هتد که‌ ئه‌مانه‌ش‌ هێنده‌یان باس لێوه‌کراوه‌و ده‌کرێت که‌ ئیتر لێره‌دا زێده‌ پێویست به‌ دووباره‌کردنه‌وه‌یان ناکرێت. ‌
هه‌روا ئه‌وه‌ی ڕژێمی تورکیاو سیسته‌مه‌ نه‌ژادپه‌رستییه‌که‌ی ده‌رهه‌ق به‌کورد ده‌یکات، زێده‌ نامۆ نییه‌. به‌ڵکو چاوه‌ڕوانکراوه‌و نیشانده‌ری سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی‌. ڕژێمێک که‌له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیای نه‌ژادپه‌رستی و نکوڵیکردنی ئه‌ویتر بنیاتنرابێت، هه‌رئه‌مه‌ی چاوه‌ڕوان لێده‌کرێت. ته‌نانه‌ت بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش جێگای سه‌رسوڕمان نییه‌. چونکه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی، به‌تایبه‌تیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادییه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌م جیهانه‌ بێڕه‌حم و بێداده‌ ئاشنایه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ تێگه‌یشتنی زه‌حمه‌ته‌ هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستانه‌. چونکه‌ ئه‌وه‌ خه‌مساری و لاوازیی هه‌ڵوێستی ئه‌وان بوو بوێریی به‌عیراق به‌خشی له کێشه‌که‌دا لایه‌نی تورکیا بگرێت. و هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش بوو ئه‌مه‌ریکای بێخه‌م کرد، له‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رهه‌ڵستکارییه‌ک بنوێنی. و که‌واته‌ ئه‌و چراسه‌وزه‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ تورکیای هه‌ڵکرد، پێشتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی باشووره‌وه ‌بۆ  هه‌ڵگیرسێنه‌رانی شه‌ڕ هه‌ڵکرابوو.
هه‌ربۆیه‌ لێدوانه ‌لاوازو شه‌رمناویه‌کانی به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی باشوورو نه‌چوونی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی‌ بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ کوندولیزاڕایز سه‌رنجی که‌سی ڕانه‌كێشاو. جگه‌ له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی خودی، که‌سی تر، وه‌ک هه‌واڵێکی ساده‌ش باسی لێوه‌نه‌کرد. چونکه‌ ئه‌وان پێشتر  کاتێک ڕایانگه‌یاند که‌ئه‌گه‌ر سووپای تورکیا هێرش بکات و ئه‌وان به‌مه‌به‌‌ست نه‌گرێت، کارییان پێدانابێت. و لێدوانه‌کانی نێچیرڤان بارزانی به‌وه‌ی که‌ ئه‌وان له‌پێناو پاراستنی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ل تورکیادا هه‌موو شتێک ده‌که‌ن… خۆیان ساغکرده‌وه.‌ و به‌واتایه‌کی تریش فتوای ئه‌نجامدانی ئه‌وهێرشه‌یان دا ‌. له‌وه‌به‌ولاوه‌تریش بڕیاری ناجوامێرانه‌ به‌ سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ی خۆراک بۆسه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی چه‌کدارانی (پ ک ک) ی لێیه‌ ئه‌و بێلایه‌نییه‌ی ئه‌وان بانگاشه‌یان بۆده‌کرد خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
هه‌ڵوێستی نابه‌جێ و هه‌لپه‌رستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان، و به‌تایبه‌تیش بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و گومان له‌وه‌ی تورکیا وڵاتێکی به‌هێزه‌و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ناکرێت. یان ئه‌وه‌ی  باری ئابووری هه‌رێم و گوزه‌رانی خه‌ڵک ده‌شێوێت. یانیش باوی شه‌ڕی چه‌کداری نه‌ماوه‌و پ ک ک ده‌بێ چه‌ک دابنێ. پتر بووبه‌هۆی چاسووریی تورکیاو جورئه‌تی هێرشکردن.
له‌دیرۆکی هاوچه‌رخ و کۆنی کوردا که‌متر واهه‌بووه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازییانه‌ی کورد به‌ڕێگای نیزامی شکه‌ست بخوات. به‌ڵکو شکه‌ست. له‌ڕێگای سیاسه‌تی هه‌ڵه‌، دووبه‌ره‌کی، خیانه‌ت، فریوخواردن… هتد به‌دیهاتووه. ئه‌مڕۆش هه‌روایه‌و ئه‌وه‌ی شکه‌ست به‌بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ باکوری کوردستان ده‌دات ملکه‌چی و ترسنۆکی و هه‌ستنه‌کردن به‌به‌رپرسیارێتی دیرۆکییه‌.‌ نه‌ک هێرشی چه‌ند فڕۆکه‌و شه‌هیدبوونی کوڕان و کچانی خه‌باتگێڕ. یان ڕووخاندنی قوتابخانه ‌وسووتانی گوند. ڕوودانی ئه‌مانه‌ زۆر به‌ئێشن به‌ڵام بایه‌خی خه‌بات و خواستی ئازادیین.‌
ئه‌گه‌ر گه‌لان به‌گه‌لی کوردیشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌‌ بیریان بکردایه‌ته‌وه‌ که‌دوژمن به‌هێزه‌و ملی بۆ که‌چ که‌، ئه‌مڕۆ سه‌رله‌به‌ری دیرۆک باسێکی ده‌رباره‌ی خه‌باتی گه‌لان تێدا نه‌ده‌بوو. جگه‌له‌مه‌ش یه‌ک له‌ئامانجه‌کانی خه‌بات ڕاستکردنه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێزه‌. و له‌مه‌ به‌ولاوه‌تریش هێز چه‌مکێکی ڕه‌ش یان سپی نییه‌. تورکیا به‌هێزی سه‌ربازی و پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تبوونی به‌هێزه‌و کوردیش به‌ مافداربوونی کێشه‌که‌ی و پشتیوانی به‌ ملیۆنانی خه‌ڵکی خۆی ده‌توانێ به‌هێزبێت.
بێگومان گشت ئه‌م قسانه‌ به‌م واتایه‌نین که‌ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردسان خۆی بهاوێته‌ ناو شه‌ڕێکه‌وه‌ که‌هه‌مووان تێیدا زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆ له‌پرسی (پ ک ک) ش ببوێرین، کاتێک زه‌وی و ئاسمانی کوردستان پێشێل بکرێت و بۆمبا به‌سه‌ر گوندو ڕه‌زو باخ و ماڵاتماندا ببارێن خۆده‌بێ هاوارێک بکه‌ین. ! که‌ نه‌کرا. به‌ڵی هه‌موو ده‌زانین تورکیا ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزه‌و له‌توانایدایه‌ زیان به‌کوردو قه‌واره‌ی باشووری کوردستان بگه‌یه‌نێت.  به‌ڵام ئایا له‌نێوان ملکه‌چی و شه‌ڕخواستندا  ئه‌لته‌رناتیڤێکی تر نییه‌.؟ خۆ هیچ نه‌بێ ده‌توانرێ ئاسانترین و بێ زیانترین کارێک که‌ ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی ملیۆنییه‌ له‌هه‌ولێری پایته‌خت، سازبکرێ که‌به‌ پێویستیان نه‌زانی. ته‌نانه‌ت داموده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی بیانی پتر گرنگیان به‌ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ه‌دا تا هی خودی.
وا پێده‌چێ هێرش و په‌لاماره‌کانی سوپای تورکیا له‌داهاتووشدا به‌رده‌وامبێت. و ئه‌وه‌ی ئاستی توندی یان نه‌رمی ئه‌و هێرشانه‌ دیاریی ده‌کات گه‌لێک شتن. له‌ هه‌مووانیش گرنگتر هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشووری کوردستانه. که‌ ده‌خوازرێ له‌بری سیاسه‌تی هه‌لپه‌رستانه‌، و دزی و فزی سیاسه‌تێکی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی ئاشکراو یه‌کگرتووبێت.

Previous
Next

Leave a Reply