Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

زەینەبخانی بەرپەنجەرەكە

Be First!
by July 24, 2008 ئەدەب

  سەرەتاكانی ئەم ڕوداوە  بۆ سێ ساڵ سێ مانگ بەر لەئێستا ئەگەڕێتـەوە , بۆ ئەو ڕۆژانەى كە تازە شەڕى سەخت و نهێنی نێوان زەینەبخانی دراوسێمان و كەژاڵ خانی هاوسەرى پارێزگار دەستى پێكردبوو .. شەڕێك  دواتر هێندە پەرەى سەند خەریك بوو سەدان كەس ئەبونە سوتەمەنیەكەى .. بەڵام كەس پێشبینی ئەم ئەنجامانەى لێ نەئەكرد , كەس بەتەما نەبوو بەهۆى ئەم شەڕەوە شارەكەمان بەو جۆرەى ئێستاى بكەوێتە سەر زارى هەموو میدیا جیهانیەكان .
 ئێستا من تەنها ڕاسپێردراوى زەینەبخانم بۆ گێڕانەوەى ئەم چیرۆكە   , تەنها منیش ئەزانم لە شەوانی بەر پەنجەرەكەیدا چیكرا و چی وترا , چیش ئەبوایە نەوترایەو نەكرایە ..  بێ ئەوەى خۆم ئارەزوم كردبێت , بێ ئەوەى هیچ دەور و نەخشێكم لەڕەوتی ڕوداوەكانیدا هەبێـت , ناچارى ئەم گێڕانەوە كراوم  , ئەگەر چى تانەبووە یەكێك لە 100 ژنە هەرە ناودارەكەی دنیا , تا نازناوەكەى لەزەینەبخانی بەرپەنجەرەكەوە نە گۆڕا بۆ شەهرەزادی سەدەى بیست و یەك , نەموێرا بە ئەركی ئەم گێرانەوەو نوسینە هەستم .. ئەركێك هەر لەسەرەتاوە ئەبوایە بەمنی نەسپاردایە .. چونكە  بۆمن زەحمەت بوو بە ئاشكرا ئەم چیرۆكانە بنوسمەوە , پەردە لەسەر نهێنیەكانی پیاوانی شار هەڵماڵم و پێیان بڵێم : " كوڕینە ئەو ژنەى ئێوە بەتۆمەتی سۆزانیبون شاربەدەرتان كرد , بلیمەتێكی گەورەبوو .. لە هەموومان زیرەكتر  و بوێرتر  ئەیویست  تۆڵەى خۆى لەخانمی یەكەمی شار بكاتەوە .. زیرەكانەتر شەڕى ئەو ژنە بە هەیبەتەى ئەكرد كە هەموو شار لەبەر دەمیا ئەلەرزی  .."
 سەرەتا لەگەڵ زەینەبدا وەها ڕێكەوتین  ئەم چیرۆكە ناو بنێین  (یاداشتەكانی گرەوێكی كەس لێ نەبراوە ) بەڵام ترسى زۆر شت ناچارى كردم ناوێكی تری بۆ هەڵبژێرم  , ناوێك لە گێچەڵى پیاوە بریندارەكانی بەرپەنجەرەكەى لامدات , لە هەموو ئەو بڵاو نەهامەتیانەیش كە ئەشێـت جاسوس و پیاوكارەكانی كەژاڵ خان بۆم دروست بكەن دورمبخاتەوە .. 
 سەى نەجیم كە بیستى  من خەیاڵى نوسینەوەى چیرۆكێكی وام  هەیە ,  پێى گوتم  :
 — " ڕۆڵە كەرێتی وانەكەیت .. لەم شارەى ئێمەدا ئەوەى دەمی خۆى نەگرێت هەمیشە بەشی تێهەڵدان ئەبێت .. ئەگەرخانمی یەكەمی شار ببیسێتەوە … دارئەبڕێتە قونت هااااا .. دوایی نەڵێیت … " .
 بەڵام ئەو ڕۆژەى وەك یەكێك لە داهێنەرانی ساڵ هەڵبژێردرا ,  وەك  یەكێك لە 100ژنە سەركەوتوەكەى جیهان دیارى كرا  ,  ئیتر بۆم دەركەوت بومەتە میرزاى چیرۆكنوسینی چ فەرهادكوژێك  ..  ژنێك هەر بەڕاستی سەرقاڵى فرۆشتنی عەورەت و شەرەفی شارەكەمانە .. بێ شەرمانە شوڵى لێ هەڵكێشاوە و هەر ڕۆژەو نهێنی یەكێك لە پیاوە ناودارەكانی شار ئەكاتە كارەكتەرى نوسینەكانی  ..  هەموو ئەو نهێنیانەى ئەم پیاوانە بەدرێژایى ژیانیان پاراستویانە , ئێستا ئەو ئەیكاتە پاڵەوانی كورتە چیرۆكەكانی و ڕۆژانە سەرقاڵى فرۆشتنیەتی بە كۆمپانیایەكی چاپ و بڵاوكردنەوە .. .. هەر بەوەیشەوە ناوەستێت , لەپەراوێزی هەر چیرۆكێكیشدا  ئەنوسێت :-
 " ئەمەیش یەكێكی ترە لەچیرۆكە ڕاستەقینەكانی نێوان خۆم و پیاوەكانی شارەكەم …"
 
