Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ چیرۆک نووس کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور…به‌شی شه‌شه‌م

Be First!
by May 18, 2008 ئەدەب

 كاروان عومەر كاكەسوور: خۆم لەپێش هەر كەسێكی دیكەوە دەزانم كارەكتەرەكانی من وڕِێنە دەكەن..
 
 سازدانی/ دانا فایەق…….
 بەشی شەشەم………

 
 چ (فرۆید) و چ نووسەرانی دیكەم بۆ ئەوە دەخوێندەوە، هەتا بیان ناسم و بزانم چۆن و لە كوێ دژی بیروباوەڕِی منن. ئەنجام بەبێ ئەوەی خۆم بمەوێت، ئەوانە كاریان لێ دەكردم..
 
 پێم باشترە لە نیوەی شاخێكدا بكەومە خوارێ و كەس پێم نەزانێت، نەوەك بگەمە سەر گردێكی بچووك و بە چواردەورمدا چەپڵەم بۆ لێ بدرێت..
 
  
 *لە كۆمەڵە چیرۆكی (ئەسپیدیلۆن)دا شێوازێكی گێڕِانەوەت بەكارهێناوە، ئەویش باسكردنی شتەكانە بە پچڕِپچڕِی و دواییش لە كۆتایی هەر چیرۆكێكدا كۆتكردوونەتەوە، لە رۆمانی (ئای لە ڤیلیا لە ڤیلیا)شدا هەمان شێوازت بەكارهێناوە. ئەو شێوازە لە چیرۆك تا رادەیەك ئاسانە و خوێنەر دەتوانێ دەسەڵاتی هەبێ بەسەریدا، بەڵام هەست ناكەی بۆ رۆمانێكی گەورەی وەكو (ئای لە ڤیلیا لە ڤیلیا) قورس بێت و خوێنەری تووشی بێزاری كردبێت؟ ئایا بوونی تەكنیكی شەپۆلی هۆش بەم قورساییە لای تۆ بۆچی دەگەڕِێتەوە؟ بەكارهێنانی ئەو تەكنیكە لەم ئاستەدا لەناو رۆشنبیریی ئێمەدا چ ئیشكالیەتێك لەخۆی دەگرێت؟
 
 -دیارە وەكو خۆت دەزانی جیاوازیی نێوان ئەو دوانە، بەتەنها جیاوازیی نێوان چیرۆك و رۆمان نییە، بەڵكو جیاوازییە لە ستایل و لە دیدگا و فۆرمیش. هەر لە سەرەتاشەوە دەبێت پێت بڵێم، كە من ناتوانم باسی رۆمانی (ئای لە ڤیلیا لە ڤیلیا!!)ت بۆ بكەم، ئەگەر لەلایەك باس لەو رۆژگارە نەكەم، كە ئەو تێكستەم تێدا نووسی و لەلایەكی دیكەش رووناكی نەخەمە سەر بەشێك لەو یادەوەرییەی ئەو تێكستەیان بۆ ناو ئەو فۆرمە ئاڕِاستە كردووە. خۆشبەختانە پرسیارەكەی تۆ رێگای ئەو شتانەم پێ دەدات.
 من بەشێك لە كۆمەڵە چیرۆكی (ئەسپیدیلۆن)م لە كەمپەكانی ئەڵمانیا و دانیمارك نووسی و بەشەكەی دیكەی دواتر، كە هێشتا لەگەڵ هاوسەرەكەم و دوو منداڵەكەمان دەژیام. خەریكی پێداچوونەوە و دەستكاریكردنی چیرۆكی (مەرگ لەسەر شێوازی شیعر) بووم، كە ساڵی 1986 لە قۆناغی یەكەمی خوێندنم لە زانكۆی مووسڵ نووسیبووم، كاتێ هاوسەرەكەم دوای چەند ساڵ خۆشەویستی، زۆر لەناكاو لێم جیابووەوە. وەك دەزانی دواتر ئەو چیرۆكەم لەگەڵ كۆمەڵەی (سەدەی یەكەمی خەیاڵ)دا چاپكرد. لەناو ئەو تێكشكانە رۆحی و سایكۆلۆژییەی خۆمدا هەر سوور بووم لەسەر تەواوكردنی ئەو چیرۆكە. هەستم دەكرد من یانزدە ساڵ لەمەوبەر لەناو ئەو چیرۆكەدا پێشبینیی ئەم رۆژگارەم كردووە، كە ئێستا وا لەناویدا دەژیم. ناوەرۆكی ئەو چیرۆكە پێكەوەبەستنەوەی كۆمەڵێك بیرۆكەیە. ئەو بیرۆكانەش ئەگەر لە رووێكەوە لە یەكترەوە نزیك بن، ئەوا لە دەیان رووەوە لە یەكترەوە دوورن و سوور بووم لەسەر ئەوەی لەناو یەك تێكستدا كۆیان بكەمەوە. بۆ یەكەمین جار لەو چیرۆكەدا تەنها سێ رەنگی رەش و سپی و سوورم بەكارهێنا، كە ئەمە هەر لە منداڵییەوە خولیای من بوو. لەناو كۆڵانەكانی گەڕِەك و لە سەربانی خۆمان و لە رێگای قوتابخانە، كە بەناو دەشتێكی نێوان سەیداوە و ئیسكاندا تێدەپەڕِیم، دەمهێنایە بەرچاوم، ئەگەر دنیا تەنها ئەو سێ رەنگەی هەبوایە، چۆن دەبوو؟. لە ماڵی قوتابییان لە شەقامی دەواسە، پەنجەرەی ژوورەكەم دەیڕِوانییە ناو كەنیسەیەك. دەفتەرەكەم دەخستە سەر تاقی پەنجەرەكەوە و بە چاوی گەنجێكی تێكشكاو، بەڵام پر لە جۆشوخرۆش، لەو باخە فراوانەم دەڕِوانی و دەمنووسی. هەر لەو شوێنە كتێبیشم دەخوێندەوە. هەرچییم بەردەست بكەوتایە، دەمخوێندەوە. هەموو ئەو قوتابییانەی لەگەڵم بوون، دەزانن، كە من ئەوەی بایەخم پێ نەدەدا، كتێبەكانی خوێندن بوون. یەك محازەرەم نەدەنووسییەوە، بەڵام رۆژی پێش تاقیكردنەوە هەموو محازەرەكانم كۆپی دەكرد و تەنها ئەو رۆژە دەمخوێندنەوە. زۆر جاریش لەبەر خوێندنەوە، نەدەچوومە زانكۆ و هەر لە ماڵی قوتابییان خەریكی خوێندنی كتێبـی دیكە دەبووم. (مووسڵ) لای من سیحرێكی سەیری هەبوو. ئەو شارە ئاودارەی باشووری كوردستان لەپاڵ ترس و دڵەراوكییەكانیدا، دڵنیایی و هێمنییشی دەبەخشی. بۆ زانینیت (ئارامی كاكەی فەلاح)ی چیرۆكنووسیش هەر دەرچووی زانكۆی مووسڵە، بەڵام ئەوسا یەكترمان نەدەناسی. زۆر جار هەست دەكەم ئارامیی شاری مووسڵ لەناو (ئارام)دا جێگیر بووە، بۆیە وەكو هاورێیەكیش لای من خۆشەویستە. من هاوڕِێی نزیكی (یوسف عوسمان) و (دكتۆر سابیر بۆكانی) بووم، كە هەردووكیان لە بەشی سایكۆلۆژی بوون و هەوڵی نووسینیشیان دەدا. هەر لە زانكۆ هاوڕِێیەكی دیكەی شەقڵاوەییم هەبوو بەناوی (شەوقی)، كە خوێنەرێكی هۆشیار بوو و كەم كەمیش دەینووسی، بەڵام دوایی چووە شاخ. لەگەڵ ئەویش كتێبمان دەگۆڕِییەوە و گفتوگۆمان دەكرد. دوای ئەوەی لە زانكۆ دەركراین و گەڕِاینەوە، لەگەڵ (یوسف عوسمان) لە یەك ژوور دەژیاین و بۆ یەك بیروباوەڕِی ئایدیۆلۆژییش كارمان دەكرد. وەكو چۆن لە خوێندنەوەدا تووشی خراپتێگەیشتن بووبووم، كە وام دەزانی دەبێت منیش وەكو ئەوانی دیكە زۆر بخوێنمەوە، لە نووسینیشدا هەر وابووم. كاتێك لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا بابەتێكم دەخوێندەوە و هیچ شتێكی گرینگم تێدا نەدەبینی، دەهاتم بەزۆر باوەڕِم بە خۆم دەهێنا، كە ئەوانە پڕِن لە نهێنی، بەڵام من لێیان تێناگەم. هەموو بەڵگەكەشم ئەوە بوو، كە ئەگەر گرینگ نیین، چۆن بڵاوكراونەتەوە؟. بە خۆمم دەگوت: (دەبێت تۆش بە قووڵی بنووسیت!!). لەپاڵ ئەوەدا هەر شتێكم چ بە كوردی و چ بە عەرەبی لەبارەی چیرۆكەوە بەرچاو بكەوتایە، زۆر بەپەرۆشەوە دەمخوێندەوە و هێڵم بەژێر ئەو دێڕانەدا دەهێنا، كە بەلای خۆمەوە گرینگ بوون. ئەگەرچی سەرەتا بە شیعر دەستم پێ كردبوو، بەڵام هێشتا لە قۆناغی دواناوەندی بووم، كە ئەو ئاڕِاستەیەم بەرەو چیرۆك گۆڕِا. لەگەڵ (هۆشەنگ وەزیری)ی هاوڕِێی منداڵییم بەردەوام چیرۆكمان دەخوێندەوە و رووداوەكانمان بۆ یەكتر دەگێڕِاوە. ساڵی هەشتا و سێ یەكەمجار (هۆشەنگ وەزیری) جورئەتی كرد و چیرۆكێكی خۆی نیشانی من دا. ئەوە بوو بە ژمارە (سی و دوو) تێبینیم بۆی نووسی. كاتێ لە زانكۆ وەرگیرام، لە رووم دەهات لایەنی كەم دوو چیرۆكی خۆم نیشانی هاوڕِێكانم بدەم. پێشتریش هەر ئەو چیرۆكانەم بۆ چەند هاورێیەكی دیكە خوێندبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەمزانی ناتوانم بەرهەمەكانم لە هیچ شوێنێك بڵاوبكەمەوە، كەچی حەماس و خۆشەویستییەكی گەورەم بۆ نووسین هەبوو. دەشمزانی (ئەفلاتوون) ئەو دوانە بە مەرجی سەرەكی دادەنێت لە پرۆسەی داهێناندا. هەر كاتێكیش باسی خوێندەوە بهێنمە گۆڕِێ، ناتوانم بێجگە لەو ناوانەی پێشتر ئاماژەم پێ دان، (فرسەت زوبێر رۆژبەیانی) و (عەزیز حەسەن مەولان) لە بیر بكەم.  من لەپێش هەموو كەسێكەوە قەرزاری (حسێن عارف)م. زیاتریش قەرزاری ئەو لێكۆڵینەوانەم، كە ئەو چیرۆكنووسە بە هۆشیارییەكی زۆرەوە دەینووسین.  بەتایبەتی (شێوەكانی تەكنیك لە چیرۆكی ساڵانی دوای 1970دا)، كە ساڵی 1977 لە گۆڤاری (بەیان)دا بڵاوی كردبووەوە. هەروەها لەهەمان ساڵدا لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەی چیرۆكی (نێچیر)ی (محەمەد موكری)یەوە نووسیوە. ساڵی 1980 چیرۆكێكی (رەزا سەید گوڵ بەرزنجی)ی هەڵسەنگاندووە. ئێستاش دێر بە دێڕِی ئەو لێكۆڵینەوانەم بیر ماون. من لەو رێگایەوە تەكنیكی شەپۆلی هۆشم ناسی و واشم دەزانی دەبێت چیرۆك هەر ئەو تەكنیكانەی تێدا بەكار بهێنرێت. زۆربەی ئەو سەرچاوانەم بە زمانی عەرەبی پەیدا كرد، كە لەبارەی ئەو تەكنیكەوە دەدوان وەكو (جۆن جرۆس، جۆیس)، (ژێرمین پێری، مارسێل پرۆست و رزگار بوون  لە كات)، {هەر ئەو ژنە نووسەرە كتێبێكی گرینگی لەبارەی (ئەلبێرت كامۆ)وە نووسیوە و ئەویشم ئەوسا خوێندەوە}، (لیۆن ئیدل، هێنری جەیمس)، (رۆبێرت كۆگلان، جیهانی تایەبەتی فۆكنەر)، (مایكل ملجێت، فۆكنەر). ئەمانە و زۆری دیكەم ساڵی یەكەمی زانكۆ خوێندەوە. دوای ئەوانە كتێبە بەناوبانگەكەی (ڕِۆبێرت هێمفری، شەپۆلی هۆش لە رۆمانی نوێدا)م لە (سابیر رەشید) قەرز كرد. لەپاڵ ئەمانەدا دەبوایە بەو توانا كەم و سنووردارەی خۆم (فرۆید) و (یۆنگ) و (بێرجسۆن)یش بخوێنمەوە، كە بیروبۆچوونەكانیان زەمینەی بۆ لەدایكبوونی ئەم تەكنیكە خۆشكردووە. بەتایبەتی كتێبـی (لێكدانەوەی خەون)ی (فرۆید)، كە تێیدا لایەنی نەست، یاخود نائاگایی نەك گرینگی پێ دەدرێت، بەڵكو دەریدەخات، كە هەست، یاخود ئاگایی خۆی وەكو زۆنەیەكی تەسك و بچووك دەكەوێتە ناو ئەو زۆنە گەورەیەوە. هەرچییەك ئێستا گەیشتۆتە ئاستی هەستەوە، ئەوە پێشتر وەكو قۆناغێك بە نەستدا تێپەڕِیوە. لێرەوە گرێیەكانی غەریزە و نەست وەكو هێزی پەنهان دەست بەسەر زۆربەی هەڵسوكەوتەكانی تاكدا دەگرن. كەواتە نەست بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەرناكەوێت، بەڵكو خۆی لە بیركردنەوە و شێوازی ژیانمان دەئاڵێنێت. ئاگاییش تەمەنی كورتە و دواتر دەخزێتە ناو چوارچێوەی نائاگاییەوە. ئەگەرچی ئەو دوو سیستەمە وا دەردەكەون، كە لە ئەركەكانیاندا زۆر تێكچڕِژاون، بەڵام هەر یەكەیان بە سەربەخۆیی ئیشی خۆیان دەكەن. بەشێكی كەمی زانیارییە هەستییەكان روو لە هەست، یاخود ئاگایی و بەشێكی زۆریان روو لە نەست، یاخود نائاگایی دەكەن. ئەوانە لەوێ لەناو یادەوەرییدا دادەكرێن. زۆنەی نائاگایی توانایەكی گەورەی لە داكردنی ئەو زانیارییانەدا هەیە، كە لە زۆنەی ئاگاییدا بەهۆی نەگونجاوی و حەرامییەوە، قەبووڵ ناكرێن. یادەوەریی نائاگایی دەتوانێت لە رێگای گەڕِاندنەوە لە كاتی خەواندنی موگناتیسییدا هەموو ئەو زانیارییە ورد و پەنهانانە دەربخاتەوە و لەناو ئەقڵی ناوەوەدا دایان بكات. ئێمە لەو رێگەیەوە رووداوەكانی منداڵیی خۆمانمان بیر دەكەوێتەوە. خەون لەناو نائاگاییەوە دەردەكەوێت، كە ئارەزووێكی چەپێنراوە لە رێگای بینینەوە تێر دەبێت. (فرۆید) پێی وایە لێكدانەوەی خەون سەختە، چونكە لە شێوەی سیمبۆل دەردەكەوێت و لە دوو ئاستی دیار و نادیاریش پێكدێت. ئەو سیمبۆلانەش چەسپاو نیین، بەڵكو بۆ زۆر شێوەی دیكە دەگۆڕِێن. بەكورتی ئەوەی ئێمە بیرمان دەكەوێتەوە، هەمان ئەو شتانە نیین، كە لە خەوندا بینیومانن. بەم پێیە نووسەر لای (فرۆید) ئەو كەسەیە، كە جارێك بەهۆی فاكتەرە دەرەكییەكان و جارێك بەهۆی مۆڕِاڵەكانی ناوەوەی خۆی، ناتوانێت چێژەكانی لە واقیعدا بەدەستبهێنێت، بۆیە پەنا بۆ خەیاڵ دەبات، بەڵام هاوكات هەوڵ دەدات رێگای گەڕِانەوەش لە خەیاڵەوە بۆ واقیع بدۆزێتەوە. لێرەوە بەشێوەیەكی جیاوازتر واقیع لە كارەكانیدا نیشان دەدات. هونەر رێگا بە (خود)ی نووسەر دەدات، كە خەیاڵ لەپێناوی بەدیهێنانی ئارەزووە چەپێنراوەكانی ژیانی ئاسایی بەكار بهێنێت. كەواتە نووسەر بۆیە لە خەڵكی ئاسایی جیاوازە، چونكە لەناو خەیاڵ ژیاوە و لە گواستنەوەی شتەكانی ناو دنیای ئەوێ بۆ ناو واقیع شارەزایە. ئەو شێوازی گواستنەوەیە لە نووسەرێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە. هەر ئەمەشە وایكردووە نووسەر لە توانایدا بێت ئەوەندە دیمەنی ئیكزۆتیكی (غرائبی) نیشان بدات. زمانیشی بۆیە جیاوازە، چونكە تەعبیر لەو شتانە دەكات، كە تەنها چاوی ئەم دەیانبینێت و دەتوانێت تەعبیریان لێوە بكات. لەكاتێكدا خوێنەری ئاسایی خۆی لەبەرامبەر كۆمەڵێك دیمەنی ناڕِۆشەن و زمانی نائاساییدا دەبینێتەوە، توانای كردنەوەی ئەو كۆدانەشی نییە، ئەوا پرۆسێسی وەرگرتن سەخت دەبێت. ناخی نووسەر لەسەر ئاستی سیمبۆلدا دەردەكەوێت. لێرە ئارەزووەكانی نووسەر بەر زەبری واقیع دەكەون. هەر بۆیە (فرۆید) وەها هونەر پێناسە دەكات، كە وەكو بەرزەخ وایە لەنێوان دنیای خەیاڵ، كە بەرهەمی دەهێنێت و دنیای واقیع، كە سەركوتی دەكات. لێرەوەیە (فرۆید) بایەخێكی گەورە بە میتۆلۆژیا دەدات، بەڕِادەیەك متۆلۆژیا دەكاتە بناغەی تیۆرییەكەی. هەندێك پێیان وایە، كە (نیچە)ی فەیلەسووف بیست ساڵ زیاتر لەپێش (فرۆید)ەوە باسی لە مەسەلەی سێكسوالی و لێكدانەوەی خەون و نەست كردووە.
 نووسەرانی شەپۆلی هۆش لەوانە (ڤێرجینا وۆلف، جەیمس جۆیس، فۆكنەر) زۆر سوودیشیان لە لێكۆڵینەوەكانی (یۆنگ)یش بینی، كە لەبارەی میتۆلۆژیا و گەلەنائاگایی (اللاوعی الجماعی) و ئەو پەیوەندییەی ئەوانە بە نائاگایی تاكەوە هەیانە، نووسیویەتی. وەكو دەبینین ئەمە بە روونی لە كارەكانی (جەیمس جۆیس)دا رەنگی داوەتەوە، بەوەی میتۆلۆژیا ئەگریكییەكانی لەناو رۆمانەكانیدا تەوزیف كردووە. (فۆكنەر)یش بەشێكی زۆری بیرۆكەكانی لە تەورات وەرگرتووە. تیۆری (حەدسی Intuitionisme)ی (هێنری بێرجسۆن) كارێكی گەورەی كردە سەر پێكهاتن و پەرەسەندنی ئەو شێوازی نووسینە، چونكە (بێرجسۆن) پێی وایە بێجگە لە ئەقڵ، حەدسیش سەرچاوەیەكی دیكەی مەعریفەیە. دیارە ئەو كۆمەڵێك ئاستی حەدسیش دەستنیشان دەكات وەكو حەدسی هەستی، حەدسی ئەزموونی، حەدسی ئەقڵی و حەدسی پێشبینی. ئەوەی ئەو فەیلەسووفە لەبارەی مرۆڤەوە وتوویەتی، لای ئەو نووسەرانە جێگای بایەخ بوو. ئەو پێی وایە مرۆڤ نە لەناو سەبجێكت و نە لەناو دنیای دەرەوە، واتە نە لەناو ئۆبجێكتدا دەژی، بەڵكو لە شوێنێكی زۆر تایبەتە و ئەو شوێنەیە پەیوەندیی مرۆڤ بە شتەكانەوە دەهێنێتە كایەوە. لای (بێرجسۆن) دنیای دەرەوە لە پێكهاتەكانی بوون پێكهاتووە، سەرەتا لە دەرەوەی هەستەكان و بیرەكانی ئێمەدا، وێنەیەكی خودییانەی سادەیە و ناچێتە ژێر ركێفی هیچ پۆڵێنكارییەكەوە، بەڵام هەر كاتێك مرۆڤی بیركەرەوە ئەو سوودە دەدۆزێتەوە، كە بەهۆیەوە بەدەستی دەهێنێت، ئەوا ئەو وێنە خودییانەیە شوێنی خۆی دەگرێت. هەر لە سەرەتاشەوە دنیای رۆح و دنیای ماددە لە یەكتر جیا دەكاتەوە. بازنەی زانست و چەندایەتی و درێژبوونەوە و شوێن دەكەونە ناو بازنە گەورەكەی ماددەوە. میتۆدەكەی لێكۆڵینەوە و پۆلێنكردنە و ئامڕِازەكەی ئەقڵە. هەرچی بازنەی فەلسەفە و چۆنایەتی و شڵەژان و زەمەن و بەردەوامیین، ئەوا دەكەونە ناو بازنە گەورەكەی رۆحەوە. میتۆدەكەی سۆزدارێتییە لەگەڵ رۆحدا و ئامرازەكەی حەدسە. ئەمانە بەچاكی لەناو ئەدەبیاتی شەپۆلی هۆشدا رەنگیان داوەتەوە. ئەو فەیلەسووفە پێی وایە هونەرمەند كاتێك لە هەر دیاردەیەك رادەمێنێت، بۆ خۆی نییە، كە دەیبینێت، بەڵكو بۆ دیاردەكەیە. ئەو بایەخدانەی (بێرجسۆن) تا ئەو ئەندازەیە بە خود، لای ئەو نووسەرانە جێگای خۆشحاڵی بوو، چونكە لای ئەو مرۆڤ ژیانی خۆی بۆ (خودی تایبەتی خۆی) تەرخان دەكات. تەنانەت ئەو فەیلەسووفە دەگاتە ئەوەی بڵێت: (زۆر كەس وا دەزانن مرۆڤ بەرهەمی فاكتەرە دەرەكییەكانی وەكو بۆماوە و فیسیۆلۆجی و سێكس و ژینگە و كۆمەڵگەیە، بەڵام هەموو ئەوانە شتێك نیین بێجگە لەوەی ماددەن و خودی كارەكتەریان لێ پێكدێت). لێرەدا بۆچوونی (بێرجسۆن) و (فرۆید) لەبارەی نووسەر، یاخود هونەرمەندەوە لە یەكتر نزیك دەبنەوە، بەوەی (بێرجسۆن)یش وەكو (فرۆید) ئەو كائینە بە دیاردەیەكی ناوازە دەزانێت، كە لە كۆمەڵگە دابڕِاوە و پێوەندییەكی ئەوتۆی بە واقیعی كۆمەڵایەتییەوە نییە. ئەو هونەرمەندە نكووڵی لە بوونی واقیع دەكات، بەو مەبەستەی لای خۆی بەشێوەیەكی دیكە دایبڕِێژێتەوە، هەر بۆیە میتۆلۆژیا لە هەموو هونەرێكدا رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕِێت.
 بۆ منێكی گەنجی بێئەزموون ئاسان نەبوو لەو شتانە تێبگەم، بەڵام دەمویست وردە وردە شارەزایی پەیدا بكەم و شێوازی خۆم بدۆزمەوە. لەلایەكی دیكەوە من لەناو ئایدیۆلۆژیاوە سەیری هەموو شتێكم دەكرد و ئەم شێوازەش هەر خۆی تێكشكاندنی بونیادی ئایدیۆلۆژیایە لەناو گوتاری ئەدەبییدا، بەوەی ئاڕِاستەی مێژووی فەرمی تێكدەشكێنێت و نامێژوو لە شوێنی مێژوو دادەنێت. من لایەنگری بێچەندوچوونی ئەو بۆچوونە بووم، كە هەتا ئێستاش دەڵێت ئەدەب دەبێت لە خزمەتی مرۆڤایەتییدا بێت. دیارە مرۆڤایەتییش چەمكێكی گشتگیرە و هەندێك دەیكەن بە چین، هەندێك دەیكەن بە نەتەوە و هەندێكیش دەیكەن بە نیشتمان. من كە ئێستا پێم وایە ئەو بۆچوونە لەلایەن ئایدیۆلۆژیاوە ئاڕِاستە دەكرێت و داهێنان سنووردار دەكات، بەڵام ئەوسا ئەدەبم بۆ مرۆڤایەتی دەنووسی. سەرەتا بۆ نەتەوە و دواییش بۆ چین. لە مامۆستاكانم لەوانە لە (فوئاد مەجید میسری) و (حەمەسەعید حەسەن)ەوە فێر بووبووم، كە ئەدەبی ریالیزمی سۆسیالستییش دەتوانێت سوود لە تەكنیكەكانی ئەدەبی بۆرژوا وەربگرێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە لە خزمەتی ئەدەبی كرێكار و رەنجدەراندا بەكاری بهێنێت. رەنگە ئەم گوتانە ئێستا ئاوازێكی ناخۆشیان هەبێت و لە ساكاری زیاتر شتێكی دیكەمان پێ نەڵێن، بەڵام كاتێك ئەو رۆژگارە لەبەرچاو دەگرین، هەست دەكەین ئەمە گۆڕِانێكە لە بیركردنەوەدا. ناوەرۆكی چیرۆكەكانی (حەمەفەریق حەسەن) چینایەتیین و بە مەبەستی خزمەتكردنی ئایدیۆلۆژیا نووسراون، بەڵام تەكنیكی زۆر بەرزیان تێدا بەكارهاتوون. مەبەستمە بڵێم منیش هەتا لەژێر كاریگەریی ئەو مامۆستایانەمدا بووم، بەتوانایەكی سنووردارەوە لە تەكنیكی نوێی رۆمان و چیرۆكم دەڕِوانی، بەڵام سوودی زۆریشم بینی. دەتوانم بڵێم هەر لە سەرەتاوە من چیرۆكم بە تەكنیكی نوێ نووسیوە، بەڵام چەند لەو تەكنیكانەدا قووڵبوومەتەوە، ئەوەیان شتێكی دیكەیە. من خۆم دژی (فرۆید) بووم، بەتایبەتی لەو مەسەلانەی، كە پێوەندییان بە ژنەوە هەیە. من چ (فرۆید) و چ نووسەرانی دیكەم بۆ ئەوە دەخوێندەوە، هەتا بیان ناسم و بزانم چۆن و لە كوێ دژی بیروباوەڕِی منن. ئەنجام بەبێ ئەوەی خۆم بمەوێت، ئەوانە كاریان لێ دەكردم. من كەسێك بووم چ لەناو پارتی و چ ئەو ماوەیەی كۆمۆنیست بووم، شتی دژ بە بیروباوەڕِی خۆمم دەخوێندەوە. دواجاریش هەر ئەوە منی گۆڕِی. وردە وردە باوەڕِم بەوە هێنا، كە هیچ فیكرێك تەبەنی نەكەم، بەڵكو هەموو شتێك پارچە پارچە بكەم. لەمەوە دەتوانم لەگەڵ هەندێكیان كۆك بم و لەگەڵ هەندێكیان ناكۆك. لەگەڵ هەندێكیشیان نەزانم بڵێم چی. ئەوساش دەمویست لەو شتانە تێبگەم، كە دژی بیروباوەڕِەكەمن، بۆیە بایەخم بە تەكنیكی شەپۆلی هۆش دەدا. دەشمزانی ئەوە ئەزموونی ژیانی نووسەر خۆیەتی، بەتایبەتی هی منداڵی، ئەو ستایلیەی بەسەردا دەسەپێنێت. هەستم دەكرد ژیانی من پرە لەو تێكشكان و نەهامەتییانەی، كە دەكرێت بەناویاندا رۆ بچم و لە رێگەی زمانەوە بیانكەمە دەرێ. جارێكیان لە مووسڵ رووداوێكی كۆمیدیی سەردەمی منداڵیی خۆمم بیر كەوتەوە. هەستم كرد دەتوانم لە رێگای ئەو رووداوەوە شێوازی خۆم جیا بكەمەوە. رووداوەكەش ئەوەیە:
 تەمەنم شەش ساڵ بوو. لەگەڵ دایكم لە ماڵی خۆمان لە سەیداوەوە دەچووینە ماڵی نەنكم لە گەڕِەكی (جمهوری). پایزێكی درەنگ بوو بەناو ئەو دەشتەدا تێدەپەڕِیین. هەستم دەكرد وا شتێك بنی پێم ئازار دەدات. تاكە پێڵاوەكەم داكەند، هەتا بزانم چیی تێدایە، بەڵام نە من و نە دایكم هیچمان تێدا نەدۆزییەوە. پێم خستەوە ناوی و هەنگاوم نا. دیسان ئازاری بنی پێمی دا، بگرە كەمێك خوێنیشی لێ هێنا و گۆرەوییەكەمی تەڕِ كرد. هەر جارێ پێڵاوەكەم دادەكەند، دایكم دەیخستە سەر بەردێك و بە بەردێكی دیكە دەیكوتی، نەبادا بزمارێكی تێدا بێت، بەڵام سوودی نەبوو. ئەنجام دایكم پێی گوتم پێڵاوەكە دابكەنم و هەر بە گۆرەوییەكەوە بڕِۆم، كەچی هێشتا بەردەوام شتێك لە بنی پێم رادەچوو. پێڵاوەكەم دایە دایكم و پێم گوت: ئەوەتا هێشتا هەر لە بنی پێم رادەچێت. ئەو نەیدەزانی پێبكەنێت، یان تووڕِە بێت، كە من قسەیەكی ئەوەندە گێلانە دەكەم. كاتێك گۆرەوییەكەم بەتەواوی داكەند و ناوی گەڕِاین، بەردێكی بچووكی تیژی تێدا بوو. لەمەوە هەر جارێك شتێكی ناماقووڵم كردبێت، دایكم پێی گوتووم: (تۆ هەر ئەوەی، كە بەرد لەناو گۆرەوییەكەت دایە و ناو پێڵاوی دەستتی بۆ دەگەڕِێیت). ئێستا ئەگەر ئەم دیاڵۆگەی دایكم لە دەرەوەی كۆنتێكستی رووداوەكان بە جیاواز وەربگرین و بیخوێنینەوە، دەبینین ئەو زمانە لە رووی لۆژیكەوە راست نییە و شێواوە، چونكە پێڵاو لەپێ دەكرێت، نەوەك لە دەست. چی ئەو زمانەی گۆڕِی؟ چی زمانێكی دیكەی سەپاند؟ سرووشتی رووداوەكان. دەسەڵاتی بیرۆكەكان. لێرەدا زمان سادە نییە، چونكە لەلایەك دەبێت تراژیدیامان پیشان بدات، كە منداڵێك بەردێكی تیژ لە بنی پێی رادەچێت و لە لایەكی دیكەش كۆمیدیا، بەوەی سەرچاوەی ئازار لەو شوێنە نییە، كە منداڵەكە پێی گوتووین. ئەم شێوازی دیالۆگە لە بەرهەمەكانی مندا زۆرن. لێرەدا زمان بە زیاتر لە ئاڕِاستەیەكدا دەبزوێت و ماناكان فرەڕِەهەندن. زمانی كارەكتەرەكانی من شێواون، چونكە ئەو واقیعە فاكتوالەشیان بۆ واقیعێكی دیكەی میتۆلۆژی گۆڕِاوە. بەڵێ، من خۆم بەهۆشیارییەوە ئازار لە شوێنی خۆی لادەبەم و لە شوێنێكی دیكەی دادەنێم. هەر لێرەوە ئەو زمانەش گۆڕِانی بەسەردا دێت، كە دەمەوێ تەعبیری پێ بكەم. هیچ گوێم بەوانە نەداوە، كە زمانی رۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!!) بە وڕِێنە دەزانن. ناونیشانەكەشیم زۆر بەئاگاییەوە داناوە، كە ناوی زیندەوەرێكی خورافییە. من لە شوێنێكی دیكەش گوتوومە، كە خۆم لەپێش هەر كەسێكی دیكەوە دەزانم كارەكتەرەكانی من وڕِێنە دەكەن، چونكە لە شەپۆلی هۆشدا وەكو (ڕِۆبێرت هێمفری) دەڵێت زمان ناگاتە ئاستی قسەكردن. واتە هێشتا زمان وەكو لۆژیك فۆرمی خۆی وەرنەگرتووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تێكرای ئەوانەی بەهۆشیارییەوە (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!!) و چیرۆكەكانمیان خوێندۆتەوە، بەچاكی لێیان تێگەیشتوون. راستە هێڵی درامی بەمانا تەقلیدییەكەی نییە، بەڵام لەنێوان رووداو و دیمەنەكاندا پێوەندی هەیە و ئەو پێوەندییانەش لە ئەنجامی خوێندنەوەی زیاترەوە دەدۆزرێنەوە. لە دەرفەتێكدا كۆمەڵێك بەڵگەت بۆ دەهێنمەوە. چەند ناوێكت پێ دەڵێم، كە بەچاكی لە رۆمانەكە تێگەیشتوون. من كاتێ پێڵاوەكەم دایە دەست دایكم، دەمزانی ئەوە ناماقووڵە، بەڵام سوور بووم لەسەر ئەوەی، كە بەم شێوەیە تەعبیر لە ئازاری خۆم بكەم. ئەمەش خۆی میكانیزمێكی بەرگرییە. منداڵ لەپێناوی ئەوەی نەخرێتە پەراوێزەوە، دەیەوێت زۆر رێگا بگرێتە بەر. من قوتابییەكی یەكجار تەممەڵ نەبووم لە قوتابخانە، بەڵام چونكە زۆر زیرەك نەبووم، دەترسام بەلاوە بنرێم، بۆیە دەمویست سەرنجی مامۆستا و قوتابییەكان بۆ ئەوە رابكێشم، كە من چۆن گاڵتەم لە خوێندن و قوتابخانە دێت. چەند سەركێشم، هیچ باكم بە ئێستا و بە ئایندەی خۆم نییە. دەمزانی باوكم چۆن بەوە تووڕِە دەبێت و چۆنم داركاری دەكات، بەڵام گوێم نەدەدایە ئەو سزایانە. من ئێستا گاڵتەم بە خۆم و بەوانەش دێت، كە دەڵێن تەنها خۆشەویستیی رووتی نەتەوە و چین و نیشتیمان ئێمەیان بەرەو سیاسەت ئاڕِاستە كرد. ئەو نووسەرەی باوەڕِ بەوە بهێنێت، دەبێتە مێژوونووسێك، كە سەری لە ئەركەكانی خۆی دەرنەچێت. لێرەوەیە ئەدەبی ئەنفال ئەوەندە ساكار و بێگیانە. ئەو نووسەرەی لەپاڵ خۆسەویستیی ئەم شتانەدا، دەیان شتی دیكە نەبینێت، ئەوا بە زمانێكی هەژار سەربردەی ژیانی خۆی و كەسانێكی دیكەمان بۆ دەگێڕِێتەوە و هیچی دیكە. من دیسان دەیڵێمەوە، كە ئەزموونی ژیانی خۆمانە دەمانكاتە نووسەر و شێوازی نووسین و زمانیشمان بەسەردا دەسەپێنێت.
 ڕِۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا) لەناو هەناوی چیرۆكی (مەرگ لەسەر شێوازی شیعر)دا خوڵقا. (مەرگ لەسەر شێوازی شیعر) یەكەم چیرۆكی درێژی منە. راستە ساڵی 1997 دەسكاریم كرد و لێیم زیاد كرد، بەڵام پێشتریش هەر درێژ بوو. چیرۆكی هەندێك چیرۆكنووس لە رووی ژمارەی لاپەڕِەوە لەم چیرۆكە كەمتر و لە رووی قەبارەی رووداویشەوە بچووكترن و ناوی رۆمانیان لێ نراون. لەم چیرۆكەدا پشتم بە بایۆگرافیای خۆم و كەسانی دیكە بەستووە. دەمویست زیاتر باس لە ناخ بكەم و كەمتر بایەخ بە ئاستی دەرەوەی كارەكتەر و شتەكان بدەم. دیالۆگی نێوان كەسەكان درێژكراوەی مەنەلۆژەكانە. بۆ نموونە سەرنج لەو دیالۆگەی نێوان (ئاشنا) و (ئاشتی) بدە، كە لە رواڵەتدا باس لە سەرهەڵكێشانی كۆتری كێوی دەكەن، بەڵام لەناوەوە قسەكردنە لەسەر كوشتنی دایكی (ئاشنا). هەروەها سەرنجت بۆ ئەوە رادەكێشم، كە چۆن لەوپەڕِی شەڕِ و تووڕِەییەوە، قسەیەكی پێچەوانەی ئەمە دەكەن. وەك ئەوەی (ئاشتی) لەناو گەرمەی شەڕِدا، لەناكاو تۆنی دەنگی دەگۆڕِێت و بە قوربانی (ئاشنا) دەبێت. یان (باجی نازێ) لەكاتێكدا خوێن لە دەم و لووتییەوە فیچقە دەكات و جوێن دەدات، لەناكاو گوێی لە گۆرانییەك دەبێت و دەپرسێت، ئەو گۆرانیبێژە كەی ئەم گۆرانییە نوێیەی گوتووە؟!. ئەوانیش وەك نە بایان دیبێت و نە باران، بە زمانێكی زۆر خۆش وەڵامی دەدەنەوە. دیارە یەكێك لە ئەركەكانی مەنەلۆژ ئەوەیە، كە سنوور لەنێوان كارەكتەر و خوێنەر، یان گوێگر دەسڕِێتەوە. لە رێگای مەنەلۆژەوە رێڕِەوی تەقلیدیی زەمەن دەگۆڕِێت و لەگەڵیا بونیادی گێڕِانەوەو وەسفیش تێكدەشكێن. خەون و زیندەخەون شێوازی گێڕِانەوەی خۆیان دەسەپێنن، كە بریتیین لە تەكنیكەكانی سینەمایی وەكو مۆنتاژی كات و مۆنتاژی شوێن. گرێچنێكی پۆلیسیی هەیە، بەوەی زۆربەی رووداوەكان لە رواڵەتدا شتێكن، بەڵام لەناوەوە شتێكی دیكەن. بۆ نموونە كوشتنی (دایكی ئاشنا) لە بەرچاو روو نادات، بەڵكو لەناو كۆمەڵێك تەمومژدا خۆی حەشار داوە. هەر لەم چیرۆكەدا بایەخم بە لایەنی میتۆلۆژی داوە، بگرە گوتەی (قوتابخانە لە تەڵەی مشك دەچێت)، كە هەر كەسێك بیڵێت، تووشی بەڵایەكی گەورە دەبێت؛ هێڵە درامییەكەی ئەو چیرۆكە ئاڕِاستە دەكات. ئەم گوتەیەشم وەكو لە كتێبـی منداڵییمدا ئاماژەم پێ داوە، هەر لە ژیانی منداڵیی خۆمەوە وەرگرتووە. لەم چیرۆكە و لەوانەی دواتریشمدا رووداوەكان بە سەربەخۆیی وەكو ئەوەی لە واقیعدا هەن، دەرناكەون، بەڵكو لە رێگای ئاگایی و نائاگایی كارەكتەرەوە دەردەخرێن، بۆیە پچڕِپچڕِ و لێكترازاون. دەبێت لە هەر شوێنێك بۆ پارچەیەكی ئەو رووداوانە بگەڕِێیت. دیارە من دەتوانم بەشێوەیەكی ئاسایی چیرۆك بنووسم و دەشزانم خوێنەرێكی زیاتر لێی تێدەگەن، بەڵام شێوازی ئاسایی ناتوانێت تەعبیر لە ناخی من بكات. (ئێرنێست فیشەر) لە كتێبـی (پێویستیی هونەر)دا دەڵێت: (هونەر كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە، نەوەك چوونەژوورەوە بەو دەرگایانەی كراونەتەوە). بەشێكی زۆری هونەری ئێمە بە دەرگای گەورەی وەكو هی حەسارەكاندا دەچنە ژوورێ. من پێم باشترە لە نیوەی شاخێكدا بكەومە خوارێ و كەس پێم نەزانێت، نەوەك بگەمە سەر گردێكی بچووك و بە چواردەورمدا چەپڵەم بۆ لێ بدرێت. كاتێك چیرۆكنووس دەیەوێت هەوڵی خوێندنەوەی ناخی خۆی و كارەكتەرەكانی بدات، تووشی كۆمەڵێك گرفت دەبێتەوە، چونكە زۆر حاڵەت هەن، ناكرێت بەئاسانی بیاندۆزیتەوە و تەعبیریان لێوە بكەیت. من خۆم زۆر جار پەنام بۆ هونەری شێوەكاری بردووە و رەنگ و هێڵم بەكارهێناوە. هونەرمەندی شێوەكاری (سمكۆ ئەحمەد) منی وەكو هونەرمەندی شێوەكاری ناسیوە. (شەماڵ عادیل سەلیم)یش لە گفتوگۆیەكیدا دەڵێت، كە كتێبـی منداڵیی من، كۆمەڵێك تابلۆن. دەزانم زمان تەنها وشە و زاراوە نییە، بەڵكو رەنگ و هێما و میلۆدی و جووڵەشە. لە رۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!!)دا هەموو ئەو تەكنیكانە بەشێوەیەكی قورستر، نامەوێ بڵێم قووڵتر، بەكارهاتوون. هەوڵم داوە مامەڵەیەكی زۆر جیاوازتر لەگەڵ زەمەندا بكەم. تەنانەت نەمویستووە لە رووی دەرەوەدا تێكستەكە بەسەر چەند بەشێكدا دابەش بكەم، چونكە هەموو شتێك كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی كاتی ناوەوەی تێكستەكەوە. بە مانایەكی دیكە دەمویست وێنەی زەمەن لەڕِووی دەرەوە و ناوەوە بگرم و وێنەیەكی دیكەیان لێ پێكبهێنم. ئەم وێنەیە ئاڕِاستەی بەرەو وێنەی دیكەی نوێیە، نەوەك گەڕِانەوە بۆ سەرچاوەكانی، چونكە سەرچاوەكانی هاوكات لەگەڵ دەركەوتنی ئەودا نامێنن. لێرەوە من خۆم دەزانم هەر هەوڵێك بەفیڕِۆ دەچێت، كاتێك دەیەوێت لەناو مێژوو و واقیعێكی دیاریكراودا لەم وێنەیە بڕِوانێت. ئەو وێنەیە سەر بەهیچ كات و شوێنێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو خۆی هەڵگری كات و شوێنی خۆیەتی. ئێستا ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆ بدەمەوە، كە ئاخۆ ئەو شێوازە بۆ رۆمانێكی ئاوا گەورە قورس نییە و خوێنەر تووشی بێزاری ناكات؟ ئەوا من بەدڵنیاییەوە دەڵێم قورسە، بەڵام مەسەلەی بێزاری و چێژبینین دەكەوێتە سەر ئەو خوێنەرەی دەیخوێنێتەوە. ئەگەر ئەو خوێنەرە نەتوانێت پارچەی رووداو و دیمەنەكان لێرە و لەوێ كۆ بكاتەوە و پێكەوەیان ببەستێتەوە، ئەوا تووشی بێزارییەكی گەورە دەبێت. من خۆم لەو رۆمانانە تووشی بێزاری دەبم، كە سادە و ساكار شتەكانی خۆیانم پێ دەڵێن، راستتر شتەكانی خۆمم بیر دەخەنەوە، با ئەو رۆمانانە سەدان نووسەر لەبارەیانەوە نووسیبن. (نیهاد جامی) بەلایەوە سەیرە هەتا ئێستا كەس لەبارەی چیرۆكی (كارگەی بووكەشووشە)ی نەنووسیوە. ئەو نووسەرە زمانی پەخشانی من بە هی (ئۆمبێرتۆ ئیكۆ) دەچوێنێت. (هێمن شابان) یەكێكە لەو گەنجانەی ئەو رۆمانەی خوێندۆتەوە و لە هەموو كونوكەلەبەرەكانی تێگەیشتووە. (هێمن شابان) بەرادەیەك تێكەڵی دنیای ئەو رۆمانە بووبوو، كە هەر كچێكی بینیوە بە ناوی (نەوال)ی كارەكتەری سەرەكیی رۆمانەكە بانگی كردووە. (هێمن عومەر)ی بەرپرسی سایتی (ماڵێك لە ئاسمان)یش لە رێگای ئەم رۆمانەوە منی ناسی. رۆژێكیان لەگەڵ (بێگەرد خان)ی هاوسەری منیان بانگهێشتی ماڵی خۆیان كرد. (بێگەرد خان) بۆی گێڕِامەوە، كە ماڵی خوشكەكەی میوانیان بوون، بەڵام (هێمن)ی هاوسەری نەیتوانیوە لەناو رۆمانەكە بێتە دەرێ و لەگەڵ ئەو میوانانە دابنیشێت. وەكو (بێگەرد خان) دەیگێڕِایەوە، (هێمن) بەردەوام بە رانی خۆیدا كێشاوە و گوتوویەتی: (عەزیمە.. عەزیمە.. ئەو كاروان كاكەسوورە كێیە؟!). (هێمن عومەر) دەیتوانی یەك بە یەكی رووداوەكانم بۆ بگێڕِێتەوە. (كرمانج عومەر دەشتەكی) كاتێك ئەو رۆمانەی خوێندەوە، بۆ ماوەیەك وای دەزانی لەناو دنیایەكی دیكەوە گەڕِاوەتەوە. لە سوریا چیرۆكنووسێكی گەنجم بینی، كە بەداخەوە و داوای لێبووردن دەكەم ئێستا تەنها ناوی یەكەمیم بیرماوە (سەریاڵ)، لێی پرسیم پێم بڵێ تۆ چۆن بیرت لە كوشتنی ئەو كەروێشكانە كردۆتەوە، كە هەتا ئێستاش ئەو دیمەنە لەبەرچاوی من لاناچێت؟ ئەویش لەمسەر هەتا ئەوسەری رۆمانەكەی بیر مابوو. هەرچی (دلێر ئیبراهیم سەلیم)ە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، كە ئەو بیرۆكانە هی ئەون و من بە هەر رێگایەك بێت، دزەم كردۆتە ناو خەیاڵییەوە و دەستم بەسەردا گرتوون. لە كۆڕِێكدا یەكێك لە خوێنەرانی ئەم رۆمانە لە هەولێر پێی گوتم: (تۆ ویستووتە خۆت بكوژی، بەڵام وات نەكردووە، ئەم رۆمانەت نووسیوە). كەچی نووسەر هەیە خۆی چیرۆك و رۆمانی نووسیوە، نەیتوانیوە لە چوار لاپەرەی ئەم رۆمانە تێبگات. تەنانەت نەیتوانیوە لە كتێبـی (منداڵییم ئاسكێك بوو بەسەر پەلكەزێڕِینەكاندا بازبازێنی دەكرد) تێبگات، كەچی سووك و ئاسان بەوە تاوانباری كردم، كە بەشێك لە رووداوەكان تێك ناكەنەوە. كاتێك لەگەڵی كەوتمە گفتوگۆ، سەیر دەكەم نەیزانیوە فلاش باك چییە!. مۆنتاژی كات چۆنە و مۆنتاژی شوێن كەی بەكاردێت!. ئەگەر (زیبا ئیسماعیل بەرزنجی) قوتابیی سەرەتاییە و لە كتێبـی منداڵییم تێگەیشتووە، بەڵام نووسەرێك كۆمەڵێك بەرهەمی هەیە و تێینەگەیشتووە، ئەوە دەبێ لەوە دڵنیابم، كە تێگەیشتن و چێژبینین پێوەندییان بە ئاستی هۆشیارییەوە هەیە.
 ڕِووداوەكانی ئەم رۆمانە لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لەناو واقیعدا دەركەوتن. ئایا ئەو پاشاگەردانییە لەناو رۆمانەكە باس نەكراوە؟ خەڵك لەسەر ناو و شوناس ناكوژرێن؟ شیعە سووننە و سووننە شیعە ناكوژێت؟ هەردوو لایان كورد ناكوژن؟ لە بیرتە بازرگانەكان وێنەی (ئیمامی عەلی)یان هەڵدەگرت، هەتا (كاكەسوور) نەیانكوژێت؟ ئایا (كاكەسوور)ەكانی واقیعیش وەكو (كاكەسوور)ی ناو رۆمانەكە دەزانن چییان دەوێت؟ ئایا خەڵك لەناو بەغدا وڕِێنە ناكەن؟ هوتافی بێمانا ناكێشن؟ ئایا بێجگە لە رەنگی رەش و سپی و سوور، هیچ رەنگێكی دیكە لەناو شارەكانی عێراق و بەشێك لە خوارووی كوردستاندا دەبینرێن؟ ئایا نێوان عێراق و خوارووی كوردستان دانەخرا؟ ئایا دەیان لاشە لەسەر شەقامەكان فڕِێ نەدەدران، كە نە كەس دەیزانی كێ كووشتوونی و نە كەس دەیزانی كێن؟ ئایا ناكرێت بڵێین ئەم رۆمانە لەسەر ئاستی سیمبۆلدا پێشبینیی هەموو ئەوانەی كردووە؟ مادام باسی پێشبینییە با پێت بڵێم، كە من چیرۆكێكم هەیە بەناوی (خەوننامەی دادە سۆزی). ساڵی 2000 نووسیوومە و تێیدا پێشبینیی گرتنی دیكتاتۆری عێراقی دەكرێت لەناو كەلاوەیەكی شاری بەغدادا. ئەم چیرۆكە ساڵێك پێش گیرانی دیكتاتۆر لە سایتی (ماڵێك لە ئاسماندا) بڵاوكراوەتەوە. مانگێك پێش گیرانەكەشی لە كوردستان بووم و ئەم چیرۆكەم لەگەڵ چیرۆكی (یۆتۆپیا) دایە (عەبدولموتەڵیب عەبدولڵا) و (عەبدولڵا ئەژی)، بەو مەبەستەی لە گۆڤاری (كاروان)دا بڵاوی بكەنەوە.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply