Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هادی عه‌لی…..

Be First!
by May 26, 2008 گشتی

 هادی علی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی
 هەموو شتەكان لەكوردستان لەنێوان پارتی یەكێتی دابەشكراوە
 رێبین حەسەن-هەولێر  ……….
 
 سەبارەت بەكۆنگرەی پێنجەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان،بەشداری كردنی یەكگرتووی ئیسلامی لەكابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان،چەند پرسێكی تری ناو كوردستان كاری داهاتووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان،هەفتەنامەی (بارزان)ئەم دیمانەیەی لەگەڵ هادی علی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی سازكرد.
                                                                                     
 *ئەم گۆرانكاریانەی لەگۆنگرەی پێنجەمی یەكگرتوو رویاندا چی بوو؟
 -گۆرانكاری زیاتر ئەوەی دیار بێت كەباسی بكەم گۆرانكاری لەهەیكەلی ئیدارەی حیزب یاخو قیادەی حیزب كراوە گۆرانكاری كراوە، مەكتەبی سیاسی بەرپرسی تایبەتی خۆی بۆ دانراوە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەرپرسی خۆی هەیە، شورایەكی گشتیشمان داناوە ئەمە ئەنجومەنێكی رازێژكاریە كەسەرۆكی خۆی هەیە،سێ دەزگای قیادی و سەركردایەتی هەیە، مەكتەبی سیاسیە ئەنجومەنی سەركردایەتیە ولەگەڵ شورای گشتی وە ئەمینداری گشتیش ماوەتەوە بۆ خۆی.
 
 *ئەمە كەم كردنەوەی دەسەڵاتی ئەمینداری گشتی نییە؟
 -دەتوانین بڵێن دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ئەركەكانە لەنێوان ئەم دەزگایانە.
 
 *لەگەڵ حزبە كوردستانیەكانی تر یاداشت نامەیەكتان دا بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، زۆرێك لەئەندامانی پارتی و یەكێتی ئەم یاداشتانامەیان بەدەستێكی دەرەوەو لەهەمانكاتدا بەفیتێكی یەكگرتوو زانی، ئێوە چی دەڵێن لەم بارەوە؟
 دەستی دەرەوە هەبێت لەم یاداشتە ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە ئەمە تۆمەتێكە لەولاچتانی جیهانی سێیەم بەداخەوە هەموو شتێك لەدیدی مامەڵەكردنەوە تەفسیر دەكرێت، هەرشتێك بەرامبەر بەدەسەڵات بەرامبەر بە حكومەت بكرێت، تۆمەتبار دەكرێیت بەدەستی دەرەوە ئەتوانین بڵێن ئەم رەوشە رەوشی ئێستا نییە، رەوشی ساڵانی هەشتاكانەو هی سەردەمی جەنگی ساردە ئەم رەوشە بەداخەوە ئەتوانین بڵێین رەوشی سەردەمی جەنگی ساردە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە بەتایبەتی هەرجۆرە شتێك بەرامبەر بە حكومەت لەلایەن هەر  لایەنێكی سیاسی وەلەلایەن هەرشتێكەوە كرابێت عادەتەن تۆمەتی دەستی بێگانەو دەستی ئیمپرالیزم و دەستی وڵاتانی دەرەوەی ئەخرایە پاڵ ئەمە شتێكی بەسەر چووە لەبەر ئەمە ئەم مەسەلەیە دەستی هیچ كەسێكی تێدانییە هیچ دەستێكی دەرەوەی تێدانیە، لەلایەكی تریشەوە ئەمە یاداشتە بەتەها كاری یەكگرتوو نییە بەڵكو ئەم حزبە سیاسیانەی كەلە گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندان لەحكومەتەیشدا بەشدارن لەئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكانیش بەشدارن سەرۆكی حزبەكان بەبەشێك لەئەركی سەرشانی خۆیان و بەرپرسیاریەتیان بەرامبەر بەحكومەت و پەرلەمان و ئەم دەزگا نیشتیمانیانە وایان پێ باش بوو كەئەم تێبینیانەی كەهەیانە لەیاداشت نامەیەك ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی بكەن لەوە زیاتر نییە.
 
 *لەكاتێكدا ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان دەبێت هەموو مانگێك كۆبێتەوە كۆنەبونەوەی 3مانگی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
 -كۆبوەنەوەكانی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان ئەتوانرێت كۆبونەوەكان زیاتر بكرێن،ئێمە وادەزانین ئەم هەڵو مەرجانەی كەهەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت بەتایبەتی ئەم وەزعەی كەپەیوەندی بەعێراقەوە هەیە و بەغداوە هەیە زۆرێك لەكێشەوە گرفتەكانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان چ ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بەحكومەت و یەكگرتنەوە هەیە، ئەمە ئەوە دەخوازێت كەئەم ئەنجومەنە كۆبونەوەكانی خێراتر بێت ئەم باسانەی كەتێیدا دەكرێت تەنها وەكو شێوازی راوێژكاری نەبێت بەڵكو زیاتر بەشداری بونێكی باشتر بێت لەوەی ئێستا.
 
 *زۆر قسە لەسەر گەندەڵی حكومەت دەكرێت، زۆر جار ئێوەش لەراگەیاندنەكان باستان لێوە كردوە، لەكاتێكدا ئێوەش بەشدارن لەحكومەت واهەست ناكەی ئێوەش بەشێك بن لەم گەندەڵیەی حكومەت كەئێوە باسی دەكەن؟
 -مەسەلەی گەندەڵی لەوڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەگشتی لەعێراقیشدا بەتایبەتی دوای روخانی رژێمی عێراق مەسەلەكان رۆشن بونەتەوە بۆ هەموو لایەك عێراق بەگشتی بەهەرێمی كوردستان یشەوە یەكێكە لەو وڵاتانەی كەئاستی گەندەڵی لەئاستێكی زۆر بەرز دایە،بەڵام بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم حاڵەتە تێدایە كەس نكۆڵی لەمە ناكات ئەمەش پێویستی بەهەماهەنگی هەموو لایەكە چ پەرلەمان و حكومەت و حزبەكان و دامەزراوەكانی گۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی و دەزگاكانی راگەیاندن هەموو بەیەكەوە ئەبێت هاوكاری بكات لەخوڵقاندنی كەش و هەوایەك كەئەم گەندەڵیە بەرەوە چارەسەر ببات یاخو بەلای كەم بەرەو كەم بونەوە ببات، بەنیسبەت یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە كە ئەویش یەكێكە لەم حزبانەی كەبەشدارە لەحكومەت، بەشدار بوونی حزبەكان بەگشتی ئەتوانین بڵێین راستە بەشدارن لەحكومەت، بەڵام بەشدار نین لەدەسەڵاتدا، بەشدار بونە لەحكومەت وەكو وەزارەتێك بەشدارین، بەشدار نین لەدەسەڵات بەس دەسەڵات راستە قینەیە دابە شكراوە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئەوان بەرپرسیاری یەكەمن لەهەموو مەسەلەكان.
 
 *حكومەتی هەرێم خەریكی پێكهێنانی كابینەی شەشەمە ئێوە وەكو یەكگرتوو ئاگادار كراینەوە چەند وەزارەتان بەر دەكەوێت،ئێوە خۆتان داواكاریتان چەند وەزارەتە؟
 -ئێمە تاوەكو ئێستا بەفەرمی ئاگادار نەكراینەوە لەم بارەیەوە،خۆشمان تاوەكو ئێستا داوای هیچمان نەكردوە تەنها ئەمە نەبێت چوار حیزبەكە كەیاداشت نامەكەیان پێشكەش بەسەرۆكایەتی هەرێم كردوە دوای ئەوان داوایان كرد ئەم یاداشت نامە بخرێتە چوار چێوەی پڕۆژەیەكەوە بۆ چاكسازی كردنی بوارە جیاجیا كانی كاری حكومەت، ئەم چوار حزبە پرۆژەیەكیان ئامادە كردوە دایان بەحكومەت، كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەت كراوە لەم بارەیەوە، لەگەڵ سەرۆكی حكومەت قسەشیان كردوە كەبەشدار بوونی ئەم چوار حیزبە پەیوەستە بەئاستی وەڵام دانەوەی حكومەت بۆ ئەم پرشۆژەیە.
 
 *كێشەی بادینان تان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەكوێ گەیشت؟
 -هەندێك لایەنی چارەسەر بوو لەكاتی خۆیدا بەشێكیشی ماوەتەوە كەلایەنی قەزای زیاتر كەكێ تاوانبارە كێ بەرپرسی راستەو خۆیە لەكارەكە چۆن ئەمانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت لەڕوی یاسای قەزایەوە ئەم مەسەلە هەروا بەهەڵ پەسێر دراوی ماوەتەوە.
 
 *تائێستا لەكوردستان دەسەڵاتی قەزای سەربەخۆی خۆی هەیە؟
 -هەموو شتەكان لەكوردستاندا لەنێوان پارتی و یەكێتی دابەشكراوە.
 
