Skip to Content

Friday, January 22nd, 2021

دیوانێکی کەریم دەشتی بە سوێدی

Be First!
by March 20, 2012 ئەدەب

 

سکڵی ناو خۆڵەمێش دیوانێکی ”کەریم دەشتی”ــە. ڕزگار شێخانی تەرجەمەی سوێدی کردووە و ڕەخنەگر و وەرگێڕی سوێدی ”جۆن سوێدنمارک” پێشەکی بۆ نووسیوە و هاوکاریی پرۆژەی وەرگێڕانەکەی کردووە. هەفتەی داهاتوو لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی Apec förlag دەردەچێت.

 

ڕزگار شێخانی لەبارەی ئەم وەرگێڕانی ئەم دیوانەوە، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گووتی:

rezgarShexany2_434761413.jpg
    شیعرەکانی ”کەریم دەشتی”م پێ جوانن، بە تایبەتیش ئەم شیعرانەی. هاوینی پار کە لە هەولێر بووم، خوێندمنەوە و هەر ئەو کات بیرم لە تەرجەمەکردنیان کردەوە. ئێستایش دوای نزیکەی حەفت مانگ کارکردن لێیان، ئاسوودەم کە توانیم نموونەیەکی جوانی شیعری کوردی تەرجەمە بکەم.
    شیعری ”ناڵەی جوودایی”ی هێمن، شیعرێکی زۆر خۆشەویست و جوانە لای من. ئەو تاسە و هەستخرۆشانەی بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی و لەئامێزنانی هەیە، کە لای هێمن خۆشەویستێکی فیزیکییە و بریتییە لە ژن و نیشتیمانەکەی. لەم شیعرانەی ”دەشتی”دا تاسە و هەستخرۆشانێکی نزیکەی هاوشێوەی هێمن هەیە بۆ خۆشەویستەکەی، کە بوونێکی ”ڕۆحی/ ئەفسانەیی/ گەردوونیی”یە و قەت پێی ناگات، بۆیە شیعر لەدوای شیعردا، ئەم تاسە و گەڕانە دووبارە دەبێتەوە.
    ”گوننار ئێکێلۆف”ی شاعیری سوێدییش، هەموو ژیانی سەرگەردانی دۆزینەوە، یان شادبوون بە خۆشەویستێکی وا بوو، کە دوورەدەست بوو، لە فەزاکان دەژیا و بە ”پاکیزە” ناوی دەهێنا. شاعیر هات و لە ڕۆژهەڵات و کولتوورەکەیدا بۆی گەڕا. ”توماس ترانسترۆمەر”ی وەرگری ”خەڵاتی نوبێل”ی ئەمساڵیش خۆشەویستێکی گەردوونیی وای هەیە و بە ”گەورە نەناسراوەکە” ناوی دەبا.
    هەست دەکەم بە جۆرێک هەمان گەڕان و خرۆشانە هەر سێ شاعیری بەناو فەزاکاندا سەرگەردان کردووە، بەڵام شێواز و ڕێگەی جوادایان هەڵبژاردووە.
 

جۆن سوێدنمارک ڕەخنەگر و وەرگێرە و دکتۆرای لە زانستی زمان هەیە. لە ئینگلیزی، فرانسی، نەروێژی، دانمارکی و ئیسلاندی شیعر وەردەگێڕی.


پێشەکی

    من وەک ئەندامی ”کۆمەڵەی هاوەڵانی گوننار ئێکێلۆف” لەمێژە ئاگام لە کارە جیدییەکانی ”ڕزگار شێخانی”ـە، لە تەرجەمەکردن، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم شاعیرە سوێدییەیەدا، بەو زمانەی کە شاعیرەکە نەیدەزانی، بەڵام مێژووەکەی ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو لە خەیاڵ و هزری ئەودا.
    هەر بە بیستن، یەکسەر توانیم لەوە تێبگەم کە ڕزگار وەرگێڕێکە لە بنەمای دەربڕینی شیعریی تێدەگات و دەتوانێ ئەم تێگەیشتنە بە ڕیتم و زرینگەوە بگوازێتەوە. بۆیە لەمێژە چاوەڕێی ئەوە بووم ڕووی ڕووبارەکە لە لایەکەی تر بکات و دەست بکات بە تەرجەمەکردنی گەنجینەی شیعری کوردی، هەتا من و خەڵکی تریش بتوانین بیانخوێنینەوە.
    بەم دیوانەی ”کەریم دەشتی”، کە ساڵی ١٩٥٥ لە دایک بووە، بەڵام ڕەگی قووڵ لە دابونەریتی تەسەووفییەکدایە، پاداشتی چاوەڕوانییەکەم دەکرێم. ”دەشتی” کانییەکی سازگاری لەناکاو هەڵقوڵاو لە تێگەیشتن لەو نەریتە ئایینییە پێک دەهێنێت، کە وا دەکات خودا لە ئەزموونی خرۆشاوی تاسەی ئەشقەوە بۆ گۆڕانی خود هەستی پێ بکرێت، هاوکاتیش لێکچوونێکێک دەداتە چۆنیێتیی وەهاکردنی ئێکێلۆف، کە سەردانە مەعریفییەکەی بۆ ئاسیای بچووکی سەدەی یازدە ببێتە مەیدانی ململانێیەکی خۆیی کە بە دڵنیایی ڕیشەی لە ناو ستروکتووری خێزانیی سەدەی بیستدا بوو.
    کۆمەڵە شیعری ”سکڵی ناو خۆڵەمێش”ی کەریم دەشتی، لەسەر بناغەی تەسەووفی وەستاوە، نەک هەر لەبەرئەوەی پێوەندیی تاکەکەس بە خوداوە وەک سۆزی ئەشقێکی بێهیوا باس دەکرێت. زۆر لە وێنە شیعرییەکانیش لە ناو گەنجینەی کلاسیکدا هێنراون، بۆنموونە بە شەراب مەستبوون، ئاسکە ڕاونراوەکە و قامیشە بڕاوەکەی گۆرانی بۆ غەریبی خۆی دەڵێ.
    لەگەڵ ئەوەیشدا، لێرە نوێخوازییەکی بناغەیی هەیە، کە کتێبەکە لە لاساییکرنەوە، یان لە شێوازی کۆن، زێتر دەکات. هۆی ئەوەی کە هەست دەکرێ شیعرەکان هاوچەرخن، لە توانای ”دەشتی”دایە کە وەک پێوەر ڕەفتار لەگەڵ ڕاددەبەدەریی بۆ ئەو پێوەندییە پەرادۆکسییە بکات  – بە گوتەیەکی دروستتر تاسەکردن بۆ پێوەندییەک – لەنیوان دوو جۆر حەقیقەتدا، با ناویان لێ بنێین ئینسانی و یەزدانی. بە بەراورد لەگەڵ پەندە بە سەرواکانی سۆفیی مەسیحیی سەدەی حەڤدە ”ئەنگێلیوس سیلێسیوس” بە زۆر شێوە هەوڵدان بۆ ساکاریی لە یەکدی نزیکن.
    وەک نموونەیەک بۆ بەرزبوونەوەی ئەم نائارامییە لە دەربڕینی ”دەشتی”دا، مرۆڤ دەتوانێت شیعرێک بهێنێتەوە، کە لە دوو مێتافۆری زۆر ناسراودا پێک هاتووە: شەراب و کوانووی ئاگر، کە هەردووکیان بە شێوەیەک دەگۆڕین، ڕێگە بۆ ئەو ئەزموونە بێهاوتایە خۆش دەکەن  – بۆنموونە بەر لە لێکدانەوەیەکی زیاتر ئایدیالی، کە جۆرێک شێوەی واقیعی دەگەیاند لە ئەزموونی تەسەووفیدا، کە لە ڕاستیدا لە تاسە دروست بووە. بەڵام ئەوسا ”دەشتی” بە دوا دێڕی بە هەموو مانایەک وێرانکەری، کە لە یەک کاتدا مانا دەبەخشێتە هیوا و بێهیوایی، مانا و بێمانایی، گرمەی لێ هەڵدەستێنێت.

دڵى من وەک گۆزەى شەرابێ 
هەرجارەى بە جۆرە ئەوینێ سەرى من مەست دەکا
دڵى من وەک کوانووى ئاگرێ
هەرجارەى بە جۆرە پەنگرێ دەروونم گەش دەکا
دەزانم ئەو گۆزە لە گەڕان بە دواى تۆ هەر دەشکێ

    بەوەی کە کەمێک لە پێشەنگە سۆفییەکان ڕاشکاوتر بێت، ”دەشتی” دەگاتە دەربڕینێک کە لە مودێرنزمی سەردەم نزیک دەبێتەوە. هاوکات بەم جۆرە گەڕان دەکات بە درامایەکی ژیان و مەرگ، کە لەناوچوون وەک هەڕەشەیەکی بەردەام هەیە  – تەنانەت ئەگەر لە ئێستاوە ڕوویشی نەدابێت. چونکە لەبن ئەم بانگکرنە خرۆشاوەدا گومانێکی توڕەوتوند هەیە، کە بەر لە هەموو شتێک باسی ئەو ترسە دەکات، کە قوربانیی وەهمێک بیت: ئەو گومانەی کە خواوەند/خۆشەویست تەنیا لە داستاندا هەبێت:

هەموو رێگەوبانی زەوینم بڕیوە بە دواى تۆ
لە ئاوە دوورەکانم داوە من بە دواى تۆ
دارستان نەماوە تەى نەکەم بە دواى تۆ
بەڵام ئاخ تۆ نە لە ئاسمان دیارى نە لە زەوى
تۆ نە لە ترۆپک و نە لە ساى بنارانى
بۆیێکە دەزانم یەقین نیت گومانى

    ئایا ئەمە کارەساتە، شکستێکی بناغەیییە؟ نا، چونکە گەڕانەکە دەست پێ دەکاتەوە؛ هەمیشە دەست پێ دەکاتەوە. بۆیە هیچ گەشەیەکیش لەناو ٩٢ شیعرەکەدا ڕوو نادات، هەر یەکەیان بە ڕوانگەی چاوەڕێنەکراوەوە، تێیاندا چەند دانەیەکی کەمیان دەکەونە ناو یەکدییەوە، بەڵام هاوکات زۆربەیان بێهاوتان. هەموویان بەیەکەوە کۆرسێکی گۆرانیی خەتابارکردن، ئەشقێکی گۆشەگیری پێک دەهێنن، لە پەڕی دڕاوی ڕۆژژمێر جودا نین، کە بە سەر زەویییەکی بێسنووری بێماناییدا پەرشوبڵاو کراون.

Previous
Next

Leave a Reply