 ***
  تكایە لەگەڵما بەو  و پەلە مەكە , لەم نوسینەدا ناتوانم هەموو شتێكت بۆ بگێڕمەوە  , ئەمەى بەردەستت تەنها چیرۆكی ئەو چیرۆكانەیە زەینەبی كردە كەسایەتیەكی جیهانی , یەكێك لەو 100ژنە سەركەوتووەى داهێنانی هەبووە لەساڵدا ..
 هەم وەك لێزانترین كارەكتەرێك كە بە ژیانی خۆى چیرۆكی دروست كردووە .
 هەم وەك چالاكێكی سیاسی ئاشتیخوازیش كە بەڕێگاى ناتوندو تیژى شەڕى دیكتاتۆرەكەى شارەكەى خۆی  كردووە ..
 بەڵام بەداخەوە من درەنگ تێگەیشتم لەو نهێنیانەى ئەفسانەى زەینەبخانی دروستكردوە , سەردەمێك كار لە كار ترازا بوو  , ئەو هەموپیاوانی گەڕەكی بەنامەردی تاقی كردبوەوە , ئەوانیش بەنامەردی خۆیان ئەمیان شاربەدەر كردبوو .. ڕێك شەش مانگ دواى ئەو ڕۆژەى مەلا قوتبەدین فتواى كوشتنەكەی دەركرد  .. خۆرئاوایەكی درەنگ بانگی كردم و هەمو شتێكی بۆگێڕامەوە  , هەموو ئەو نهێنیانەى نەك هەر خەڵكی شار , تەواوی جیهانیشى سەرسام كرد ..
 لەوە ئەچێـت خۆى پێشبینی مەترسیەكانی كردبێت  , ئاگاى لەودەستە ڕەشانە بێـت كە لە هەلى كوشتنی ئەگەڕان  .. بۆیە ئەیویست كەسێكی هەبێت یادگاریەكانی بنوسێتەوە , چیرۆكى سەرەڕۆییەكانی لەگەڵ پیاوانی ئەم شارەدا تۆمار بكات  ..
 پێی وتم :
  " ئەزانم من لەمەولا ناژیم , مەحاڵە لەشارێكی وادا ژنی وەك من جێگاى بێـتەوە .. بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆیشمدا ئەم مێژووە پڕمەترسیە نەمرێت پێویستە تۆ بینوسیتەوە .. پێویستە تۆ بۆ هەموو خەڵكی شارى بسەلمێنیت , ئەوەى پیاوە دۆڕاوەكانی بەر پەنجەرەكەم ئەیگێڕنەوە هەموو ڕاستیەكان نیە , بەڵكو تەنها نیوەیەكی شێواو و خوار و خێچى حكایەتەكانە  , ئەو نیوەى دۆڕاوە بودەڵەكانی بەرپەنجەرەكەم … " .
                                                      ***      
 باوەڕم پێ بكەن خۆیشم نازانم لەكوێوە دەست پێبكەم , لەكویا بیرى خەمەوە و لەكویا فەرامۆشی كەم .. چونكە من هەر لەسەرەتاوە لەگەڵیا بوم , لەو ڕۆژگارەوە كە ئەو تەنها وەك ژنێكی جوان ژیانێكی ئاسایى ئەژیا , وەك پاڵەوانى ئەم چیرۆكەیش هەر لەئاستی  گەڕەكەكەى خۆماندا ئەناسرا  .. سەرەتا هەر زەینەبی تەڕ بێوەژن بوو , ژنێكى جوانخاسى ناسكۆڵە , لە ناوەڕاستی چلەكانی تەمەنیا هەمیشە گەنجتر و ناسكتر خۆی ئەخستە بەرچاوان .. بەڵام وەى لەو ڕۆژەى گرەوەكەى دەست پێكرد , ئیتر هەرلە یەكەم مانگەوە هەموو خەڵكی شار ناسیان ,  لە هەر كوێوە ئەڕۆیشتین هەر باس باسى ئەو بوو , هەر وا خەڵك بوون سەراسیمەى شەهوەتی گرەوە ئەفسانەییەكەى بوون  ..
 لەمێژە پێشینانى ئەم شارەى ئێمە وتویانە :
  " تەنها سۆزانیەكان و سیاسیەكانمان  بەباشى هەڵئەكەون , ئەگینا لە هەموو بوارەكانی تردا كڵۆڵین " .
 زۆرى پێ نەچوو هەر ئەم گرەوانە زەینەبی كردە ناودارترین كەسایەتی  شار , جوانترین و دیارترین ئەستێرەى لەعاشقان یاخیش  .. لە چاخانەكاندا , لەگشت كۆڵان و شەقامەكاندا , لەگەرمەى گەڕەلاوژێى ئێوارانی سەرمێزی مەیخانەكاندا , لەفسكە فسكی بارەگاى یەكێتیە پیشەییەكانی شار و تەنها گەرماوەكەى ژنانیشدا , هەروا باسی زەینەب و گرەوى شەوە پەمەییەكانی بوو … 
 سەی نەجیم ئەیگوت :
 – " ئەمە سۆزانیە براكانم سۆزانی .. كەس وەك من ئەم لابڕیاوە  ناناسێت .. ئەگەر  وەك فریشتەكانی خودا بچێتە ئاسمان و بیشگەڕێـتەوە , لەلاى من ئەو هەر سۆزانیەكەو بڕایەوە .. ئەگەر نەگبەتی ئەم شارە نەبێت  , چۆن ئەبێت سۆزانیەكانی لە پیاوماقوڵەكانی ناوبانگیان بەرزتر بێت  .. " .
  لە زۆر زوەوە من ئەو ژنەم ئەناسى .. ڕۆژگارێك كە هێشتا نەبووە خاوەنی ئەو ناوبانگەى ئێستاى , هێشتا سەفەرى تەنها كوڕەكەى نەیكردبووە شاژنی تەنهاى ئەو باڵەخانە كۆنەى كە ئەمڕۆ لە كۆشكی كۆمارى زیاتر قسەى لەسەرە  .. هێشتا نەكەوتبوە بەر تەماح و چڵێسى پیاوانی شار , بەڵێنی سێكسی خۆڕایى و گرەوی كەس لێنەبراوەى نەیكردبوە ئەستێرەیەكی ناودارى وڵات .. وەك یەكێك لەهاوڕێ كانی دایكم , وەك دایكی یەكێك لەهاوڕێ كانیشم , زەینەب خان بۆمن گەلێك بەڕێز بوو .. هەڵبەتە تائێستایش شتێك لەو شەرم و ڕێزەم هەر لاماوە بەرامبەرى ..
 ئێستایش كەبڕیارم داوە كۆچیرۆكی گرەوەكەى بنوسمەوە , لەبەر ئەوە نیە وەك ژنێكی بێ چارە  نیشانی تۆى بدەم , ژنێك لەناچاریدا و لەبەر سەختیەكانی ڕۆژگار , ناچار بووە وەك سۆزانیەك مامەڵە بەجەستەى خۆیەوە بكات .. نەخێر  , منیش سەرسامی بوم , سەرسامیەك جیاواز لەسەرسامیەكانی سەى نەجیم و هەموو پیاوانی تر  .
   من بەهەموشتێكی سەرسامبوم جوانیەكەى نەبێـت , دڵـتەڕى و ناسكی و خەندە شەیتانیەكانی  نەبێت .. ڕێك بە پێچەوانەى پیاوانی گەڕەكەوە , چونكە ئەوان ڕقیان لەهەمو شتێكی بوو  جگە لەجوانیە ئارەزو بزوێنەكەى .. بەڵام من نا ئازیزەكەم  .. من بۆشتێكی تر ئەو ژنەم ئەویست , بۆشتێك بەلاى هیچ كام لەپیاوانی گەڕەكەوە جێگەى بایەخ نەبوو .. كە ئەیانگوت زەینەب سۆزانیەو حەیاى گەڕەكی بردووە , تاوانكارەو ڕوی ڕەحمەتی خودایى لەهەمومان گرتووە .. من هەر گاڵتەم لێ ئەهات ..  نەك لەبەر ئەوەى بڕیارى پێشوەختم هەبێـت لەپشتگیرى كردنی , نا , من هەرگیز ئەوەندە جوامێر نیم بتوانم پاڵپشتی سۆزانیەك بكەم كە هەموو پیاوانی گەڕەك ئیمزاى دەركردنیان لەسەر كۆكردۆتەوە .. هەموو پیاوان بەجەنابی موختاریشەوە ..
 بۆمن گرنگ نەبوو بزانم ئەو پیاوانە كێن هەمو شەوێك ئەچنە ناو حەوشەكەى زەینەبەوە , ڕوخسارى ئەو  چەتەوڵە  باڵابەرزانە چۆنە كە بە ئاشكرا دێن و خۆیان ئەكەنە ماڵدا .. دێن و كەس نازانێت كەى ئەگەڕێنەوە , تاریكەو لێڵى  نیوەشەو , گزنگی دەمەوبەیان , چێشتەنگاوێك كە ڕۆژ ئەبێتەوە .. ئەوان تەنها هاتنەكەیان دیار بوو , كەس نەیئەزانی كەی و چۆن ئەڕۆنەوە  .. بەڵام بۆمن ئەمانە كێشەیەك نەبوون , نەوەك پیاوانی ترى گەڕەك تەماحێكم لەجوانیەكەى هەبوو , نەهێندە جوامێریش بووم  غیرەى لێ بكەم , تەنها دەمویست لە نهێنی گرەوەكانی تێبگەم و بەس  , كە بەداخەوە كاتێك تێگەیشتم هەموشتێك تێپەڕی بوو , ئیتر هیچم پێ نەئەكرا لەپێناویا  ..
  خودایە ئەمە چى بوو ئەو ژنە كردی !
 
 كرۆكی گرەوەكە
 
 هەموو پیاوانی گەڕەك , بەشەریف و شەواڵ پیسیانەوە , بەهەژارو دەوڵەمەندیانەوە , بەدەسڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە , بە ئیماندار و بێ دینەوە  , هەریەكەو بۆخۆى چیرۆكێكی هەبوو لەگەڵ زەینەبخاندا , نائومێدی شەوگارێكی تاریك و ساردی بەر پەنجەرەكەى تاقیكردبوەوە ..  ئەگەر چی سەرەتاى چیرۆكەكانیان لەیەكتر جیاوازبوو , بەڵام هەموی هەر یەك ئەنجامی هەبوو , یەك چارەنوس و قسمەت ئەیگەیاندنە دوادیمەنی نائومێدیان لەبەردەم جەستەى ڕوت و جوانى زەینەبدا ..
 هەمویان ئەیانگوت :-
 " دواى ڕۆژانێكی زۆر لەدڵدارى و چاوباشقەڵانێ , دواى هەوڵ و ماندوبونێكی زۆر بۆ ڕازیكردنی , زەینەب بەڵێنی پێدام …  ڕێكەوتین  لەسەر (…) , ئەوە بوو  لە 12:30 شەو دەرگاى حەوشەكەى لێ كردمەوە … هەركە بینیمی ڕاى كرد و نەیهێشت دەستم بەردەستەكانی بكەوێت ,  خێرا چووە ناو ژورە ناوەڕاستینەكەوە و دەرگاكەى لەسەر كلیلدام  ..  لەدیوی ناوەوە چوە بەر پەنجەرەكە و تەواو خۆى ڕوت كردەوە .. بە تارمایى لەش و لارێكی سپى و جوانەوە , بەجوتێك مەمكی شۆڕى زلەوە كە لەتاریكیەكەدا بریقەى ئەدایەوە  , بانگی كردمە بەرهەیوانەكە .. بێ ئەوەى دەرگاكەم لێ بكاتەوە , بەقسەى خۆشى حیزانەوە , بەپێكەنینی بێ باك و زاڵمانەوە , لەبەر پەنجەرەكەدا جەستە ناسك و جوانكەى خۆى نیشان ئەدام .. سەرسەختانە ئەیگوت :
 – تەنها پیاوی جوامێر ئەتوانێت من لەباوەشگرێت  , پیاوێك بەڕاستی پیاو بێـت و بتوانێت داواكانم جێ بەجێ بكات .. بۆیە كلیلى هاتنە ژورەوەى  تۆ بۆناو باوەشى من .. كردنەوەى دەرگاكە .. دیارى كردنی شوێنی نیشانەكەیە , ئەو نیشانە ڕەشە گەورەى لە بنڕانی كەژاڵ خانی خێزانی  پارێزگاردایە  , تا نەچیت و شەواڵەكەى لەپێ دانەكەنیت , شوێنی نیشانەكە لەبن ڕانیدا دیارى نەكەیت  , لەم دەرگاوە نایەیتە ژورەوە .. ئەمە گرەوی منە بۆتۆ  , كاتێك من كلیلی هاتنە ژورەوەت ئەدەمێ , پێم بڵێیت ئەو نیشانە ڕەشە ئەكەوێتە چ لایەكی بن ڕانیەوە   " .
 ئەمە حكایەتی هەموو عاشقە دۆڕاوەكانی زەینەبە , هەموو ئەو پیاوانەى بەدنیایەك خەونی ڕەنگاوڕەنگەوە ئەچونە بەرپەنجەرەكەى , بەشكست و نائومێدیەكی  پڕمەترسیشەوە ئەگەڕانەوە .
 ئەزانم ئەمەى من بۆتۆی ئەگێڕمەوە ناكرێت وەك چیرۆكێكی ئاسایى بیخوێنیتەوە  , هیچ چیرۆك نوسێك ئەوەندە نەفام نیە لەجیاتی سەدان پاڵەوانی دۆڕاوی ,  لەجیاتی هەرچی پیاوی گەڕەك و شارەكەى هەیە .. بەزمانی یەكێكیان قسە بكات , بە كردارى  ( گوتی ) ئەزمونی سەدان پیاوی دۆڕاوی بەرپەنجەرەكە بگێڕێتەوە .. بەڵام باوەڕم پێ بكەن ئەو هەموو شەوێك هەر یەك سیناریۆى دوبارە ئەكردەوە , تەنها جیاوازی لەئەكتەرەكانیدا هەبوو ..
 — شەوێك جەبار دیموكراتی موختارى گەڕەك ئەچوو  …
 — شەوێكى تر سەی نەجیم داوێنپیسى  دوكاندار …
 — شەوێكى تر ڕائد عوسمانی پۆلیس پاسەوانەكانی لەدەرەوە ئەوەستاند و خۆى ئەكردە ژوردا ..
 — شەوێكی تر مامۆستا حەمەئەمینی مەلاى مزگەوتەكە , بەترس و شەرم و تەریقیەكی زۆرەوە , پسكە پسك لەدەرگاى حەوشەكەى ئەدا .
  — شەوێك حاجی عومەر …
 —  شەوێك سەلیم ئەفەنی …
  بەم جۆرە شەوانی بەرپەنجەرەكە بێ كۆتاى دووبارە ئەبوەوە  .
 لێتان ناشارمەوە كە من نەئەچوم لەبەرئەوە نەبوو لەدراوسێكانم پاكتربوم , نەخێر , منیش وەك هەر پیاوێكی ترى ئەم شارە , نەم ئەتوانی ئارەزوەكانی خوارەوەى پشتوێنەم جڵەو بكەم .. كێشەى من ئەوەبوو كە ئەمبینی یەكسەر دایكی خۆم بیر ئەكەوتەوە , چونكە ڕۆژانێكی زۆر پێكەوە ژیابون , پێكەوە چوبونە بازاڕ و گەرماوى ژنان و  پرسەو ,…
 
 ***
 
 كەس نەیزانی چۆن بەو خێراییە گرەوەكەى زەینەب سەرانسەرى شارى تەنیەوە , ڕاستە وتویانە " قسە كەوتە زار , ئەگاتە هەموو شار " بەڵام یەكجار بەم جۆرەیش نا  , هەڵبەتە تائێستایش هەر پێم وایە نهێنیەك هەبوەو من پێم نەزانیوە , ماستەكە زیاتر لە مویەكی تیایە و من نەمبینیوە  ..
 لەڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیدا نوسرابوو  :
 " بایەخی نائاسایى خەڵكى شار بە گرەوەكەى زەینەب زیاتر پەیوەندی بە نیشانەكەى بن ڕانی خانمی یەكەمی شارەوە هەیە , ئەوە پێگەو ناوبانگی ئەوە زەینەبیشى كردۆتە عەنتەر پاڵەوان , ئەم شارە قەت بێ سۆزانی نەبوە .. بۆكەس تا ئێستا  … " .
  لەوتارێكیشدا نوسرابوو  :
 " نەخێر كەژاڵ خانیش ئەوەندە گرنگ نیە تا بەم جۆرە … , بەڵكو ئەمە دەسە , دەستى موخابەراتی دوژمنەكانی كوردە , ئەیانەوێـت بەهۆى ئەم ژنە سۆزانیەوە كێشە چارەنوسسازەكانی گەل و نیشتمانمان لاكاڵ كەنەوە  , چارەنوسی لەقوڕاچەقیوی كەركوكی قودس و دڵمان لەبیربەرنەوە … "
 كە سەی نەجیم ئەم بۆچونە ڕۆژنامەوانیە ئەبیسێت , توڕە ئەبێـت و ئەڵێت :-
 " تڕ حێو , باوك لەقونت بخوات ڕۆڵە بۆخۆت و عەقڵت  , بۆهیچ كێشەیەكی چارەنوسساز هەیە هێندەى ناوگەڵى زەینەب تام و چێژى هەبێت ؟.. بۆمن دەوڵەتی چوار پارچەى كوردستان ئەگۆڕمەوە بە ئۆخژنێكی … ؟  "  .
 دیارە من نازانم زەینەب تاچەند ڕاست ئەكات , تاچەندە هیچیشى لەمن نەشاردۆتەوە , وەك چۆن قەت نەیویستووە جەستەى خۆى لەو پیاوانە بشارێـتەوە كە بەدنیایەك حەزو ئارەزوەوە  لەبەر پەنجەرەكەدا ڕایوەستاندون  .. بەڵام تۆپێم بڵێ  چ شتێكی مابوو لەمنی بشارێتەوە , دواى ئەوەى سەرتاپاى جەستەى بەڕوتی نیشانی ئەو پیاوانە ئەدا ؟ .. ئەو پیاوانەى  كە خۆى ئەیگوت -" بە دڵێك خۆشم ئەویستن و بەدڵێكیش ڕقم لێیان بوو , بەدڵێك حەزم ئەكرد دیقیان پێ بكەم و بەدڵێكیش جێگاى سۆز و بەزەیم بوون  " . هەرگیز باوەڕناكەم  ,  ئەو شتێكی مابێت لەمنی شاردبێتەوە  .. ژنی شارەكەى ئێمە تەنها ناونەفەكی شەواڵەكەى بەگرنگ ئەزانێت بۆشاردنەوە , دواى ئەوەى زەینەب بۆچەشە و تامەزرۆیى ژێرناونەفەكەكەیشى نیشانی پیاوەكان ئەدا , ئیتر چى ئەمێنێتەوە  لەمنى بشارێـتەوە  .. بۆیە هیچ گومانم لەڕاستی ئەو چیرۆكانە نیە , ئەوەى ئەو بەوپەڕی بڕوا بەخۆبونەوە بۆى ئەگێڕامەوە  , منیش ئێستا بۆتۆى ئەنوسمەوە .
 
 ***
 
 ئەمە لاپەڕە فەرامۆشكراوەكانی مێژووە ئازیزەكەم..  ئەو بەشەى ژیانە كە ناونراوە (نهێنی ) .. بەڵام  نهێنیەكان چ تامێكیان هەیە گەر زەینەب بۆمنی نەگێڕێتـەوە و منیش بۆ تۆی  نەنوسمەوە ..
  زەینەب ئەیگوت  " هەریەكە لەو پیاوانە , ئەگەرچى بەڕۆژ شاپیاوی ناو دیوەخان و بازاڕ و كۆڕو كۆبونەوەكان بون , پیاوی خاوەن شەرەف و كەرامەت و جوامێرى بون .. ئامادەبون بەشەو لەبەردەم مندا چۆك دادەن , گوێ لە داوا سەخت و قورسەكانم بگرن , بەدەم پاڕانەوەوە پێم بڵێن : " چیت ئەوێت لەم دنیا بۆت جێ بەجێ ئەكەم , بەس نیشانەكەى بنڕانی كەژاڵ خان نا .. ئامان زەینەب گیان ئەوەم پێمەكە , بەخوا ملم ئەكەنە پەتەكەوە …  " . 
 بەڕاستی  بێچارەییەك بوو پیاوانی شار تیا ئەژیان , بڵایەك بوو یەكە یەكە زەینەب گڕیەدا لە دەوریان  , ئەوان بۆساتێكی هەواو هەوەسى ناوگەڵیان ئەهاتن , كەچى لەبەر پەنجەرەكەدا زەینەب توشى گرەوێكی ترسناكی ئەكردن , گرەوێك حەتمەن سەرى پەڕیویان باجەكەى بوو   .. كاتێك ئەیگوت :
 —  " لێم مەپاڕێرەوە ناپیاو , ئازایت بڕۆ … , تا تاشوێنی نیشانەكەى بنڕانی ئەو ژنەم بۆدیارى  نەكەیت .. تا پێم نەڵێیت … , دەرگاكەت لێ ناكەمەوە , ئەگەر دیقت كردووە .. ئەبێـت هەر لەو دورەوە , لەناو ئەم تاریكیەدا تەماشاى جەستەم بكەیت  "
 دیارە زەینەب پێى نەگوتبوون لەپشت داواكەیەوە چ مەبەستێكی هەیە , چۆن ئەیەوێت تۆڵەى كوڕە گەورەكەى لەخانمی یەكەمی شار بكاتەوە , ئەو كوڕەى لەسەر ئەوەى لەئاهەنگێكی سەرى ساڵًدا كچى پارێزگارى ماچ كرد , بەبڕیارى خانمی یەكەمى شار خرایە حەوزێكی تێزابەوە .. ئیتر هەر لەو ڕۆژەوە زەینەب خولیاى تۆڵە سەندنەوە ئەكەوێتە مێشكیەوە , بڕیار ئەدات بەهەر نرخێك هەیە ئابڕوی ئەو ژنە لەكەداربكات .. بۆ ئەو مەبەستە دۆزەخیەش نیشانەكەى بنڕانی كردبووە چەكێك و ئەیوست پیاوێكی دەستكەوێت بڵێت من دیومە , ئەكەوێتە لاى (…) بنڕانیەوە .. تەنها مەبەستى شكاندنی شوشەى ئابڕوی كەژاڵخان بوو , چونكە ئەیزانی لەبنڕانیدا نیشانەیەك هەیە , ڕۆژگارێك كە هەردوكیان كچى ماڵەوە و دەستە خوشكی گەڕەك ئەبن , پێكەوە ئەچنە گەرماوێكی ژنانە و ئەو نیشانە بەدی ئەكات .. بەڵام ئێستا نەیئەزانی ئەكەوێتە چ لایەكی بنڕانیەوە  , ڕاستى یان چەپى , بەرى یان دواى .. تەنها ئەم زانیاریە بەس بوو بۆ ئەوەى لاى جەنابی پارێزگار بیداتە تڵاقدانا  , هەم لەماڵ و مێرد نائومێدی كات  , هەم لەناو خەڵكیشدا ئابڕوى بەرێت ..
 ***
 كە زەینەب لاى ئیمە شار بەدەر كرا , بەیارمەتی تەنها كوڕەكەى گەیشتە لەندەن , لەبەر ئەوەى مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو  یەكسەر لەوێ وەك پەنابەرێكی سیاسی وەرگیرا ,  دواى ئەوەى تۆڕى BBC ڕاپۆرتێك لەسەر كێشەكەى بڵاو ئەكاتەوە لەلایەن كۆڕ و كۆمەڵە مرۆیى و فێمینیستەكانەوە بایەخێكی زۆرى پێ ئەدرێت .. هەركە چیرۆكەكانی ژیانی و شەڕە شاراوەكەى لەگەڵ خانمی یەكەمی شاردا  ئەگاتە ڕاى گشتى وڵاتەكە  , ئیتر وەك كەسێكی نائاسایى مامەڵەى لەگەڵ ئەكەن  , كەسێك توانیویەتی جوانیەكەى خۆى وەكو چەكێك لەدژى دیكتاتۆریەتی خانمی یەكەمی شار  بەكار بهێنێت .
 لە لەندەن زەینەب ئەكەوێتە نوسینەوەى ئەو چیرۆكانەى لە ژیانی پیاوەكانی بەرپەنجەرەكەیەوە وەرى گرتبوو  , نهێنی ئەو پیاوانەى ئەگێڕایەوە كە لە بەر پەنجەرەكەیدا چۆكی پێداداون , هەموو ئەو سەربورد و حكایەتانەى ئەم بە پرسیارە فزوڵیەكانی لێى وەرئەگرتن , ئەوانیش لەبەر ئەوەى دەرگاى ژورەكەیان لێبكرێتەوە , هیچ نهێنیەكیان نەئەما باسی نەكەن .. كۆى ئەو سەرەداوانە , ئەو وڕێنەو قسە فڕێدراوانەى بەدەم شەهوەت و پاڕانەوەوە پێی دركاندبوون , جوانجوان ئەیهۆندەوەو ئەیكردە حكایەت ..
 لەماوەیەكی كەمدا زەینەب بووە ناوێكی دیارى نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیرى لەندەن , لەبڵاوكراوە ئەدەبیەكاندا وەك شەهرەزادی دووەم  ناو ئەهێنرا , شەهرەزادێكی تر كە لەسەدەى بیست و یەكدا , چیرۆكەكانی هێناوە بۆئەوەى لەلەندەن بیگێڕێتـەوە .. ئەستێرەى بەختی ئەم شەهرەزادە هەروا لەدرەوشانەوە بەردوام بوو تائەو ڕۆژەى وەك یەكێك لە 100 ژنە داهێنەرەكەى ساڵ هەڵبژێردرا .. ناوە ناوە قسەلەسەر پاڵاوتنی بۆنۆبڵى ئاشتیش ئەكرێت , چونكە یەكەم جارە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوینە پڕ لە توندو تیژى و خوێنڕێژیەدا , كەسێك بەجوانی جەستەى خۆى , بەڕێگاى ناتوندوتیژى  , شەڕى ستەمكارەكەى شارەكەى خۆى بكات . muhemedhusen@yahoo.com
 
 
 
 
 …………………………………………..
 لەژمارە 28 گۆڤارى هەنار بڵاوبۆتەوە
 
                                                                                                         
 
 

Previous
Next

Leave a Reply