 *لەناو یەكگرتوودا دوو رەئی دەبینرێت یاخو دوباڵی جیاواز ریفرۆم خوازو موحافیز كار؟
 -وەكو باڵ نیە،بەڵام راو رای جیاواز ئاسای یەو پێویستە لەناو هەر حیزب و كۆمەڵەیەكدا هەبێت راو بۆچونی جیاواز ئاسای، بەڵام لەناو یەكگرتوو باڵی جیاواز نییە.
 
 *هۆكاری كەم كردنەوەی دەسەڵاتی ئەمینداری یەكگرتوو، دانانی ئەم سێ دەزگایە بۆ، ئەمە لەچیەوە سەرچاوەی گرت؟
 
 -لەوە سەرچاوەی گرتوەكە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان حیزبێكی گەورەیە ئەرك ز بەرپرسیار یەتەكانی فراوان بووە پێویست بەوە دەكات كەكارەكان شێوەیەك لەدامەزراوەی موئەسەساتی وەر بگرێت لەچوار چێوە تەقلیدیەكە بچێتە دەرەوە بچێتە چوار چێوەیەكی موئەسەساتیەوە ئەمەش بۆخۆی هەم ئیش و كاری حیزب بەرێك و پێكی وئاسانتر دەڕوات بەڕێگا لەهەمانكاتیشدا ئاسانكاریەكە بۆ ئەوەی ئەگەر لەئایندە ویسترا گۆرانكاری تر بكرێت ئاسانتر دەكرێت بەشێوەیەكی سادەترو سروشتی تر دەكرێت.
 
 *هۆكاری بەشداری نەكردنی بەشێك لەئەندامانی یەكگرتوو لەكۆنگرەی پێنجەم،لەهەمانكاتدا رێگەشتان نەدا بەدوو ئەندام كەخۆیان ب پاڵێون؟
 
 -شتی وانیە ئێمە لەناو گۆنگرە خۆپاڵاوتن ئازاد بوو بۆ هەموو ئەندامانی كۆنگرە بۆ ئەم 11 ئەندامەی سەركردایەتی كەخۆیان نەپاڵاوت بەویت و رەخبەتی خۆیان خۆیان نەپاڵاوتوە تەنانەت زۆر لەم ئەندامانە لەنزیكەوە بوین هەوڵمانداوە كەخۆیان بەشداری بكەن گوتیان حەز ناكەین بەشداری بكەین، گوتمان ناوتان دەنوسین گوتیان ئەگەر بشیان نوسن خۆمان لای دەبەین خۆیان بەرەخبەتی تەواوی خۆیان خۆیان هەڵنە بژاردوە فشار لەسەر هیچ كەسێك نەبووە چ بۆ خۆپاڵاوتن چ بۆ خۆ نەپاڵاوتن.
 
 *چەند كەسێك لەهەردوو حیزبی دەسەڵات دار دەڵین جیتر لەهیچ كەسێك قبوڵ ناكەین كەكەسێك هێرشمان بكاتە سەرو حكومەت بەگەندەڵی تۆمەتبار بكات خۆشی لەحكومەت بەشدار بێت؟
 
  -ئەندامانی یەكگرتوو رەخنە لەهەندێك ئەدای حكومەت لەهەندێك بوار ئەمە وابزانم شتێكی ئاسای یە بەتایبەتی لەپەرلەمان، ئەندامانی پەرلەمانی یەكگرتوو لەناو پەرلەماندا كەوەختێك پڕۆژە یاساكان ئەخرێتە روو مەسەلەی بودجە زۆر لەمەسەلەكانی تر ئەوانیش وەكو هەر ئەندامێكی تری پەرلەمان یان نوێنەری هەر حیزبێك لەحیزبەكان مافی خۆیانە ئەگەر رەخنەیان هەبێت،رەخنەكە لەم روەوە بووە نەك بەتایبەت بەرامبەر بەلایەنێك یان كەسێك مەبەستەكە ئەمە نەبووە لایەنێكی تایبەتی مەبەست بێت یان كەسێكی تایبەتی مەبەست بێت بەڵكو مەبەست دەست خستنە سەر كەموكورتیەكانە كەهەیە ئەم كەموكورتیانە قسەكردن لەسەری بەمەبەستی چارەسەر كردنە.
 
 *جەوهەر نامیق سالم سكرتێری پێشوی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت " ئەسڵی گەندەڵی لەكوردستان سەركردایەتی یەكێتی و پارتیە" تۆ بۆ ئەمە چ دەڵێی؟
 
 -من وائەزانم گەندەڵی پێشتر لەسەرەوە دەست پێدەكات، گەندەڵی سیاسیە ئەساسەن، دوای كەسیاسی بوو ئەچێتە خوارەوە ئەبێتە ئیداری لەئیداریش ئەچێتە داریی لەخوار داراییشەوە دائەبەزێت ئەبێتە ئەخلاقیش تەنانەت، تەسەسولی گەندەڵی بەم شێوەیە، سیاسیەو ئیداریە ئینجا دارایی یە  ئینجا ئەخلاقیە.
 
 
 *لەلایەن زۆرێك لەئەندامانی یەكگرتوو گلەی زۆرە لەسەر راگەیاندنی یەكگرتوو، بەنیاز بوون لەكۆنگرەی پیچنجەم پیچداچونەوەیەك بەراگەیاندنەكانی یەكگرتوو بكەن، گوایە لەڕوی مادیەوەش كێشەتان هەیە؟
 
 -راگەیاندن خۆی گرینگی خۆی هەیە وەئیمكانیە تێكی مادی زۆریشی پێویستە لەبەر ئەمە ئێمەش ئیمكانیاتمان سنوردارە عەجایب نییە ئەگەر لەبواری راگەیاندن نەمان توانیبێت وەك پێویست بەدەم پێداویستی و داخوازیەكانی دەزگاكانی راگەیاندنمان بچین ئەمە ئاسای یە،كۆنگرە وێزگەیەكە بۆ پێداچونەوە لەهەموو بوارەكان راگەیاندنیش یەكێكە لەم بوارانەی كەبەخۆ داچونەوەی پێویستە كار لەسەر كردنی پیچویستە ئەوەندەی لەتوانا بێت بكرێت كەموكوڕیەكان چارە سەر بكرێت لەهەمانكاتیشدا بەرەو پێش ببرێت، هۆكاری نەكەوتنە كاری كەناڵی ئاسمانی یەكگرتوو تائێستا كێشەكەمان مادیە.
 
 * نێوانی كۆنگرە زۆر كەمە، چاودێرێ سیاسی بڕوای وایە كەیەكگرتوو زوو زوو دەتوانێت كۆنگرەی ساز بكات، چونكە گۆنگرە لای یەكگرتوو كۆبونەوەیەكی برایانەیە و سیمای سیاسی پێوە دیار نییە بڕیاری سیاسی ئەوتۆی تێدا نادرێت؟
 
 -یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دروشمان دروشمی برایەتیە ئێمە لەسەر ئەساسی خۆشەویستی و متمانە بەیەك وخزمەت كردن بەمیلەتی خۆمان كۆبوینەتەوە لەسەر ئەساسی مەنهەج و پەیڕەو پڕۆگرامێك كۆبوینەتەوە بۆ شەڕ كردن لەگەڵ یەكتر كۆنەبوینەتەوە ئێمە كۆنگرە لەنێوان خۆمان كۆنگرەیەكی برایانەیە كۆنگرەیەكە پڕ لەخۆشەویستی و پڕلەتەبای و هەموو كەسێكیش ئازادە راو بۆچونی خۆی دەر دەبڕێت ،بەڵام لەچوار چیچوەیەكدا كەهەموو رێزی یەكتر دەگرێت ئەمە خاڵێكی ئیجابیە بەنیسبەت ئێمە خاڵێكی سلبی نییە،كۆنگرە لەوڵاتانی پێشكەوتوو ساڵانە دەبەسترێت ئەسڵ ئەوەیە كۆنگرە ساڵانە ببەسترێت ئێمە ئەگەر 3ساڵ جارێك توانی بێتمان كۆنگرە ببەستین ئەمە شتێكی باشە.
 
 *زۆر قسە لەسەر مامۆستا سەلاحەدیین ئەمینداری گشتی دەكرێت بە100%دەنگی هێناوەتەوە،ئەم كلتورەش وەكو باس دەكرێت لەكلتوری بەعس دەچێت؟
 
 -بۆ تەنها دەیبەستن بەیەكگرتوو، بەبەعسەوە حیزبەكانی تری ئەم وڵاتەی خۆمان هەیانە 20تا30 ساڵ پێش یەكگرتوو بووە هەر وەكو خۆی وایە یەك سەرۆكی هەیە بەردەوامە لەكۆنگرەكان بەچەپڵە هەڵدە بژێردرێت بۆچی ئەمە تایبەت دەكەی بەیەكگرتوو،ئێمەش حەزدەكەین جیابین لەحیزبەكانی تر ئەم كلتورە تەقلیدیە دوبارەی نەكەینەوە، بەڵام ئەمەش جۆرێك لەئامادەكاری باشتری دەوێت چ لەلایەن قیادەوە خۆیەوە چ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە ئامادەیەكی باشتر هەبێت بۆ ئەوەی ئەم گۆرانكاریە بكرێت.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply