Skip to Content

Wednesday, May 19th, 2021

راپۆرته‌كه‌ی مافی مرۆڤی عێراق‌و ره‌حمه‌ت له‌كفن دز

Be First!
by June 3, 2009 گشتی

 

 

*له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا‌و له‌ كردنه‌وه‌ی ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا رێزدار نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نابێت هیچ كه‌س به‌بێ بریاری دادوه‌ر ده‌ستگیر بكرێت .
*هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی رابردودا وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیادا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی رابردوودا له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق        (306) حاڵه‌تی ئازاردان‌و داركاری گیراوه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق تۆماركراون كه‌ (107) حاڵه‌تیان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا  بووه‌ .
*بێ یه‌ك‌و دوو به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌وه‌زاره‌ته‌كانی مافی مرۆڤ‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌رپرسه‌كانی ئاسایش له‌م راپۆرته‌ قیت بوونه‌وه‌و به‌وپه‌ڕی متمانه‌ به‌خۆبوونه‌وه‌ ره‌تیانكرده‌وه‌ .
*من وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك حاڵه‌تێكم له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌م بڕوا به‌خۆم بهێنم كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ دووره‌ له‌راستیه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ راستیه‌ – ئه‌مه‌وێ خۆمی لێ له‌گێلی بده‌م‌و له‌ ئاستیا خۆم بكه‌م به‌" كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت" بۆ ئه‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شی تر له‌سه‌ر ته‌وێڵی ئه‌م ئه‌زموونه‌ نه‌نه‌خشێنرێ ،به‌ڵام ویژدانم ئازارم ده‌دات‌و پێوه‌ی ده‌تلێمه‌وه‌ .
*كێ هه‌یه‌ بڕوا به‌وه‌ بكات وه‌زیرێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گرتنی تۆمه‌تباری هه‌بێت‌و سه‌رجه‌م دام‌و ده‌زگاكانی پۆلیس له‌ژێر فه‌رمانیدابێت – گرتوخانه‌ی نهێنی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا هه‌بێ‌و جگه‌ له‌ ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌ باوه‌كان په‌نا بۆ بوتڵ تێبڕین ببه‌ن‌و به‌نیو ده‌رزه‌ن فه‌حله‌وه‌ ته‌عدای سێكسی لێبكه‌ن .
ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیعتیرافێكی لێوه‌ربگیرێ بۆ شكاندنی به‌رپرسێكی تری نه‌یاری جه‌نابی وه‌زیر كه‌ تیایدا تۆمه‌تباری بكات به‌وه‌ی له‌ پشتی تیرۆركردنی  كادرێكی نزیك له‌ باڵی وه‌زیره‌ له‌كاتێكدا بكوژی ئه‌و كادره‌ ده‌ستگیركراوه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا گوفتاری داوه‌و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ .
ئه‌وه‌ی تاوانباره‌كه‌و زوڵم لێكراوه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردووكیان دانیشتوی یه‌ك شارۆچكه‌ن‌و ناوی خۆیان‌و باوكیان هاوشێوه‌یه‌ .
*له‌وه‌ش تاڵتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گیراوه‌كه‌ له‌ زیندانه‌ نهێنیه‌كه‌ هه‌ڵدێ خۆی راده‌ستی بنكه‌یه‌كی پۆلیس ده‌كات‌و چیرۆكی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی پۆلیس‌و گوفتاری لێوه‌رده‌گیرێ – كه‌ جه‌نابی وه‌زیر ئاگاداری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێت گیراوه‌كه‌و گوفتاره‌كه‌ی ده‌پێچرێنه‌وه‌  به‌ره‌و به‌رێوبه‌رایه‌تێیه‌كی پۆلیس‌و له‌وێوه‌وه‌ كار بۆ دێزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌كردنی ده‌كرێ ..
*ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌و گیراوه‌ زوڵم لێكراوه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌‌و دۆسیه‌كه‌ی نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی دادوه‌ر بۆ بریاردان له‌سه‌ری‌و تا ساتی ئه‌م نوسینه‌ له‌ چاوه‌رێی سازش كردندایه‌ .
*وێنه‌ی گیراوه‌ زوڵم لێكراوه‌كه‌ له‌ كاتی هه‌ڵهاتنی له‌زیندانه‌ نهێنیه‌كه‌ی جه‌نابی وه‌زیرو ناوی فه‌حله‌كان‌و گوفتاری تاوانباره‌ راستیه‌كه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا وه‌ك به‌ڵگه‌ی ئه‌م شه‌كره‌ تاڵه‌ له‌لام پارێزراوه‌ له‌به‌ر ئاراسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان‌و سومعه‌تی زوڵم لێكراوه‌كه‌ بڵاومان نه‌كرده‌وه‌ .
*ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ ریفۆرم‌و چاكسازی‌و گۆڕان ده‌كرێت ئه‌وه‌ نه‌مانویست ، چونكه‌ كورد گوته‌نی "ره‌حمه‌ت له‌ كفن دز" منیش ده‌ڵێم ره‌حمه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ی مافی مرۆڤی عێراق .

 

Previous
Next

Leave a Reply